باکگراوند

تووتییەکانی سیاسەت

10:29 - 2024-04-28
جەمال ئارێز
103 خوێندراوەتەوە

(42)

هیچ لەوە سەیر و سەمەرەتر نییە خەڵکانێک قسە لە سیاسەت دەکەن و هەندێک دەستەواژە بەکاردەهێنن، کە نە ماناکەی دەزانن و نە دەزانن لە داڕشتنی رستەدا ئەو وشە و دەستەواژەیە بۆ کوێ گونجاوە، تەنیا ئەوە نەبێت لە کەسانی سەروو خۆیانەوە بیستوویانە و ئەمانیش تووتی ئاسا دووبارەی دەکەنەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانیان.
لەدوای دەرچوونی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەڕووی نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان و ژمارەی کورسییەکان و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنە و کارکردن بە لیستی دەنگدەرانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی بەغدا، پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایی رەسمیی خۆی بەرامبەر بەو شێواز و رێوشوێنە نوێیەی هەڵبژاردن دەربڕی و لەسەر ئاستی سەرۆک و بەیاننامەی رەسمیی رایانگەیاند کە ئەم شێوازە پێشتر (دیزاین) کراوە بۆیە وەک پ.د.ک رەتیدەکەینەوە و بەشداریی تێدا ناکەین.
ئەم دەستەواژەی (دیزاین)ە بۆتە دەستەواژەیەکی باو و ئێستا زۆربەی کادران و لایەنگرانی ئەو حزبە دەیڵێنەوە کە هەندێکیان ناشزانن مانای چییە؟ دەمانگێڕێتەوە بۆ باکگراوندی دەستەواژەیەکی دیکە کە لە کۆتایی ساڵی 2009 دا کەوتە ناو رۆژەڤەوە، ئەویش دەستەواژەی (پاکێج) بوو.

ساڵی 2009، گۆڕان دەستەواژەی پاکێجیان بەکاردەهێنا، ئێستاش لایەنەگرانی پ.د.ک وشەی دیزاینیان کردووە بە بنێشتە خۆشە و هەندێکیان ناشزانن مانای چییە!

ئەسڵی ئەم دەستەواژەیە لە دیدارێکی رەوانشاد نەوشیروان مستەفادا باسکرا کە ئەوکات دانوستانی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن لە ئارادا بوو بۆ پێکهێنانی شەشەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیستی کوردستانی وەک براوەی یەکەمی ئەو هەڵبژاردنە سەردانی لایەنە سیاسییەکانیان دەکرد بۆ گفتوگۆ و بیروڕا  گۆڕینەوە سەبارەت بە بەشداری لە کابینەکە، لەوبارەیەوە نەوشیروان مستەفا کە بزووتنەوەکەی لە هەڵبژاردنەکەی 25/7/2006دا (25) کورسیی بەدەستهێنابوو، رەتیکردبۆوە کە بەشداریی لە کابینەی حکومەتدا بکات، بەڵام وتی: «بە وەفدی دوو حزبەکەی دەسەڵاتمان راگەیاندووە کە بەشداریی کابینەکە ناکەین و دەبینە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام بۆ ئەوەی حکومەتێکی کارا بێت، (پاکێجێک)ی شەش خاڵیمان پێشکەش کردوون تا ئێمەش بتوانین ئۆپۆزسیۆنێکی ئیجابی بین و بەریەککەوتنمان لەگەڵ حکومەتدا نەبێت!
دیارە ئەو لە روانگەی قووڵایی ستراتیژیی و کارامەیی خۆیەوە لە سیاسەتدا دەیزانی مانا و مەغزای (پاکێج) چییە و مەبەستی بوو کە ئەو شەش خاڵە پەیوەستن بە یەکترییەوە و جیاناکرێنەوە، واتە یان هەمووی یان هیچ، بەڵام ئەوەی سەیر بوو لەم مەسەلەیدا ئەوەبوو کە زۆربەی خەڵکی سەربە رەوتەکانی ئۆپۆزسیۆن هیچ زانیارییەکیان لەبارەی پاکێجەکە و ناوەڕۆکەکەیەوە نەبوو،  کەچی دەیانوت «دەبێت دەسەڵات پاکێجەکەی گۆڕان جێبەجێ بکات»، ئەمەی ئێستای کادران و لایەنگرانی پ.د.ک-یش بۆ دیزاینەکە پێدەچێت لەوە زیاتر نەبێت، بەڵکو تەنها دەستەواژەیەکە زۆربەیان تووتی ئاسا دەیڵێنەوە.

وتارەکانی نوسەر