شەڕێكی بێ پاسا‌و لە شنگال
شەڕێكی بێ پاسا‌و لە شنگال ‌ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌ 20/3/2017
وەزیری بەرگریی توركیا فیكری ئیشك لە لێدوانێكدا لە 16ی ئەم مانگە، ئەوەی ئاشكرا كرد كە ئەگەر هەیە سوپای توركیا‌و هێزی پێشمەرگە پێكەوە هێرش بكەنە سەر هێزەكانی پەكەكە لە شنگال. ئەگەر لەوە گەڕێین كە ئایا دەشێ ئەم هێرشە روو بدا یان نا، پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە كە كێ بڕیار لەسەر ئەم مەسەلەیە دەدا؟ ئایا ئەوەی كە بڕیار دەدا سەرۆكایەتی هەرێمە كە بەپێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013 سەرۆكەكەی ماوەی كۆتایی هاتووە، یان وەزارەتی پێشمەرگەیە كە لە ساڵی 2015 وە بێ وەزیرە؟ لێرەدا مەسەلەكە سەرەكییەكە ئەوەیە كە بە پشت بەستن بە كام یاسا، هێزی پێشمەرگە پشتگیریی هێرشی هێزەكانی دەوڵەتێكی تر دەكا لە ناوخۆی كوردستاندا؟
ئەوی راستی بێ، یاساكانی هەرێم بە هیچ شێوەیەك رێ نادەن هێزی هیچ دەوڵەتێك بێتە ناو سنوری هەرێم. بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005 كە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی پێ دیاری كراوە، بڕگەی پێنجەم رێ دەدا سەرۆكی هەرێم، لە كاتی سەرهەڵدانی هەڕەشە‌و مەترسیی گەورە لەسەر هەرێم‌و قەوارە سیاسییەكەی، پاش رێككەوتن لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی وەزیران، بەپەلە چەند بڕیارێك دەكات كە هێزی یاسایان دەبێ. لە ساڵی 2005 وە تا ئێستا سەرۆكایەتیی هەرێم هیچ بڕیارێكی دەرنەكردووە كە هێزی یاسای هەبێ، تەنانەت كاتێك داعش لە ساڵی 2014دا مەخموری گرت‌و هەڕەشەی لەسەر هەولێری پایتەختی هەرێمیش دروست كرد، سەرۆكایەتیی هەرێم هیچ بڕیارێكی لەم جۆرەی دەرنەكرد.
لەكاتێكدا بڕگەی دەیەمی یاساكە رێ دەدا هێزی فیدرال بە رەزامەندیی پەرلەمانی كوردستان بێتە ناو سنوری هەرێمی كوردستان، هەمان ئەم یاسایە دەسەڵات ناداتە سەرۆكایەتیی هەرێم یان حكومەتەكەی یان وەزارەتی پێشمەرگە رەزامەندی لەسەر هاتن‌و هێنانی هێزی سوپای دەوڵەتێكی تر بۆ ناو هەرێم نیشان بدەن‌و ئەم مەسەلەیە تەنانەت رەزامەندیی پەرلەمانیشی بۆ نەكراوەتە مەرج. ئەمەش بەم واتایە دێت كە مەسەلەكە هەر لە بنەرەتدا رەت كراوەتەوە. 
گواستنەوەی ململانێی ناخۆی توركیا بۆ ناو كوردستان خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتمانیی باڵای گەلی كوردستان ناكا. تێوەگلاندنی هەرێمی كوردستان لە ململانێیەكی سوپایی لەنێوان توركیا‌و پەكەكە هیچ سوودێكی هەرێمی كوردستانی تێدا نیە، تەنانەت دەشێ ئەم كارە ئاكامی ناچاوەڕوانكراوی لێ بكەوێتەوە، بەتایبەتی كە پێناچێ توركیا بەپێی رێككەوتنێكی نووسراو دەست بە ئۆپەراسیونەكە بكا. ئەمەش بەم مانایە دێت كە ئۆپەراسیونەكە هیچ ماوەیەكی دیاریكراوی بۆ دانانرێ‌و هیچ كاتێكیش بۆ كشانەوەی هێزەكان دیاری ناكرێ، سەرباری ئەوەی كە دەشێ ئۆپەراسیونەكە دوو ئەگەری لێ بكەوێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە توركیا بە بیانوی رێ گرتن لە گەڕانەوەی هێزەكانی پەكەكە، رەنگە بنكەیەكی عەسكەریی هەمیشەیی لە شنگال دابنێ. دووەمیشیان ئەوەیە كە هێزەكانی توركیا‌و هێزەكانی عیراق لە شنگال‌و ناوچەكانی دەوروبەری، لەگەڵ یەكتری بە شەڕ بێن‌و لێرەدا چوارچێوە نێودەوڵەتییەكەی مەسەلەكە قوڵتر دەبێتەوە‌و كاریگەریی خراپی ، هەم لە ڕوی سیاسییەوە هەم لە ڕوی یاساییەوە، لەسەر هەرێم دەبێ.
بەپێی یاساكانی عیراق، شنگال لەگەڵ دهۆك‌و هەولێر‌و سلێمانی بەراورد ناكرێ، چونكە شنگال یەكێ لەو ناوچانەیە كە بە ناوچەیەكی جێناكۆك دەژمێردرێ. ئەمەش وای كردووە ئەم ناوچەیە لە ڕوی دەستورییەوە سەر بە هەرێمی كوردستان نەبێ. كێشانی هێزی دەوڵەتێكی بیانی بۆ ناوچەیەكی دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی توركیا بە هێزی داگیركەر بداتە قەڵەم‌و مەسەلەكە بگەیەنێتە ئەنجومەنی ئاسایش.بۆیە لێرەدا ناكرێ مەسەلەی شنگال تەنانەت لەگەڵ مەسەلەی سەربازگەكەی باشیكیش بەراورد بكرێ، لانی كەم لەم روانگەیەوە كە ئەنكەرە بە بیانوی شەڕی داعش‌و مەشق پێ كردنی هێزەكانی پاسەوانانی نەینەوا بۆ رزگاركردنی موسل لە داعش، سەربازگەی باشیكی كردۆتەوە‌و هێزی تێدا جێگیر كردووە‌و بەهۆی ئەمەشەوە توانراوە كێشەی سەربازگەی باشیك كۆنترۆل بكرێ. بەڵام گەیشتنی هێزەكانی توركیا بۆ شنگال لە دەرەوەی چوارچێوەی شەڕی دژی داعش‌و لەكاتێكدا كە هێشتا كێشەی سەربازگەی باشیك بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، گرژیی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا‌و ئەنكەرە زیاتر دەكا‌و دەرگا بە ڕووی هەموو ئەگەرەگاندا بە كراوەیی دەهێڵێتەوە.
ئەنكەرە لە میدیاكاندا بیانوو بۆ جوڵاندنی هێز بۆ شنگال دەهێنێتەوە‌و وای رادەگەیەنێ كە نایەوێ قەندیلێكی تر لە شنگال پەیدا ببێ. بەدڵنیاییەوە شنگال لەگەڵ قەندیل بەراورد ناكرێ‌و لەراستیشدا شنگال بۆ پەكەكە هیچ بایەخێكی ستراتیجیی نیە‌و نزیكەی 120 كیلۆ مەتریش لە سنوری نێودەوڵەتیی توركیا-عیراقەوە دورە‌و بەهۆی ئەمەوە مەترسییەكی گەورەی بۆ سەر توركیا نیە. راستییەكە ئەوەیە كە مەسەلەكە هیچ دورنمایەكی ئەمنی نیە، بەڵكو دورنمایەكی سیاسیی هەیە‌و زۆرتر پەیوەندیی بە راپرسییەكەی مانگی داهاتوی توركیاوە هەیە كە تێیدا ئەردۆغان دەیەوێ سیستمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بكاتە سەرۆكایەتی‌و دەسەڵاتێكی نیمچە رەها بۆ خۆی مسۆگەر بكات. پاش رێگرتن لە جوڵاندنی هێزەكانی تورك بەرەو منبج‌و دورخستنەوەی توركیا لە بەشداری كردن لە شەڕی رەققە‌و بەهێزبونی بزوتنەوەی»نەخێر بۆ هەمواركردنەوەی دەستور»، ئەردۆغان پێویستی بە وەدەست هێنانی سەركەوتنە لە بوارێكی دیاریكراودا تاكو پێگەی خۆی لە راپرسییەكەی مانگی داهاتوو پێ بەهێز بكا. ئەمەش هانی داوە بیر لە ئۆپەراسیۆنێك لە شنگال بكاتەوە تا شایستەیی خۆی وەك سەرۆكێكی شایستەی دەسەڵاتێكی نیمچە رەها پێ سەلمێنێ. پرسیارەكە ئەوەیە : ئێمە، لە هەرێمی كوردستان، چ پەیوەندییەكمان بەم بابەتەوە هەیە؟


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7275
24/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ریاڵ پاڵه‌وانی لا لیگا 24/5/2017
‌ ئه‌مشه‌و كۆتایی یۆرۆپا لیگه‌ 24/5/2017
زانست
‌ سوشی كرمی مشه‌خۆری تێدایه‌ 24/5/2017
‌ سووده‌كانی خواردنی ره‌شكه‌ 24/5/2017
‌ یاری (Spinner) جیهان داگیر ده‌كات 23/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP