گرنگترین مۆزه‌خانه‌ تازه‌كانی جیهان
گرنگترین مۆزه‌خانه‌ تازه‌كانی جیهان ‌ 14/3/2017
*رۆژی 23ی مانگی كانونی دووه‌می رابردوو مۆزه‌خانه‌ی باربیرینی (Barberini) له‌ شاری بوتسدام-ی ئه‌ڵمانیا كرایه‌وه‌. مۆزه‌خانه‌كه‌ به‌ناوی كۆشكی Barberini ی رۆماوه‌ ناونراوه‌ و له‌ جوانیشدا ره‌نگه‌ شان بدات له‌شانی. له‌م مۆزه‌خانه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك كاری جوان نمایش ده‌كرێن كه‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌مه‌ دێرینه‌كانه‌وه‌ تێیاندان هه‌تا ده‌گاته‌ كاره‌ هاوچه‌رخه‌كان و هه‌روه‌ها هونه‌ری ئینتیباع-یشی تێدا ده‌خرێته‌ڕوو له‌ تابلۆكانی مۆنیێ‌ و رێنوار.
* دوا كاره‌ هونه‌رییه‌كان له‌سه‌ر رووی ده‌ره‌وه‌ی (مۆزه‌خانه‌ی نوێ‌ بۆ هونه‌ری هاوچه‌رخی شارستانی) له‌ شاری به‌رلین دانران و بڕیاره‌ له‌ مانگی ئه‌یلولی ئه‌مساڵدا بكرێته‌وه‌. دروشمی ئه‌م مۆزه‌یه‌ (به‌رده‌وامی، پێكهێنان، چاودێری)یه‌و ئامانجیشی رێكخستنی رووبه‌رێكه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان و خه‌ڵكانی ئاسایی، بڕیاریشه‌ 200 هونه‌رمه‌ند به‌شداریی تێدا بكه‌ن.
* له‌ مانگی حوزه‌یراندا، مۆزه‌خانه‌ی دارایی سویسرا ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی گونجاوی چه‌ندین پرسیاری هاوشێوه‌ی: سیستمی ئابوریمان چۆن كارده‌كات؟ ئه‌ی بازاڕی دراو چۆن دامه‌زراوه‌؟، بداته‌وه‌. ئه‌م مۆزه‌یه‌ ته‌ركیز ده‌كاته‌ سه‌ر بازاڕه‌كانی سه‌رمایه‌ و ئامڕازه‌ داراییه‌كان و بازاڕ و كۆمه‌ڵگه‌ی دراو. هه‌روه‌ها گرنگترین كۆمه‌ڵه‌ دراوه‌ مێژوویه‌كانی جیهان له‌خۆده‌گرێت.
* دوای ساڵانێك له‌ داخستنی مۆزه‌خانه‌ی (نه‌ژاده‌كانی مرۆڤ) كه‌ پێشتر وایان پێده‌وت، له‌ هاوینی ئه‌مساڵدا (2017) سه‌رله‌نوێ‌ ده‌كرێته‌وه‌ و ناوده‌نرێت مۆزه‌خانه‌ی جیهان له‌ ڤیه‌ننا. ئه‌م مۆزه‌ تازه‌یه‌ 14 هۆڵی نمایش له‌خۆده‌گرێت بۆ خستنه‌ڕووی چیرۆكگه‌لێك ده‌رباره‌ی مه‌شریق و ئۆقیانوسیا و ئه‌مریكای باكور كه‌ پێكدێت له‌ زیاتر له‌ 200 هه‌زار پارچه‌ی به‌رجه‌سته‌ و 100 هه‌زار وێنه‌ی مێژوویی و 146 هه‌زار كاری چاپكراو.
* ئه‌گه‌رچی ستایل و دیزاینی جلوبه‌رگ له‌ ریزی كاره‌ هونه‌رییه‌كاندا پۆلێن ناكرێت، به‌ڵام ئێف سان لۆران-ی دیزاینه‌ر، كه‌ ساڵی 2008 كۆچی دوایی كردووه‌، ده‌ڵێت:»ستایل پێویستی به‌ هونه‌رمه‌نده‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامیی پێ‌ بدرێت». ئه‌م قسه‌یه‌ به‌سه‌ر خودی خۆیدا جێبه‌جێ‌ ده‌بێت، چونكه‌ چێژێكی جیاوازی بۆ جیهانی ستایل زیادكردووه‌ به‌هۆی كاره‌ جوانه‌كانیه‌وه‌ كه‌ پێش ئه‌وه‌ی كۆچی دوایی بكات ئه‌رشیفی كردوون. له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵی 2017 یه‌دا دوو مۆزه‌خانه‌ی نوێ‌ له‌ پاریس و مه‌راكیش ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ له‌خۆگرتنی كاره‌كانی ئێف سان لۆران.
* ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی له‌ قوڵایی ئۆقیانوسه‌كاندا دانراون، بوونه‌ مانشێتی رۆژنامه‌كانی جیهان له‌ ساڵی 2016 دا كاتێك یه‌كه‌مین وێنه‌كانی مۆزه‌خانه‌ی ژێر ئاو بڵاوكرانه‌وه‌. مۆزه‌خانه‌ی ئه‌تڵانتیكۆ له‌ دوورگه‌ی لانزارۆت-ی ئیسپانیا، بۆ ژێراوگه‌ڕ و مه‌له‌وانه‌كان كرایه‌وه‌. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م مۆزه‌خانه‌ی له‌وجۆره‌یه‌ له‌ ئه‌وروپا كه‌ په‌یكه‌ره‌ هه‌ڵكۆڵراوه‌كانی هونه‌رمه‌ندی بریتانی جیسۆن دی كریس تایلۆر له‌خۆده‌گرێت.
* كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌كی نوێ‌ له‌ ستۆكهۆڵم-ی سوید بۆ رۆشنایی خستنه‌سه‌ر ئه‌و ئه‌فسانه‌ و حوكمدانی پێشوه‌خت و چه‌مكه‌ هه‌ڵانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ڤایكینگ-ه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ ده‌كه‌ن هه‌لی ئه‌وه‌یشیان بۆ ده‌ره‌خسێت كه‌ به‌ سواریی به‌له‌م گه‌شتێكی 11 خوله‌گی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونێك تاقیبكه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی(963) دا بژین، ئه‌مه‌یش به‌ گوێگرتن له‌ پاڵه‌وانێكی ڤایكینگه‌كان.
و: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7227
29/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پێشمه‌رگه‌ لە نازناوی پاڵەوان نزیکە 29/3/2017
‌ پێوه‌ره‌كان كامانه‌ن و كام راهێنه‌ر زۆرترین مه‌رجی تیادایه‌؟ 29/3/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مۆنالیزا زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كات؟ 29/3/2017
‌ سه‌وزه‌مه‌نی له‌ جه‌مسه‌ری باكوور 29/3/2017
‌ ماره‌ قاوه‌ییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر دوورگه‌یه‌كی ئۆقیانووسی هێمن 29/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP