سەرۆك هۆزی (بەنی مالیك) بۆ كوردستانی نوێ‌:

حكومەتی عیراق ستەم لە پارێزگای بەسرە دەكات

09:14 - 2024-04-29
دیدار
59 جار خوێندراوەتەوە

دیداری: ئیدریس جەبار 

پارێزگای بەسرە بە شادەماری ئابووریی عیراق دادەنرێت، بەهۆی بوونی زۆرترین بیرە نەوتی لەو پارێزگایە و تاكە رێڕەویشە كە عیراق دەگەیەنێتە سەر دەریا، ئێستا پارێزگاكە بەدەست خراپیی دۆخی ئابووری و خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، وێڕای بڵاوبوونەوەی بەرچاوی نەخۆشیی شێرپەنجە بەهۆی پیسبوونی ژینگەی ناوچەكەوە لە ئاكامی بوونی پاشماوەكانی جەنگ و پیشەسازیی نەوت لە بەسرە. 
عەبدولسەلام مالیكی سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ كوردستانی نوێ‌-دا باس لە رەوشی خراپیی پارێزگاكە دەكات و داواش دەكات بە شێوازیی مەدەنیانە گوشار بخرێتە سەر حكومەت، تا ئاوڕێكی جیدی  لە بەسرە بدرێتەوە.  
نەهامەتییەکانی دانیشتوانی بەسرە
*هەوڵ بۆ گوشارخستنە سەر حكومەت دەدەن تا ئاوڕ لە پارێزگای بەسرە بداتەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بانگەوازێكتان بڵاوكردەوە لەوبارەیەوە، ئەم هەڵوێستە لە چ سۆنگەیەكەوە سەرچاوەی گرتووە؟ 
-بانگەوازەكەی ئێمە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە كە گرنگترینیان رەوشی خراپ و پڕ لە نەهامەتیی دانیشتوانی پارێزگای بەسرەیە، لەو ناوچانەدا بەشێوەیەكی بەرچاو نەداریی و هەژاریی و نەبوونی خزمەتگوزاریی بەدی دەكرێت، وێڕای نەبوونی سادەترین لایەنەكانی ژیان و گوزەرانی رۆژانەی هاووڵاتیان، ئەمەش بە دڵنیاییەوە كاریگەریی لەسەر شەقام دروست دەكات، لە دەستووردا مافی پارێزگاكان لەسەر بنەمای چڕیی دانیشتوان و ئاستی گوزەرانی هاووڵاتیان دیاریكراوە، ئێمە لە پارێزگای بەسرە لە هەموو پارێزگاكانی تری عیراق چڕیی دانیشتوانمان زیاترە، لەڕووی ئاستی گوزەرانی هاووڵاتیانیشەوە، خەڵكی پارێزگاکە لە هەموو پارێزگاكانی تر زیاتر بەدەست ستەم و پەراوێزخستنەوە دەناڵێنن. 
رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە
*باس لە زۆربوونی رێژەی تووشبوان بە نەخۆشیی شێرپەنجە دەكرێت لە بەسرە، هۆكاری بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە بۆچی دەگەڕێننەوە؟ 
-بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە لە بەسرە پەیوەستە بە پیسبوونی ژینگە و تیشكدانەوە و بوونی گازی ژەهراوی و دووكەڵی زۆری كێڵگە نەوتییەكانەوە، كە نەهامەتییان بۆ خەڵك دروستكردووە، قوڕنە و ناوچەكانی بەسرەش زۆرترین رێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییەیان تێدایە، بەو پێیەی كەوتوونەتە نێوان دوو كێڵگەی گەورەی نەوتەوە كە بریتین لە (غرب قرنە 1) و (غرب قرنە 2)، وێڕای كێڵگەكانی (مجنون)، لەگەڵ ئەمەشدا پشتگوێخستنێكی روون لەلایەن حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی خۆجێی پارێزگاکەوە بەدی دەكرێت. خەڵكی ئەم ناوچانە وێڕای نەخۆشی، بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییشەوە دەناڵێنن، خەڵكی ناوچەكە هێندە بێبەشن كە دەكرێت بڵێین لە چاخەكانی ناوەڕاستدا دەژین، كەموكوڕی لە ژێرخان و نەخۆشخانە و خزمەتگوزاریی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بەتایبەتی شێرپەنجە، بەشێوەیەكی نائاسایی بەرۆكی خەڵكی ناوچەكەی گرتووە. 

 


 تائێستا حكومەت ئەو مافەی بۆ پارێزگای بەسرە نەگەڕاندووەتەوە كە مەزەندە دەکرێت بە 18 ملیار دۆلاری پارەی پترۆدۆلار

 

دەنگی ستەملێكراوان
*ئەو ناوچانە کوێن کە زیاتر لە سنووری ئەو پارێزگایەدا بەدەست كەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن؟ 
-ناوچەكانی باكووری بەسرە كە لە شەش قەزا و نزیكەی هەشت بۆ نۆ ناحیە پێكدەهێنن، قەزاكانی بدەینە و سادق و دێر و قوڕنە و هارسە، هەموو ناحییەكانی سەر بەم قەزایانە بەدەست كەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن و خەڵكەكەی دەنگیان بەرزدەكەنەوە، ئێمەش دەمانەوێت دەنگی ستەملێكراوان بگاتە لایەنە پەیوەندیدارەكان و داواش لە سەرۆك وەزیران دەكەین بابەتەكە بە هەند وەربگرێت و داواش لە پارێزگاری بەسرە دەكەین لەم ناوچانەدا بێتە ناو خەڵک و ماف بۆ خەڵكەكەی بگێڕێتەوە. 
سندوقێك بۆ ناوچەكانی بەسرە
*داواكارییە هەنووکەییەكانی دانیشتوانی ناوچەكە چین؟ 
-داوا دەكرێت سندوقێك بۆ ناوچەكانی پارێزگای بەسرە دابنرێت، چونكە ئەو ناوچانە بێبەشن و بەدەست پشتگوێخستنەوە دەناڵێنن، ئاستی فێركاریی لەو ناوچانەدا بەرزە و هەژارییەكی زۆر لەنێو خەڵكدا بڵاوبۆتەوە، لەكاتێكدا ئەو ناوچانە گەورەترین كێڵگە نەوتی جیهانیان تێدایە، لەڕووی یەدەگی نەوتیشەوە، كاتێك نەوت نامێنێت، دوایین بەرمیلی نەوت لە جیهاندا دەبێت لەم ناوچانە دەربهێنرێت، پێویستە حكومەتی ئیتیحادی رۆڵی خۆی ببینێت و كار بۆ بوژاندنەوەی ئەم ناوچانە بكات، داواش لە سەرۆك وەزیران دەكەین بێت و سەردانی ناوچەکان بكات و لە نزیكەوە حاڵ و گوزەرانی خەڵكەكەی ببینێت، دانیشتوانی ناوچەی بەسرە خوێنێكی زۆرییان لەپێناوی عیراقدا بەخشیووە و خاوەنی شەهید و قوربانیدانێكی زۆرن، ئێستاش كەس ئاوڕییان لێناداتەوە، ئەمەش ستەمێكی ئاشكرایە، چونکە ئەگەر هاووڵاتیان ئێستا بۆ داواكردنی مافەكانیان خۆپیشاندان بكەن، سبەینێ‌ ماندەگرن و پێدەچێت دواتر راپەڕن و شۆڕشی میللی بەرپابكەن، لەپێناوی بەدەستهێنانی مافەكانیان.  
پایتەختی ئابووریی عیراق
*بۆچی دۆخی بەسرە بەمشێوەیەیە، لەكاتێكدا بەسرە بتوانێت هەموو عیراق بژێنێت؟ 
-بەسرە پایتەختی ئابووریی عیراقە، شادەماری ئابووریی وڵاتەکەیە، دەروازەی عیراقیشە بۆ جیهانی دەرەوە لەڕێی بەندەرەكانییەوە، لە سەردەمی حكومەتەكەی نوری مالیكیدا، مالیكی لە هەموو سەرۆك وەزیرانەكان زیاتر مافی بۆ بەسرە دابین كرد، لەڕووی بابەتی پترۆدۆلارەوە كە سێ‌ دۆلار بۆ هەر بەرمیلە نەوتێكی هەناردەكراو و دوو دۆلاریشی بۆ هەر بەرمیلە نەوتێكی بەرهەمێنراو لە بەسرە دابین دەكرد، بۆیە لەئێستادا داوای ئەو مافە لە حكومەتی ئیتیحادی دەكەین، تائێستا حكومەت ئەو مافەی بۆ پارێزگای بەسرە نەگەڕاندۆتەوە كە بە 18 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت لە پارەی پترۆدۆلار و لای حكومەتی ئیتیحادی ماوەتەوە، دەبێت سەرۆك وەزیران ئاوڕ لە بەسرە بداتەوە، چونكە بەڕوونی پشتگوێخستن بەدی دەكرێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان