دەبوو نوێبوونەوە بەم جۆرە بێت

09:22 - 2024-04-29
هیوا محەمەد
264 خوێندراوەتەوە

زۆریان گازندەکرد نابێت لە چاکسازیدا ئەوانەی کە چەندین ساڵە لە ریزی خەباتدان بەرکەنار بخرێن، بەڵام لە راستیدا دەبوو نوێبوونەوەی راستەقینە سڵنەکاتەوە و ئەمە بکات کە کردی و بەردەوامە لێی.
10 کەس رۆیشت 20 کەس هاتەوە، هەر بەم شێوەیە دەکرێت درێژەی هەبێت و هەزارانی تر بێنەوە، دەکرێت رۆژێک ئەمانەی ئێستاش دێنەوە، ئیتر ماندوو ببن و بڕۆنە ماڵەوە و کردە و هزری نوێ بێنە پێشەوە، چونکە بۆ هەر حزبێک لە هەرجێیەکی جیهان هەروا بووە، ئەوانەی دایدەمەزرێنن و ئەوانەش کە ئەمڕۆ بەڕێوەی دەبەن تەواوکەری گەشتی شەمەندوفێرەکەن کە هەر دەڕوات و چەندین کەس دادەبەزن و چەندانی تر سەردەکەون.
مرۆڤ ئەگەر لە خۆیەوە سەیر بکات، دەبینێت لە ژیانی رۆژانەیدا لە رەفتار و وتەی هەندێک رازییە و لە هەندێکیشیان ناڕازییە تا رادەی وەستانەوە لە دژی، هەموو ئەوانەش کە لەپاش کارکردنیان لە شوێنێکدا، دووردەخرێنەوە و بەکەسانی نوێ جێیان دەگیرێتەوە، هەر بەم جۆرەیە، تیایاندایە رازی دەبێت و بە بڕیارێکی داپەروەرانەی دادەنێت، تیاشیاندایە بە کۆمەڵێک گازندە و ناو و ناتۆرەوە ملکەچی بڕیارەکە دەبێت و پاشان دەکەوێتە دژایەتی کردنی ئەو حزبەی چەندین ساڵ بە حزبی خۆی زانیوە و تیایدا خەباتی کردووە، بەڵام رەنگە لەمەیاندا زیاتر شینەکە بۆ لەدەستدانی پۆستەکەی بێت کە چەند ساڵێک لەڕێیەوە سوودمەند بووە بە کۆمەڵێک ئیمتیازات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دروستبوونییەوە بە زۆر قۆناغی سەختدا تێپەڕیوە کە نزیک بووە لە نیوە تێکشکان، بەڵام بە هەستانەوەی و بەردەوامیی لە خەباتدا و هاتنەوەی بۆ گۆڕەپانی خەبات، خەڵکی تووشی سەرسامی کردووە، زۆرێک دەیانووت ئەمەی بەسەر یەکێتیدا هاتووە هەر حزبێکی تر بوایە نەیدەتوانی هەستێتەوە.

 

دەبێت بیروباوەڕی یەکێتییانە مەرجی سەرەکی بێت بۆ ئیشکردن تێیدا، نەک بڕی پارە و ئیمتیازات

 

ئێستای یەکێتی لەگەڵ تەنها چوار ساڵی پێش ئێستا جیاوازە، ئەو جیاوازییە لە رێگەی هەیکەلی بەڕێوەبردنی حزبەکەوە هاتۆتە پێش کە دەستی پێکرد و یەکەم دەستکەوتی کە توانی بیهێنێتە دی، نەهێشتنی فرە مینبەر و فرە سەرکردەیی بوو، یەکێتیی ئێستا رێز لە خەبات و ماندووبوونی هەموو کادرەکانی دەگرێت و پێشیان دەڵێت: مامەڵەی دیموکراسی لە حزبایەتی راستەقینەدا، ئەوەیە کە نابێت هیچ کادرێک بە پلەی بەرز یان نزم، بۆ درێژخایەن لە پۆستێکدا بمێنێتەوە، تەنها بۆ سەرۆکی حزب هەیە کە لەبەر دەستکەوتە باشەکانی کە بەدەستی دێنێت، دەکرێت چەندین خول وەک کەسی یەکەم دابنرێتەوە، چونکە حزبەکە پێویستی پێیەتی.
دەیان وت سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیارەکانی یەک بەدوای یەکدا دێت و هەمووی چاکسازییە،  (ئەم هەموو چاکسازییە چۆن پێکەوە دەبێت؟) نابێت وابێت، چونکە زۆرێک لەو کادرانەی کە پۆستیان لێوەرگیراوەتەوە، کەسانی دێرینن، بەلام سیاسەتی نوێی چاکسازی و نوێبوونەوەی سەرۆکی ی.ن.ک حزبەکەی گەیاندە ئەمڕۆ کە دەتوانین بڵێین لەماوەی 10 ساڵی رابردوەوە هیچ کات هێندەی ئێستا تۆکمە و خاوەن پێگەی خۆی نەبووە و ئەوانەش کە مەکینەی حزب بەڕێوە دەبەن گەشبین ترن لە جاران و بە گڕوتینی باشترەوە درێژە بە خەبات دەدەن، چونکە دەزانن رۆڵی یەکێتی لە هەموو کایە سیاسییەکانی ناو هەرێم و عیراق، لە جێگەی خۆیدایە و هەوڵەکانیش بۆ پتەوتر کردنی رێکخستنەکان و ستوونەکانی دیکەی حزب بەردەوامی هەیە و تادێت پتەوتر دەبێ. 
ئێستا دەبێت ئەندامانی حزب لە هەموو ئۆرگانەکان گەیشتبنە ئەو قەناعەتەی کە دەبێت بیروباوەڕی یەکێتییانە مەرجی سەرەکی بێت بۆ ئیشکردن تێیدا، نەک بڕی پارە و ئیمتیازات، ئەمانە رەنگە ئەگەر پێویست بن، بکەونە دوای ئامادەیی بۆ خەبات و قوربانیدان و ئیشکردنی جدییەوە.

وتارەکانی نوسەر