خورماتوو ئارامه‌
خورماتوو ئارامه‌ ‌ سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ 20/3/2017
له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ تا ده‌گه‌یته‌ خورماتوو لێره‌و له‌وێ‌ ئاڵای ره‌ش‌و سوورو سه‌وز ده‌بینی‌، ئه‌مانه‌ ئاڵای حزب‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نین، به‌ڵكو ئاڵای هه‌ڵگرانی شیعه‌ مه‌زهه‌به‌و وه‌ك نه‌ریت‌و جیاكاریی‌و دروشمی شیعه‌بوون هه‌ڵكراوون، به‌شێك له‌وانه‌ كوردن‌و به‌شێكیشیان عه‌ره‌ب‌و توركمان، ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ سروشت ته‌ختایی‌و كه‌م ئاوه‌و جیاواز له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به‌هاری زوتر دێت‌و ته‌مه‌نی كورته‌، هاوشێوه‌ی‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێرو ناوچه‌كانی‌ رۆژئاوای كوردستان كه‌ هه‌مان  به‌رزونزمیی (تۆپۆگرافیا)ی هه‌یه‌.

كه‌ ده‌چیته‌ خورماتوو!
هێزێكی بوێری پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ بونی هه‌یه‌، فه‌رمانده‌كان نیشانه‌ی‌ به‌رگریی‌و خۆڕاگریین، ئه‌و داستانانه‌ی‌ ئه‌وان ده‌یانگێڕایه‌وه‌، هی ئه‌وه‌نین تۆمار نه‌كرێن، نه‌كرێنه‌ فیلم بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ له‌ ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌ تێبگات.
له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی‌ 2014 تیرۆرستان توانیان بگه‌نه‌ لێواری شاره‌كه‌، مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره‌ له‌سه‌ر شاره‌كه‌ دروستببو، به‌ڵام خۆڕاگری خه‌ڵكی شاره‌كه‌و هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رگریكردن‌و له‌ناوبردنی تیرۆرستان، شاره‌كه‌و ناوچه‌كه‌ی‌ پاراست، كار گه‌یشتبوه‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ به‌شه‌و له‌ترسی بۆمباران‌و په‌لاماری دڕندانه‌ی‌ داعش بێنه‌ سه‌رو شاره‌كه‌ له‌نێو هێزی پێشمه‌رگه‌ بمێننه‌وه‌و به‌ڕۆژیش بگه‌ڕێنه‌وه‌ شار، به‌ڵام ئه‌م بارودۆخه‌ زۆری نه‌برد، ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوی پاككرایه‌وه‌و خه‌ڵكیش گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.
خورماتوو نزیكه‌ی‌ 90 كیلۆمه‌تر له‌ باشووری‌ كه‌ركوكه‌، ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی‌ 220 هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه‌، له‌و ژماره‌یه‌ نزیكه‌ی‌ له‌ 60%ی كوردن، ئه‌ویتری له‌ 25%ی توركمان و 15%ی عه‌ره‌ب، هه‌ر له‌و شاره‌دا كوردو عه‌ره‌ب‌و توركمانی شیعه‌و سوننه‌ هه‌ن، سه‌رباری جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌بیی، به‌ڵام له‌ مێژه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ژین. 
ئه‌م شاره‌ وه‌ك شاره‌كانی دیكه‌ی‌ كوردستان كه‌وته‌ به‌ر هه‌وڵی به‌عه‌ره‌بكردن له‌لایه‌ن رژێمه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی عیراق، به‌تایبه‌ت رژێمی به‌عس،  له‌ ساڵی‌ 1951 بوو به‌ قه‌زا، له‌ 1976 له‌ چوارچێوه‌ی‌ ته‌عریبكردنی كوردستان‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ سنووری پارێزگای‌ كه‌ركوك، رژێمی به‌عس قه‌زای‌ خورماتووی له‌ سنووری پارێزگای‌ كه‌ركوك خسته‌ سه‌ر پارێزگای‌ سه‌ڵاحه‌دین.
به‌رگریی قاره‌مانانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌
له‌سه‌رەتای‌ په‌لاماره‌كاندا، تیرۆرستان له‌ باشوره‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ناو یه‌نگیجه‌، كه‌ شارۆچكه‌یه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشووری خۆرئاوای قه‌زای خورماتوو، كه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ به‌ته‌واوی تێكه‌ڵی شاره‌كه‌ ده‌بێت، له‌ خۆرئاواشه‌وه‌ ته‌نها چه‌ند كیلۆمه‌ترێك مابوو بگه‌نه‌ سنوری‌ قه‌زاكه‌، به‌ڵام به‌رگریی قاره‌مانانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌و بوێری دانیشتوانه‌كه‌ی چۆكی به‌دوژمن دادا، دیارترین داستان له‌ 20/6/2014دا بوو، كاتێك داعش په‌لامارێكی فراوانی‌ كرده‌ سه‌ر شاره‌كه‌و سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام هه‌م پێشمه‌رگه‌و هه‌میش خه‌ڵكی خورماتوو دلێرانه‌ روبه‌ڕوی تیرۆرستان بوونه‌وه‌و ده‌یان لاشه‌یان پێ‌ جێهێشتن.
سه‌ره‌تای‌ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌كان له‌ شارۆچكه‌ی‌ یه‌نگیجه‌ توندبوو، زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م شارۆچكه‌یه‌ توركمان‌و عه‌ره‌بی سوننه‌ن، ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ به‌رله‌هاتنی داعش نزیكه‌ی‌ 17 هه‌زار كه‌س بوو، به‌ڵام دوای‌ رزگاركردنی ژماره‌یه‌كی كه‌م دانیشتوانی ماوونه‌ته‌وه‌، عه‌ره‌به‌كانی شاره‌كه‌ له‌ هۆزی به‌یات‌و ئه‌لبو حه‌مدان‌و خه‌فاجه‌و عبێد بوون، چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كی توركمانیشی لێبوو.
له‌به‌ری‌ رۆژئاواشه‌وه‌ داعش ته‌نها چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌ شاره‌كه‌وه‌ دووربوو، هەوڵی داگیركردنی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن تیرۆرستانەوە گه‌یشتبوه‌ قۆناغێكی زۆر مه‌ترسیدار، به‌ڵام به‌چه‌ند هه‌نگاوێك تیرۆرستان دورخرانه‌وه‌ به‌جۆرێك ئێستا له‌ باشووره‌وه‌ تا نزیك حه‌مرین له‌ تیرۆرستان پاككراوه‌ته‌وه‌و له‌ رۆژئاواشه‌وه‌ ده‌یان كیلۆمه‌تر دورخراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رنج بوو، هه‌موو ئه‌و هێرش‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌ناوچه‌كه‌ به‌بێ‌ به‌شداریكردنی فڕۆكه‌ی هاوپه‌یمانان بووه‌، له‌ كاتێكدا فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان به‌شدارییه‌كی چالاكانه‌یان بۆسه‌ر داعش كردووه‌و ده‌كه‌ن له‌ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان‌و ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ، هیچ گوندو شارێك به‌بێ‌ پاككردنه‌وه‌ی‌ پێشوه‌خته‌ی‌ فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان رزگارنه‌كراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ رزگاركردنی شنگالدا، فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا رۆڵێکی کاریگەریان بینی.
شاره‌كه‌ به‌ته‌واوی پاككراوه‌ته‌وه‌
یه‌كێك له‌كێشه‌ گه‌وره‌كانی شاره‌كه‌ شارۆچكه‌ی‌ یه‌نگیجه‌ بوو، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ عه‌ره‌ب‌و توركمانی سوننه‌ی‌ توندڕه‌و بوون، ئێستا شاره‌كه‌ به‌ته‌واوی پاككراوه‌ته‌وه‌و زۆربه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كه‌هاوكاری داعش بوون، له‌گه‌ڵ داعش به‌ره‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی‌ داعش هه‌ڵاتن‌و به‌شێكیشیان هاتنه‌ خورماتوو له‌وێ‌ نیشته‌جێبوون.
به‌ر له‌ رووخانی رژێمی به‌عس زۆربه‌ی‌ دانیشتوانی ئه‌م شارۆچكه‌یه‌ هاوكاریی رژێمی به‌عس بوون، له‌دوای‌ رووخانی سه‌دام یه‌كێك بوو له‌ناوچه‌ پڕ مه‌ترسیداره‌كانی ناوچه‌كه‌، به‌عسییه‌كان له‌وێوه‌ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و گروپه‌ تیرۆرییه‌كانیان ره‌وانه‌ی‌ كه‌ركوك‌و سلێمان به‌گ‌و به‌غدا ده‌كرد، له‌ 2006 له‌ هه‌ڵمه‌تێكی فراواندا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ هاوكاریی ئه‌مریكییه‌كان سه‌دان تیرۆرست له‌ شاره‌كه‌ ده‌ستگیركران، به‌ڵام ئه‌مه‌ كۆتایی به‌ مه‌ترسییه‌كانی تیرۆرستان له‌شاره‌كه‌ نه‌هێنا.
له‌دوای‌ رزگاركردنی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستانه‌وه‌ له‌ ده‌ست تیرۆرستانی داعش، جگه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هه‌زاران بۆمب‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ ته‌قه‌مه‌نیی، هاوكات ده‌ستگیرا به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر حه‌شارگه‌ی‌ تایبه‌تیی تیرۆرستان كه‌ ئۆتۆمبێل بۆمبڕێژكراو و بۆمبی‌ چاندنیان لێ ئاماده‌ ده‌كرد.
كانگای‌ تیرۆر
به‌درێژایی سنووری كوردستان له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی دیكه‌ی‌ سوننه‌، چه‌ند شوێنێك هه‌یه‌ به‌رده‌وام كانگای‌ تیرۆر بووه‌، له‌وانه‌: (ته‌له‌عفه‌ر، حه‌ویجه‌، یه‌نگیجه‌) ئه‌م ناوچانه‌ عه‌ره‌بی توندڕه‌وی سوننه‌ی‌ لێبووه‌، به‌رده‌وام مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌بوون بۆسه‌ر ئاسایشی كوردستان، باشترین به‌ڵگه‌ش، له‌دوای‌ رزگاركردنی یه‌نگیجه‌و بڕینی‌ رێگا له‌سه‌ر حه‌ویجه‌، رێژه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌و كاره‌ تیرۆرییه‌كان له‌ كه‌ركوك‌و ده‌وروبه‌ری‌ به‌ رێژه‌یه‌كی ئێجگار زۆر كه‌مبۆته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی‌ ته‌له‌عفه‌رو یه‌نگیجه‌ له‌یه‌ك ده‌چوێنێ‌ بوونی كه‌مینه‌یه‌كی توركمانی سوننه‌ی‌ توندڕه‌وه‌، له‌ ته‌له‌عفه‌ر توركمان سوننه‌كانی عه‌شیره‌تی‌ خاتون‌و میتۆت، له‌ خورماتووش چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كی توركمانیی توندڕه‌و، له‌ ته‌له‌عفه‌رو یه‌نگیجه‌ به‌شێك له‌ توركمانه‌ سوننه‌كان رۆلێكی خراپیان بینی‌ له‌ په‌لامار بۆ سه‌ر كوردو شیعه‌كان، بۆیه‌ له‌ رزگاركردنه‌وه‌ی‌ یه‌نگیجه‌ شیعه‌كانی خورماتوو زۆر به‌توندی روبه‌ڕوی سوننه‌كان بوونه‌وه‌و ژماره‌یه‌كی زۆریان لێ كوشتن، له‌ ته‌له‌عفه‌ریش پێشبینی ده‌كرێت توركمانه‌ سوننه‌كان روبه‌ڕوی تۆڵه‌سه‌ندن ببنه‌وه‌.
به‌ریه‌ككه‌وتنی‌ كوردو شیعه‌ 
له‌گه‌ڵ له‌ناوبردنی تیرۆرستان له‌ خورماتوو، ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئارامبوونه‌وه‌ بوو، له‌پڕ ئاگرێكی دیكه‌ی‌ نه‌خوازراو شاره‌كه‌ی‌ گرته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ریه‌ككه‌وتنی‌ كوردو شیعه‌ بوو. نزیكه‌ی‌ له‌ 40%ی خورماتوو عه‌ره‌ب‌و توركمانن، له‌و رێژه‌یه‌، به‌شێكیان شیعه‌ن، ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ی‌ له‌ شاره‌كه‌ روویدا زیاتر توركمانه‌ شیعه‌كان رۆڵیان تێدابینی‌، واته‌ به‌شێك له‌ توركمانه‌ شیعه‌كان رۆڵی زۆر خراپیان بینی‌ به‌ جۆرێك كارگه‌یشته‌ پێكدادان‌و هێرشكردنه‌ سه‌ر ماڵی یه‌كتر، به‌ڵام خێرا له‌لایه‌ن شیعه‌كان‌و سه‌ركردایه‌تی‌ كورد كۆنترۆڵی ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ كرا.
به‌پێی‌ قسه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌رووداوه‌كانه‌وه‌ نزیك بوون، ئه‌و شه‌ڕو پێكدادانه‌ له‌ قینی‌ شه‌خسی‌و هه‌ندێجار به‌رژه‌وه‌ندیی  ده‌ستیپێكردووه‌و بۆته‌هۆی پێكدادانی چه‌كداریی، به‌هۆی ئه‌م شه‌ڕو پێكدادانانه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری شیعه‌ كوژران‌و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی قاره‌مانیش شه‌هیدبوون، له‌وانه‌ شه‌هید فه‌رمانده‌ (سیروان شه‌قڵاوه‌یی).
له‌ هه‌موو شه‌ڕه‌كانی خورماتوو مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانیان نیگه‌رانیی خۆیان ده‌رده‌بڕی، پێیانوابوو كه‌مینه‌یه‌ك به‌ئه‌جێندای‌ تایبه‌ت‌و شه‌خسی ئه‌و حه‌ساسییه‌ته‌ قه‌ومییه‌ دروستده‌كه‌ن، بۆیه‌ زوو داوای‌ راگرتنی‌ گرژییه‌كانیان ده‌كرد، هه‌رچه‌ند له‌هه‌موو به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كاندا زیانی چه‌كداره‌كانی شیعه‌ زیاتربوو.
شیعه‌كان له‌ناو خورماتوو له‌ چوارچێوه‌ی‌ حه‌شدی شه‌عبی‌ له‌چه‌ند گه‌ڕه‌كێك بوونیان هه‌یه‌و دابڕێنراوون، بوون‌و مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ رێككه‌وتنێكه‌ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شه‌عبی‌، به‌ڵام ته‌واوی ناوچه‌كه‌ به‌ده‌ست هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌و ئه‌و هێزه‌ی‌ چه‌كدارانی شیعه‌ ته‌نها له‌ناو شاردا هه‌یه‌.
په‌یوه‌ندی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ شیعه‌كان 
به‌قسه‌ی‌ خه‌ڵكی ناچه‌كه‌و ئه‌و فه‌رماندانه‌ی‌ هێزی پێشمه‌رگه‌، هه‌م ئه‌و هێزه‌ی‌ حه‌شدی شه‌عبی‌ له‌ناو خورماتوو ژماره‌یه‌كی زۆركه‌مه‌و هه‌میش ئه‌و گرژیانه‌ی‌ له‌شاره‌كه‌ رویاندا ئه‌وه‌نده‌ مه‌ترسیدارو گه‌وره‌نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌شێك له‌میدیای‌ كوردی بۆ مه‌به‌ستی‌ سیاسی بارودۆخێكی ده‌رونی خراپی بۆ خه‌ڵكی كوردستان‌و خه‌ڵكی خورماتوو دروستكردبوو، به‌جۆرێك زۆر له‌ قه‌باره‌ی‌ خۆی گه‌وره‌تری كردبوو، ئه‌گینا هێزی پێشمه‌رگه‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و ئه‌و هێزه‌ی‌ شیعه‌كانیش هی ئه‌وه‌ نییه‌ مه‌ترسی بێت بۆسه‌ر شاره‌كه‌ یان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
ئه‌و هێزه‌ی‌ له‌وێ بونی هه‌یه‌ زیاتر ئه‌و هێزانه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی‌ فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی‌ حه‌فتا كه‌ ده‌كاته‌ هێزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌روه‌ك زۆربه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ده‌ست یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌یه‌، مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی كوردستان رۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕێت له‌ راگرتنی‌ سه‌قامگیریی سیاسی‌و په‌یوه‌ندی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ شیعه‌كان، ئێستا په‌یوه‌ندیی كوردو شیعه‌ سه‌قامگیره‌و كێشه‌ له‌نێوانیاندا نییه‌، هه‌ر ئه‌وكاته‌ی‌ له‌وێ بوین لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی خورماتوو له‌ چوارچێوه‌ی‌ وه‌فدێكی حزبیی سه‌ردانی نه‌جه‌فی كرد بۆ بینینی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بارودۆخی ناوچه‌كه‌و هه‌وڵدان بۆ زیاتر سه‌قامگیركردنی ئارامیی خورماتوو.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7227
29/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پێشمه‌رگه‌ لە نازناوی پاڵەوان نزیکە 29/3/2017
‌ پێوه‌ره‌كان كامانه‌ن و كام راهێنه‌ر زۆرترین مه‌رجی تیادایه‌؟ 29/3/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مۆنالیزا زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كات؟ 29/3/2017
‌ سه‌وزه‌مه‌نی له‌ جه‌مسه‌ری باكوور 29/3/2017
‌ ماره‌ قاوه‌ییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر دوورگه‌یه‌كی ئۆقیانووسی هێمن 29/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP