سوکرات  یةكةم شةهیدی فةلسةفة
ساتيَک لةگةلَ بیرمةندان سوکرات یةكةم شةهیدی فةلسةفة ‌ ئەردەڵان عەبدوڵڵا‌ 1/7/2012
من هیچ نازانم،
تاکە شتێکیش کە دەیزانم ئەوەیە کە هیچ نازانم.،،،
من هەرگیز ئامادەنیم رێبازەکەی  خۆم بگۆڕم،
تەنانەت گەر پێویستیش بکات چەندجارێکیش بمرم. ،،،سوکرات


ماوەیەکی زۆربوو  دەمویست گەشتێک بەناو جیهانی فەیلەسووف و بیرمەندانی جیهاندا بکەم. لێ نەبوونی کات و  مەشخووڵ بوون بە چەند پرۆژەیەکی تری ئەدەبیی و فکرییەوە ، ئەم کارەیان دواخست. تا کاتێک گەڕامەوە بۆ کوردستان ، لەگەڵ کاک ستران ڕێککەوتین ، کە دەست بەم پرۆژەیە بکەم، لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ دا بڵاویبکەمەوە.
دیارە جیهانی فەیلەسووف و بیرمەندان، تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ جیهانی خەڵکانی ئاسایی جیاوازە. هۆکاری ئەم جیاوازییەش دەگەڕێتەوە، بۆ دید و هزری جیاوازی ئەوان بۆ ژیان و مرۆڤ و کۆمەڵگا. هەر لەبەر ئەوە زۆرجاران ئەم کەسانە نامۆ یان جیاواز لە خەڵکی ئاسایی دەردەکەون.
پێم خۆش بوو سەرەتا لە سوکراتی باوکی فەلسەفەی یۆنان و رۆژئاوا دەستپێبکەم. ئەو پیاوە کە ئامادەبوو لەپێناوی بۆچوونەکانی خۆیدا، گیانی بکاتە قووربانی. هیوادارم لەرێگای ئەم ووتارانەوە ، تیشکێک بخەمە سەر  هزر و فەلسەفە و ئەدەبی جیهانی  و زانیارییەکی کورتیش بە خوێنەرانی کورد ببەخشم.
سوکرات یەکەمین شەهیدی فەلسەفە
سوکرات یەکەمین فەیلەسووفی یۆنانی نەبوو، بەڵکە پێش سوکراتیش فەلسەفە لە زەوی بە پیتی یۆناندا سەوز بوو بوو. لێ هیچ فەیلەسووفێکی یۆنانی هێندەی سوکرات ناوبانگی نەبووە. لەهەمانکاتیشدا هیچ فەیلەسووفێک هێندەی ویی، کاریگەری بەسەر نەوەکانی پاشتر و هزری فەلسەفی جیهانەوە نەبووە. هەربۆیە مافی خۆمان گەر بپرسین بۆچی؟
سوکرات لە ساڵی 469 ی پێش زایین لە «ئەلپێکۆ» لە یۆنان لەدایک بووە، لەساڵی 399 ی پێش زایین لە ئەسینا کۆچی دوایی دەکات. سوکرات لەسەردەمی  دیموکراسیی یۆنانیدا دەژیا. لەوکاتانەدا ئەسینا خۆی لەناو تەنگەژەیەکی گەورەی سیاسی و فکریی گەورەدا دەبینییەوە. ئالەو کاتەدا ژمارەی دانیشتوانی ئەسینا دەگەیشتە 400 هەزار کەس. لەم ژمارەیەشدا نزیکەی 50 هەزارییان کۆیلە بوون.1 لەوکاتەدا دوو دەسەڵاتی گرینگ حوکمی ئەسینای دەکرد.» ئەکسلیزیا، کۆمەڵەی گشتیی»، کە بریتیی بوو لە دەسەڵاتیی سیاسیی، دانیشتوانی ئەسینا نوێنەری خۆیان بۆ ئەم کۆمەڵەیە دیاری دەکرد. هەروەها « دیکاستیریا، دادگای باڵا» کە  پتر لە هەزار ئەندام پێکهاتبوو، بەپێی ئەلف و بێ، ئەندامانی هەڵدەبژێران. هەروەک ویلی دیورانتی گەورەنووسەری ئەمریکی دەڵێت:
رژێمێکی دیموکراتیتر نابینین لەو رژێمەی ئەسینا زانیوویەتی، هەروەک نەیارانی ئەو رژێمەش دەلێن: لەوە بێ تامترین و پووچترینش نییە.2
 دادگاییکردنی سوکرات لەسەر بیروباوەرەکەی، هەتاوەکو ئەمرۆش لە جیهاندا باس دەکرێت. سوکرات توانی ببێتە مەشخەڵێکی گەورە، بۆ نەوەکانی پاش خۆیی و ببێتە مامۆستاییەکی بەئەمەک بۆ ئەو کەسانەی کە هەتا دواهەناسە و شێلگیرانە بەرگری لە بیروبۆچوونی خۆیان دەکەن.
دیارە دادگاییکردنی فەیلەسووفان پێش سوکراتیش هەبووە. بۆ نموونە فەیلەسووفی مەزنی یۆنانی Anaxagoras ئاناکساگۆراس  500.428 پێش زایین). ئەم یەکەمین فەیلەسووف بوو، کە عەقڵی کردە رەگەزی بنەڕەتی فەلسەفە. دیارە پێشتر تەنها هەوا و ئاو و ئاگر، بەرەگەزی بنەرەتی فەلسەفە دادەنران. ئەو لەبەرئەوەی گووتی « خۆر جگە لەبەردێکی گەرم و، مانگیش تەنیا خاکێکەو هیچیتر  دەخرێتە زیندانەوە.
بەڵام سوکرات یەکەمین فەیلەسووفی یۆنانی بوو، کە لەسەر بیروباوەریی خۆی « ژەهرخوارد دەکرێت». دیارە لەوکاتەدا « ژەهر خورادن» وەکو حوکمی لەسێدارەدانی ئێستا وابووە. هەربۆیە هەروەکو بیرمەندی گەورەی ئەمریکی « ویلی دیورانت» دەڵێت « سوکرات یەکەمین شەهیدی فەلسەفەیە لەمێژوودا.»
پیاوە ئاڵۆزەکەی مێژوو
یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەم فەیلەسووفە مەزنە ئەوەیە، کەهیچ نووسینیک یان کتێبێکی لەپاش خۆی بەجێنەهێشتووە. بەڵکە دواتر جیهان لە ڕێگای خوێندکارانیەوە ، ئاگاداری مەزنی ئەم فەیلەسووفە بوو. بەتایبەت لە ڕێگای « ئەفلاتون و پلاتۆن» وە. دیارە لەکاتی ژیانی خۆیدا ، شانۆنووسی مەزنی یۆنانیش Xenophon  ( 426،355 .پ.ز) لە شانۆگەری « هەوردا» باسی بیروبۆچوونی سوکراتی کردووە. دیارە بە شێوازێکی زۆر نێگەتیڤانە باسی سوکراتی کردووە. بەشێوەیەکی گاڵتەجاری باسی کردووە. سوکراتی وەکو پیاوێکی پیری خەرەفاو داناوە، کە دەیەوێت مێشکی گەنجانی ئەسینا تێکبدات.
لەبەر نەبوونی دەستنووسی سوکرات ، تارادەیەکی زۆر، زەحمەتە بەتەواوەتی لە هزری ئەم فەیلسووفە بگەین، چونکە خەڵکی تر لەبارەیەوە شتی نووسیوە. لەبەرئەوە هەروەک فەیلەسووفی مەزنی بەریتانیی « بێرنارد ڕاسڵ « دەڵێت:
« سوکرات ئاڵۆزترین قۆناغە بۆ مێژوونووسانی جیهان .3»

میتۆد و هزری سوکرات
سوکرات خاوەنی میتۆدێکی تایبەت بوو، کە پاشتر بە میتۆدی « سوکرات» ناسرا. سوکرات هەروەکو دەڵێن: « هێندەی پرسیاری دەکرد ، هێندە قسەی نەدەکرد.»  ئەو میتۆدەی ئەو بریتیی بوو لە پرسیار و وەڵام . لەڕێگای داهێنانی میتۆدی « دیالۆگی دیلاکتیکی ، جدل» ەوە دەیویست پەرە بە فەلسەفە بدات.  ئەو توانی فەلسەفەیەک لەسەر عەقڵ و دیالۆگی ئالۆز» جدل» و بەڵگە هێنانەوەی عەقڵی بۆ  هەندێ فەزیلەتی سیاسی، بنیات بنێت.  دەتوانین  بە مامۆستای « ئەخلاق یان فەزیلەت و زانست» دابنێین.  ئەو هەروەک فەیلەسووفی بەریتانی  بێرنالد راسڵ دەڵێت: « توانی فەزیلەت و زانست پێکەوە گرێبدات ، کەپاشتریش پلاتۆنی خوێندکاری پەرەی پێدا 4.»
دیارە سەرەتا سوکرات دژ بە فەیلەسووفە سۆڤیستەکان بوو. ئەو کەوتە جەدەلێکی گەورە لەگەڵ ئەوان، بەڵام لەهەمانکاتیشدا لە ڕێچکەی ئەوان دوورنەکەوتەوە. سۆڤیستەکان داوای فەزیلەتی سیاسییان بۆ دەوڵەت دەکرد، هەوەها جەختییان لە جیاکردنەوەی یاسای دەوڵەت لە یاسای سروشت دەکرد.  بەڵام ئەوان کێشەیان ئەوەبوو، چ یاسایەک جێگای ئەمە دەگرێتەوە. هەربۆیە سوکرات هاتە مەیدان و توانی لەناو ناخی مرۆڤدا بەدوای ئەو یاساییە بگەرێت. ئەویش وەکو ئەوان داوای پسپۆری و زانستیی سیاسیی دەکرد .5
هەروەک خۆی دەڵێت: « پینە دۆز و دارتاش پێویستی بە پسپۆری هەیە، کەوایە چۆن دەوڵەت پێویستی بە پسپۆر نییە .6»
ئەویش داوای ئەوەی دەکرد کە پێویستە ئەو کەسانەی کە دەوڵەت بەڕێوە دەبەن، خاوەنی پسپۆریی بن لەهەمانکاتیشدا خاوەنی فەزیلەتێک بن. لەلایەکی ترەوە، سوکرات وەکو سۆڤیستەکانی نەکرد، ئەوان دژ بە نەریتی کۆنی یۆنانی بوون، لێ سوکرات دەیوییست لەسەر ئەم نەریتە کۆنە، فەزیلەت بدۆزێتەوە و نەریتێکی نوێ بنیات بنێت .7  لەلایەکی ترەوە ئەو یەکەم کەس بوو، کە گومانی خستە سەر سیستەمی دیموکراسی ئەسینا.  هەروەک ویلی دیورانت دەڵێت: « ئەو کاتەی  مرۆڤ فێری گومان بێت، ئەو کاتەش فەلسەفە دەستپێدەکات.»  بە بۆچوونی دیورانت، سوکرات  دوو پرسیاری ئێجگار گرینگی فێری مرۆڤایەتی کرد. یەکەمیان: مرۆڤی جوامێر کێیە؟. دووەمیان باشترین دەوڵەت کامەیە ؟  .8
ئەم دوو پرسیارەش بەس بوو کە ببێتە کلیلی بیرکردنەوە و شرۆڤەکردنی هزری هەموو فەیلەسووفانی جیهان. گەڕان بەدوای وەڵام دانەوەی ئەم دوو پرسیارە، بوو بەهۆی دروستبوونی چەندین فەیلەسووفی تر. دیارە هەتاوەکو ئەمرۆش ئەم دووپرسیارە دەکرێت ، لەهەر سەردەم و قۆناغێکیشدا ، فەیلەسووفانی جیهان ، وەڵامی خۆیان داوەتەوە.
خاڵێکی گرینگی تر کە سوکرات گرینگی پێدا، مەسەلەی باوەڕبوون بە یەک خودایی بوو. دیارە لەوکاتەدا لە ئەسینای کۆن ، کۆمەڵێک خودا هەبوو. کە خەڵکیی باوەری پێیان هەبوو. بەڵام بیری یەکتاپەرستی، پانتاییەکی گەورەی لە هزری سوکراتدا داگیرکرد. 9 جێگای گووتنە سوکرات هەر لەسەر ئەم بۆچوونەشی دادگایی کرا.
خاڵێکی گرینگی تری بۆچوونەکانی ئەوەبوو، کەئەو دژی سیستەمی دیموکراسی ئەسینا بوو. دیارە ئەمە بە مانای ئەوەنەبوو کە ئەو دژی بە دیموکراسی بێت، بەڵکە ئەو زیاتر داوای پسپۆری لە حوکمرانی دەکرد. ئەو سیاسەتی وەکو زانستێکی گرینگ سەیر دەکرد.
خاڵێکی گرینگی تر کە پانتاییەکی باشی لە هزری سوکرات داگیرکردووە، مەسەلەی «مەرگ و ژیانە». ئەو خۆی زۆر بەم پرسیارەوە خەریککردبوو. دەتوانین بە ڕوونی ئەم بۆچوونەشی لەکاتی داکۆکیکردنەکەی لە دادگا بۆمان دەربکەوێت.
سوکرات دەڵێت : « کەس نازانێت مردن کە هێندە مرۆڤ لێی دەترسێت و بەگەورەترین خراپەی دادەنێت ، کێ ناڵێت گەورەترین  چاکە نییە.10

کەسایەتی و سیفاتی تایبەتی سوکرات
گەر سەیری ئەو پەیکەرە بکەین کە بۆ سوکرات کراوە، دەبینین کە سوکرات لە رووی سیماوە کەسێکی ناشرین بووە. کابرایەکی کەچەڵی لووت زل ، دوو چاوی زەق. سیمیاییەک کە هیچ جوانییەکی پێوە دیار نییە. لێ لەپشت ئەم پەیکەرە ناشرینەوە، عەقڵێکی جوان و مەزن خۆی شاردۆتەوە.
لەڕووی سیفاتی کەسایەتییەوە، سوکرات کەسێکی تابڵێیت خاکی بووە. هەمووکاتێک جلی هەژارانەی لەبەر کردووە. خاکی بوون یەکێک بووە لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم فەیلەسووفە. ئەو وەکو فەیلەسووفەکانی سەردەمی خۆی، پارەی لەکەس وەرنەدەگرت. هەروەک خۆشی لە دادگاییەکەیدا دەڵێت: ئەو کەسە دەوڵەمەند بووبێت یان هەژار، من پارەم لەکەس وەرنەگرتووە.
لەلایەکی ترەوە، ئەو زۆر دژی ژیانی مەسرەف زیادی و کەشخەیەتیی بووە. یەکێک لە ڕستە بەناوبانگەکانی دەڵێت: کاتێک بەناوبازاری ئەسینادا دەگەڕێم، دەبینم پڕیەتی لەو شتانەی کە من هیچ پێویستیم پێی نییە .11 ئەمە گەورەترین نیشانەی خاکیی بوونی سوکراتە. دیارە ئەم قسەیە لەجیهانی ئەمرۆماندا، کە پڕیەتی لە شمەکی زۆر، کەم کەسمان هەیە، خۆی لە حزوری شمەکە زۆرەکاندا ڕابگرێت. سوکرات لەوکاتانەدا، دژی زیادە مەسرەفیی بووە، ئەو لەکاتێکدا کە خەڵکی لەناو بازاردا هەڵپەی شتکرینیان بووە، ئەو بەم شێوەیە قسەی کردووە.  لەلایەکی ترەوە سوکرات هێندە بەدوای خواردن و خواردنەوە نەبووە، هەروەک راسڵ دەڵێت: سوکرات زۆر بەکەمی شەرابی دەخواردەوە، هیچ کاتێکیش ئەویان نەدیوە سەرخۆش بێت.12
خاڵێکی تری کەسایەتی سوکرات ئەوەبوو، کە تەداخوولی زۆر شتی خەڵکی کردووە و زۆرجار سنووریشی تێپەراندووە، هەربۆیە خەڵکانێکی زۆر ئەو بەکەسێکی « فزولی» دایدەنێن. دیارە ئەو هەمووکاتێک زمانی رەخنەی لەسەرپێ بووە بۆ خەڵکی، بەتایبەت کاتێک دیاردەیەکی دزێوی دیبێت.  لەلایەکی تریشەوە هەمووکاتێک قسەلەڕوو بووە و هیچ سڵی لە کاردانەوەی بەرانبەری نەکردووە. لەهەمووشی گرینگتر ئەوەیە، کەبەهیچ شێوەیەک سازشی لە بیروبۆچوونەکانی خۆی نەکردووە، هەربۆیە ئامادەبوو، ژیانی خۆی بکاتە پێناوی بۆچوونەکانی.
سوکرات لەکاتی دادگیاکردنیدا، ڕستە بەناوبانگەیە خۆی  دەڵێت:
«من هەرگیز ئامادەنیم ڕێبازەکەی خۆم بگۆڕم، تەنانەت ئەگەر پێویستیش بکات چەند جارێکیش بمرم .13»
دیارە ئەمەش پاش خۆی بووبە  دروشمێک بۆ هەموو ئازادیخوازێکی مەزنی جیهان.
خاڵێکی تر کە جێگای تێرامانە ئەوەیە، کە سوکرات کەسێک بووە زۆر حەزی بە هاتووچۆکردن و پیاسەکردن بووە. تەنانەت کاتێکیش وانەی گووتۆتەوە، بە پیاسەکردنەوە وانەی بە خوێندکارەکانی گوتۆتەوە. دیارە پاشتریش ئەرستۆ بەهەمان شێوەبوو، ئەویش کاتێک وانەی دەگووتەوە، لەناو ژوورەکەدا دەهات و دەچوو.14

خوێندکارانی سوکرات
دیارە سوکرات خەڵکانێکی زۆر حەزییان بە گوێگرتن لە قسەکانی بووە. کۆمەڵێک کەسیش بوونەتە خوێندکاریی ئەو. ویلی دیورانت لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا» سەربردەی فەلسەفە»  ، زۆر بەجوانی وەسفی ئەم خوێندکارانە دەکات و ئامانجە جیاوازەکانیان دەردەخات .
دیورانت دەڵێت:
« لەنێو ئەو لاوانەدا پیاوانی دارایی وەکو ئەفلاتون و ئەلسبیادسی هەبوون، کە جێژیان لە شیکردنەوە و  هێرش و تانەکانی وەردەگرت، کەدەرهەق بە حکومەتی دیموکراسی ئەسینا دەیکرد. هەروەها لەناو ئەو لاوانەدا  هەندێ  سوسیالیست خوازی وەکو ئەنتیسیناس هەبوون، کە ئالوودەی گوێ نەدانی سوکرات بوون بەهەژارییەکەی. هەروەها یەک یان دوو کەسانی وەکو ئەرستیپۆسیش  ئامادەبوون بوون، کە شەیدای جیهانێکی بێ ئاغا و کۆیلە بوون، دەیانویست هەموو دانیشتوانی جیهان، وەکو سوکرات ئازاد و دوور لە ڕارایی  بژین .15»
دیارە ئەم لاوانە سوودێکی گەورەیان لە سوکرات و گفتوگۆکانی بینی. هەروەک دیورانت دەڵێت: پاشتر ئەم لاوانە توانییان فەلسەفەیەکی نوێی ئوروپی دابمەزرێنن.

ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#6511
24/10/2014
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ریكۆرد و ژماره‌كانی كلاسیكۆ 24/10/2014
‌ كلاسیكۆی ئه‌مجاره‌ پڕ گۆڵ ده‌بێت 24/10/2014
زانست
‌ دوورگەیەكی جادوویی لەسەر مانگی تیتانه 24/10/2014
‌ گەشتێك بەرەو جیهانی نەیزەكەكان 22/10/2014
‌ دۆزینەوەی دەگمەنترین گیانداری سەر زەوی! 22/10/2014

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP