قوباد تاڵەبانی بە رەسمی خاڵە سنوورییەکەی کردووەتەوە

دەروازەی کێلێ، ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی گەشتیار و ئاڵوگۆڕی بازرگانی

09:11 - 2024-04-29
ڕاپۆرت
199 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رێباز مام شۆڕش

چەند ساڵێک لەمەوبەر بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە رەسمی دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین کرایەوە، کردنەوەی دەروازەکە هاتوچۆی گەشتیاریی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا ئاسان کرد و رۆژانە گەشتیارێکی زۆر لە هەردوو دیوەوە هاتوچۆ دەکەن، جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هەلی کاری زیاتری بۆ دانیشتوانی سنوورەکە فەراهەم کردووە و رۆڵیشی بینیوە لە بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستاندا بە تایبەت ئابووری شاری قەڵادزێ و پشدەر و ئیدارەی راپەڕین.
قەڵادزێ و دەروازەی کێلێ
قەڵادزێ یەکێکە لەشارە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و خاوەنی مێژوویەکی گەورەیە، هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەیەکی شاخاوییە و ئەوەش وایکردووە ببێتە هۆکاری راکێشانی گەشتیار و دەکرێت بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگ.
لەگەڵ ئەوەی لەماوەی رابردوودا هاووڵاتیانی قەڵادزێ قوربانییەکی زۆریانداوە، بەڵام تائێستا لەڕووی خزمەتگوزاری و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌وه‌ ئاوڕی بەرچاوی لێ نەدراوەتەوە و تائێستاش شوێنەواری کاولکاریی رژێمی به‌عس بە شارەکەوە دیارە.
دەروازەی کێلی دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی قەزای پشدەر لە دەڤەری راپەڕین و  سنووری شاری سەردەشت لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لە ساڵی 1992ەوه‌، بەشێوەیەکی نافەڕمی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێ دەکرێت و دەکرا بۆ سوود وەرگرتنی زیاتر بە رەسمی بناسێنرایە.

 

بە گوژمەی زیاتر  لە  دوو ملیار و 875 ملیۆن دینار پڕۆژەی رێگەی دەروازەی کێلێ جێبەجێ دەکرێت 

 

بوژانەوەی ئابووریی ناوچەکە
هاووڵاتی قادر شێخە دەڵێت، دەروازەی کێلێ لە پشده‌ر خاڵێکی گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، رۆشنبیری، کەلتوری و گەشتیارییە لە ناوچەکە بە تایبەتی بۆ شاری قەڵادزێ و ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین و بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە ئێرانەوە.
وتیشی، کردنەوەی دەروازەکە بەڕووی هاتوچۆی گەشتیار  و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا هۆکارە بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی بژێوی هاووڵاتیانی ناوچه‌کە ئەوەش بە هەوڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خودی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بوو، کە ساڵی رابردوو دەروازەکەی کردەوە.
رێبوار شۆڕش هاووڵاتیەکی ناحیەی سەنگەسەرە هەفتەی رابردوو لە رێگەی دەروازەی کێلێ لە ئێران گەڕاوەتەوە و دەڵێت،  پێشتر ئەگەر کەسێک لە شارێکی وەک قەڵادزێ و سەنگەسەر و رانیە و بگرە شارەکانی تریش بیویستایە بچێتە ئێران، پێویست بوو لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوچۆ بکات، کە نزیکەی دوو سەعات و نیو کاتی دەویست تا دەگەشت، ئەمە وێڕای قەرەباڵغی و رۆتینی سنوور، بەڵام ئێستا هاووڵاتیانی دەڤەری راپەڕین بە کەمتر لە سەعاتێک بە کێلێدا دەچنە ئێران ئەوە ئاسانکاری زۆری کردووە بۆ هاووڵاتیانی هەردوولا.

 

بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی راپەڕین: درێژی ئەو رێگەیەی نۆژەن دەکرێتەوە 10 کیلۆمەترە و لەسەر ئەرکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت 

 

نۆژەنکردنەوەی رێگەی دەروازەی کێلێ
ئەحمەد محەمەد خاوەنی کەبابخانەیە لە قەڵادزێ بەهۆی دەروازەی کێلێوە رۆژانە هاووڵاتیانی خۆرهەڵاتی کوردستان دێن و لەلای ئەو کەباب دەخۆن و وتی، پێشتر ئەوە بە کەمی دەبینرا، بەڵام دوای کردنەوەی دەروازەکە هاتوچۆکردن ئاسان بوووە و تێکەڵاوییەکی زۆری لەنێوان دانیشتوانی هەردوولا دروست کردووە، هاوکات بووەتە شوێنی دەستکەوتنی کار بۆ بەشێک لە هاووڵاتیان. 
ئێستا لە قەزای پشدەر بە گوژمەی  دوو ملیار و 875 ملیۆن و 500 هەزار دینار پڕۆژەی رێگەی دەروازەی کێلێ جێبەجێ دەکرێت و بەردی بناغەی چاکردنی رێگەی دارەشمانە - دەروازەی کێلێ دانراوە و بڕیار وایە لە ماوەیەکی نزیکدا نۆژەن بکرێتەوە.
تاریق خدر بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی راپەڕین بە کوردستانی نوێی راگەیاند، درێژی ئەو رێگایەی نۆژەن دەکرێتەوە 10 کیلۆمەترە و پانییەکەشی حەوت مەترە پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە و لەسەر ئەرکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت.
وتیشی، پڕۆژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاکردن و رێگەوبانی راپەڕین سەرپەرشتی دەکرێت، ماوەی تەواوبوونی 300 رۆژە، کە هەموو قیرەکەی لادەبرێت و دووبارە قیر دەکرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان