کێ له‌ واشنتۆن بڕیار ده‌دات؟
کێ له‌ واشنتۆن بڕیار ده‌دات؟ ‌ ئا:کوردستانی نوێ ‌ 20/3/2017
په‌نچاو پێنچ رۆژ به‌سه‌ر ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپدا تێده‌په‌رێت، لێ هێشتا زۆرێک له‌ پۆسته‌ وەزارییه‌ گرنگه‌کان به‌ به‌تاڵی ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆته‌ مایه‌ی گرنگی پێدانی زۆربه‌ی میدیاکانی جیهان. 
جه‌نگی کۆشكی سپی و وەزاره‌ته‌کان
رۆژنامه‌ی « النهار» لوبنانی له‌ راپۆرتێکیدا پێی وایه‌، له‌ئێستادا جه‌نگێکی گه‌وره‌ له‌نێوان به‌رپرسه‌کانی کۆشكی سپی و وەزاره‌ته‌کاندا هه‌یه‌، چونکه‌ تیمه‌که‌ی دۆناڵد تره‌مپ، ده‌یانه‌وێت هه‌موو پۆسته‌ گرنگه‌ وەزارییه‌کان، خۆیان دایبنێن، ئه‌مه‌ له‌کاتێكدا پێشتر ئه‌م کاره‌ له‌سنووری ده‌سه‌ڵاتی وەزاره‌ته‌کاندا بووه‌، به‌تایبه‌تی پۆسته گرنگه‌کانی هه‌ردوو وەزاره‌تی به‌رگریی و ده‌ره‌وه‌. 

جه‌نگ له‌گه‌ڵ حزب
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ رۆژنامه‌که‌ پێی وایه‌، تیمه‌که‌ی تره‌مپ له‌کۆشكی سپی ته‌نها جه‌نگی له‌گه‌ڵ وزاره‌ته‌کان نییه‌، بگره‌ جه‌نگیشی له‌گه‌ڵ حزبه‌که‌ی « پارتی کۆماری» هه‌یه‌، چونکه‌ به‌پێی نه‌ریتی سیاسی ئه‌مریکا، به‌شێکی زۆری پۆسته‌ گرنگه‌کان، ده‌درێت به‌که‌سایه‌تیی و سه‌رکرده‌ دیاریه‌کانی حزبه‌که‌ی سه‌رۆک، به‌ڵام به‌هۆی ناڕازیی بوونی به‌شێک له‌و که‌سایه‌تیانه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد تره‌مپ وه‌کو سه‌رۆکی ئه‌مریکا، کۆشكی سپی نایه‌وێت هیچ پۆستی حکومی گرنگیان بداتێ و بگره‌‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت سزای ئه‌و که‌سانه‌ بدات، که‌ دژی هه‌ڵبژردانی بوون. 

ده‌وڵه‌تی قووڵ
رۆژنامه‌که‌ پێی وایه‌،‌ به‌شێک له‌ تیمه‌‌که‌ی دۆناڵد تره‌مپ له‌کۆشكی سپی ، ترسیان له‌وه‌یه‌، که‌ ده‌زگای بیرۆکراتی ئه‌مریکا  یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن «ده‌وڵه‌تی قووڵ» به‌تایبه‌تی ده‌زگای هه‌واڵگری و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌و به‌رگری‌، به‌شێک له‌کارمه‌نده‌کانیان هۆگریان بۆ ئۆباما و پارتی دیموکراتی هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت رێگری گه‌وره‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌م  بڕیاره‌کانی سه‌رۆک تره‌مپ. هه‌رئه‌مه‌ش وایکردووه‌، که‌ تره‌مپ و تیمه‌که‌ی سیاسه‌تی « پاکردنه‌وه‌ی « ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت  بگرنه‌ به‌ر‌و هه‌موو ئه‌وکه‌سانه‌ی که‌ هۆگریان بۆ تره‌مپ نییه‌، له‌کاره‌که‌ی ده‌ریبکه‌ن.


دژایه‌تیکردنی وەزاره‌ته‌کان
له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌که‌دا، ڕۆژنامه‌که‌  باس له‌و جه‌نگه‌ ئاشكرایه‌ ده‌کات که‌ تیمه‌که‌ی تره‌مپ له‌گه‌ڵ وەزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ده‌یکه‌ن، به‌تایبه‌تی هه‌ردوو راوێژکاری نزیکی تره‌مپ، ستیفن بانون راوێژکاری کاروباری ستراتیژی و جارید کۆشنه‌ری زاوای تره‌مپ، که‌ئه‌م دوانه‌ ده‌یانه‌وێت خۆیان بڕیاری سیاسی ئه‌مریکا بدده‌ن، بۆنموونه‌ له‌ هه‌فته‌ی پێشوودا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ مه‌کسیک سه‌ردانی ئه‌مریکای کردو چاوی به‌ جارید کۆشنه‌ر که‌وت، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا وته‌بێژی وزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ رایگه‌یاند: ئاگایان له‌و سه‌ردانه‌ نییه‌. 

به‌کارهێنانی ڤیتۆ له‌دژی بڕیاره‌کانی وەزاره‌تی ده‌ره‌وه‌
له‌ماوه‌ی پێشوودا  کۆشكی سپی مافی ڤیتۆی له‌دژی بڕیاره‌کانی وەزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌کارهێنا، به‌تایبه‌تی کاتێک ریکس تیله‌رسۆنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بڕیاریدا ئه‌لیوت ئابرامز وه‌کو جێگری خۆی دابنێت، کۆشکی سپی دژی ئه‌م بریاره‌ وه‌ستایه‌وه‌، چونکه‌ پێشتر ئابرامز دژی هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ  بوو. هه‌رئه‌مه‌ش وایکردووه‌ هه‌تاوه‌کو ئێستا پۆستی « جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و به‌رپرسی دۆسێی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین» له‌ وەزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ دانه‌نرێت.
دژایه‌تیکردنی وەزاره‌تی به‌رگری
ڕۆژنامه‌که‌ ده‌ڵێت: جه‌نگه‌که‌ ته‌نها وەزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی نه‌گرتۆته،‌ بگره‌ وەزاره‌تی به‌رگریشی گرتۆته‌وه‌، بۆنموونه‌ پێشتر جیمس ماتیس وه‌زیری به‌رگری، ده‌یویست  میشێل فلۆرنوی بکاته‌ جێگری خۆی ، به‌ڵام کۆشکی سپی دژی ئه‌م بڕیاره‌ وه‌ستایه‌وه‌، چونکه‌ پێشتر فلۆرنوی له‌ ئیداره‌ی ئۆباما کاریکردووه‌. کێشه‌که‌ گه‌وره‌تر بوو، کاتێک جیمس ماتیس ویستی    ئان باته‌رسۆن سه‌فیری پێشووی ئه‌مریکا له‌میسر بکاته‌ یاریده‌ده‌ری بۆ کاروباری سیاسی، به‌ڵام کۆشكی سپی دژی ئه‌م بڕیاره‌ش وه‌ستایه‌وه‌، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی هیچ هه‌ڵوێستێکی توندی دژ به‌ « ئیخوان المسلمین» نه‌بووه‌. 


ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیشی گرته‌وه‌
رۆژنامه‌که‌ پێی وایه‌ ، تیمه‌که‌‌ی تره‌مپ دژایه‌تی هه‌موو ده‌زگاکانی حکومه‌ت ده‌که‌ن و ئه‌م جه‌نگه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیشی گرتۆته‌وه‌،  کاتێک ئایتش ، ئار، ماکماسته‌ر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی،   نه‌یتوانی به‌رپرسێک له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی ده‌ربکات، چونکه‌  ستیفن بانون و جارید کۆشنه‌ر پشتگیریان لێکردو قه‌ناعه‌تیان به‌ تره‌مپ کرد، که‌ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌پۆسته‌که‌ی خۆی بمێنێته‌وه‌. 
هه‌موو ئه‌مانه‌ش وایکردووه‌ که‌ ئایا تاچه‌نده‌ تره‌مپ و تیمه‌که‌ی ده‌توانن، بڕیاره‌کانی خۆیان به‌سه‌ر ده‌زگا حکومیه‌کانی ئه‌مریکا بسه‌پێنن و ئه‌م جه‌نگه‌ش تاچه‌نده‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7227
29/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پێشمه‌رگه‌ لە نازناوی پاڵەوان نزیکە 29/3/2017
‌ پێوه‌ره‌كان كامانه‌ن و كام راهێنه‌ر زۆرترین مه‌رجی تیادایه‌؟ 29/3/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مۆنالیزا زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كات؟ 29/3/2017
‌ سه‌وزه‌مه‌نی له‌ جه‌مسه‌ری باكوور 29/3/2017
‌ ماره‌ قاوه‌ییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر دوورگه‌یه‌كی ئۆقیانووسی هێمن 29/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP