دەبێت وەرگێڕان لە زمانی یەكەمەوە بێت، چونكە لە زمانی دووەمەوە بەشێكی دیار لە جوانییەكانی دەقی بنەڕەتی دەڕوات
د.سەروەر عەبدوڵڵا: دەبێت وەرگێڕان لە زمانی یەكەمەوە بێت، چونكە لە زمانی دووەمەوە بەشێكی دیار لە جوانییەكانی دەقی بنەڕەتی دەڕوات ‌ 14/3/2017
دیداری: مەریوان مەسعود
قسەكردن لەسەر وەرگێڕان، كە ماوەیەكە كتێبخانە كوردییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بایەخی پێدەدەن و رۆژانە چەندین كتێب چاپ دەكرێن و بڵاوكرێنەوە، هەروەها چەندین ناوی تازەش دەبینین كە كاری وەرگێڕان دەكەن، بۆ قسەكردن لەسەر وەرگێڕان و ئەو هەنگاوانەی كە پێویستە رەچاوبكرێت لە وەرگێڕانێكی سەركەوتوو، دیدارێكمان لەگەڵ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.سەروەر عەبدوڵڵا، كە دكتۆرای لە فەلسەفەی  زانستی ڕەخنە و میتۆدەكانی هەیە، ساز كرد، سەرەتا لێمان پرسی:
*ماوەیەكە لێشاوێكی كتێبی وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی كوردی لە زمانە جیاجیاكانەوە بوونیان هەیەو چاپ و بڵاویشدەكرێنەوە، ئاستی ئەم كتێبانە لەرووی زمانەوە چۆن دەبینن؟
بەگشتی ڕووکردنە کاری وەرگێڕان دیاردەیەکی شارستانییە و پێویستە بە کردنەوەی دەرفەت و پڕۆژە پشتیوانی لێوەبکرێت، بەڵام ئەوەی لە نێو ڕۆشنبیری کوردیدا دەگوزەرێت بە تایبەت لە بواری وەرگێڕاندا جێگەی سەرنج و ڕامانێکی زۆرە، من بەشبەحاڵی خۆم و لە چوارچیوەی چاودێریی مەیدانییمدا زۆرینەی ئەو وەرگێڕانانەم بە تایبەت لەڕووی زمانەوانییەوە بە باش نەزانییوە، ئەمەش لەبەر چەندین هۆ گرنگترینیان زۆرینەی ئەم وەرگێڕانانە لە ڕێگەی دەسگا و خاناگەلێک بڵاودەکرێنەوە، کەئەمانە هیچ پێوەرێکی سەرەتایی زمانییان نییە بۆ ئەو ماددە وەرگێڕدراوەی بڵاوی دەکەنەوەبۆ ئەوەیە لێیەوە بڕوانن و لێیبپشکنەوە، خۆ ئەگەر هەشیان بێت ئەوا پێوەرەکانییان زۆر لۆکاڵییەوە پشتدەبەستن بە بۆچوون و سەرنج و بڕیاری کەسانێک کە ئەوانیش بە بەپست بەستن بە پێوەری زانستی بۆ ئەم ئەرکە دانەندراون، بەڵکوو لە ڕێگەی ئارەزوو و دید و بۆچوونی خاوەن خانای بڵاوکردنەوەکە داندراون، داوجار زۆرننەی ئەم کەسە دانراوانەش و ئەزموونی خودی وهەوڵی سەرەتایی خۆیان بە پێوەر دەزانن. بەواتایەکی دیکە هیچ کریتێریۆمێک نییە بڕیاری لەسەر بنەما سەرەتاییەکانی ماددە وەرگێڕدراوەکاندا بە تایبەتی لە ڕووی زمانەوانییەوە بدات.     
*بەو پێیەی خوێنەری كورد، لەوانەیە ئاگای لە دەقە ئەصڵیەكە نەبێت، ئەمانەت و زەمان چییە كە  وەرگێڕانەكە بەباشی كراوە؟
ئەمە ئەرکی خوێنەر نییە، خوێنەر وەرگرێکی تێکستەکەیە، خوێنەر دەیەوێت ساتێکی دیاریکراو لەگەڵ تێکستێکی جوان بەسەر ببات و چێژی لێوەربگرێت یان سوودمەند بێت لێیەوە، بەڵام ئەگەر تێکستەکە لەڕووی زمانەوە کێشەی هەبوو ئەوا بێگومان ئەو تێکستە لە گەیاندنی خۆی بۆ خوێنەر کێشەی دەبێت، ئێمە دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین تێکست بەر لە هەمووشتێک جەستەیەکی زمانییە. بەڵێ ڕاستە هەندێ تێکست خۆی لە نێو گەمەی زمانییدا دەخولێتەوە یان گەمەی زمانی تێدایە، ئەم جۆرە کارانەش پێویست بەوە دەکات زۆر بە وشیارییەوە وەربگێڕدرێت تا ئەو ڕاددەیەی خوێنەر هەست بە گەمە زمانییەکانەوە بکات.
*ئەوەندەی شارەزاییتان هەیە لەزمانە جیهانییەكان، چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی وەرگێڕانی باش و بە ئەمانەتەوە بكرێت بۆ سەر زمانی كوردی؟
پێوەرەکانی ئەم کارە تا راددەیەک ئاشکرایە، پێویستە هەر وەرگێڕانێک کە دەکرێت: لە زمانی یەکەمەوە بکرێت، وەرگێڕان لە زمانی دووەمەوە بەشێکی دیار لە جوانییەکانی دەقی بنەڕەتی لاوازدەکاتەوە. لە پاڵ ئەمە وەرگێڕان پێویستە پەلەپڕووزەیی تێدا نەبێت، هێمنی و ئارامی لە تێگەیشتنی تەواوی تێکستی زمانی یەکەم لە بەرایی ئەرکەکەی وەرگێر بێت، وەرگێر کاتێک بە کاری وەرگێڕان هەڵدەستێت پێویستە ئاگاهییەکی تەواوی لە هەموو سووچ و سەروبەندەکانی زمان و ئێدیۆمەکانی هەردوو لا بێت کە هاو شێوەیە یان هەمان واتا و مەبەست دەبدخشێت، وەک لە زمانی یەکەمەوە هەیە. لە وەرگێڕانە ئەدەبیەکاندا بابەتەکانی واتا و داڕشتەی ئێستێتیکی لە بەرایی مەبەستەکانەوە دێت. پێموایە هەموو وەرگێڕانێکیش بەر لە بڵاوکردنەوە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە. جگە لەمانە دەیان مەرجی دیکە هەیە پەیوەندی بە زمان و پێکهاتە  وستایلی ماددەی وەرگێردراوەوە هەیە، کە ئیمڕۆ لە چوار چێوەی بواری ئەکادێمی بە تایبەت لە ئەوروپا دەخوێندریت. بۆیە بۆ تەواو زانینی ئەم مەرجانە زیارتر شارەزابوون لێێانەوە ڕووی ئەم پرسیارە زیاتر لەوان بکرێت باشترە.  
* وتەیەك هەیە دەڵێت: وەرگێڕ خیانەت لە دەق دەكات، مەبەست لەمە چییە، چۆن وەرگێڕی باش لەخراپ جیابكەینەوە، چونكە لەوانەیە خوێنەری كورد، كاتێك كتێبێكی وەرگێڕدراوی سەر زمانی كوردی دەخوێنیتەوە لەوانەیە كوردییەكەی زۆر جوان بێت ، بەڵام لە گواستنەوەی كتێبە ئەصڵیەكە كێشەی هەبێت، چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئەو (خیانەتە) لەدەقە ئەصڵیەكە نەكرێت؟
 بێگومان لێرە مەبەست لە خیانەتکردن ئەوەیە وەرگێر بە کاری ئەوە هەڵدەستێت ماناکانی کارە ئەدەبییەکە لە فۆرمێکی زمانییەوە دەگوازێتەوە فۆرمێکی دیکە یان با باشتر بیڵێین ماناکان دەباتە چوارچێوەی هەلومەرجی زمانەی دووەم، بەم شێوەیە وەک مەجاز وتراوە خیانەت لەگەڵ دەق دەکات،  ئەمەیان وەک خۆت دەڵێیت وتەیەکە، ئرم وتەیە واتا باوەکەی دوورە لێیەوە. بەڵام چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم دەستەواژەیە بەکار نەیەت، ئەوا من پێموایە هەبوونەکەی باشترە بۆ ئەوەی هەردەم لە دونیای وەرگێڕاندا شتێک هەبێت بە ناوی کاری ناتەواو، دوا جار مرۆڤ بە سرووشتی خۆی هەوڵی بەڕەوتی تەواوبوون دەچووڵێتەوە. 
*دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەكان، دواتریش مەسەلەی مۆڵەت چ رۆڵێكیان هەیە، لەوەی بەر بە كتێبی وەرگێڕدراوی خراپ بگرن؟
کاتێک کە دەسگای چاپ و بڵاوکردنەوە قبووڵی کتێبەکە بکات، ئەواهیچ بەربەستێک نییە ڕێگە لە بەرهەمی وەرگێردراوی خراپ بگرێت، ڕەنگە ستایلی دەسگاکان کە هەندێ دەستە یان کەسی هەڵسەنگێنەریان هەیە ڕاوێژیان پێوە دەکەن لە بواری کتێبێک تا ڕاددەیەکی دیاریکراو باش بێت لە کەمکردنەوەی گەیشتنی بەرهەمی وەرگێڕدراوی خراپ بەڵام، ئەمانە ناتوانن ڕێگە لەو بەرهەمانە بگرن کە بە لێشاو خۆیان دەگەیەننە نێو خوێنەرانەوە. 
* هەندێ‌ جار كتێبی زۆر گەورە و جیهانی دەبینین، لەلایەن كەسێكەوە وەردەگێڕدرێت كە وەكو دەڵێن ئەتكی دەكات، كەچی چونكە چاپێكی جوانی بۆ دەكرێت دەفرۆشرێت و خوێنەر چەواشە دەكرێت، ئەمە تاوانی كێیە؟
ئەمە هەڵەی دەسگا گەورە و دیارەکانن، کە ئەوان پێویستە دەستپێشخەربن لە وەرگێڕانی کتێبە گرنگەکانی دونیا. بەڵێ کاتێک کە بۆشاییەک دەبێت لە دروستکردنی پڕۆژەی وەرگێڕانی کتێبی باش، ئەوسا دەرفەتی کاری خراپ فرەوان دەبێت و بە سانایی شوێنی خۆی لەنێو خوێنەرانەوە دەکاتەوە. ئا لێرە هەر تەنها خوێنەری وریا دەتوانێت درک بە خراپی کارەکە بکات، دەنا زۆر بە ئاسانی و بێبەربەست بەسەر خوێنەری ئاساییدا تێپەر دەبێت.
*بەبۆچوونی ئێوە لەچ بوارێكدا كتێبی باش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی، واتە ئەدەبی، هونەری یان سیاسیی و گشتیی؟
ڕەنگە کتێبی ئەدەبی بەشێکی باشی ئەم نێوەندەی گرتبێت، بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستمان بە کۆمەڵێک ئامار بێت، ڕەنگە کارێکی زۆر ئاڵۆزیش بێت بتوانین بێین و بڵێین ئەمانە باشن و ئەوانەیان لە ئاستی باشیدا نینە.
* بەبۆچوونی ئێوە وەرگێڕی باش هەیە، یان هەبووە لەكورد؟ پێوەری باش بوونیان چییە؟
بەڵێ کۆمەڵێک وەرگێری باش هەبوونە و هەنە بەتایبەت لەو زمانانەی هاوسێمانن، وەک عەرەبی فارس، تورکی و تەنانەت وەرگێڕانی باشیشیان لێکراوە.
خراپییەکە هەندێ لەو ئەو وەرگێڕانانە ئەوەیە ماددەی ئەو زمانانەیان وەرنەگێڕاوە بەڵکوو هەندێ کاریان وەرگێڕاوە کە لە بنەڕەتدا وەرگێڕاوبوونە بۆ ئەو زمانانە وەک ئینگلیزی و فرەنسی و ئەڵمانی. جاری واش هەبووە کارەکان زۆر بەخراپی وەرگێڕدراون لەم زمانانەوە. بە گوێرەی پێوەرە باشەکانیش ئەوا ئاشکرایەو پێشتریش ئاماژەم بەبەشەکییانەوە کرد بە تایبەت باڵادەستی لە هەردوو زمانەکە و تێگەیشتنی تەواو لە ئێدیوۆمەکانیان.

پرۆفایل
پڕفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر سه‌روه‌ر عه‌بدولڵا
*له‌دایكبووی‌ شاری‌ هه‌ولێر
*پسپۆری تایبه‌ت:  زانستی ره‌خنه‌ی مۆدیرن ومیتۆده‌كانی
*دوابروانامه‌:  دكتۆرای فه‌لسه‌فه‌ له‌ زانستی لێكۆلیته‌وه‌ی ئه‌ده‌بی 
*جگه‌ له‌زمانی‌ كوردی‌، پێنج زمانی‌ تر ده‌زانێت
*خاوه‌نی‌ نزیكه‌ی‌ 30 توێژینه‌وه‌ی‌ زانستیی  ره‌خنه‌ییه‌.
*چه‌ند كتێبێكی‌ هه‌یه‌ به‌ نووسین و وه‌رگێڕانه‌وه‌.
*مامۆستای‌ زانكۆیه‌ و سه‌رپه‌رشتی‌ چه‌ندین نامه‌ی‌ دكتۆراو ماسته‌ری‌ كردووه‌.
*ئێستا نیشته‌جێی‌ وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیایه‌و یه‌كێكه‌ له‌كه‌سه‌ ئه‌كتیڤه‌كان بۆ پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندیی رۆنشبیرانی‌ كوردو ئه‌ڵمان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP