باپۆستی سەرۆک کۆمار نەریتێکی دەستووریی بێت
دابان نەوزاد کاکەرەش
29/7/2010
لەدوای ھەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی عیراق و بەردەوامی ململانیێ لایەنە جیاوازەکان بۆ پێکھینانی حکومەت، وەرگرتنی پۆستە باڵاکان ماوەی چوار مانگی تێپەڕاندووە. لایەنی کوردی زیاتر پێداگری لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری دەکات وەکو مافێکی نەتەوەیی. ھەرچەندە لەماددەی(٦٧)ی دەستووری عیراقدا میکانیزمی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاریکراوە لەدوو بڕگەدا (دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی نوێنەران بۆ پاڵێوراوێک) یاخود (لەکاتی نەبوونی ڕێژەی بڕگەی یەک، ئەو پاڵێوراوەی زۆرینەی دەنگەکان بە دەستدەھێنێ) بەڵام لەھەردوو باردا لەئێستاو ئایندە بۆ لایەنی کوردی (نەتەوەی کورد) ئاسان نییە مسۆگەرکردنی ئەو رێژەیە ئەگەر بە رێککەوتن نەبێت لەگەڵا لایەنەکانی دیکەداو ھیچ ماددەو بڕگەیەکی یاسایی نییە پۆستی سەرۆک کۆمار بەکورد بدات لەسەر بنەمای نەتەوەیی. بەڵام دەبێت ھەوڵەکانی لایەنی کوردی بەردەوام بێت تاوەکو ئەو پۆستە دووبارە بدرێتەوە کورد تا ببێتە نەریتێکی دەستووری (العرف الدستوری). کە لەمێژووی وڵاتاندا بەتایبەت لەکاتی تەنگژەو نائاساییدا رۆڵێکی گرنگی بینیوە ھەندێکجار وەکو دەقی دەستووری بۆ چارەسەری کێشەکان. بۆ نموونە لە فەرەنسا ساڵی (١٩٣٩) بۆ جاری دووەم ھەڵبژاردنەوەی (لیبرن سوغوا) کە بەپێی دەستووری ئەو وڵاتە ماوەی سەرۆکایەتی تەنیا یەکجار بوو بۆ ماوەی حەوت ساڵ. لەسەر بنەمای باری تەنگژەی کاروباری ئەوروپادا. لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ساڵی(١٩٤٠) ھەڵبژاردنەوی(فرانکلین روزفێڵت) بۆ جاری سێیەم لەپێناو بەردەوامی ئاراستەکردنی سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکان لەو کاتەدا کە بە پێی دەستووری ویلایەتە یەکگرتوەکان ماوەی سەرۆکایەتی چوار ساڵ بوو تەنیا بۆ جاری دووەم سەرۆک دەیتوانی خۆی بپاڵێوێت . لەبارودۆخی ئێستای عیراقدا کە دەتوانین بڵێن بۆ کورد دۆخێکی نائاساییە کە ھێشتا پایەکانی فیدراڵیەت نەچەسپیوون بە تایبەت نەبوونی ئەنجومەنی ھەرێمەکان لەپاڵ ئەنجومەنی نوێنەراندا لەپێناو یەکسانی ھەرێمەکان و بوونی کۆمەڵێک کێشەی ھەڵپەسێردراو لەنێوان ھەرێم و حکومەتی ناوەنددا پۆستی سەرۆک کۆمار گرنگی خۆی دەبێت. جگە لەوەی رەنگە لەداھاتوو ببێتە نەریتێکی دەستووری لەسەر بنەمای نەتەوەیی.
|
|
|
|
|
|
|
|
|