ره‌وه‌ز جه‌بار
كارێل ئه‌پڵ، ناوێكی دره‌وشاوه‌یه له هونه‌ر و ئه‌ده‌بی هۆڵه‌ندیدا و هه‌م وه‌كو نیگاركێش و په‌یكه‌رتاش و هه‌م وه‌ك شاعیر رۆڵی هه‌بووه، له ته‌مه‌نی چوارده ساڵییه‌وه ده‌ستی به نیگاركێشان كردووه، یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانی بزووتنه‌وی كۆبرا. زۆرێك له به‌رهه‌مه‌كانی وه‌ك هاوڕێكانی گرووپی كۆبرای منداڵانه‌یه.
تابلۆی ژنێك به‌گوڵه‌وه یه‌كێكه له كاره‌كانی ئه‌پڵ، تابلۆكه وێنه‌ی ژنێكه دوو گوڵ له نێو چاوه‌كانی و سێ گوڵ له نێو ده‌می و وێنه‌ی چه‌ند گوڵێكیش له‌سه‌ر جه‌سته‌یه‌تی. گوڵه‌كانی سه‌ر تابلۆكه كۆلاجن و لێكێنراون به تابلۆكه‌وه. به گشتی ره‌نگه‌كانی تابلۆكه سوور و زه‌رد زاڵن به‌سه‌ریدا و باكگراوندهكه لایه‌كی سووره و لایه‌كی زه‌رده. ئه‌م جۆره تابلۆیانه كه ده‌چنه چوارچێوه‌ی ئه‌و شێوازه‌ی وا ئه‌ندامانی ئه‌و گرووپه گرنگی پێده‌ده‌ن، زۆر تر له ریزبه‌ندی ئه‌و تابلۆیانه كه گوزارشتین. به‌گشتی تابلۆكانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌و هه‌سته‌وه كێشراون كه منداڵانه‌ن و ده‌چنه خانه‌ی شێوازی وێنه‌كێشانی منداڵانه‌وه.
كریستیان كارێل ئه‌پڵ ساڵی 1921 له ئه‌مستردام - هۆڵه‌ندا له‌دایكبووه و له ته‌مه‌نی چوارده ساڵیدا یه‌كه‌م تابلۆی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌سه‌ر كانڤاس كێشا. له ساڵی 1940 تا 1943 له سه‌رده‌می داگیركاری ئه‌ڵمانیادا له زانكۆیه‌ك له ئه‌مستردام خوێندوویه‌تی و هه‌ر له‌وێ نیگاركێشی گه‌نج كۆرنێلی ناسی و چه‌ند ساڵێك دواتر كۆنستانتی ناسی. ساڵانێك هاوڕێی نزیكی یه‌ك بوون. دایك و باوكی دژی ئه‌وه بوون كوڕه‌كه‌یان له هونه‌ردا كاربكات. ئه‌مه‌ش وای لێ‌كرد ماڵ به‌جێبهێڵێت. رۆیشتنی له ماڵ به دیوێكی تردا كارێكی باش بوو، چونكه پێویستی به خۆدزینه‌وه هه‌بوو له پۆلیسی ئه‌ڵمانیا، تا قوتاربێ له‌و ئه‌ركه قورس و ناپه‌سه‌نده‌ی پۆلیسی ئه‌ڵمانی كه له‌و رۆژگاره‌دا خه‌ڵكیان ده‌گرت و ده‌یاننارد بۆ ئه‌ڵمانیا تاوه‌كو له پیشه‌سازی چه‌كدا كار بكه‌ن. ئه‌و خۆدزینه‌وه‌یه ئه‌پڵی له‌و قۆرته رزگار كرد.
ساڵی 1946 ئه‌پڵ یه‌كه‌م نمایشی خۆی له گرۆنینگن كرد. ساڵی 1949 له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌كانی گرووپی كۆبرا له مۆزه‌خانه‌ی ستێدێلیك - ئه‌مستردام به‌شداری كرد، ئه‌مه‌ش فه‌زیحه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لێكهوتهوه و ناڕه‌زایه‌تی زۆری لێ كه‌وته‌وه و بوو به باسی ناو رۆژنامه‌كان و قسه‌ی سه‌ر زاری خه‌ڵك. ئه‌و له ژێر كاریگه‌ری پابلۆ پیكاسۆ و هێنری ماتیس و ژان دوبۆفێت بووه. ساڵی1947ده‌ستی به‌كاری په‌یكه‌رسازی كرد، بۆ دروستكردنی په‌یكه‌ره‌كانی هه‌موو جۆره كه‌ره‌سته‌یه‌كی به‌كارهێناوه. به‌هۆی ئاریشه و كاردانه‌وه نه‌رێنییه‌كانی هۆڵه‌ندا به‌رامبه‌ر به گرووپی كۆبرا ئه‌پڵ ساڵی 1950 رووی له پاریس كرد، دوای گیرسانه‌وه‌ی له‌وێ گه‌شتێكی بۆ مه‌كسیك و ئه‌مریكا و یوگۆسلاڤیا و به‌رازیل كرد، ئه‌و گه‌شته وای كرد ئه‌پڵ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی جیهانی بناسرێ و ماوه‌یه‌ك له نیویۆرك و فلۆرانس ژیاوه و یه‌كه‌م پێشانگای له ساڵی 1954 له گه‌له‌ری مارتا جاكسۆن كرده‌وه. ساڵی 1990 به‌دواوه له هۆڵه‌ندای زێدی خۆی ناوبانگی زیاتری به‌ده‌ستهێنا. چه‌ندین نمایشی گه‌وره‌ی له ئه‌مستردام و بروكسیل كرد، كه له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر رودی فۆكسهوه ڕێكخرابوو. مۆزه‌خانه‌ی كۆبرا له ئهمستێلڤین چه‌ندین نمایشی رێكخست كه كاره‌كانی ئه‌وی تێدابوو، به‌مه‌ش بوو به به‌ناوبانگترین هونه‌رمه‌ندی هۆڵه‌ندی.
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی ئه‌پڵ له ژماره‌یه‌ك گه‌له‌ریدا نمایشكراون، له‌وانه گه‌له‌ری ئانیتا شاپۆلسكی له نیویۆرك، گه‌له‌ری لیلۆنگ له پاریس، گه‌له‌ری یولیسس له ڤییه‌نا، گه‌له‌ری ئێڵ ئێڵ له ئه‌مستردام.
دوای ساڵانێك له‌كار و چالاكی ئه‌پڵی شاعیر و نیگاركێش له 3ی ئایاری 2006 له ماڵه‌كه‌ی خۆی له شاری زیوریخی سویسرا به هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه مرد و دنیای به‌جێهێشت و له16ی ئایاری 2006 له گۆڕستانی پێرێ لاشایز له پاریس به خاك سپێردرا.