له‌وێستگه‌ی ئه‌مساڵدا زۆر نزیكتر سه‌یریان بكه
هه‌ولێر- كرێكار ته‌حسین
2/5/2012
پرۆژه‌ی وێستگه؛ به‌شانۆگه‌ریی (زۆر نزیكتر سه‌یرم بكه)ی هونه‌رمه‌ند كارۆخ ئیبراهیم رێكده‌خات. دوای ئه‌وه‌ی ساڵی رابردوو (2011) گروپی گه‌نج بۆ شانۆ پرۆژه‌ی (وێستگه) به‌شانۆگه‌ریی (قه‌برستان) به‌درێژایی شه‌قامی (60) مه‌تری له شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، بۆ ئه‌مساڵیش (وێستگه) به‌شانۆگه‌ریی (زۆر نزیكتر سه‌یرم بكه) له‌نووسین‌و ده‌رهێنانی شانۆكار كارۆخ ئیبراهیم له‌سه‌عات (5:30) ده‌قیقه‌ی (26/4/2012) له(په‌یژه‌كانی چوارڕیانی شێخی چۆلی) ده‌ستپێكردو له شه‌قامی (30) مه‌تری تێپه‌ڕین تا به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، چه‌ندین ئه‌كته‌رو میوزیكژه‌ن له‌م به‌رهه‌مه‌دا به‌شداربوون. هونه‌رمه‌ند كارۆخ ئیبراهیم به كوردستانی نوێ-ی وت: گه‌نج بۆ شانۆ له‌پرۆژه‌ی وێستگه‌ی ئه‌مساڵدا، پرسێكی تر ده‌كاته ته‌وه‌ری جه‌ده‌ل‌و گفتوگۆی نێوان ئێمه‌و وه‌رگر، بۆیه هه‌وڵه‌كانمان هه‌ڵگری په‌یام‌و ئامانجێكی جیاوازتره، ره‌نگه ئێمه هه‌ستكردنمان به‌داهاتوو هه‌نگاوه‌كانمان به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی ته‌ندروست بڕوات. وتیشی: ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی به‌دوای ده‌رگایه‌كدا ده‌گه‌ڕێت، له‌ئه‌نجامی ئه‌و گه‌ڕانه تووشی كۆمه‌ڵێك ده‌رگا ده‌بێت، كه هه‌ر یه‌كێكیان هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك پرسیار‌و وه‌ڵامه، بینه‌رو وه‌رگر هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی به‌دوای ده‌رگاكه‌دا ده‌گه‌ڕێن.
|