هۆشبەرە رێگەپێدراوەکان کامانەن؟

10:37 - 2024-04-29
دووتوێ
930 جار خوێندراوەتەوە
ڤەیپ، بەکارهێنەرانی بەرەو مەترسییە گەورەکە پەلکێش دەکات

پرژە زاهیر جەلال

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی کۆتایدا لە عیراق به گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، گۆڕانکارییەکی خراپ و دیاردەیەکی مەترسیدار بەسەر ژیانی هاووڵاتیان و گەنجان و منداڵاندا هاتووە، لە هەردوو رەگەزدا، کە دیاردەی کوشندەی ماددەی هۆشبەر و ماددەی نیکۆتینە. بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی 2023ی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 75 هەزار کەس ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن لە نێوان تەمەنی 18-64 ساڵدا، لەو رێژەیەش %23 یان لە رەگەزی مێیە. بەداخەوە کە هەرێمی کوردستان و عیراق لەوە دەرچوون تەنیا ناوەندی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بن و ئێستا بوونەتە ناوەندی بەکارهێنان و رەواجپێدانی. 

ناساندێک بۆ ڤەیپ (Vaping)
بریتییە لە ئامێرێک بۆ گەرم کردنی شلەیەکی کیمیایی کە بە شلەی (e-liquid) ناسراوە، لە ئەنجامی ئەم گەرمبوونەدا دووکەڵێکی زۆر دەردەکات، بە وتەی پزیشکان ڤەیپ وەک بۆمبێکی کات بۆ دانراوە لە لەشی مرۆڤدا، هەر کاتێک ئەم بۆمبە بتەقێتەوە ئەگەری تووشبون بە چەندین جۆری شێرپەنجەی وەک جگەر و سییەکان هەیە. ئەمە لە کاتێکدا گەر ئامارەکان روو لە بەکارهێنەرانی  ڤەیپ و نێرگەلە و جگەرە بن، ئەوا مەزەندەی رێژەیەکی ئێجگار بەرز و مەترسیدار دەکرێت. گەیشتنی هۆشبەری سەردەم (ڤەیپ) بە بازاڕەکان لە ساڵی 2003وە دەستی پێکرد، تا ئەمڕۆ که بە شێوەیەکی بەربڵاو لە نێو مارکێتەکاندا ئاسان دەست دەکەوێت و بەشێکی زۆر لە منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ  بە ئاگاداری و بێ ئاگاداری دایک و باوکیان بوونەتە بەکارهێنەری ئەم نیکۆتینە چەورە ئالوودەکەرە، کە دوای ماوەیەک لە کێشانی ڤەیپ بەرەو کێشانی جگەرە دەڕۆن، دواتر ئەم ئالودەییە بە ئەگەرێکی زۆرەوە باڵ دەکێشێت بۆ ماددەی هۆشبەر. 

 

 

بەکارهێنەری ئەم نیکۆتینە چەورە ئالوودەکەرە، کە دوای ماوەیەک لە کێشانی ڤەیپ بەرەو کێشانی جگەرە دەڕۆن، دواتر ئەم ئالودەییە بە ئەگەرێکی زۆرەوە باڵ دەکێشێت بۆ ماددەی هۆشبەر

 

کچان و ژنان لەم دیاردە بێزراوانە بەدەر نین و رێژەیەکی بەرز پێکدێنن، کە لە شوێنە گشتی و تایبەتیەکاندا دەبینرێن، ئەوەی جێی داخە دایکانن کاتێک بە دووگیانییەوە هۆشبەر و هاوشێوەکانی دەکێشن، یان کچانی خوار 18 ساڵ ئالوودەبوون و کافێکانیان تەنیوە، یاخود منداڵانی ئالوودەی هۆشبەر، بێگومان خێزانەکانیان بەرپرسیاری یەکەمن لەم کارەساتەدا. ئەرکی سەرەکی یاسایە کە رێگری له تەشەنەی زیاتری ماددەی هۆشبەر و دیاردە هاوشێوەکانی بکات، بە دانانی یاسای تایبەت بە شوێنە گشتییەکانی وەک کافێ و مارکێت و بازاڕەکان..هتد تا هەموو تەمەنێک رێگەپێدراو نەبێت لە کڕین و بەکارهێنانی ماددەی نیکۆتین، وەرگرتنی داتای دروست و زانینی رێژەی بەکارهێنەران، دواتر سزادانی ماددی هەر خێزانێک کە ئەندامانی خێزانەکەی لە خوار تەمەنی رێگەپێدراو بەکارهێنەری هەر یەکێک لەم دووکەڵە بن، گرنگە هێزەکانی پۆلیسیش لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن بۆ گەیشتن بە سەرچاوەی کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر و دۆزینەوەی سەرچاوەی هاوردەکردنی هەردوو ماددەی مەترسیداری هۆشبەر و نیکۆتین. دروستکردنی هێڵێکی گەرم بۆ پەیوەندیکردنی هاووڵاتیان لە کاتی بینینی هەر منداڵ و هەرزەکارێکی بەکارهێنەری ماددەکان و دووکەڵەکاندا. 
کردنەوەی خولی هۆشیاری و پزیشکی و ئاگادارکردنەوە لە نەخۆشییە کوشندەکان، لە نێو قوتابخانه سەرەتییەکان تا زانکۆ و پەیمانگاکانیش. گرنگە لە ئێستاوە هەست بەوە بکەین، بە رێگری نەکردن لە هۆشبەرەکان، کۆمەڵگەیەکی بێهۆش بەرهەم دەهێنین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان