نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌رپرسیاری
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌رپرسیاری ‌ ئاری مه‌عروف ‌ 24/2/2010
نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكی كۆمپانیای وشه‌، شه‌وی هه‌ینی رابردوو له‌میانه‌ی لێدوانێكیدا بۆ دۆست و هه‌وادارانی خۆی، هێرشی توندی كرده‌ سه‌ر لایه‌نه‌كانی ترو به‌نابه‌رپرس تۆمه‌تباریكردن، به‌گوێره‌ی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی بالای هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌و لێدوانه‌ یاسا شكێنییه‌كی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ له‌جیاتی روونكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌و پلانی لیسته‌كه‌یان، په‌لاماری ئه‌و هێزو لایه‌نانه‌ی دا كه‌ به‌بڕوای ئه‌و نابه‌رپرسیارن.
دوای راپه‌ڕین نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌ك به‌رپرسیارێتییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌گرتۆته‌ ده‌ست، به‌ڵكو به‌بیانوی جۆراوجۆر له‌ئه‌ركه‌كانی خۆی رایكردووه‌و به‌شداری له‌دۆخی سیاسی و خزمه‌تگوزاری كوردستان نه‌كرد، له‌زۆر كاتیشدا دژی ئه‌و دۆخه‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، به‌لام ئێستا به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ و بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ست بۆ هه‌موو شتێك ده‌بات و له‌ده‌ره‌وه‌ی رێنماییه‌كانی هه‌ڵبژاردن و عورفی كاری سیاسی كه‌وتۆته‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ لیسته‌كه‌ی كه‌چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌هه‌ڵبژاردنی 7/3 تووشی شكستێكی گه‌وره‌ ببێـته‌وه‌.
به‌بیانوی زه‌مینه‌ خۆشكردن بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 58 یاسای كاتی عیراق كه‌تایبه‌ت بوو به‌كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و ناردنه‌وه‌یان، نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ڵمه‌تێكی بۆ راوه‌دوونانی ئاواره‌ كه‌ركوكییه‌كان له‌سلێمانی ده‌ستپێكرد، له‌میانه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ زاڵمانه‌یه‌شیدا رسته‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به‌كه‌ركوكییه‌كان فڕێدا كه‌گوتی: (كه‌ركوكییه‌كان حزب ده‌دۆشن)و له‌ئه‌نجامدا ئاواره‌ كه‌ركوكییه‌كانی برینداركرد، ئه‌م قسه‌یه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌كاتی خۆیدا خه‌ڵكی كه‌ركوكی تووشی شۆك و نائومێدییه‌كی قووڵكرد، چونكه‌ ئه‌وان چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی له‌وجۆره‌یان نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو چاوه‌ڕێی باوه‌شكردنه‌وه‌ی بوون، دواتریش كه‌زه‌مانه‌ گۆڕاو به‌شێك له‌كه‌ركوكییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆیان و كێشه‌ی راسته‌قینه‌ی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستیپێكرد، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ی، دژایه‌تی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراقی كردو باسی له‌وه‌ده‌كرد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نییه‌ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك بخرێته‌ به‌رده‌م قه‌ده‌ری راپرسی عه‌ره‌ب و بێنه‌و به‌ره‌ی ده‌ستوور.
خه‌ڵك ده‌پرسێت كێ نابه‌رپرسیاره‌؟ ئه‌وانه‌ی دوای راپه‌ڕین زۆربه‌ی كات دووربوون و خیشیان كردبوو، یان ئه‌وانه‌ی بۆ ساتێك دوور نه‌كه‌وتنه‌وه‌؟ ئه‌وانه‌ی له‌ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان دڵ و باوه‌شیان بۆ كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كان كرده‌وه‌، یان ئه‌وانه‌ی به‌دۆشینی حزب تۆمه‌تباری كردن، كه‌چی ئێستاش سواڵی ده‌نگیان لێده‌كات، یان به‌كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانیان به‌هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كان بێمنه‌تیان پێده‌فرۆشێت.
كێ نابه‌رپرسیاره‌؟ ئه‌وانه‌ی له‌پێناوی كه‌ركوك و مافی میلله‌ته‌كه‌یان له‌به‌غدا مانه‌وه‌و ترسی ته‌قینه‌وه‌و تیرۆر چۆكی پێدانه‌دان، یان ئه‌وانه‌ی چه‌ند مانگێك خۆیان له‌به‌غدا پێنه‌گیراو به‌ره‌و سلێمانی گه‌ڕانه‌وه‌.
خه‌ڵك ده‌پرسێت كێ نابه‌رپرسیاره‌؟ ئه‌وانه‌ی رۆژێك له‌كاركردن نه‌وه‌ستان، له‌وه‌ دوو دڵ نه‌بوون كه‌كار بۆ سه‌رخستنی ئه‌زموونی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان بكه‌ن، یان ئه‌وانه‌ی هه‌موو رۆژێك زیز ده‌بوون و ده‌تۆران و له‌هه‌نده‌ران خه‌ریكی خۆخواردنه‌وه‌و سوككردنی براده‌ره‌كانی خۆیان بوون، تابه‌م رۆژه‌ی گه‌یاندن ئێستا دنیا وه‌كو په‌ڵه‌یه‌كی ره‌ش ده‌بینن.
حزبه‌ ره‌سه‌نه‌كان له‌پاڵ كاره‌ جوانه‌كانیان، به‌ده‌نگی به‌رزو له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر فشارێك، دان به‌هه‌ڵه‌و كه‌موكورتییه‌كانی خۆیاندا ده‌نێن، به‌شێك له‌و ره‌خنه‌و تێبینی و رستانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌رده‌وام ده‌یانڵێته‌وه‌و ده‌یه‌وێت بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی تازه‌یان له‌سه‌ر بونیات بنێت، ده‌مێكه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌مام جه‌لال و خه‌ڵكی تر گوێیان لێ بووه‌، بێ گومان وتنه‌وه‌ی ئه‌و رستانه‌ بۆ هیچ كه‌سێك داهێنانێكی گه‌وره‌ نییه‌، شكاندنی ئه‌فسونێك نییه‌، به‌ڵكو به‌رخوردێكی رۆژانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژیانی سیاسی و ئیداریی كوردستان و چاوداخستن له‌ئاستیان، سه‌ر بۆ ده‌ره‌نجامێكی مه‌ترسیدار ده‌كێشێت، به‌لام ناچارین بڵێن گه‌ر سه‌ركرده‌كانی ئێستای یه‌كێتی به‌شێكی ژیاننامه‌یان هه‌ڵه‌و كه‌موكورتی بێت، به‌شێكیشی كاركردن و خزمه‌ت و داهێنانه‌، گه‌ر بته‌وێت به‌دوای دیوی تاریكی ژیانی سیاسیی ئه‌واندا بچیت، به‌سه‌ر چه‌ندین رووناكیدا ده‌كرێته‌وه‌، به‌سه‌ر چه‌ندین په‌نجه‌ره‌ی ده‌ستكه‌وت و پرۆژه‌دا ده‌ڕوانێت، به‌لام كه‌سانێك هه‌ن بۆیه‌ بێ تاوانن، چونكه‌ كاریان نه‌كردووه‌، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی باشیان كردووه‌، كه‌سانێك هه‌ن گه‌ر مێژووی ژیانی خۆیان له‌ساڵی 1992ه‌وه‌ بنووسنه‌وه‌ دوو پرۆژه‌، دوو بڕیار، دوو ده‌ستكه‌وتی باشیان ده‌ستناكه‌وێت بیخه‌نه‌ ناوی، كه‌چی تانه‌ له‌هه‌موو شتێك ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ پێیانوایه‌ فریشته‌ن، له‌كاتێكدا گه‌ر راستیش بێت، ئه‌وا زیاتر فریشته‌ی راكردنن له‌ئه‌ركی خۆیان، فریشته‌ی شان لادانن له‌ژێر به‌رپرسیارییه‌ك كه‌قۆناغێكی دیاریكراو سه‌پاندوویه‌تی، نه‌ك هی كاركردن و خزمه‌تی هاوولاتیان.
ئه‌وانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌كو گه‌نده‌ڵكارو نابه‌رپرس ناویان ده‌بات و گوایه‌ له‌به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركی خۆیان كه‌مته‌رخه‌م بوون، له‌ئه‌ستێره‌یه‌كی تره‌وه‌ نه‌هاتوون، به‌ڵكو كوڕی راسته‌قینه‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ن و له‌ئه‌نجامی وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتی قۆناغێكی ئاڵۆزو بێئه‌زموون، كوردستانیان گه‌یانده‌ رۆژێك بایی ئه‌وه‌ دیموكراسی تێدا بێت كۆمپانیای (وشه‌)و (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان)ی تێدا له‌دایك ببێت، بایی ئه‌وه‌ ژیانی تێدابێت، خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌چاو ناوچه‌كانی تری عیراق خۆشگوزه‌رانترو ئازادترو كراوه‌تربن، بۆیه‌ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ پێویستی به‌سڕینه‌وه‌ی (ئه‌وانی تر) نییه‌، به‌ڵكو پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ به‌كرده‌وه‌ گرفته‌كان له‌چاره‌سه‌ر نزیك بكرێنه‌وه‌، پێویستی به‌و هیستریا سیاسی و په‌رله‌مانییه‌ نییه‌ كه‌(گۆڕانخوزان) تووشی هاتوون، ئه‌م دۆخه‌ پێویستی به‌وه‌ نه‌بوو جه‌نابت له‌سه‌ر گردێكی شاری سلێمانی دابنیشیت و چاك و خراپ، ره‌ش و سپی تێكه‌ڵ بكه‌یت و كوردستان بۆ سه‌ر شه‌یتان و فریشته‌ دابه‌ش بكه‌یت، پێویست بوو له‌و گرده‌ بێیته‌ خواره‌و له‌هۆڵی په‌رله‌ماندا رۆڵ ببینیت و قه‌زاوه‌ت بكه‌یت و خۆت له‌په‌رله‌مان به‌گه‌وره‌تر نه‌زانیت، بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م هه‌زارانی وه‌كو ئێمه‌ بڕوا به‌وه‌ بهێنن كه‌ئێوه‌ سه‌ره‌تای قۆناغێكی تازه‌ن، نه‌ك تۆڵه‌ ئه‌ستێن.

ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#6463
22/8/2014
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ردوو خولی ئیسپانیاو ئیتالیا ئیسماعیل مه‌حمود‌ 22/8/2014
‌ له‌سه‌ر شانۆی خه‌ونه‌كان كۆتایی به‌ژیانی راهێنه‌ریی ده‌هێنێت 21/8/2014
زانست
‌ دەزانیت ئەو دەرمانانەی دەیانخۆیت، چۆن كار دەكەن؟ 21/8/2014
‌ بە بیبەر چارەسەری خۆت بكە 21/8/2014
‌ چەند نیگارێكی بەردینی (10) هەزار ساڵە 21/8/2014

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP