بۆ نرخی زێڕ دادەبەزێت؟ زانیاریی ورد لە كوردستانی نوێ-وە بخوێنەرەوە

11:02 - 2024-04-29
کوردستان
61 جار خوێندراوەتەوە
بازاڕی دۆلارەکەی هەولێر , فۆتۆ: دەرباز ستار ئەمین

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

سەندیكای  زێڕنگەرانی كوردستان رایدەگەیەنێت:  نرخی ئۆنسەیەك زێڕ لە دوو رۆژدا نزیكەی 100 دۆلار دابەزیوە، ئەمەش وایكردووە نرخی یەك مسقاڵ زێڕ لەناوخۆی كوردستان 15 هەزار كەمبێتەوە، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكاكەش هۆكارەكانی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو.
هەندرێن عەبدولڕەحمان وەرتی سەرۆكی لقی سەندیكای زێڕنگەرانی هەولێر لەبارەی دابەزینی نرخی زێڕ، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە جیهاندا بۆ گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەكە دەگەڕێتەوە، هەر كاتێك گژییەكان زیادبكات، نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە، هەروەها كێشەی نێوان وڵاتان، خواست و خستنەڕوو رۆڵی هەیە لە گۆڕانكاری لە نرخی زێڕدا، وتیشی: بەوپێیەی ئێستا ئاڕاستەكان بەرەو كڕینە نەك فرۆشتن، بۆیە نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە، ئەگەریش كەمكردنەوەی 0.25 لە سوودی بانكیی ئەمریكا رووبدات، پێدەچێت یەك ئۆنسە زێڕ بگاتە 3000 بۆ 3500 دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە كە لە ساڵی 1944 یەك ئۆنسە زێڕ تەنیا بە 36 دۆلار بووە.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوەی پەیوەندی بە بازاڕەكانی ناوخۆی كوردستانەوە هەیە، دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار وایكردووە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان بەوجۆرە هەستی پێنەكرێت، چونكە ئێستا كە 100 دۆلار بە نزیكەی 146 هەزار دینارە، یەك مسقاڵ زێڕ بە 485 هەزار دینارە، بەڵام ئەگەر دۆلار بۆ سەرووی 155 هەزار دینار بەرزبێتەوە، بێگومان نرخی مسقاڵێك زێڕ بۆ نزیكەی 600 هەزار بەرز دەبێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان