روخسارە پڕ رەنگەکانی سامانە رەش
سلێمانی، ھێمن جەمیل
29/7/2010
لەپپێشانگەیەکی شێوەکاریدا ھونەرمەند سامانە رەش (٥٠) تابلۆی ھونەری قەبارە جیاوازی کە سەرجەمیان بەبۆیەی رۆنی کێشرابوون نمایشکرد. تابلۆکانی سامان زۆربەیان دەموچاو و رووخساری مرۆڤ بوون کە شێوەکار خۆی پێیوایە بوونی ئەو رووخسارانە گوزارشتن لەحاڵەتە دەرونییەکانی ناو ناخی مرۆڤەکان وەک تەنیایی و غوربەت و ئەو ساتانەی مرۆڤ تێیدا بێھیوا دەبێت، کە لەوانەیە ھەندێ لەڕووخسارەکان و ئەو کاریگەریە دەروونییەی ھەیە بگەڕێتەوە بۆ رووخساری خۆی و کارەکتەری سامان بەشێک بێت لەو حاڵەتە دەرونییەی کە لەتابلۆکاندا رەنگیداوەتەوەو ئەو گوزارشتی لێکردوون. سامان تابلۆکانی بەستایلی تەعبیری کێشابوون و لەگەڵ ئەوەی چەند ستایلێکی دیکەشی لەکارەکانیدا دەبینرا و پابەند نەبوون بەقەبارەیەکی ستاندارەوە و کارەکانی جیاواز کردبوو. لەلێدوانێکیدا سامانە رەش وتی: ئەگەر دەرفەت ھەبێت لەشارەکانی دیکەی کوردستانیش تابلۆکانم نمایشدەکەم و لەگەڵ چەند ھونەرمەندێکی شێوەکاری دیکەدا بەنیازی پێشانگە و پرۆژەیەکی ھاوبەشین تا بەئەنجامی بگەیەنن. ئەو تابلۆیانەی سامان ئێوارەی رۆژی (٢٨/٧/٢٠١٠) لەھۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی نمایشکرابوون، کە بەڕێوەبەرێتی ھونەری شێوەکاری سلێمانی بۆی کردەوە. سامانە رەش لەدایکبووی سلێمانییە و ماوەی چەند ساڵێکە لەھەندەران ژیان بەسەر دەبات و لەماوەی ژیانیدا لەھەندەران و لەکوردستانیش چەندین پێشانگە و پرۆژەی ھونەری ھەبووە و بەردەوام وەک ھونەرمەندێکی چالاک کاری ھونەری کردووە و بڕیارە لەماوەی مانەوەی لەکوردستان چەند پرۆژەیەکی ھونەری ئەنجامبدات.
|
|
|
|
|
|
|
|
|