راپه‌ڕینی پێنجی  ئازار، له‌هه‌ناوی یه‌كێتیدا
راپه‌ڕینی پێنجی ئازار، له‌هه‌ناوی یه‌كێتیدا ‌ 19/3/2017
ئیدریس محه‌مه‌د
مانگرتن‌و خۆپیشاندان‌و ڕاپه‌ڕین‌و هه‌ر شیوازێكی تری خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و جه‌ماوه‌ریی، دیارده‌یه‌كی سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، به‌تایبه‌تی له‌ باشووری كوردستان ده‌رهاویشته‌و لێكه‌وته‌ی شۆڕشی نۆیی گه‌له‌كه‌مانن، كه‌ زیاتر چڕبوونه‌وه‌و قووڵبوونه‌وه‌ بووه‌ له‌سه‌ر ره‌هه‌ندی پشت به‌خۆبه‌ستن له‌ناوخۆداو، فاكته‌ری ده‌ره‌كیش وه‌ك هاوسه‌نگی راگرتن‌و یارمه‌تیده‌ری خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و سیاسی‌و دیبلۆماسی سه‌یری كراوه‌، ئه‌ده‌بیاتی به‌رگریی‌و به‌رخودانی پاراستنی بوون‌و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تێدا به‌رجه‌سته‌بووه‌، كه‌ دواجار راپه‌ڕینی چه‌كداریی له‌(5/3)ی ئازاری ‌ساڵی(1991) دا وه‌ك جه‌نگێكی رزگاریی نیشتیمانی، جێ په‌نجه‌و شوێن ده‌ستی خۆیی له‌ مێژووی نوێ ژیانێكی ئازاددا تۆماركرد، كه‌ راپه‌ڕین دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووریی‌و سیاسی بێت له‌ ئه‌نجامی زه‌مینه‌سازی‌و هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی خۆیدا هاتبێته‌ كایه‌وه‌،‌ كه‌ ململانێ‌و ناكۆكی‌و به‌یه‌كداچوونی دژه‌كان بگاته‌ ئاستێك، لێكترازانی پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی لێ بكه‌وێته‌وه‌، راپه‌ڕین ببێته‌ به‌گژداچوونه‌وه‌ به‌رامبه‌ر سته‌می داگیركه‌رانی كوردستان كه‌ گه‌یشته‌ ترۆپكی جینۆساید. راپه‌ڕین، راپه‌ڕینێكی نه‌خشه‌ بۆكێشراو بوو، كه‌ به‌ره‌ی كوردستانی به‌گشتی‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بزوێنه‌رو ئه‌ندازیاری هه‌نگاو به‌هه‌نگاوی بووه‌.
راپه‌ڕینی(5)ی ئازاری ساڵی(1991) ئه‌زموونی له‌هه‌موو ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندان‌و راپه‌ڕینه‌كانی پێش خۆی وه‌رگرتووه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجه‌ جیاوازه‌كان به‌پێی كات‌و شوێن، كاریگه‌ریی پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی‌و ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی‌و خه‌باتی سیاسی‌و دیپلۆماسی‌و گه‌وره‌یی‌و مه‌ترسی (جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو) زه‌مینه‌ی راپه‌ڕینه‌كه‌ی باشتر ره‌خساندو یه‌كێتیی نیشتمانیی وه‌ك بزوێنه‌ری به‌هێزو كاریگه‌ری ناو به‌ره‌ی كوردستانی به‌هاوكاریی هێزو حزبه‌ سیاسییه‌كانی تر نه‌خشه‌ی راپه‌ڕینی به‌سه‌رخستن گه‌یاند، روونتر بڵێین راپه‌ڕین هه‌ڵچوونێكی خۆڕسكی جه‌ماوه‌ریی نه‌بووه‌، وه‌ك هه‌ندێ كه‌س‌و گروپ‌و حزب به‌ر‌ژه‌وه‌ندییان له‌وه‌دایه‌ كه‌ وای لێكبده‌نه‌وه‌و ئه‌و شكۆمه‌ندی‌و شانازییه‌ مێژووییه‌ له‌ یه‌كێتی وه‌ربگرنه‌وه‌، ساڵانه‌ له‌یادی راپه‌ڕیندا، چه‌واشه‌كارانه‌و خۆڵ كردنه‌ چاوی نه‌وه‌ی نوێ‌و ژه‌نگاویكردنی بیرو هزری مێژوویی كۆمه‌ڵێك بانگه‌شه‌و  واته‌واتی به‌حزبیكردنی یادی راپه‌ڕین بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌رێ به‌ڕاست یه‌كێتی بۆی نییه‌ باسی شكۆمه‌ندیی‌و سه‌روه‌رییه‌كانی بكات، كه‌ به‌خوێنی شه‌هیده‌كانی‌و قوربانییه‌كانی لاپه‌ڕه‌كانی به‌رخودانی كوردانی جه‌سورانه‌ نه‌خشاندووه‌؟ 
لێره‌دا دیسان به‌پێویستی ده‌زانم په‌نا بۆ به‌ڵگه‌و ژماره‌و دیكۆمێنته‌كان به‌رین:
ئاماری سه‌رجه‌م شه‌هیدانی هه‌موو كوردستانمان له‌لایه‌كه‌ كه‌ له‌ ڕاپه‌ڕینی(5)ی ئازاری(1991)دا بوونه‌ رێبواری هه‌ڵگری مه‌شخه‌ڵی رزگاریی‌و ئازادی، له‌(5/3/1991)ه‌وه‌ تا (21/3/1991) كه‌ رزگاركردنی كه‌ركوك بووه‌و به‌شه‌هیدانی راپه‌رین داده‌نرێه‌ له‌دوای (21/3/1991) كه‌ نسكۆیه‌كی كاتی  راپه‌رین  بووه‌، به‌شه‌هیدانی  به‌رگریی  له‌ گه‌لی كوردستان داده‌نرێت، له‌ماوه‌ی ئه‌و(16) رۆژه‌ی راپه‌ڕیندا كه‌ كه‌ركوكیشی تێدا ئازادكرا، رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌رین‌و پایته‌خی ئازادیی (76) شه‌هیدی به‌خشیووه‌ به‌ئازادیی كوردستان، به‌پێی كات‌و شوێن‌و ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان له‌به‌رواری (5/3وه‌ تا 21/3/1991) له‌ ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوانی راپه‌رین‌و وه‌زاره‌تی  شه‌هیدان تۆماركراوه‌، له‌ناو رانیه‌و ده‌وروبه‌ری (32) شه‌هید هه‌بووه‌، له‌ناحیه‌ی حاجیاوا (25) شه‌هیدی داوه‌، ناحیه‌ی  چوارقوڕنه‌ (18) شه‌هیدی داوه‌، ناحیه‌ی سه‌روچاوه‌و خۆشناوه‌تی (1)شه‌هیدی هه‌بووه‌، واته‌ ئاماره‌كان  پێمان ده‌ڵێن راپه‌رین له‌هه‌ناوی كام حزب‌و هێزدا وه‌ك ژیله‌مۆ گه‌شایه‌وه‌و تروسكایی خۆیی گه‌یانده‌ دوا سنووری ته‌عریب كراوی كوردستان، له‌ناو ئه‌و ژماره‌ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌ شكۆمه‌ندانه‌دا (5) شه‌هیدیان شه‌هیدی  هاووڵاتی بوون ئه‌وانیش (ژن‌و منداڵ) كه‌ به‌ تۆپ و هاوه‌ن  شه‌هید بوون.
به‌هه‌موو هێزو  حزبه‌كانی  تری  ناو به‌ره‌ی كوردستانی  له‌وانه‌ (پارتی‌و  سۆشیالیست‌و شیوعی) له‌ (5/3)دا  له‌ڕانیه‌و حاجیاواو  ده‌روبه‌ری  ته‌نیا (4) شه‌هیدیان هه‌یه‌ كه‌ شه‌هیدی شكۆمه‌ندی  راپه‌رین‌و گه‌لی  راپه‌ڕیووی  كوردستان‌و هه‌ڵگری ناسنامه‌ی وانن، شه‌هید(گوڵه‌باخ) كچه‌ شۆڕشگێڕی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ له‌ (5/3)دا له‌سه‌ر  ڕزگاركردن‌و په‌لاماردانی ده‌زگای هه‌واڵگریی به‌عس شه‌هیدبوو له‌ رانیه‌.
لێره‌وه‌  وێنه‌كه‌ له‌ پێش چاوی هه‌مووان ڕوونه‌، له‌ئێستاو  ئاینده‌شدا ناتوانرێ مێژوو چه‌واشه‌ بكرێت‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كان گه‌واهیده‌رێكی هه‌میشه‌ زیندوو ده‌بن، راپه‌رین یه‌كێتی  داینه‌مۆكه‌ی بووه‌و جه‌ماوه‌ری چۆشدراوی  یه‌كێتی‌و كوردستان، ئه‌و چۆشدانه‌بوو كه‌ به‌ خوێنی  خۆیان رێگایان رۆشن كردووه‌،
رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین (76)شه‌هیدو فه‌رمانده‌ی به‌خشیووه‌ به‌ ئازادیی كوردستان كه‌ (66) شه‌هیدیان رۆڵه‌ی گیانبازی یه‌كێتی‌و گه‌له‌كه‌مان بوون، كاتێك رژێم توانیی به‌هاوكاریی رێكخراوی تیرۆرستی موجاهیدین‌و پاشماوه‌ی هێزه‌ شكستخواردووه‌كه‌ی په‌لاماری كوردستان بداته‌وه‌و كۆڕه‌وی ملیۆنی دروست بێت، پێویسته‌ به‌ ده‌نگێكی زوڵاڵ بگوترێ كه‌ هێزه‌كانی یه‌كێتی بوون توانیان پیشره‌وییه‌كانی رژێمی به‌عس له‌چیای ئه‌زمڕ بووه‌ستێنن، شانه‌ چه‌كداره‌كانی بروسك‌و هێزی پیشمه‌رگه‌و به‌فه‌رمانده‌یی شه‌هیدان (بكری مه‌لا قادرو علی نه‌بی) پیشڕه‌وییه‌كانی رژێمیان له‌ قه‌زای دوكان‌و باداوان به‌تێك شكاندنیان پاشه‌كشه‌یان پێ كرا، له‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌تایبه‌ت له‌ شه‌ڕی كۆڕێ به‌ فه‌رمانده‌یی شه‌هیدان (حه‌سه‌ن كوێستانی‌و ته‌حسین كاوانی‌و شه‌هیدی زیندوو كاك كۆسره‌ت)و ده‌یان فه‌رمانده‌ی تر داستانی كۆڕێ تۆماركرا‌و به‌م شێوه‌یه‌ رژێم ناچار به‌ گفتوگۆ كرا له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی كوردستانی‌و سه‌ره‌ه‌نجام رژێم له‌ئاستی راپه‌ڕینه‌كانی مانگه‌كانی ته‌ممووزو ئابی ساڵی (1991) له‌ شاری سلێمانی توانای خۆڕاگریی نه‌ماو بڕیاری كشانه‌وه‌ی ئیداریی دا‌و شه‌ڕێكی نوێی به‌رامبه‌ر كوردستان ده‌ستپێكرد كه‌ شه‌ڕی برسیكردن بوو و ئابڵوقه‌ی ئابووری خسته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، راپه‌ڕینی شكۆداری ئازاری (1991)كه‌ راپه‌رینی چه‌كداریی سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بووه‌، هه‌ڵمه‌ت‌و هێرش‌و پاككردنه‌وه‌ی شه‌قام به‌شه‌قام‌و شار به‌شاری كوردستان بووه‌، ئامانجه‌ گشتییه‌كانی رزگاركردنی خاكی داگیركراوه‌ی كوردستان بووه‌ له‌ دوومه‌ڵه‌كانی سه‌ر دڵی خاك‌و دامه‌زراوه‌ گشتگیرییه‌ سه‌ربازییه‌كانی فاشیزمی به‌عس، له‌پێناوی به‌ئه‌نجام گه‌یشتنیدا، هه‌موو چین‌و تویژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و جه‌ماوه‌رییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌ریه‌كه‌ به‌پێی تواناو سه‌نگی خۆی به‌شداریی كاریگه‌رانه‌ی هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌و مه‌رجی سه‌ره‌كیی سه‌ركه‌وتنی راپه‌رینه‌كه‌ بووه‌.
سازدانی خۆپیشاندان‌و راپه‌ڕینه‌كان
به‌كورتی یه‌كێك له‌ شیوازه‌كانی جۆشدانی خه‌بات‌و كاری ریكخراوه‌یی له‌ شۆڕشی نوێدا به‌ڕابه‌رایه‌تیی (یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان) پشت به‌ستن‌و بڕوابوون بووه‌ به‌ هێزی له‌شكان نه‌هاتووی جه‌ماوه‌ر، نووسین‌و راگه‌یاندن‌و ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ری به‌رگریی به‌ نووسراوو بیستراوه‌وه‌، له‌سه‌ر به‌هێزكردنی هۆكاری ناوخۆیی مكوڕبوون‌و پیداگریی كردووه‌ بۆ پشتبه‌ستن به‌ تواناكانی گه‌ل، هۆكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك هۆكارێكی یاریده‌ده‌ر به‌رچاو گرتووه‌، ئه‌م چه‌مكه‌ له‌ تێكۆشانی نوێدا، له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی ره‌وتی شۆڕشدا كاریگه‌ریی ده‌روونیی ریكخراوه‌یی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌و متمانه‌ به‌خۆبوونی له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی كوردستان داناوه‌، به‌سته‌ڵه‌كی شه‌خته‌به‌ندی ترس‌و تۆقاندنی تواندۆته‌وه‌.‌
له‌ناوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی حه‌فتاكان‌و ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا كۆمه‌ڵكوژكردن‌و سوتماك‌و وێرانكردن‌و تیرۆری جه‌سته‌یی‌و ده‌روونی‌و ژینگه‌یی‌و په‌روه‌رده‌یی، رژێمی ئه‌وسای عیراق به‌رامبه‌ر دانیشتوانی كوردستان گه‌یشته‌ لوتكه‌ی دڕندایه‌تی‌و فاشیزمی عروبیی به‌عس، كه‌ تێیدا هه‌موو یاساكانی شه‌ڕی به‌رامبه‌ر مرۆڤ‌و خاك‌و ژینگه‌ی كوردستان پێشێلكردووه‌، هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی قه‌ده‌غه‌كراوی تێدا تاقیكرده‌وه‌و ئه‌زموونی كرد، جگه‌ له‌چه‌كی ئه‌تۆمی‌و هایدرۆجینی ئه‌وانه‌شی نه‌بوو، ئه‌گه‌رنا سڵی له‌به‌كارهێنانی ئه‌وانه‌ش نه‌ده‌كرده‌وه‌.
ته‌نانه‌ت له‌وكات‌و سه‌رده‌مه‌دا شێوازه‌كانی خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و تاده‌گاته‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌به‌عس بوون‌و به‌عه‌ره‌ب بوون، به‌رده‌وام بووه‌ كه‌ ده‌رفه‌ته‌ لێره‌دا باسی هه‌ندێ له‌و مانگرتن‌و خۆپیشاندان‌و راپه‌ڕینانه‌ بكه‌ین، كه‌ به‌زۆری سنووری هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی‌و كه‌ركوكی گرتۆته‌وه‌‌و پڕیشكی مانگرتن‌و خۆپیشاندانه‌كان گه‌یشتۆته‌ هه‌ولێرو قه‌زاكانی ده‌وروبه‌ری:
1-خۆپیشاندان‌و ڕاپه‌ڕینی ساڵی(1981) له‌پێنجوێن.
2-خۆپیشاندان‌و ڕاپه‌ڕینی (24/4/1982) قه‌ڵادزێ، كه‌ له‌قه‌ڵادزێ ده‌ستیپێكردو خۆپیشاندانێكی نه‌خشه‌ بۆكێشراوی ئامانج روون بووه‌، له‌لایه‌ن رێكخستنه‌ نهێنییه‌كانی یه‌كێتی‌و به‌پشتیوانیی‌و نزیكیی هێزی پیشمه‌رگه‌، سه‌رپه‌رشتی‌و ئاڕاسته‌ ده‌كرا كه‌ زۆربه‌ی شارو قه‌زاو ناحیه‌و كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێیه‌كانی گرته‌وه‌، دوژمن ناچاركرا به‌وه‌رگرتن‌و جێبه‌جێكردنی به‌شێك له‌ داواكاریی‌و داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیوو.
خۆپیشاندانه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی ساڵی (1982) كه‌ شه‌هیدو برینداری لێكه‌وته‌وه‌ له‌ده‌یه‌ی هه‌شتاكاندا له‌هه‌موو مانگرتن‌و خۆپیشاندانه‌كانی تر كاریگه‌رتربووه‌، هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ ملكه‌چكردنی رژێم‌و شكاندنی سام‌و هه‌یبه‌تی رژێم‌و خۆفرۆشانی ناوخۆ، سه‌ره‌تایه‌كی نوێ‌و به‌هێزبووه‌ بۆگرێدانه‌وه‌ی خه‌باتی شارو شاخ كه‌ لێكه‌وته‌كانی كاریگه‌ریی هه‌مه‌لایه‌ن‌و دوو سه‌ره‌ی هه‌بووه‌.
3-خۆپیشاندانه‌كانی شاره‌زوورو هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ساڵی(1987)دا.
4-مانگرتن‌و خۆپیشاندانی (19/5/1987)ی رواندز كه‌ له‌ئه‌نجامی هێرشی رژێمی به‌عسدا بۆسه‌ر  گونده‌كانی ده‌روبه‌ری رواندز سه‌ریهه‌ڵداوه‌  كه‌ تێیدا ده‌یان سه‌ربازو ئه‌منیان به‌سزای گه‌ل گه‌یاندووه‌ بۆ ماوه‌ی (24) كاتژمێر  رواندز به‌ده‌ستی خه‌ڵكی راپه‌ریووه‌وه‌ بووه‌، كه‌ له‌و خۆپیشاندانه‌دا (13) كه‌س شه‌هید كران له‌ زیندانه‌كانی رژێم گولله‌باران كراون كه‌ هه‌ر (13)یان شه‌هیدی یه‌كێتی‌و گه‌له‌كه‌یانن.
5-خۆپیشاندان‌و راپه‌ڕینی مه‌ده‌نییانه‌ی كۆتایی مانگی (5)ی ساڵی (1986)ی بنگرد، كه‌ رژێم سه‌نته‌ری ناحییه‌كه‌و كۆمه‌ڵێك گوندی له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌ختكردو دانیشتوانه‌كه‌ی راپێچی كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێكانی وه‌ك (حاجیاوا، پیره‌مه‌گرون) كرد.
كۆمه‌ڵێك له‌ به‌شداربووانی راپه‌ڕینه‌كه‌ی گرت‌و دواجار دوای ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر له‌ سێداره‌دران كه‌ ژماره‌یان(11)كه‌س بووه‌.
6-مانگرتنی ساڵی(1987)ی رانیه‌.
ئه‌و خۆپیشاندان‌و راپه‌ڕینانه‌ پشت به‌ستوو بووه‌ به‌نزیكی‌و به‌هێزیی هێزی پیشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی‌و به‌هێزیی‌و فراوانیی پێگه‌ی رێكخستن‌و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی، به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌و راستییه‌ مێژوو كرده‌، ‌به‌داخه‌وه‌ كه‌ وابووه‌ ته‌نیا ئه‌و شارو ده‌ڤه‌رانه‌ی یه‌كێتی كاری رێكخراوه‌یی‌و سیاسی‌و پێشمه‌رگایه‌تی تێدا به‌هێزبووه‌و  كاری تێداكردووه‌، هه‌موویان خۆپیشاندان‌و راپه‌ڕینی هه‌مه‌لایه‌نی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و شارو ناوچانه‌ی كه‌ یه‌كێتی به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆیی‌و دوورییه‌وه‌ وه‌ك ناوچه‌ی  بادینان له‌وكاته‌دا تێیدا لاوازبووه‌، هیچ جووڵانه‌وه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌كی خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی تێدا نه‌بووه‌، جێگای هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ركردنه‌ له‌دوای راپه‌ڕین‌و ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ناوچه‌كانی زۆنی سه‌وز به‌ به‌راورد به‌زۆنی زه‌رد رۆژانه‌ مانگرتن‌و خۆپیشاندان‌و چالاكیی مه‌ده‌نی تێیدا ده‌كرێت به‌ ئازادیی، به‌ڵام له‌بادینان نییه‌، هه‌ولێریش له‌ساڵی(1996)ه‌وه‌ له‌م دیارده‌یه‌ خاڵی كراوه‌ته‌وه‌!


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7302
29/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ماتادۆرو مانشافت یاریی كۆتایی ده‌كه‌ن 29/6/2017
‌ ئه‌ڵمانیا و مه‌كسیك ركابه‌ریی له‌سه‌ر یاریی كۆتایی ده‌كه‌ن 29/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP