كیڤن كۆستنه‌ر، سه‌ماكارێك له‌گه‌ڵ گورگه‌كانی‌ هۆلیود
كیڤن كۆستنه‌ر، سه‌ماكارێك له‌گه‌ڵ گورگه‌كانی‌ هۆلیود ‌ 18/3/2017
ئاماده‌كردنی‌: سایتی‌ خاك
سه‌ره‌تا:
 پیشه‌سازیی سینه‌ما كه‌ زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ له‌ گۆڕان و پێشكه‌وتن و داهێنان و ئه‌فراندنی‌ به‌رده‌وام دایه‌، به‌رده‌وام ده‌ره‌تان و ده‌رفه‌تێك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سانی‌ به‌هره‌مه‌ند له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا خۆیانی‌ تێدا بدۆزنه‌وه‌ و نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نها به‌ ئاواتی‌ خۆیان بگه‌ن وه‌ك ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر یاخود نووسه‌ر و كۆمپۆزه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر به‌ڵكو نه‌خشی‌ ژیانی‌ خۆیان و رۆڵه‌ و كه‌سوكاره‌كه‌شیان به‌چه‌شنێك بگۆڕن كه‌ ئاستێكی‌ به‌رزی‌ بژێوی‌ ژیان و گوزه‌ران و ناوبانگێكی‌ جیهانیی گه‌وره‌شیان بۆ دابین بكات به‌و مه‌رجه‌ی‌ كه‌سه‌كان خۆیان به‌دوور بگرن له‌وره‌فتار و خووو بڕیار و سه‌ركێشییانه‌ی‌ چاره‌نووسێكی‌ ترسناك وكاره‌ساتباریان بۆ ده‌هێنێت له‌ چه‌شنی‌ خۆكوشتن یا مردن به‌هۆی‌ مادده‌ بێهۆشكه‌ره‌كان و یاخود ئالووده‌ بوون وتێكچوونی‌ باری‌ ته‌ندروستیی وكه‌وتنه‌ داوی‌ ریسوایی وپێشێلكاریی قانون و ده‌ستگیركران وله‌ نه‌خۆشخانه‌ توندكران بۆ چاك بوونه‌وه‌.
له‌م بواره‌دا كێڤن كۆستنه‌ر ، هاوشێوه‌ی‌ ده‌یان و سه‌دان كه‌سی‌ تر كه‌ خه‌ونیان به‌ نواندنه‌وه‌ بینیوه‌، به‌هۆی‌ شێلگیرییه‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانی‌ خه‌ونی‌ نواندن به‌خته‌وه‌ر بووه‌ به‌وه‌ی‌ نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نیا ببێته‌ ئه‌كته‌ر و رۆڵی‌ لاوه‌كیی ببیێت به‌ڵكو گه‌یشتۆته‌ ئاستێكی‌ ئه‌وتۆ كه‌  كاندیدبكرێت بۆ خه‌ڵاتی‌ ئۆسكاری‌ باشترین نواندن و دوو خه‌ڵاتیش به‌ده‌ست بهێنیت له‌ بواری‌ ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێناندا بۆ یه‌ك فیلم كه‌ نۆبه‌ری‌ كاری‌ ده‌رهێنانی‌ بوو و له‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ خاكه‌وه‌ پیشانی‌ هه‌وادارانی‌ شاكاره‌ سینه‌ماییه‌كان درا.
ئه‌م بابه‌ته‌ گوزه‌رێكی‌ خێرایه‌ به‌ نێو هه‌ندێك له‌ وێستگه‌كانی‌ كاری‌ هونه‌ریی ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ ئه‌مریكییه‌ كه‌ له‌ كۆتایی ساڵانی‌ هه‌شتادا بووه‌ یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ ناسراوترین ئه‌كته‌ره‌كانی‌ هۆڵیوود.
-ژیانی‌ سه‌ره‌تا
كێڤن كۆستنه‌ر ئه‌كته‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر و ده‌رهێنه‌ری‌ به‌ناوبانگ كه‌ موزیكزان و گۆرانیی بێژیش بووه‌،ساڵی‌ 1955 له‌ یه‌كێك له‌ شارۆچكه‌كانی‌ نزیك شاره‌ هونه‌رییه‌كه‌ی‌ لۆس ئه‌نجیلیس له‌ ویلایه‌تی‌ كالیفۆرنیا له‌ دایك بووه‌. له‌ سه‌ره‌تادا بیری‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ پاش خوێندنی‌ ئاماده‌یی ببێته‌ یاریزانێكی‌ پیشه‌گه‌ری‌ یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ جه‌ماوه‌ریی ترین وه‌رزشه‌كان له‌ ئه‌مریكادا كه‌ به‌یس بۆڵه‌ (ئه‌و یارییه‌ی‌ له‌ چه‌ند فیلمێكی‌ كۆستنه‌ردا پیشه‌ی‌ پێشووی‌ كه‌سایه‌تییه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌)، به‌ڵام له‌جێی‌ ئه‌وه‌ چوو بۆ زانكۆی‌ ویلایه‌تی‌ كالیفۆرنیا،له‌ فه‌له‌رتن.ساڵی‌ 1978 به‌بڕوانامه‌ی‌ به‌كالۆریۆسه‌وه‌ له‌ ماركێتینگدا خوێندنی‌ زانكۆیی ته‌واوكرد. ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ی‌ كه‌ كۆستنه‌ر ته‌نها بۆ ماوه‌ی‌ مانگێك ئیشی‌ پێكرد وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری‌ بازاڕسازیی چونكه‌ شه‌یدایی و په‌رۆشییه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ وانه‌كانی‌ هونه‌ری‌ نواندن ناچاری‌ كرد ئه‌و ئیشانه‌ بكات كه‌ بوار به‌و جۆره‌ خوێندنه‌ ده‌ده‌ن تا له‌ ئاواتی‌ به‌ ئه‌كته‌ر بوون نزیكی‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی‌ كۆستنه‌ر خولیای‌ نواندنی‌ لا په‌یدابوو وپاش ده‌ركه‌وتن و نواندن له‌چه‌ند رۆڵێكی‌ بچووكدا له‌ شانۆكانی‌ ده‌وروبه‌ر،بڕیارییدا رێی‌ نواندنی‌ سینه‌مایی بگرێته‌ به‌ر وه‌ك سه‌رچاوه‌ی‌ بژێویی وكاری‌ هه‌میشه‌یی.
- هه‌نگاوه‌كانی‌ یه‌كه‌م
له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا كۆستنه‌ر به‌چه‌ند نواندنێكی‌ كه‌م به‌شداریی له‌ چه‌ند فیلمێكدا كرد. ساڵی‌ 1983 رۆڵی‌ له‌ فیلمێكی‌ جه‌ماوه‌رییدا بینیی به‌ناوی‌  The Big Chill به‌ڵام به‌شه‌ نواندنه‌كه‌ی‌ كۆستنه‌ر له‌و فیلمه‌دا به‌ مۆنتاژ ده‌رهێنرا.دوای‌ ئه‌و نائومێدییه‌ و هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا یه‌كه‌م  ده‌ره‌تانی‌ راسته‌قینه‌ و هه‌ڵكشانی‌ به‌گوڕی خۆی‌ بینی به‌ به‌شداریی كردن له‌ فیلمی‌ Testament دا به‌ به‌رجه‌سته‌كردنی‌ كه‌سایه‌تیی رزگاربوویه‌كی‌ جه‌نگێكی‌ ئه‌تۆمیی.
دوو ساڵ پاش ئه‌وه‌وبه‌ به‌رجه‌سته‌كردنی‌ رۆڵی‌ كه‌سایه‌تییه‌كی‌ تفه‌نگباز له‌ سیلڤه‌رادۆ (1985) دا كۆستنه‌ر پێگه‌ی‌ خۆی‌ قاییم كرد و ناوی‌ وه‌ك ئه‌كته‌رێكی‌ سه‌ره‌كیی كه‌وته‌ نێو ناوانه‌وه‌.
پاش سیلڤه‌رادۆ،كۆستنه‌ر له‌پاڵ چه‌ندین ئه‌كته‌ری‌ گه‌وره‌ و براوه‌ی‌ خه‌ڵاتی‌ ئۆسكاردا رۆڵی‌ له‌چه‌ند فیلمێكی‌ زۆر سه‌ركه‌وتوودا بینی‌ .له‌وانه‌ The Untouchables (1987)ی‌ ده‌رهێنه‌ر برایان دو پاڵما تیایدا رۆڵی‌ ئیلیۆت نێس كارمه‌ندی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی یاخود گه‌نجینه‌ی‌ ئه‌مریكای‌ بینیی‌ كه‌ وه‌ك ئه‌ندامی‌ تیمێكی‌ حكومه‌ت له‌ ساڵانی‌ بیسته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا له‌ شاری‌ شیكاگۆی‌ ویلایه‌تی‌ ئه‌لینۆی‌ ئه‌ركی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی باندێكی‌ گه‌وره‌ی‌ تاوانی‌ رێكخراویان پێ سپێردراوه‌ و ئه‌و بانده‌ش گه‌وره‌ مافیایه‌ك كه‌ (رۆبه‌رت دی‌ نیرۆ) رۆڵی‌ ده‌بینیت سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و له‌ نێو تیمه‌كه‌ی‌ حكومه‌تیشدا دوو كارمه‌ندی‌ شاره‌زا و ئازای‌ تر هه‌ن كه‌ هه‌ریه‌ك له‌(شین كۆنری‌) و (ئاندی‌ گارسیا) رۆڵی‌ كه‌سایه‌تییه‌كانیان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌ساڵی‌ (1987) دا رۆڵی‌ له‌ فیلمی‌ Way Out No دا بینی‌ وه‌ك ئه‌فسه‌رێكی‌ هێزی‌ ده‌ریایی و سیخوڕ. له‌ فیلمی‌ بوڵ دورامدا (1988) ، كۆستنه‌ر په‌سن و پیاهه‌ڵدان و ستایشی به‌ده‌ستهێنا بۆ نواندنكرده‌یی له‌ كه‌سایه‌تیی كراش ده‌یفزدا كه‌ یاریزانێكی‌ پیشه‌گه‌ری‌ تۆپ گره‌وه‌ی‌  به‌یسبۆڵه‌ و ته‌مه‌نی‌ سه‌ری‌ كردووه‌ و ده‌كه‌وێته‌ داوی‌ خۆشه‌ویستییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هانده‌رێكی‌ شێلگیر و پڕ سۆز كه‌ سوزان ساراندن رۆڵی‌ ده‌بینێت.
به‌پێی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ سه‌رچاوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی‌ هونه‌ری‌ حه‌وته‌م ، یه‌كێك له‌ سه‌ركه‌وتووترین فیلمه‌كانی‌ كۆستنه‌ر مه‌زرای‌ خه‌ونه‌كان-   (1989) Field of Dreamsـه‌ كه‌ رۆڵی‌ ره‌ی‌ كینسێڵای‌ تێدا ده‌بینێت. كه‌سایه‌تییه‌كه‌ جوتیارێكی‌ خه‌ڵكی‌ ئایه‌وایه‌ و گوێی‌ له‌ ده‌نگێكی‌ په‌نهانه‌ فه‌رمانی‌ پێده‌كات یه‌كێك له‌ كێڵگه‌كانی‌ گه‌نمه‌شامیی بكات به‌ یاریگایه‌كی‌ به‌یس بۆڵ . ئه‌ویش ده‌یكات و رۆحیانه‌تی ئه‌ندامانی‌ تیمی‌ شیكاگۆ وایت سۆكسی‌ 1919 دێنه‌وه‌ جیهانی‌ زینده‌گیی و یاریی به‌یسبۆڵی‌ تێداده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بوونی‌ فه‌رمانه‌كانی‌ ئه‌و سه‌دایه‌ ره‌ی‌ كشاوه‌رزییه‌كه‌ی‌ فه‌رامۆش ده‌كات وخۆی‌ ته‌رخان ده‌كات بۆ راڤه‌كردنی‌ ئه‌و مه‌ته‌ڵه‌ و تێگه‌یشتن له‌وه‌ی‌ چیی ده‌گه‌یه‌نێت.
سه‌ما له‌گه‌ڵ گورك : نۆبه‌ره‌ی به‌رهه‌مدار
به‌هۆی‌ حه‌زی‌ به‌رده‌وامی‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان وده‌رهێنانی‌ سینه‌ماییه‌وه‌،كۆستنه‌ر ساڵی‌ 1989 كۆمپانیایه‌كی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ پێكهێنا. هه‌ر زوو دوای‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئومێدبه‌خشه‌ و به‌ هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ ئۆریۆن پیكچه‌رز كۆرپۆره‌یشن، كۆستنه‌ر بووه‌ ده‌رهێنه‌ر و هاوبه‌رهه‌مهێن و ئه‌كته‌ری‌ سه‌ره‌كیی فیلمه‌ هه‌ره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی‌ كاروانی‌ ته‌مه‌نی‌ هونه‌ریی خۆی‌ كه‌ فیلمه‌ سێ سه‌عاتییه‌كه‌ی‌ سه‌ماگه‌لێك له‌گه‌ڵ گورگه‌كان (1990) ـه‌. ئه‌و فیلمه‌ی‌ براوه‌ی‌ حه‌وت خه‌ڵاتی‌ ئۆسكار و سێ گۆڵدن گڵۆبه‌و به‌ناوی‌ سه‌ما له‌گه‌ڵ گورگه‌وه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ پڕ ئومێد و هیواكه‌ی‌ خاكدا كرا به‌ كوردیی و وه‌ك دیارییه‌كی‌ تری‌ ناوازه‌ی‌ وه‌رگێڕانی‌ پڕ له‌ سه‌لیقه‌ی‌ كاك ئاوات عه‌بدوڵا پێشكه‌ش به‌ بینه‌رانی‌ فیلم و شاكاره‌ سینه‌ماییه‌كانی‌ هۆڵیوود كرا. 
دیاره‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌و فیلمه‌ بۆ ژێرنووسی‌ كوردیی له‌سه‌ره‌تاكانی‌ ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ به‌نرخه‌ی‌ نێو ته‌له‌فزیۆنیی كوردییدا كه‌ ناوه‌ندی‌ چاپه‌مه‌نیی و راگه‌یاندنی‌ خاك ده‌ستپێشخه‌ریی ناوازه‌ی‌ تێداكرد له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتبوو كه‌كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ بینه‌رانی‌ كورد به‌ شاكاره‌ به‌پێز وخه‌ڵاتوه‌چنه‌كانی‌ دونیای‌ فیلمسازیی ئاشناببن چونكه‌ فیلمگه‌لێكی‌ له‌و چه‌شنه‌ به‌هۆی‌ چیرۆكه‌ كاریگه‌ره‌كانیان و كه‌سایه‌تییه‌ ئاڵۆز و رووداوه‌ دڵهه‌ژین و دیمه‌نه‌ هه‌ست بزوێن و دیالۆگه‌ سه‌رنج راكێشه‌كانیانه‌وه‌ ئاوێته‌ به‌ نواندنكرده‌ییه‌كی‌ به‌رز و ده‌رهێنان و وێنه‌گرتنی‌ ناوازه‌ وموزیكی‌ هه‌یه‌جانسازه‌وه‌ بینه‌ر به‌ره‌و دونیایه‌كی‌ دیكه‌ راپێچ ده‌كه‌ن و له‌هه‌ندێك كاتیشدا چه‌ندین راستیی مێژوویی ده‌گه‌یه‌ننه‌ بینه‌ر و چه‌ندین په‌یامی‌ مرۆیی مه‌زن په‌خش ده‌كه‌ن. له‌مه‌شدا سه‌ما له‌گه‌ڵ گورگ نموونه‌یه‌كی‌ تێروته‌واوه‌ به‌هۆی‌ چیرۆكه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ كتێبێكی‌ مایكڵ بله‌یكه‌وه‌ (هه‌ر خۆیشی‌ سیناریسته‌كه‌یه‌) ده‌رباره‌ی‌ سه‌ربازێكی‌ یه‌كێتیی (یونیه‌ن) له‌ سه‌رده‌می‌ جه‌نگی‌ ناوخۆی‌ ئه‌مریكا (1861-1865) دا وه‌رگیراوه‌. له‌و فیلمه‌دا كۆستنه‌ر رۆڵی‌ ئه‌و سه‌ربازه‌ ده‌بینێت كه‌ پله‌ی‌ مولازمی‌ هه‌یه‌ و ناوی‌ جۆن ده‌نباره‌ و پاش پێكان و برینداربونی‌ ده‌چێته‌ ناوچه‌كانی‌ خۆرئاوای‌ وڵات و له‌وێ ده‌برێته‌ ئامێزی‌ خێلی‌ سیۆكسه‌وه‌.ئه‌و خێڵه‌ی‌ پاش فیلمه‌كه‌ پارچه‌یه‌ك زه‌وییان به‌خشیی به‌ كۆستنه‌ر كه‌ ئه‌ویش یاریگایه‌كی‌ گۆڵفی‌ تێدا دروستكرد.
-وێناكردنێكی‌ جیاواز
یه‌كێك له‌ خاڵه‌ جیاكه‌ره‌وه‌كانی‌ ئه‌م فیلمه‌ نیشاندانی‌ روویه‌كی‌ تری‌ ئه‌مریكییه‌ ره‌سه‌نه‌كان (هندییه‌ سووره‌كان)ـه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ته‌وژمی‌ باوو چه‌ندین ساڵه‌ی‌ پیشه‌سازیی سینه‌مایی هۆڵیووده‌وه‌ له‌ وێناكردنی‌ كلتور و مێژووی‌ هندییه‌ سووره‌كان،ته‌وژم و نه‌ریتێك كه‌ مه‌زنه‌ ئه‌كته‌ری‌ سینه‌مایی ئه‌مریكا مارلۆن براندۆ(1924-2004)ی‌ هێنایه‌ سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵاتی‌ ئۆسكاری‌ باشترین ئه‌كته‌ری‌ سه‌ره‌كیی له‌ به‌شی‌ یه‌كه‌می‌ فیلمی‌ باوك سالار بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی‌ ئه‌و شێوازه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردنی‌ فیلمسازان له‌گه‌ڵ خاوه‌ن وڵاته‌ ره‌سه‌نه‌كان. بۆ ئه‌وه‌ش رۆژی‌ 27/3/1973 ئه‌كته‌ری‌ ئه‌مریكیی ره‌سه‌ن ساشین لیتلفێزه‌ر(په‌ڕی‌ بچووك) به‌ جل وبه‌رگی خێڵه‌كه‌یه‌وه‌ چووه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی‌ شانۆی‌ 45 هه‌مین ئاهه‌نگی‌ ساڵانه‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ خه‌ڵاته‌كانی‌ ئۆسكار و هه‌ڵوێستی‌ براندۆی‌ دا به‌ گوێی‌ ئاماده‌بووانی‌ نێو هۆڵی‌ دۆرۆسی‌ چاندله‌ر پاڤۆلیۆنی‌ شاری‌ لۆس ئه‌نجلیس و كاربه‌ده‌ستانی‌ ئه‌كادیمای‌ هونه‌ر و زانسته‌كانی‌ فیلمی‌ سینه‌مایی و فیلمسازانی‌ هۆڵیوود.
به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چیرۆك و به‌سه‌رهاته‌كانی‌ فیلمه‌كه‌،كه‌ یه‌كێك له‌ كۆتاییه‌ دڵ پڕ له‌گریان و هه‌ست وسۆزهه‌ژێنه‌كانی‌ به‌رجه‌سته‌كردنی‌ خۆشه‌ویستیی و په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵی‌ مرۆیی و هاورێیه‌تیی  هه‌یه‌، ده‌نبار به‌هۆی‌ بوونی‌ به‌ قاره‌مانێكی‌ جه‌نگ سوود وه‌رده‌گرێت له‌و پێگه‌ تازه‌یه‌ی‌ خۆی‌ و داواده‌كات بۆ ئه‌وپه‌ڕی‌ خۆرئاوا بگوازرێته‌وه‌ دوور دوور له‌ جه‌نگ. له‌وێ له‌ پێده‌شته‌كانی‌ ژیانی‌ كێویی پڕ له‌ كه‌ڵه‌كێوی‌ زه‌به‌لاح ، ده‌نبار به‌ده‌م نووسینه‌وه‌ی‌ یاده‌وه‌رییه‌كانییه‌وه‌ ده‌بێته‌ هاوڕێی‌ سه‌رگه‌وره‌ی‌ ئه‌و خێڵه‌ ره‌سه‌نه‌ كه‌ ئه‌كته‌ری‌ دێرین و به‌ئه‌زموون (گراهام گرین) رۆڵی‌ ده‌بینێت و ناوی‌ (سه‌ما له‌گه‌ڵ گورگ )ی‌ پێ ده‌به‌خشرێت وبه‌ ئه‌وینداریی كچێكی‌ هه‌ڵگیراوه‌ی‌ سپیی (ئه‌مریكیی ناره‌سه‌ن) كه‌ (ماری‌ ماكدۆنڵ) به‌رجه‌سته‌ی‌ ده‌كات شادده‌بێت و به‌ته‌واوه‌تی‌ ژیانی‌ پێشووی‌ جێدێڵێت و رووده‌كاته‌ ژیانی‌ ساده‌ و ساكاری‌ نێو خێڵ و هۆز و سروشتی‌ پڕ به‌خششی‌ یه‌زدانیی تا ئاستی‌ گیانفیدایی و قوربانییدان بۆ خه‌ڵك و خاكی‌ تازه‌ پاش فێربوونی‌ زمانی‌ ئاخافتن و پۆشینی‌ جل و به‌رگی‌ هاوشێوه‌ و  پشتهه‌ڵكردنی‌ یه‌كجاریی له‌ شارستانییه‌تی‌ پڕ له‌ داگیركاریی ناره‌سه‌نه‌كان.
ئه‌گه‌رچی‌ فیلمه‌كه‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونی‌ ده‌رهێنان بوو،به‌ڵام كۆستنه‌ر پێی‌ چووه‌ نێو ریزی‌ مه‌زنه‌ ده‌رهێنه‌رانی‌ جیهان كه‌ پێش خۆی‌ و دوای‌ خۆی‌ بوونه‌ براوه‌ی‌ خه‌ڵاتی‌ ئۆسكاری‌ باشترین ده‌رهێنه‌ر چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی‌ بۆ كرا فیلمه‌كه‌ حه‌وت خه‌ڵاتی‌ ئۆسكاری‌ به‌ده‌ستهێنا كه‌ دووانیان له‌ چوار خه‌ڵاته‌ گه‌وره‌كه‌ن،ده‌رهێنان وباشترین فیلم كه‌ به‌هاوبه‌شی‌ بۆ كۆستنه‌ر وجیم ویلسن بوو وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ر. هه‌روه‌ك فیلمه‌كه‌ له‌ بواره‌كانی‌ وێنه‌گرتن و مۆنتاژ و موزیك (جۆن باری) و ده‌نگ و نووسین - سیناریۆ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تره‌وه‌ كه‌  هه‌ر بۆ مایكل بله‌یك بوو.
- رۆبن هود: گۆرانییه‌كی‌ جیهانیی
ساڵی‌ 1991 وه‌شاندنی‌ دوو فیلمی‌ كۆستنه‌ری‌ به‌خۆوه‌ بینی‌ ، جه‌ی‌ ئێف كه‌نه‌دی‌ له‌ ده‌رهێنانی‌ گه‌وره‌ ده‌رهێنه‌ری‌ به‌ناووده‌نگ ئۆلیڤه‌ر ستۆن، رۆبن هود: شازاده‌ی‌ دزه‌كان. ده‌شێت ئه‌م فیلمه‌ی‌ دوایی بۆ بینه‌ران له‌ كوردستان پێش سه‌ما له‌گه‌ڵ گورگ زیاتر ناسراو بووبێت به‌وپێیه‌ی‌ هه‌ر زوو له‌ته‌لــه‌فزیۆنی‌ گــه‌لی‌ كوردستانه‌وه‌ په‌خش كـراو یه‌كێك له‌گۆرانییه‌كان یاخود ناسراوترین گۆرانیــی فیلمــه‌كه‌ش   (Everything I Do) I Do It for Yo كه‌ گۆرانیی بێژ و ئاواز دانه‌ر وگیتارژه‌نی‌ كه‌نه‌دیی برایان ئاده‌مز تۆماری‌ كردووه‌، بووه‌ گۆرانییه‌كی‌ جیهانیی و له‌ چه‌ندین وڵاتی‌ جیهاندا له‌وانه‌ ئه‌مریكا وبه‌ریتانیا ریكۆردی‌ پێوانه‌یی تۆماركرد بۆ مانه‌وه‌ی‌ له‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ریزبه‌ندی گۆرانییه‌ بڵاوكراوه‌كاندا و 15 ملیۆن دانه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان لێ فرۆشرا و بووه‌ هه‌ره‌ سه‌ركه‌وتووترین گۆرانییه‌ تاكه‌كانی‌ ئاده‌مز و یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ پڕ فرۆشترین گۆرانییه‌ تاكه‌كان-سینگڵ له‌ مێژووی‌ گۆرانیی جیهانییدا. ئه‌و گۆرانییه‌ به‌هۆی‌ زۆر په‌خشكردنی‌ به‌ دیمه‌نه‌كانی‌ فیلمی‌ رۆبن هوده‌وه‌ كه‌ كۆستنه‌ر رۆڵێكی‌ زۆر ستایش نه‌كراوی‌ تێدا بینیی ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ نێو هه‌وادارانی‌ گۆرانی‌ بیانیی و شه‌یدایانی‌ فێربوونی‌ زمانی ئینگلیزیشدا زۆر باوبوو به‌هۆی‌ ئاسانی‌ وشه‌كان و میلۆدییه‌ ره‌وان و وتنه‌ سه‌رنج راكێش و گیتار ژه‌نینه‌ پڕ له‌ جۆش و خرۆشه‌كه‌ی‌ ئاده‌مز و هاورێكانییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌و ساڵانه‌دا كه‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ ناوخۆ له‌ زۆربه‌ی‌ خێزانه‌كاندا سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كیی ئینته‌رته‌ینمینت و هه‌واڵ و فیلم و دراماكان بوون پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ وه‌رگری‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان له‌ نێو ماڵه‌كاندا چونكه‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌ نرخێكی‌ خه‌یاڵیی بوو كه‌ كڕینیان له‌ توانای‌ زۆر خێزاندا نه‌بوو.
-بۆدی‌ گارد: هه‌میشه‌ خۆشم ده‌وێیت
نه‌مانی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ كوردستان و داهاتنی‌ كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كان و دواتریش له‌بار بوونی‌ نرخی‌ ریسیڤه‌ر یاخود سه‌ته‌لایت بۆ كڕین و دانانی‌ له‌ ماڵه‌كاندا، گۆڕانكارییه‌كی‌ گه‌وره‌بوو بۆ كرانه‌وه‌ به‌رووی‌ دونیادا و ئاشنابوون به‌و فیلمانه‌ی‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی‌ تردا به‌رهه‌مده‌هێنران چونكه‌ كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كان به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ سانسۆری‌ مافی‌ خاوه‌ندارێتیی و كۆپیی كردن به‌سه‌ریانه‌وه‌ شه‌وانه‌ فیلمیان په‌خش ده‌كرد (ئێستاش به‌رده‌وامه‌) له‌ كات و ساتێكدا كه‌ بۆ ته‌ماشاكردن گونجاو و له‌بارتر بووبێت به‌راورد به‌ كاتی‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان.له‌م رووه‌وه‌ فیلمی‌ بۆدی‌ گارد،كاری‌ ده‌رهێنه‌ر مایك جاكسن ونواندنی‌ كۆستنه‌ر له‌پاڵ ژنه‌ ئه‌كته‌روگۆرانیی بێژی‌ كۆچكردووی‌ ئه‌مریكیی وتنی‌ هیوستن،كه‌ یه‌كه‌م كاری‌ نواندنی‌ بوو،یه‌كێكی‌ تره‌ له‌ فیلمه‌كانی‌ كۆستنه‌ر كه‌ له‌ نێو بینه‌رانی‌ كوردستاندا بینه‌رێكی‌ زۆری‌ هه‌بوو هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و ده‌یان ملیۆن كه‌سه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان راستوخۆ له‌ هۆڵه‌كانی‌ سینه‌مادا به‌ بینینی‌ گه‌یشتن به‌جۆرێك له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان بووه‌ دووه‌م پڕ فرۆشترین فیلمی‌ ساڵی‌ 1992 و به‌ بودجه‌یه‌كی‌ 25 ملیۆن دۆلاریی بڕی‌ 411 ملیۆن دۆلار ده‌ستهاتی‌ بوو.ته‌نانه‌ت ئه‌لبومی‌ گۆرانییه‌كانی فیلمه‌كه‌ بووه‌ هه‌ره‌ پڕ فرۆشترین ساوندتراك (گۆرانی‌ فیلم) له‌ مێژوودا پاش ئه‌وه‌ی‌ 45 ملیۆن دانه‌ی‌ لێ فرۆشرا. له‌ كۆی‌ پێنج گۆرانییش دووانیان بۆ ئۆسكاری‌ باشترین ساوندتراك پاڵێوران «I Will Always Love You», «I>m Every Woman» و ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میان « من هه‌میشه‌ تۆم خۆش ده‌وێت» بووه‌ گۆرانییه‌كی‌ تری‌ باوی‌ نێو كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان و له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهانیش 12 ملیۆن دانه‌ی‌ لێ فرۆشرا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7275
24/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ریاڵ پاڵه‌وانی لا لیگا 24/5/2017
‌ ئه‌مشه‌و كۆتایی یۆرۆپا لیگه‌ 24/5/2017
زانست
‌ سوشی كرمی مشه‌خۆری تێدایه‌ 24/5/2017
‌ سووده‌كانی خواردنی ره‌شكه‌ 24/5/2017
‌ یاری (Spinner) جیهان داگیر ده‌كات 23/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP