بە بیانووی ״فەرهەنگی زارەکیی موکریان״ەوە!

11:38 - 2024-04-28
مەحمود شێرزاد
180 خوێندراوەتەوە

ماوەیەک لەوەپێش لە مەهاباد لە ئێوارە کۆڕێکی سادە و خۆماڵیانەدا سەربڕانەیان بۆ فەرهەنگیی زارەکیی موکریان کرد. فەرهەنگی زارەکیی موکریان پڕۆژەیەکی گەورەی کۆکردنەوە و نووسینەوە و رێکخستنی سەرجەم فەرهەنگیی زارەکیی ناوچەی موکریان بوو. ئەم پڕۆژەیە سەلاحی پایانیانی دەستی پێکرد و لە ماوەی بیست و پێنج ساڵدا تەواوی کرد، هەمووان دەڵێن کارێکی لەوچەشنە کارێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو کاری دامەزراوە و گروپێکی دەیان کەسییە، بەڵام ئەو بە باشترین شێوە و بە تەنیا کردی.

 

هیچ رۆژنامە و گۆڤار و تەلەفیزیۆنێکم نەدیوە زمانی پاراوی کوردیی کردبێ بە یەکێک لە بنەماکانی وەرگرتنی کارمەند

مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە کورتە ڤیدۆیەکدا لەبارەی فەرهەنگی زارەکیی موکریانەوە دەڵێ: (ئەوەی لەبارەی فەرهەنگیی زارەکیی موکریان و ئەوانیتریشەوە خراپە ئەوەیە بە داخەوە نووسەران و رۆژنامە و کەناڵەکانی راگەیاندن و پەروەردە و...هتد بەکاریان ناهێنن و کەس کاریان پێناکا). قسەکەی مامۆستا زۆر تەواوە، من کە لە بیست ساڵ لەوە پێشەوە تا ئێستا لە باشترین رۆژنامەکانی هەرێمی کوردستاندا یان دەستەی نووسەران بووم یان لێپرسراوی بیروڕا و پاشکۆ فکرییەکان بووم، بە باشی لەو قسەیەی مامۆستا تێدەگەم، کەم کەسم دیوە زمانەکەی پاراو بێ و کاریگەریی زمانی پەتیی کوردی و ئەو فەرهەنگە کوردییانەی بەسەرەوە بێ کە هەن، تەنانەت هیچ رۆژنامە و گۆڤار و تەلەفیزیۆنێکم نەدیوە زمانی پاراوی کوردیی کردبێ بە یەکێک لە بنەماکانی وەرگرتنی کارمەند، یان زمانی پەتیی کوردیی کەڵکەڵەی بەرپرسانی ئەو رۆژنامە و کەناڵانە بووبێ، جا لە پەروەردە و قوتابخانە و زانکۆکان هەر گەڕێ، خراپترین وتارەکان لەڕووی زمانەوە کە هاتبنە بەردەستم هی هەندێ لە ئەکادێمییەکان بوون و هەن، بۆیە هەموو ئەکادێمییەک لە دەرەوەی پسپۆڕییەکەی خۆی دەبێ ئەدەب و فەرهەنگ بخوێنێتەوە تا لانیکەم پسپۆڕییەکەی خۆی بە زمان و دەربڕینێکی بەهێزەوە بگەیەنێ.  
فەرهەنگیی زارەکیی موکریان دەبێ هەموو کوردێکی بە تایبەت سەر بە شێوازی سۆرانی بیخوێنێتەوە، وشەی کوردیی و دارشتنی رستەی کوردیی و پەند و ئیدیۆمی لێ فێر بێ و لە قسەکردن و نووسین و وەرگێڕاندا بەکاریان بێنێ. کاتێک وشە و چەپکەوشەی تازە و رەسەن و جوان فێر دەبی حەز دەکەی بە زوویی وتارێک بنووسی و تا ئەم وشە و چەپکەوشانەی تێدا بەکار بێنی. جارێک کاک «فەتاح کاویان» کە هاوڕێی زۆر نزیک و خۆشەویستی جەنابی مام جەلال بوو بۆی گێڕامەوە و گوتی: (دوای راپەڕینی گەلانی ئێران وەفدی حکومەت بە مەبەستی دانوستان لەگەڵ کورد هاتبوون بۆ مەهاباد و لەگەڵ وەفدی کورد دانیشتن، یەکێک لە مەرجەکان ئەوە بوو دەبێ کاربەدەستانی کوردستان کورد بن، داریوشی فروهەر گوتی دادەی ئەم وشەیە بڵێنەوە، کاربەدەست، بەڕاستی جوانە، بگەڕێمەوە بۆ تاران بەس لەبەر بەکارهێنانی ئەم «کاربەدەستە» وتارێک دەنووسم).
لە شوێنێکیش شێرکۆ بێکەس دەڵێ: (من فەرهەنگەکان وەک شیعر و رۆمان دەخوێنمەوە). هەر لەبەر ئەوەشە زمانی شێرکۆ ئەوەندە دەوڵمەندە و بە باشی توانیوێتی ئەو هەموو خەیاڵە سرکانە راو بکا و دەستەمۆیان بکا و بیانخاتە ناو سنووری دەربڕینەوە. لەڕاستیدا ئەو کەسەی دەنووسێ یان ئاخێوەرە دەبێ زیاتر بخوێنێتەوە و تێڕابمێنێ، واتە لەلایەک فەرهەنگەکان و لایەکیتریشەوە کتێبە مەعریفییەکان بخوێنێتەوە و خۆشی تێڕامان بکا، بۆ ئەوەی هەم زمانی نووسین و قسەکردنی بەهێز بێ و هەم سنووری تێفرینی بەرینتر و قووڵتر و وردتر لە شتەکان تێبگا، ناکرێ بەردەوام بنووسین و قسە بکەین بە بێ ئەوەی کتێبی باش لەڕووی زمان و مەعریفەوە بخوێنینەوە و بە بێ ئەوەی تێڕابمێنین.
فەرهەنگی زارەکیی موکریان تەواو بوو، هیوادارم بخوێندرێتەوە و کاری پێبکرێ، نەک هەر ئەو، بەڵکو هەموو فەرهەنگەکانیتریش، چ ئەوانەی پێش ئەو و چ ئەوانەی دوای ئەو دێن دەبێ بخوێندرێنەوە و کاریان پێبکرێ.

وتارەکانی نوسەر