(هەر کورد دەبین)یان پێ هەرس ناکرێت

10:15 - 2024-04-28
هیوا محەمەد
183 خوێندراوەتەوە

ئەو هۆنراوەیەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، روبەڕوبوونەوەیەکی پڕمانای نەیار و دوژمنانی کوردە، کاتێکیش سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ڤێستیڤاڵی گەلاوێژدا دەیڵیتەوە و وای پیشان دەدات کە ئێمە درێژە پێدەری ئەو کوردبوونەین، ئاڵای دەوڵەتێکی دیکە قەڵای هەولێری (هۆلاکۆ بەزێن)ی پێ سوورپۆش دەکرێت.
هەرکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەنگاوێکی باشی بۆ کورد نابێت و لە سوود و بەرژەوەندیی نەیارەکانی نەبووبێت، ئەوان بە گڕ و هێز وەڵامێکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆیان داوەتەوە.

پێویستە هەردوو سەرۆکی هەرێم و حکومەت، بە رەسمی و بە ئاشکرا ئیدانەی ئەو هەڵوێستانەی تورکیا بکەن کە بەرامبەر سلێمانی هەیەتی

ئەگەر ئەم هەرێمە دابەشی دوو سیاسەتی جیاواز بکەین و بێین سەیری پەیوەندییەکانی هەر بەشێک لەم دوو رەوتە بکەین، ئەوا دەتوانین دوژمنکارییەکان و هەنگاوە دژەکان و ئاڕاستەکانیان بدۆزینەوە و دەستنیشانیان بکەین.
هەرچی ئەم دەڤەرەیە، بە پێچەوانەی، دەڤەری ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا باش نییە، بەهۆکاری ئەوەی کە حکومەتی ئەو وڵاتە پێیوایە کە لێرەوە پەکەکە خۆی ئامادە دەکات و لێرەوە پیلانگێڕیی لە دژیان دەکات، ئەمە لە راستیدا وانییە و پەکەکە بە رەسمی و نا رەسمی لێرە نین.
راستە تورکیا ئەمەی کردۆتە بیانوو، بەڵام پێدەچێت خۆشی بزانێت ئەو هەموو کینەیەی بەسەر ئەم دەڤەرەدا هەڵیڕشتووە، ئەوە ناهێنێت، چونکە ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا هاوکاریی رەسمی و دیاری پەکەکە نەکرێت، ئیتر بۆچی ئەو سیاسەتە بەرامبەر بە دەڤەری سلێمانی.
پ.د.ک لە رێگەی حکومەتەکەی کابینەی نۆیەمەوە، بە داخەوە دەمێکە ئابڵووقەی خستۆتە سەر رەوتی ئاوەدانکردنەوە و گرنگیپێدانی سلێمانی، تورکیاش وەک تەواوکەر و پشتگیریی ئەوان، زیاتری کردووە و لە رێگەی هێزەوە دەیەوێت گوشار بخاتە سەر سلێمانی و چۆکیان پێدابدات تا بە خواستەکانی پ.د.ک رازیبن، کە نوێترینیان  کارنەکردنە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵبژاردن، یان کەیسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک.
پێویستە هەردوو سەرۆکی هەرێم و حکومەت، بە رەسمی و بە ئاشکرا ئیدانەی ئەو هەڵوێستانەی تورکیا بکەن کە بەرامبەر سلێمانی هەیەتی، ئەگەر نا دەکەونە ژێر بەرپرسیارێتیی مێژووەوە، یان بەم بێدەنگییەیان دان بەوەدا دەنێن کە سلێمانی هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین سەر بە هەرێم نین و پارتییش وەک حزب هەژموونی نییە تێیدا، ئەگەر هەیبوایە، لەبەرخاتری ئەندامەکانی خۆی کە دانیشتووی ئەم دەڤەرەن هەنگاوی پێچەوانەی دەنا.
ئێستا دەبێت ئەوە بڵێین، دەربڕینی ناڕەزایی هەموو شتێک نییە و لە مێژوودا وەک هەڵوێستی جدی تۆمار ناکرێت، لێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەشێکە لە ئابووریی هەرێم و عیراق، تێکدانی و لەکارخستنی کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ سەر ئابووریی هەموان، پێویستە حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا هاوکاریی بکات بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و ئاشکراکردنیان بۆ رای گشتی، نابێت ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان  لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، بە گەیاندنی زیان بە ژێرخانە ئابوورییەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

وتارەکانی نوسەر