د.نەجمەدین كەریم: بەغدا بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ كەركوك دەكات، كە بەشێك نییە لە عیراق
«چوار ساڵە بودجە بۆ كەركوك نەهاتووە» د.نەجمەدین كەریم: بەغدا بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ كەركوك دەكات، كە بەشێك نییە لە عیراق ‌ راپۆرتی، عومه‌ر غه‌ریب‌ 19/3/2017
لەكاتێكدا پێشتر نەوتی كەركوك سەرچاوەیەكی سەرەكی بووە بۆ ژیرخانی ئابووریی عیراق‌و بەردەوام حكومەت پشتی بەو داهاتە بەستوە بۆ پلان‌و بەرنامەكانی‌و بودجەی ساڵانەی وڵاتی لەسەر داڕێژراوە، كەچی ماوەی چوار ساڵە بودجەو شایستە داراییەكانی پارێزگای كەركوك لەلایەن بەغداوە راگیراوە.

کەرکوکییەکان بێزارن
لەو بارەیەوە، د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك بەكوردستانی نوێی راگەیاند، لەساڵی 2013ەوە تائێستا بودجە لە بەغداوە بۆ كەركوك نەنێردراوە، ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر ئاوەدانكردنەوەو بنیادنانەوەی پارێزگاكە دروستكردووە، بەجۆرێك نەبوونی بودجە وایكردووە ئەو بەرنامە‌و پلانەی كە بۆ شارەكە داڕێژراوە، نەتوانرێت جێبەجێ بكرێت. بۆیە بەغدا بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ كەركوكدا دەكات، وەكو ئەوەی پارێزگاكە بەشێك نییە لەم وڵاتە. ئەمەش وای لە خەڵكی كەركوك كردووە بێزارییەكی زۆریان بەرامبەر بە بەغدا هەبێت.

کارکردن لە هەزار پڕۆژە راگیراوە
هاوكات لە بارەی كاریگەری نە ناردنی بودجەی پارێزگاكەوە، ئەحمەد عەسكەری سەرۆكی لیژنەی نەوت‌و غاز لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەكوردستانی نوێی راگەیاند، ئەو زیانانەی كە بەهۆی نەبوونی بودجەوە بەر كەركوك كەوتووە زۆرن.
ئەو دەڵێ: «لە بەرنامەو پلانماندا بوو لەڕێگەی بودجەی پارێزگاكەوە، هەزار پڕۆژە لە سنووری پارێزگاكە جێبەجێ بكەین، بەڵام بەداخەوە بەغدا بودجە نانێرێت‌و پڕۆژەكانیش جێبەجێنەكران‌و ئێستاش زیاتر لە 450 ملیار دیناری بەڵێندەران قەرزارین‌و زۆربەی پڕۆژەكانیش تەواو نەبوون، هەندێكیشیان كاری زۆر كەمیان ماوە بۆ تەواوبوون، بەڵام لەبەر نەبوونی پارە تەواو نەكراون‌و خەڵكێكی زۆریش بێكاربوون لەوانە، زیاتر لە شەش هەزار گەنج كە لەسەر پترۆدۆلار دامەزرابوون، ئێستا چوونەتە ماڵەوەو چاوەڕوانی كار دەكەن. هاوكات كۆمەڵێك جوڵەی بازرگانی‌و ئابووریی هەیە لەناو شارەكەدا بەهۆی ئەو پڕۆژانەوە وەستاون».

پابەندی ناوەڕۆكی رێكەوتنەكە بن‌
سەبارەت بە دوا هەوڵەكانیش بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت لەنێوان كەركوك‌و بەغدا، د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك روونیكردەوە، سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای كردبوو لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ رێكەوتن لەسەر نەوتی كەركوك. لیژنەكەش لە وەزیرانی نەوت‌و كارەباو پارێزگارانی كەركوك‌و نەینەواو سەڵاحەددین پێكهاتووەو لەسەر چەندین خاڵ رێكەوتووین، بەڵام وەزارەتی نەوتی عیراق بە بیانووی لاواز، خۆیان لە بەشێكی رێكەوتنەكە دزیوەتەوە.
وتیشی: «بە بڕوای ئێمە بیانووەكان تەكنیكی نین، بەڵكو سیاسین، بەڵام لەهەوڵداین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە».
راشیگەیاند، داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین پابەندی ناوەڕۆكی رێكەوتنەكە بن‌و كار بكرێت بۆ جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی رێكەوتنەكە، نەك خاڵێكی كە بە دڵی خۆیانە جێبەجێی بكەن‌و ئەوانی تریش بەجێبهێڵن.
پارێزگاری كەركوك وتیشی: «سەبارەت بە فراوانكردنی پاڵێوگە كۆنەكەی كەركوك، ئەوە هەم كاتی كەم دەوێت‌و هەمیش پارەیەكی كەم. هاوكات چەندین كۆمپانیا ئامادەییان دەربڕیوە كە پاڵێوگەی نوێ لە شارەكەدا دابمەزرێنن».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP