بڵاوبوونەوەی بەرچاوی ماددە هۆشبـەرەکـان لــە خــــــــۆرهەڵاتی ناوەڕاست

10:38 - 2024-04-29
دووتوێ
70 جار خوێندراوەتەوە
بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سەرەتا تاک و پاشان کۆمەڵگە وێران دەکات

ڤاندا فێلباب براون
لە ئینگلیزییەوە: سوپا شاکەلی 

لە دەیەی رابردوودا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە کاپتاگۆن پڕکراوەتەوە (کاپتاگۆن ناوی جۆری دەرمانێکی دەروونیی چالاک بوو کە لە ساڵانی شەستەکاندا لەلایەن کۆمپانیاییەکی ئەڵمانییەوە بەرهەم دەهێندرا – وەرگێڕ). دەرمانی کاپتاگۆن کە تێکەڵەیەک لە (ئەمفیتامین) و (کاین)ە بە تایبەتی لە سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیدا بەناوبانگ بووە. کرێکاران و ئاهەنگگێڕان بۆ رێگریکردن لە برسێتی و خەوتن بەکاریدەهێنن. هەردوو وڵات لە ریزبەندی بەرزترین ئاستدان لە رووی بەکارهێنەرانی ئەو دەرمانە و لە دوای ئەوانیش وڵاتانی ناوچەکە دێن بە گشتی. بیست ساڵ لەمەوبەر بە نزیکەیی هیچ کەس لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کاپتاگۆنی بەکار نەدەهێنا. ئێستا نرخەکەی هەرزانترە بەراورد بە ماددە کحولییەکان و بە شێوەیەکی فراوانتر لە ناوچەکەدا بەردەستە.
سوریا بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەری کاپتاگۆن بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش پارەیەکی زۆر بۆ سەرانی ئەو وڵاتە پەیدا دەکات. ئەو ماددە هۆشبەرە لە رێگەی میلیشیا و قاچاخچییەکانی سەر بە ئێران لە لوبنان و تورکیاوە دەینێرن بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی. لە هەمان کاتدا خەڵکی شوێنەکانی وەک عیراق و ئوردنیش ئەو مادده هۆشبەرە بەکاردەهێنن، هاوشانی خەڵکی سوریا. ئەم بازرگانییە دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکاریی گروپە سێبەرەکان دەکات.
حکومەتەکانی کەنداوی عەرەبی بە سەختی دەتوانن رێگریی بکەن لە چوونی کاپتاگۆن بۆ ناو وڵاتەکانیان، هەوڵیانداوە پەیوەندی بە سوریاوە بکەن بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ بازرگانییەکە دابنرێت و تەنانەت سزای بەکاربەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانیان داوە، بەڵام کاریگەرییەکی بەرچاوی نەبووە. 
بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کاپتاگۆن، پێویستە گەلانی عەرەب لەگەڵ واشنتۆن هاوکاربن بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر لەسەر تۆڕەکانی ماددە هۆشبەرەکان هاوبەشی پێبکەن لە نێوانیاندا. لە لایەکی ترەوە پێویستە هەموو لایەنەکان دەست بکەن بە یارمەتیدانی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ رزگاربوونیان لە ئالودەبوون، لەبری ئەوەی تەنها سزایان بدەن. ئەم هەنگاوانە زۆر گرنگن چونکە رەنگە بەم زووانە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی ئاستێکی خراپتری ماددە هۆشبەرەکان ببێتەوە ئەویش قەیرانی (میتامفیتامین)ە.

 

بەرهەمهێنەرانی لوبنانی و تورکی لە سەرەتای ساڵانی 2000دا ئەو دەرمانەیان دروست دەکرد، بەڵام دواتر بەرهەمهێنانیان لە ساڵی 2014 دا گواسترایەوە بۆ سوریا

 

هەمان ناو و یارییەکی جیاواز
کاپتاگۆن سەرەتا لە ساڵانی شەستەکاندا وەک دەرمانێک بۆ خەمۆکی و خەواڵوویی بەرهەم دەهات تا هەشتاکانی سەدەی رابردوو، زۆرێک لە وڵاتان بەهۆی سروشتی ئالوودەبوون و کاریگەرییە زیانبەخشەکانییەوە وەک تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی قەدەغەیان کرد. لە ساڵانی نەوەدەکاندا گروپە تاوانبارەکان لە بوڵگاریا دەستیان کرد بە بەرهەمهێنانی دەرمانێکی جیاواز کە پێی دەوترێت کاپتاگۆن، بەڵام بە پێکهاتەیەکی کیمیایی جیاواز.
جۆری نوێی کاپتاگۆن لە ئەوروپادا جێگەی خۆی نەگرت بە تایبەتی کە پێشتر هێرۆین و کۆکاین و میتامفیتامین بەناوبانگ بوون، بەڵام لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی فراوان بەکارهێنرا، کە کێبڕکێیەکی ئەوتۆ لە بازاڕی ماددە هۆشبەرە نایاساییەکاندا نەبوو.
بەرهەمهێنەرانی لوبنانی و تورکی لە سەرەتای ساڵانی 2000دا ئەو دەرمانەیان دروست دەکرد، بەڵام دواتر بەرهەمهێنانیان لە ساڵی 2014 دا گواسترایەوە بۆ سوریا. پیشەسازی گەورەی کیمیایی سوریا و زۆرێک لە کیمیاگەرە بێکارەکان کردیان بە پیشە و دەستیان کرد بە دروستکردنی دەرمانی نایاسایی. شەڕ و ئاژاوەی ناوخۆی سوریاش رۆڵی هەبوو، گروپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە بەشێکی زۆری خاکی سوریایان کۆنترۆڵکرد و کاپتاگۆنیان فرۆشت وەکو سەرچاوەی پەیداکردنی پارە. هەروەها چەکدارەکانیان بەکاریان دەهێنا بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە چاونەترسی بکەن و بەئاگا بمێننەوە و باوەڕیان بەوە هەبێت کە نەدۆڕاون. لە سوریا (کاپتن بوێری) نازناوێکە بۆ ئەو دەرمانە.
حکومەتی ئەسەد شەڕی لەگەڵ گروپە ئیسلامییەکان کرد، بەڵام بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەریان رانەگرت بەڵکو ئەوان کۆنترۆڵی ئەو گروپانە و بازرگانییەکانیانیان کرد. بەمجۆرە فرۆشتنی کاپتاگۆن بوو بە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات، بەمەش لە ساڵی 2021دا نزیکەی 5.7 ملیار دۆلار داهاتیان بەدەستهێنا. ئەوە بەشێکی بەرچاوە لە پارە بۆ وڵاتێک کە بەرهەمی ناوخۆیی تەنها نزیکەی 20 ملیار دۆلارە.
میلیشیاکانی پاڵپشتی ئێران لە لوبنان و عیراقیش دەستیان بەو بازرگانییە کرد و کۆمەڵەکانی وەک حیزبوڵڵا و کەتایب حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق کە ئەمەریکا بە گرووپی تیرۆریستی ناویان دەبات، بە قاچاخ بازرگانیی بە کاپتاگۆنەوە دەکەن، چونکە کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر حکومەتەکانی عیراق و لوبنانەوە هەیە و بەبێ ترس لە سزادان دەتوانن ئەم کارە بکەن.
دابڕانی سوریا
هەریەکە لە ئوردن و سعودیە و ئیمارات هەوڵی وەستاندنی بازرگانی کاپتاگۆن دەدەن. ئوردن هەنگاوی توندی گرتۆتەبەر، وەک کوشتنی زۆرێک لە قاچاخچییەکان و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ ناو سوریا بۆ لێدانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و حەشارگەکانیان. سعودیە و ئیمارات ساڵانە دەست بەسەر ملیۆنان حەبدا دەگرن. لە مانگی ئەیلولی 2023دا، ئیمارات دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە کاپتاگۆندا گرت کە نرخەکەی بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرا. تەنانەت سعودیە هۆشداریشی دایە ئوردن کە ئەگەر ئوردن نەتوانێت رێگری لە هاتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سوریاوە بکات، رەنگە ئاڵوگۆڕی بازرگانی کەمبکاتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە، بازرگانیکردن بەو ماددەیەوە خاو نەبۆتەوە.
هەروەها وڵاتانی عەرەبی هەوڵیانداوە دانوستان لەگەڵ رژێمی ئەسەد بکەن بۆ راگرتنی بڵاوبوونەوەی کاپتاگۆن. کاتێک سوریا لە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی لە ساڵی 2011دا بەهۆی شەڕی ناوخۆوە دەرکرا، زۆرێک لە گەلانی عەرەبیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەسەد پچڕاند، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی سەرکەوتنە سەربازییەکانی رژێمی ئەسەد دوای 10 ساڵ، حکومەتەکانی ناوچەکە دەستیانکرد بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رژێمی ئەسەددا. لەم دانوستانانەدا دەوڵەتە عەرەبییەکان باسیان لە کاپتاگۆنیش کردووە، سوریا رەزامەندی دەربڕی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی بە گشتی (بێئەوەی باسی کاپتاگۆن بکات)، لە بەرامبەردا ساڵی 2023 توانی پەیوەندی بکاتەوە بە کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبییەوە، بەڵام تا ئێستاش هیچ بەڵگەیەک نییە پیشانی بدات کە سوریا بەرهەمهێنانی کاپتاگۆنی کەم کردۆتەوە. بەرهەمهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچییەکان کە پەیوەندییان بە حکومەتەکەوە هەیە، بەردەوامن لە کارکردنی ئازادانە بێ هێچ رێگرییەک.

 

وڵاتانی کەنداو خەریکە دەبنە خاڵێکی سەرەکی بۆ رێکخراوە تاوانکارییە مەکسیکییەکان بۆ گواستنەوەی میتامفیتامین لە ئەوروپاوە بۆ ئوسترالیا و نیوزلەندا

 

هەواڵە ناخۆشەکە 
دەوڵەتانی عەرەبی پێویستە شێواز و رێگای نوێ بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی پرسی کاپتاگۆن. بە گۆڕینی رێوشوێنە ناکاریگەرەکانیان و توندکردنی سزاکانی ئێستایان بەرامبەر بە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان وەکو دەستپێک، چونکە ئەو شێوازانەی پێشتر بەکارهێندراون کاریگەریی ئەوتۆیان نەبووە و سەرکەوتوو نەبوون لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکاندا. پێویستە دەوڵەتەکان سەرنجیان لەسەر رێنماییکردنی بەکارهێنەران بەرەو چارەسەرکردن بێت، بۆ نموونە سعودیە دەستی کردووە بە رێگەدان بە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەوەی داوای یارمەتی لە ناوەندەکانی چارەسەرکردن بکەن، تا سوود لە چاودێری پزیشکی و بەرنامەکانی پەروەردەیی و رەفتار و بنیاتنانەوەی لێهاتوویی وەرگرن. تەنانەت وەزارەتی تەندروستی سعودیه ژمارەی نەخۆشخانەکانی تایبەتمەند بە چارەسەری بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەری بۆ 50 نەخۆشخانە بەرزکردووتەوە. 
هەروەها پێویستە وڵاتانی عەرەبی ستراتیژی جێبەجێکردنی یاساکانیان باشتر بکەن و پۆلیس پێویستی بە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری هەواڵگری گشتگیر هەیە بۆ دەستگیرکردنی یاریزانە سەرەکییەکانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان. لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاڵنگاری بەرچاو هەیە بەهۆی بێمتمانەیی لەمێژینەی نێوان دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاساوە، ئەمەش وایکردووە پەیوەندیکردن قورس بێت. بۆ نموونە هاوبەشیکردنی زانیاری لەگەڵ دەسەڵاتداران لە سوریا سەختە، چونکە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانی وڵاتەکە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ حکومەتی سوریا هەیە و ئەمریکاش بەردەوامە لە سزادانی رژێمی ئەسەد. جگە لەوەش گرووپەکانی لایەنگری ئێران بەشێک لە دەزگاکانی هەواڵگری و جێبەجێکردنی یاسایان لە عیراق و لوبنان کۆنترۆڵ کردووە.
بەکارهێنانی لە لایەن تیرۆریستانەوە
سەرەڕای ئەوەش، ئەمریکا بەرپرسیارێتی هاندانی زیاتری بۆ هاوبەشکردنی زانیاری هەواڵگری لەسەر تۆڕەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە نێوان ئوردن و سعودیە و ئیماراتدا هەیە. ئەمریکا توانای بەرزکردنەوەی کاریگەریی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسای هەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. واشنتۆن ئارەزووی خۆی بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی کاپتاگۆن نیشانداوە. بۆ نموونە لە بەهاری ساڵی 2023دا ئەمریکا لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو و یەکێتی ئەوروپا، دوو لە ئامۆزاکانی ئەسەدیان بە ناوەکانی (سامر کەمال ئەسەد) و (وەسم بەدی ئەسەد) بەهۆی بازرگانیکردن بە کاپتاگۆنەوە سزا دا. جگە لەوەش، لە مانگی کانوونی دووەمی 2022دا، جۆ بایدن یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن و کۆکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان واتە  (CAPTAGON)ی ئیمزا کرد. ئەم یاسایە فەرمان بە پەرەپێدانی ستراتیژێک بۆ تێکدانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی کاپتاگۆن و پەرەپێدانی هاوبەشی جێبەجێکردنی یاسا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات. هەروەها ئیدارەی ئەمریکا راهێنانی بە دەسەڵاتدارانی لوبنان و ئوردن کردووە بۆ رێگریکردن لە قاچاخچێتی و ئەنجامدانی شیکاریی پزیشکی دادوەری بۆ ماددە هۆشبەرەکان و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی سنوور بەزاندن، بەڵام بۆ پێشخستنی زیاتری ئەم هەوڵانە، پێویستە واشنتۆن هاوبەشی هەواڵگری لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەکان زیاتر بکات.
هەرزانترە و قازانجیشی زیاترە
حکومەتەکانی ناوچەکە پێویستە بە خێرایی کاربکەن چونکە، مەترسییەک هەیە کە کاپتاگۆن بە دەرمانێکی زۆر زیانبەخشتر بگۆڕدرێت، ئەویش (میتامفیتامین)ە بازاڕەکانی ماددە هۆشبەرە نایاساییەکان بە تێپەڕبوونی کات بەرەو ماددە بەهێزەکان پێشدەکەون. میتامفیتامین کە بەهێزترە و قازانجێکی زۆری هەیە بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هێز بەراورد بە کێشەکەی لەگەڵ کاپتاگۆن، بە قاچاخبردنی ئاسانترە و قازانجێکی زیاتری هەیە.
باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا رووبەڕووی ئاڵانگارییەک بۆتەوە لەگەڵ ماددەی هۆشبەری (یابا) کە لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت، تێکەڵەیەک لە ئەمفیتامین و کافاین هاوشێوەی کاپتاگۆن. تۆڕەکانی تاوانکاری چینی ناوچەکەیان بە میتافیتامینی بەرهەم هێندراو داپۆشی و بەکارهێنەران روویان لە زیادبوونێکی بەرچاو کرد لە میانمار. بەکارهێنەرانی یابا بە خێرایی گۆڕانکارییان بەسەردا هات بۆ بەکارهێنەرانی دەرمانی میتامفیتامین، لە ساڵی 2016 تا 2019 بەکارهێنانی میتامفیتامین لە ڤێتنام هەشت هێندە و لە تایلەند 10 هێندە زیادیان کرد.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت بە ئاسانی ببێتە ناوەندێک بۆ بەرهەمهێنانی میتامفیتامین، لەگەڵ ئەگەری دەرکەوتنی سوریا وەک بەرهەمهێنەرێکی سەرەکی، چونکە وڵاتەکە لە ئێستاوە خاوەنی کیمیاگەری لێهاتوو و تۆڕی بازرگانی دامەزراوە، بەدەستهێنانی ماددە کیمیاییە پێویستەکان بۆ دروستکردنی میتامفیتامین هێندەی بەدەستهێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی کاپتاگۆن ئاسانە. جگە لەوەش ئەفغانستان و ئێران لە ئێستاوە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی میتامفیتامین، هەرچەندە کوالێتی بەرهەمی ئەفغانستان بەراورد بە بەرهەمی خۆرهەڵاتی ئاسیا یان مەکسیک کەمترە.
خراپترین سیناریۆ
وڵاتانی کەنداو خەریکە دەبنە خاڵێکی سەرەکی بۆ رێکخراوە تاوانکارییە مەکسیکییەکان بۆ گواستنەوەی میتامفیتامین لە ئەوروپاوە بۆ ئوسترالیا و نیوزلەندا. ئەمەش رێڕەوێکی گونجاو بۆ بڵاوبوونەوەی میتامفیتامین لە سەرانسەری ناوچەکەدا فەراهەم دەکات. لە خراپترین سیناریۆدا، گروپە مەکسیکییەکان کە پەیوەندییان بە گروپە تاوانکارییەکانی تورکیاوە هەیە، رەنگە لەگەڵ رژێمی ئەسەد لە سوریا یەکبگرن، ئەم هاوپەیمانییە دەتوانێت پەناگەیەکیان پێبدات، لە دەستی جێبەجێکردنی یاسای ئەمریکا رزگاریان بکات.
دەستبەسەرداگرتنی دەرمانی میتامفیتامین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دراوسێ لە زیادبووندایە. بۆ نموونە تورکیا لە ساڵی 2022دا دەستی بەسەر 78 تۆن میتامفیتامیندا گرتووە، دوو هێندەی ئەو بڕەش ساڵی پێشتر دەستی بەسەردا گیراوە. بە هەمان شێوە ئوردن لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا دەستی بەسەر 45 تۆن میتامفیتامیندا گرتووە، کە بیست هێندە زیادیکردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2021. حکومەتەکانی ناوچەکە پێویستە بە زوویی کاربکەن بۆ داخستنی تاقیگەی میتامفیتامین لە هەر شوێنێک کە بدۆزرێتەوە و توند کردنەوەی کۆنترۆڵی بەندەرەکانی چوونە ژوورەوە، وەک ئەبوزەبی و دوبەی، کە وەک خاڵی گواستنەوەی میتامفیتامین کاردەکەن و لەوێشەوە بەرەو ئوسترالیا دەڕوات. لە ئەگەری بە هەند وەرنەگرتنی بارودۆخەکە، کێشەی ماددە هۆشبەرەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر دەبێت، چونکە بەکارهێنەران روو لە ماددەیەک دەکەن کە لە کاپتاگۆن کوشندەتر و بەهێزتر بێت.
سەرچاوە: Foreign Affairs

کێڵگەیەکی خشخاش لە ئەفغانستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان