فرمێسکەکانی دوای 36 ساڵ

10:36 - 2024-04-28
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
79 خوێندراوەتەوە

لە 13ی نیسانی 2024 و لە 36 هەمین ساڵیادی ئەنفالدا سەردانی پێشانگەیەکی وێنەی فۆتۆگرافیی ژمارەیەک پیرەژن و پیرەمێردی بەجێماوی ئەنفالم کرد، کە فۆتۆگرافەر جەوهەر کانی هەنجیری گرتوونی و یەکێتیی ژنانی کوردستان رێکخستنی پێشانگەکەی لەئەستۆ گرتبوو. 

دەیانتوانی زۆر شت بکەن بۆ ئاشناکردنی کرۆکی ئەنفال و جینۆساید بە خۆمان و دەرەوەی خۆمان و نەیانکرد

قۆناخی سێ و چواری ئەنفال
وێنەکان نموونەی قۆناخی سێ و چواری ئەنفالن، واتە ناوچەکانی گەرمیان و ناوشوان و خاڵخاڵان و قەڵاسێوکەو دەشتی کۆیە. یادکردنەوەکە بووە بە نەریتێک کە ساڵانە پەیڕەو دەکرێت و خەڵکی کورد خەمبار دەکات و برینە خەفەکانی ناخیان دەکولێتەوە. بەڵام ئەوەی بووە نەریت و دیاردەیەکی دەتوانم بڵێم ״ناپەسەند״ پیشاندانی ئەو ژن و پیاوە قوربانییانەیە بەو مێتۆدە و لە تیڤییەکانیشدا بەو شین و واوەیلا و کڕووزانەوەیە، کە لە خۆیدا بووە بە جۆرێک لە شکۆ شکاندن بەدەستی خۆمان، لەکاتێکدا بۆ نموونە قوربانیانی کوژراو و رزگاربووی هۆلۆکۆستی جووەکان بە قارەمان لەقەڵەم دەدرێن و هەر ئاوهاش لەگەڵ رزگاربوواندا مامەڵە دەکەن. 

ناخی سووتاوی ئەوان
لە پێشانگەکەدا وێنەی دوای 36 ساڵی کۆمەڵێک ژن و پیاو دانراوە کە هەر یەکەیان کەسی خێزانەکەی ئەنفالکراوە، وەک مێرد و برا و خوشک و ئامۆزا و .. تاد. وێنەکانی ئێستای ئەو ژن و پیاوە قوربانییانە لە تێکشکاوترین و خەمناکترین دۆخیاندان و لە سەردەمی ئەنفال و کۆستکەوتنیاندا زۆرێکیان لە هەڕەتی گەنجیدا بوون. ئێستا چرچ و لۆچی روومەت و چاوە کزەکانیان گوزارش لە ناخیان دەکات و پێمان دەڵێن کوا ئێوە لەگەڵ دەرد و ئازارەکانی ئێمەدان و چیتان کرد؟ قەیناکە چەردەیەک مووچەتان بۆ بڕینەوە و ماڵتان نەشێوێت، ئێوە دەزانن دەردی لەناوبردنی ئەو هەموو کەسوکارەمان لە کونفەیەکوونێکدا هەروا ئاسان بێت! ئێمە هەر یەکەمان بە لۆجیکی خۆی دەتوانێت ناخی سووتاوی ئەوان بخوێنێتەوە و دەیان پرسیار ئاراستەی ئەوانە بکات کە سی و ئەوەندە ساڵە کاربەدەستن و دەیانتوانی زۆر شت بکەن بۆ ئاشناکردنی کرۆکی ئەنفال و جینۆساید بە خۆمان و دەرەوەی خۆمان و نەیانکرد. 
دڵنەوایی و ساڕێژکردن
دەیانتوانی زۆر شتی لەسەر بنیاتبنێن و فەرامۆشیان کرد. دەیانتوانی زۆر شت بۆ دڵنەوایی و ساڕێژکردنی بەشێک لە دەرد و کەسەری دەروونی قوربانییە بەجێماوەکان بکەن و نەیانکرد و سادەترین کار دەبوو بکرایە ژمارەیەک سەنتەر و نەخۆشخانەی دەروونی بوو بۆ ئەو مەبەستە. سی ساڵە قوربانییە بەجێماوەکان بە داخی ئەو کۆست و کەسەرە بێئامانەوە خۆیان دەخۆنەوە و دەتوێنەوە و ساڵە و ساڵ بەو داخەوە سەردەنێنەوە و تۆش دەتەوێ بە دروشمی قەبە و بەتاڵ ساڵانە لە یادی ئەو هەموو قوڕبەسەرییەدا زاخ بەکەیت بە زامیاندا. زۆر شت هەن باس بکرێن و دەرزییاژنی خەمەکانی پێ بکرێن، بەڵام با جارێ ئەوەندە بەسبێت.

وتارەکانی نوسەر