رێکه‌وتننامه‌‌ی (11)ی ئازاری (1970)، له‌ نێوان دوێنێ‌و ئه‌مڕۆدا
رێکه‌وتننامه‌‌ی (11)ی ئازاری (1970)، له‌ نێوان دوێنێ‌و ئه‌مڕۆدا ‌ 19/3/2017
د. حسێن محەمەد عەزیز
شۆڕشی باشووری کوردستان، رۆژی (11/9/1961) ده‌سیپێکرد، تا ساڵی (1970)، چه‌ند جارێک له‌نێوان سه‌رکردایه‌تیی شۆڕش‌و ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (عیراق)دا گفتوگۆکرا‌، به‌ڵام گرنگترینیان گفتوگۆ‌ و رێکه‌وتننامه‌که‌ی (11/3/1970) بوو. واته تا ئه‌و کاته‌، خه‌باتی رامیاریی‌و چه‌کداریی‌، ماوه‌ی (8) ساڵ‌و (4) مانگی خایاند. دوای ئه‌وه‌ی هه‌زاران قوربانیی دراو زیانێکی زۆریش، له‌ گه‌له‌که‌مان که‌وت، سه‌رکردایه‌تی شۆڕش توانیی، سه‌رکه‌وتنێکی مه‌زن به‌ده‌ست بهێنێت. 
رێککه‌وتننامه‌که‌ بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ، جه‌نگی له‌نێوان هه‌ردوولادا راگرت. بێگومان، هه‌ردوولاشیان که‌ڵکیان له‌ وه‌ستانی جه‌نگه‌که‌ وه‌رگرت. به‌ڵام (به‌عس) به‌شی شێری به‌رکه‌وت. چونکه‌ ئه‌نجامه‌که‌ی له‌به‌ر ده‌سماندایه‌و پێویست به‌فاڵگرتنه‌وه‌ ناکا!‌ جگه‌ له‌‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی (به‌عس)، له‌ رووه‌کانی رامیاریی، دیپلۆماسیی، ئابووریی و سه‌ربازییه‌وه‌، زۆر لاوازبوو، له‌ ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌‌دا توانی، به‌ ده‌یان نه‌خشەو‌ پلانی گڵاو، دژی شۆڕش‌و گه‌لی کورد جێبه‌جێ بکات‌و زۆر که‌ڵکی لێ وه‌ربگرێت. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، بۆ شۆڕشی کورد، زیانی له‌ قازانجی پتربوو!
ئێستا کە(47) ساڵ، به‌سه‌ر ئه‌و رێکه‌وتننامه‌یه‌دا تێپه‌ڕده‌بێ. له‌‌م ماوه‌یه‌دا، گه‌لێ گۆڕانکاریی گه‌وره‌و گرنگی نه‌ته‌وه‌یی، رامیاریی، ئابووریی، کۆمه‌ڵایه‌تیی، که‌لتووریی ...، هه‌م به‌سه‌ر بیرو هۆشی جه‌ماوه‌ر، هه‌م به‌سه‌ر کوردستان‌و ناوچه‌که‌و جیهاندا هاتووه‌. بۆیه‌ ده‌بێ، ئاوڕێکی به‌ویژدانانه‌، له‌و رێکه‌وتننامه‌یه بده‌ینه‌وه‌، له‌ روانگه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه‌ هه‌ڵیبسه‌نگێنین. 
ئاشکرایه کاتی خۆی، ڕێکه‌وتننامه‌‌که جێیه‌کی پڕ له‌ شانازیی‌و پرشنگداری، له‌ مێژووی جووڵانه‌وه‌ی رامیاریی و خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی گه‌لی کورددا، بۆ خۆی داگیرکرد‌. ده‌نگێکی زۆر گه‌وره‌شی، له‌ ده‌زگه‌کانی راگه‌یاندنی ناوچەکەو جیهاندا دایه‌وه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، مانگه‌شه‌و هه‌ر سه‌رله‌ئێواره‌ دیاربوو، چونکه هێندێ که‌لێنی تێدابوو. وا دیاره‌ لێپرسراوانی (شۆڕش)، په‌له‌یه‌کی زۆریان له‌ مۆرکردنیدا کردبێ‌، ته‌نیا مه‌به‌ستیشیان ئه‌وه‌بوو‌بێ‌، له‌گه‌ڵ (به‌عس)دا پێکبێن، ئه‌گینا:
1-کورده‌ گوندنشینه‌کان، بۆ شوێنه‌کانی خۆیان نه‌گه‌ڕابوونه‌وه‌.
2-سنووری ناوچه‌ی (ئۆتۆنۆمیی) ده‌ستنیشان نه‌کرابوو.
3-شاڵاوی به‌عه‌ره‌بکردنی ناوچە ستراتیژییه‌کانی (که‌رکوک، خانه‌قین، شه‌نگار، زه‌مار ...) نه‌وه‌ستابوو.
4-باسی سامانی سروشتیی ژێرزه‌وی (کوردستان) نه‌کرابوو.
5-گرفتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپای شۆڕشگێڕی (کوردستان)، هه‌روا به‌هه‌ڵواسراو‌‌ی مابۆ‌وه‌.
6-عه‌ره‌به ده‌شته‌کییه‌ هێنراوه‌کان، بۆ ناوچه‌کانی خۆیان نه‌گه‌ڕێنرابوونه‌وه‌و پڕۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بکردن، هه‌ر به‌رده‌وامبوو.
7-شاڵاوی ده‌رکردنی کورده‌ فه‌یلییه‌کان رانه‌گیرابوو.
8-سه‌رانی (به‌عس) به‌شێوه‌کی به‌رده‌وام، گوتاریان ده‌داو ده‌یانگوت: (عیراق به‌شێکه‌ له‌ خاکی عه‌ره‌ب‌و گه‌لی عیراقیش به‌ کوردو عه‌ره‌به‌وه‌، به‌شێکن له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب)1 ئه‌مه‌شیان لە ده‌ستووری کاتیی (عیراق)دا جێگیر کردبوو!
9-له‌ (موسڵ) باره‌گا‌ی (پارتی)یان سووتاند.
10-به‌ به‌رده‌وامیی، ‌هه‌و‌ڵی کڕینی هێندی له‌ سه‌رکرده‌کانی (پارتیی) و شۆڕشیان ده‌دا. 
11-دوو جار هه‌وڵیاندا، سه‌رۆک بارزانی له‌ناوبه‌رن‌و له‌ به‌غداش، ته‌قه‌یان له‌ (ئیدریس بارزانی) کرد.
12-زۆر له‌ کادرانی (پارتی)و هاووڵاتیانی دیکه‌، تووشی راونان، خۆشاردنه‌وه‌، گرتن، ئازار، تۆقاندن‌و له‌ناوبردن بوون. هێندێ کورده‌په‌روه‌ریشیان ‌گرت‌و له‌گرتووخانه‌کانی (به‌غدا) تووندیانکردن. 
13-دژی شۆڕشی کورد، به‌ره‌یان له‌گه‌ڵ (پارتی کۆمۆنیستی عیراق) کرده‌وه‌.
14-نه‌وتیان خۆماڵیکرد، بێ ئه‌وه‌ی پرس به‌ سه‌رانی کورد بکه‌ن!
په‌ندی مێژوویی
له‌ راستییدا، رێکه‌وتننامه‌که‌ له‌ئه‌نجامی زۆرانبازییه‌کی رامیاریی درێژخایه‌ن‌و جه‌نگێکی خوێناویی سه‌ختی، نێوان سه‌رانی شۆڕش‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عیراق هاته‌کایه‌وه‌. کورد به‌ زه‌بری لووله‌ی تفه‌نگ و ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌، ئه‌و مافه‌ی له‌ دوژمنی داگیرکه‌ر سه‌ند. به‌ڵام ئەگه‌ر هه‌ردوولایان، ئه‌و رێکه‌وتننامه‌یه‌یان بۆ تاکتیک و له‌ناچاریدا مۆرنه‌کردبێ، ئه‌وا سه‌رانی (به‌عس)، له‌ سه‌داسه‌د بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، ئه‌و کاره‌یانکردووه‌. هه‌ر زووش ده‌رکه‌وت، ئه‌و هه‌نگاوه‌یان، له‌ باوه‌ڕێکی مرۆڤپه‌روه‌رانه‌و مافی چاره‌نووسی گه‌لانه‌وه‌ نه‌ناوه‌، به‌ڵکو ناچاربوون، وه‌ک تاکتیک بۆ ماوه‌یەک،‌ جه‌نگ له‌ (کوردستان) راگرن، تا هه‌موو برینه‌کانی خۆیان ده‌لێسنه‌وه‌، له‌ ده‌س یه‌کبه‌یه‌کی گرفته‌کانیان رزگاریانده‌بێت‌و جێپێی خۆیان به‌ ته‌واویی قایم ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ته‌ (حه‌ردان تکریتی) له‌ بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆیدا، دانی به‌‌و راستییه‌دا ناوه‌و نووسیوێتی: (پێش 11ئازار به‌ دوو مانگ، دوا هه‌وڵماندا، بۆ له‌ناوبردنی جووڵانه‌وه‌که‌و سه‌رکه‌وتوو نه‌بووین. بۆ کۆتاییهێنان به‌ جه‌نگ بڕیارماندا، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ (مه‌لا) بکه‌ین. چونکه‌ ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێکی دوورودرێژی ده‌داینێ، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتمان له‌کیس نه‌چێ. مه‌به‌ست له‌ گفتوگۆکردنه‌که‌ ئه‌وه‌بوو، له‌سه‌ر هه‌موو داواکارییه‌کانی (مه‌لا) قایلبین. بۆئه‌وه‌ی هه‌وڵی گه‌مارۆدانی بده‌ین، یا کوده‌تایه‌کی سه‌ربازیی دژ بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌و زیره‌کترو به‌هیزتربوو، پتر شاره‌زای شێوه‌کانی مانۆڕه‌کردنی رامیاریی‌و سه‌ربازیی بوو.) پاشان نووسیوێتی: (له‌ راستییدا، ئێمه‌ هیچ رۆژێ بۆ کورده‌کان دڵسۆز نه‌بووین، له‌ پاشه‌ڕۆژیشدا ناتوانین، بۆیان دڵسۆزبین. گه‌ر تا ئێستا‌ش کورده‌کان، به‌ کرده‌وه‌ ئه‌وه‌یان بۆ روون نه‌بووبێته‌وه‌، هه‌ر بۆیان ده‌رده‌که‌وێ.) 2 
لێره‌دا په‌ندی مێژوویی ئه‌وه‌یه‌: شۆڕشه‌که‌ له‌ ڕووی ستراتیژی شۆڕشگێرانه‌، تاکتیکی ڕامیاریی‌و سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌ژاربوو. باوه‌ڕه‌کانی له‌ ئایدۆلۆژیایه‌کی ره‌سه‌نی کوردییه‌وه‌ هه‌ڵنه‌قووڵابوو. سه‌رکردایه‌تی شۆڕش، به‌ هه‌موو ئه‌و ده‌سدرێژییانه‌ی (به‌عس) قایلبوو، له‌ شوێنی خۆی چه‌قیبوو، نه‌ده‌جووڵا، هه‌له‌ مێژووییه‌که‌شی له‌ده‌سداو چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بوو، (به‌عس) له‌ ده‌س یه‌ک به‌یه‌کی گرفته‌ رامیاریی و ئابوورییه‌کانی رزگاریبێ، هێزه‌کانی خۆی کۆکاته‌وه‌، رێکیان بخات، ئینجا سه‌رله‌نوێ په‌لاماری (کوردستان)و شۆڕشه‌که‌ی بداته‌وه‌!
سه‌رکردایه‌تیی شۆڕش، (4) ساڵی رێکه‌وتنه‌که‌ی، وه‌ک قاپ قورعان له‌ مل کردبوو، نه‌یده‌زانی، درێژه‌دان به‌‌و ماوه‌یه‌، له‌ قازانجی کورددا نییه‌، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ قازانجی (به‌عس) ده‌شکێته‌وه‌. کاتێکیش (به‌عس) سه‌ری له‌ ئاسمان توندکردو هه‌ردوولاقیشی، له‌سه‌ر زه‌وی چه‌قاند، له‌ زۆربه‌ی به‌ڵێنه‌کانی خۆی په‌شیمانبۆ‌وه‌، جه‌نگی دژی گه‌لی کورد ده‌ستپێکرده‌وه‌. چونکه‌ سه‌رکرده‌کانی شۆڕش، له‌ ئاستی لێپرسینه‌وه‌دا نه‌بوون، ره‌وشی ناوخۆ، ناوچه‌که‌و جیهانیان، باش هه‌ڵنه‌سه‌نگاندبوو، ستراتیژێکی نه‌ته‌وه‌یی راسته‌قینه‌، تاکتیکێکی بزۆزو جووڵاوی شۆڕشگێرانه‌یان نه‌بوو، هه‌ر له‌سنووری درووشمی برایه‌تی درۆزنانه‌، کۆماری هاوبه‌شی کوردو عه‌ره‌ب، به‌رژه‌وه‌ندیی پڕۆلیتاریای (عێراق)و خولگه‌ی داواکاریی (ئۆتۆنۆمیی)دا ده‌خولانه‌وه‌. هه‌له‌ مێژووییه‌کانیشیان پشتگوێخست. 
له‌کاتێکدا جه‌نگیان ده‌ستپێکرده‌وه‌، ده‌بوو، نه‌یکه‌ن. له‌کاتێکیشدا جه‌نگ ده‌ستی ماچ ده‌کردن، خۆیان لێ لاده‌دا. بۆیه‌ شۆڕش هه‌ره‌سی هێناو پیلانه‌کانی (به‌عس)ی داگیرکه‌ریش سه‌رکه‌وت! 
1-جه‌مال نه‌به‌ز، کوردستان‌و شۆڕشه‌که‌ی، 1985، ل 327.
2-حردان التکریتی، کنا عصابه‌ من اللصوص و القتله‌ خلف میلیشیات صدام للاعدام، 1990، ص (104-105).


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7342
16/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ماڵئاواییه‌کی خه‌مناک 16/8/2017
‌ پریمه‌رلیگ، له‌ نێوان له‌سه‌ركارلابردنی راهێنه‌ران و زۆری رێژه‌ی هانده‌راندا 16/8/2017
زانست
‌ چاوه‌ڕوان مه‌به‌ تینووت بێت .. هه‌میشه‌ ئاو بخۆره‌وه‌ 16/8/2017
‌ خانمی ئاسمان، له‌ نێوان ڕابتۆری ئه‌مریكی و( T-50) روسیی دا 16/8/2017
‌ ژیان لە دەرەوەی زەوی دەدۆزرێتەوە 14/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP