زمـانــە شیرینـەكە والێمەكەن!
نیوه‌ی‌ دووه‌م زمـانــە شیرینـەكە والێمەكەن! ‌ كاروان یاروه‌یس‌ 19/3/2017
25
وەزارەتی دەرەوەی عیراق، بەنوسراوی ژمارە (11/609) لەرێكەوتی (14/3/2017) بەگشتاندنێك، كە ئاراستەی هەموو باڵێوزخانەو كونسوڵخانەو دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتەكەی كردووە، جەخت دەكاتەوە لەجێبەجێكردنی گشتاندنی ژمارە (68/3571) لە (9/3/2017)، كە تایبەتە بە رێنماییەكانی رێكخستنەوەو یەكخستنی نوسراوو بەڵگەنامە رەسمیەكانی وەزارەت لەرووی زمانەوانیەوە، كە پێشتر بە فەرمانی وەزیری دەرەوە لیژنەیەكی بۆ پێكهێنرابوو.
بەپێی گشتاندنەكە لە رێكەوتی (2/4/2017) زمانی كوردی لەسەر نوسراوو بەڵگەنامەی رەسمیەكانی وەزارەتی دەرەوە هەڵدەگیرێ‌  كە ئەمە سەرەتایەكی مەترسیدارە بۆ پەراوێزخستنی زمانی كوردی، كە لەوەزارەتی دەرەوە  دەستپێدەكات‌و ئەگەر بەشێنەیی تێپەربێی، زمانی كوردی لەسەر پاسەپۆرت‌و ئینجا لەهەموو وەزارەتەكانی تریش دەستپێدەكەن.
لەبەشێكی یەكەم لەمادەی (4)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق بە چوار خاڵ  زمانی عەرەبی و زمانی كوردی، زمانی رەسمی عێراق ناساندووەو پابەندە دەستورییەكانی دیاری كردووەو پێویستە لەسەر نوسراو و بەڵگەنامە رەسمیەكان و ناوەندەكانی تر بەكاربهێنرێ‌، لەسەروبەندی نووسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عیراق، كورد شەڕێكی سیاسی‌و پەرلەمانی‌و یاسایی زۆری كرد، تا لەپاڵ زمانی عەرەبیدا بیچەسپێنێ‌ ، كە زمانی كوردیش، زمانی رەسمیە لەوڵاتدا. 
هەمیشە لەگفتوگۆو دانوستاندنەكانی نێوان كوردو دەسەڵاتدارانی عیراقدا مەسەلەی زمانی كوردی خاڵێكی سەرەكی بووە لە داخوازییەكانی كورد، لەبەیانی یانزەی ئازاریش یەكێك لە پانزە خاڵەكە زمانی كوردی بووە وەك زمانی رەسمی عیراق لەگەڵ زمانی عەرەبیدا. لە باكوری كوردستانیش، ئاكپارتی دەسەڵاتدار نیازپاكیەكانی بۆ پرۆسەی ئاشتی بە زمانی كوردی دەستپێكردو رێگەیدا لەباكووری كوردستان زمانی كوردی بخوێنرێ‌‌و كەناڵی كوردیش بكرێتەوە. 
كورد ئەو هەموو شەڕەی لەسەر زمانی كوردی كرد، كەچی لەناوخۆی خۆیدا بایەخێكی ئەوتۆی بەزمانەكە نەداوە، لەپاش راپەرین نەیتوانیوە كەموكورییەكانی زمان چارەسەربكات‌و كاریش بۆ ئەوە بكرێ‌ هێور هێور بنەماكانی زمانی ستانداردی كوردی بچەسپێنرێ‌.
لەڕاستیدا فرە حزبی، فرە ئەدەبیاتی سیاسیشی لێكەوتەوەو زمانیش كەوتەبەر ئەم پەرتبوونە، فرەیی ژمارەی كەناڵەكانی میدیاش نەك نەیتوانیوە ببێتە هەوێنی یەكخستنەوەی زمان‌و پەرەپێدانی، بەڵكو بەهۆی ناشارەزایی زمانەوانی‌و ئاراستەی سیاسیەوە هەندێكجاریش زیانیان بە زمانی كوردی گەیاندووە. 
ڕەنگە جەختكردنەوەی وەزارەتی دەرەوەی عیراقیش لەجێبەجێكردنی گشتاندنەكەی رێكەوتی (9/3/2017) بەنوسراوی بە پەلەو خێرا، كاردانەوەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بێت لەبارەی وانەكانی زمانی كوردی‌و عەرەبیەوە بۆ پۆلی دوانزەی ئامادەیی. 
ئەم بڕیارە لە كوردستان لەئاستی میدیا و تۆڕی كۆمەڵایەتی‌و هەتا ڕای گشتیدا لێكدانەوەی جیاجیای بۆ كرا، بەڵام خاڵی هاوبەش لەنێوان هەموویاندا ئەوەبوو، كە بڕیارەكە زیان بەزمانی كوردی دەگەیەنێ‌‌و بەئارەزوومەندانەكردنی ئەژماركردن یان ئەژمارنەكردنی زمانی كوردی وا لە خوێندكارو هەتا ناوەندەكانی خوێندنیش دەكات وەك جاران بایەخی پێنەدەن، چونكە سروشتی مرۆڤ وایە هەر شتێك ئارەزوومەندانە بێت‌و پابەندی بۆ دیاری نەكرابێت گرنگی شیاوی پێنادرێت. 
من دڵنیام نیازی وەزارەت لەم بڕیارە بۆ زیانگەیاندن بەزمانی كوردی نییە ، بەڵكو زیاتر بڕیارێكی زانستی‌و پەروەردەییە، بەڵام لێكەوتەكانی ئەمجۆرە بڕیارانە لە داهاتوودا بەخراپی بۆ زمانی كوردی دەكەونەوە. چونكە كورد میللەتێكە قەوارەی سەربەخۆی نییە، زمانەكەی بپارێزێ‌‌و دامودەزگای دەوڵەتی نیە پەرەی پێ‌ بدات، چونكە زمانی ستاندارد بەبێ‌ بوونی دەوڵەت ئەستەمە بێتەدی، بۆیە یەكێك لەرێگاكانی مانەوەو گەشەپێدانی زمان، پرۆگرامی خوێندن‌و پرۆسەی پەروەردەییە، كەدەبێ‌ بڕیارو رێنماییەكان بەچەشنێك بن هانی مامۆستا و خوێندكار بدات زیاتر بایەخ بەزمانی كوردی بدەن. 
كورد لە سەر زۆر پرس‌و بابەت ناكۆكە، بەڵام زمانی كوردی ئەوە دەهێنێ‌، كە لەسەری كۆك بن‌و نەكرێتە ئامڕازی ململانێی سیاسی‌و حزبی، بەڵكو ئەم پرسە ڕادەستی كەسانی شارەزاو تایبەتمەندو ناوەندو دامودەزگا پەیوەندارە زانستیەكان بكرێ‌، تا رێوشوێنی بەرگریكردن لە شێواندن‌و كەمبایەخكردنی زمان‌و چۆنێتی پەرەپێدان‌و چارەسەركردنی كێشەكان گەڵاڵە بكەن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP