مه‌رگی شارێك
مه‌رگی شارێك ‌ 16/3/2017
ئازاد تۆفیق
هۆ خەڵكینه‌ ..
گوێڕادێرن .. سه‌رهه‌ڵبڕن
چاو به‌ فلیمی مه‌رگه‌ساتی ئه‌م شاره‌دا دابگێڕن
سه‌رداخه‌ن و ده‌ست له‌سه‌ر سنگ
له‌ پێشوازی ته‌رمی شارا .. كڕنوش به‌رن   
بێده‌نگ .. بێده‌نگ
هۆ خه‌ڵكینه‌ ..
شار ئه‌وساكه‌ .. شوێن ئه‌وكاته‌
پارچه‌ زه‌ویه‌كی به‌راو بوو 
له‌نێوان دوو ریزه‌ شاخدا .. هه‌ڵاژا بوو
سه‌ری له‌سه‌ر رانی به‌مۆ و ..
لاقه‌كانی روه‌ و شاره‌زوور .. كشا بوو
شار ئه‌وساكه‌ ..
چه‌ند ماڵێكی شاش و واش بوو
له‌سه‌ر ئه‌م بسته‌ زه‌وییه‌
وه‌كی بزمار داكوترا بوو
هه‌موو یه‌ك ده‌نگ .. هه‌موو یه‌ك ره‌نگ
ژماره‌یان سیانزه‌ ماڵ و سیانزه‌ گوڵ و ..
سیانزه‌ پشكی خێری خوا بوو
ساڵ هاتو و چوو ..
زه‌مه‌ن هات و زه‌مه‌ن رۆیی
پاشا پاشای دی له‌گۆڕ نا
سیانزه‌ ماڵه‌ بوونه‌ شارێ
سیانزه‌ گوڵ به‌ دارستانێ
پشكی سه‌رسینی خێری خوا
سه‌د سیانزه‌ی تری پێبڕا
هۆ خه‌ڵكینه‌ ..
گوێڕادێرن .. سه‌رهه‌ڵبڕن
له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م چه‌رخه‌
ئه‌م هه‌رێمه‌ بوركانێ بوو
چقڵی چاوی زۆرداران و ..
داری ده‌ستی نه‌دارێ بوو
له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م چه‌رخه‌ 
ئه‌م هه‌رێمه‌ لافاوێ بوو
به‌ربه‌ستی قینی زۆردار و ..
ئاوی كێڵگه‌ی جوتیارێ بوو
ئه‌م هه‌رێمه‌ گوڵ بوو.. سوور بوو
مێژوی گه‌شی هه‌ژارانی ..
دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ بوو
هۆ خه‌ڵكینه‌ ..
گوێڕادێرن .. سه‌رهه‌ڵبڕن
رقی پیرۆزی ئه‌م شاره‌ و 
قینی ره‌شی پاشای زۆردار
له‌ دوو هێڵی ته‌ریب ده‌چوو
هه‌تا رقی خه‌ڵك زۆر بوایه‌
قینی پاشاش ره‌شتر ده‌بوو
پاشا ماری په‌پكه‌ خواردووی سه‌ر ئاگر بوو
خه‌ڵكیش گولله‌ و باروت و گڕ
پاشا جرجی وڕ و كاسی نێو دوكه‌ڵ بوو
خه‌ڵكیش هه‌موو ده‌رونی پڕ
ساڵ هاتوو چوو ..
زه‌مه‌ن هات و زه‌مه‌ن رۆیی
هێنده‌ی نه‌برد
قینی ره‌شی پاشای زۆردار
بوو به‌ ژه‌هری كۆنه‌ ساڵه‌ی سه‌ری ره‌شمار
هۆ خه‌ڵكینه‌ ..
گوێڕادێرن .. سه‌رهه‌ڵبڕن
له‌م رۆژه‌دا و .. له‌م شوێنه‌دا و .. له‌م كاته‌دا
ته‌مێ باری ..
به‌ڵام سه‌د ئاخ .. سپی نه‌بوو
باران دایكرد ..
به‌ڵام سه‌د ئاخ .. دڵۆپێ ئاوی پێنه‌بوو
هێنده‌ی چاوێ بتروكێنی
ئه‌م هه‌رێمه‌ بوو به‌ دۆزه‌خ .. بوو به‌ داستان 
بوو به‌ باڵاترین گۆڕی سه‌ده‌ی ئینسان
هۆ خه‌ڵكینه‌ ..
گوێڕادێرن .. سه‌رهه‌ڵبڕن
له‌و رۆژه‌وه‌ تائێستاكه‌ .. ئه‌م هه‌رێمه‌ شین ده‌گێڕێ
له‌و رۆژه‌وه‌ تائێستاكه‌ .. ئه‌م هه‌رێمه‌ خوێن ده‌یدێرێ
كه‌چی هێشتا كه‌سێ نه‌بوو .. روومان تێكات
له‌ پرسه‌ی ئه‌م شاره‌ شه‌هیده‌دا
سه‌رخۆشیه‌ك له‌ كوردستان .. له‌ گه‌لی كورد
یاخود له‌ مرۆڤایه‌تی بكات
هۆ خه‌ڵكینه‌ ..
گه‌ر حه‌زده‌كه‌ن بزانن كوێیه‌ ئه‌و شاره‌ی
هه‌میشه‌ گڕ وه‌كوو باران .. پرچی ره‌شی داهێناوه‌
چاوه‌كانی وه‌ك دڵۆپه‌ خوێنی شه‌هید .. سوور بۆته‌وه‌
باڵای به‌رزی ساڵ دوانزه‌ی مانگ .. كراسی ره‌شی له‌به‌رناوه‌
گه‌ر حه‌زده‌كه‌ن بزانن كوێیه‌ ئه‌و شوێنه‌ی
 گشت به‌هارێ .. له‌باتی گوڵ
له‌گشت كوچه‌ و باخچه‌ی ماڵێ
له‌ پرسه‌ی پێنچ هه‌زار شه‌هید
خوێن سه‌وز ده‌بێ .. گوڵ ده‌وه‌رێ
ئاسمان یه‌خه‌ی خۆی دائه‌دڕێ
گه‌ر ده‌تانه‌وێ بزانن .. كوێیه‌ ئه‌و شاره‌ پڕ ته‌مه‌ 
ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدی .. یاڵ خه‌ێناوی 
سه‌ر و ریش ماش و برنجی .. چاو به‌ خه‌مه‌ 
1992


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7275
24/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ریاڵ پاڵه‌وانی لا لیگا 24/5/2017
‌ ئه‌مشه‌و كۆتایی یۆرۆپا لیگه‌ 24/5/2017
زانست
‌ سوشی كرمی مشه‌خۆری تێدایه‌ 24/5/2017
‌ سووده‌كانی خواردنی ره‌شكه‌ 24/5/2017
‌ یاری (Spinner) جیهان داگیر ده‌كات 23/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP