ژنكوژی و پێویستی‌ جێبه‌جێكردنی‌ سزای‌ له‌ سێداره‌دان
کەمین پۆڵەتیک ژنكوژی و پێویستی‌ جێبه‌جێكردنی‌ سزای‌ له‌ سێداره‌دان ‌ خەڵەف غەفور‌ 20/3/2017
بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆی‌ سووكایه‌تیكردن به‌ ژنێكی‌ تازه‌ بووك كه‌ به‌قه‌ولی كاكی‌ زاوا دوای‌ 7 جار خه‌وتن له‌گه‌ڵی خوێنی‌ نه‌بووه‌، راستییه‌كه‌ی‌ شتێكی‌ نامۆ نییه‌ به‌كۆمه‌ڵگای‌ كوردستان و كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتووه‌كان، كه‌ یه‌ژم نامۆ نییه‌ مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ پێشتریش هاوشێوه‌ی‌ ئه‌وه‌ سووكایه‌تی‌ به‌ ژن كراوه‌ و ده‌سه‌ڵاتیش به‌ده‌نگییه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو دواتریش به‌بیانوو ئازادیان كردوون و دیسانه‌وه‌ بوونه‌ته‌وه‌ به‌كوێخا و به‌گ و كوڕی‌ حزب و پیاوی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ مه‌جلیسی شه‌وان. 
لێره‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ هۆكاره‌كانی‌ ژنكوژی‌ چین، چونكه‌ راستییه‌كه‌ی‌ لای‌ من یه‌ك سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش بیری‌ ته‌سكی‌ خێڵه‌كی‌ و ئایین نه‌ناسی كه‌ وه‌كو هۆكار به‌كارده‌هێنرێت بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی‌ ژنان، ئه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی‌ سه‌دان ساڵی‌ رابردووی‌ كۆمه‌ڵگای‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ و كوردیدا هۆكاری‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ هه‌مان دیارده‌ بووه‌، هه‌ڵبه‌ت به‌شێوازی جیاجیا. 
 ئه‌وه‌ی‌ ئێستا پێویسته‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێت، كێ به‌رپرسه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنی‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ و بۆچی‌ رۆژی‌ له‌ دوای رۆژی‌ په‌ره‌ده‌سێنێت؟ بۆچی‌ كۆمه‌ڵگا دابڕه‌رێك له‌ نێوان ئه‌و دیارده‌ مه‌ترسیداره‌ و له‌گه‌ڵ ئێستای‌ مۆدێرن دروست ناكات؟ بۆچی‌ مرۆڤی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ به‌هۆش نایه‌نه‌وه‌؟ 
بۆ به‌رده‌وامی‌ و په‌ره‌سه‌ندنی‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ من چه‌ند لایه‌نێك به‌ هۆكار ده‌زانم به‌م شێوه‌یه‌: 
یه‌كه‌م: حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رپرسی‌ یه‌كه‌مه‌ له‌ به‌رده‌وامی‌ دیارده‌ی‌ ژنكوژی‌، به‌وه‌ی‌ به‌یاسای‌ جێبه‌جێكراو هه‌وڵی‌ رێگریكردن له‌و دیارده‌یه‌ نادات، روونتریش بێژم له‌ ساڵانی‌ رابردوودا بینیمان چۆن چه‌ندین ژنكوژ و سووكایه‌تیكار به‌ ژن و منداڵ به‌بیانووی جۆراوجۆر و به‌ مه‌رسومی تایبه‌ت ئازادكران. دوای‌ ئه‌وه‌یش بوونه‌وه‌ هه‌مان پیاو و كۆمه‌ڵگاش له‌ نێو خۆیدا وه‌ریگرته‌وه‌ و وه‌كو مرۆڤێكی‌ ئاسایی ته‌ماشا كرا. 
دووه‌م: رێكخراوه‌كانی‌ ژنان به‌رپرسی‌ دووه‌من، ئه‌ویش به‌وه‌ی‌ هێشتا له‌ سێبه‌ری‌ حزب و عه‌قڵیه‌تی‌ پیاوسالاریدان و نه‌یانتوانیوه‌ خه‌باتی‌ ژنانه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ و ئازادیخوازانه‌ی‌ شایسته‌ به‌م قۆناغه‌ی‌ كۆمه‌ڵگاكه‌یان به‌ڕێوه‌به‌رن. ئێستا كه‌ ئه‌وان ده‌یان رێكخراون به‌ناو و ناونیشان توانای‌ سازكردنی‌ خۆپیشاندانێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ به‌رفراوانیان نییه‌ كه‌ سه‌دان هه‌زار ژن تیایدا به‌شداری‌ بكه‌ن. هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وایكردووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات گوێیان لێبگرێت، به‌ڵام به‌قسه‌یان نه‌كات. 
 سێیه‌م: ئه‌وه‌ی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ و مافی‌ مرۆڤ له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا بۆ نه‌هێشتنی‌ سزای‌ له‌سێداه‌ردان كردیان، دیسانه‌وه‌ هۆكارێكی‌ تر بوو كه‌ ژنكوژان سوودیان لێوه‌رگرت و به‌هۆی‌ سازانی‌ عه‌شایه‌ری‌ و فێڵی‌ یاسایی سزاكانیان بۆ چه‌ند ساڵێك كه‌مكرده‌وه‌ و دواتریش ژووری كۆمه‌ڵگایان لێگرتینه‌وه‌. 
 دیارده‌ی‌ ژنكوژی‌ كه‌ هیچ كه‌می نه‌كردووه‌ و زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی‌ له‌  ئاماره‌ ره‌سمییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌، ده‌كرێت به‌ئه‌نجامدانه‌وه‌ی‌ توندوتیژی یاسایی رێگری‌ ته‌واوه‌تی‌ لێبكرێت، ئه‌مه‌ش واتای‌ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی‌ سزای‌ له‌سێداره‌دان بۆ پیاوه‌ ژنكوژه‌كان بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ كه‌س و هۆكارێك ببێته‌ هۆی‌ ده‌ربازبوونی‌ ژنكوژێك، ئه‌م ئه‌ركه‌ پێش هه‌موو كه‌س له‌سه‌ر رێكخراوه‌كانی‌ ژنانه‌ كه‌ له‌ رێگای‌ فشاری‌ جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ حكومه‌ت ناچار بكرێت ئه‌و سزایه‌ به‌گه‌ڕبخاته‌وه‌. 
 خاڵی‌ تری گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ژنان شۆڕشێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ گشتگیر به‌رپا بكه‌ن و وابكه‌ن گۆڕانكاری‌ نه‌وعی له‌ عه‌قڵیه‌تی‌ كۆمه‌ڵگا بهێننه‌ كایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بێ قوربانی‌ ناكرێت و پێویسته‌ پێش هه‌موو كه‌سیش ژنان خۆیان ئاماده‌ی‌ ئه‌و قوربانیدانه‌ بن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7227
29/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پێشمه‌رگه‌ لە نازناوی پاڵەوان نزیکە 29/3/2017
‌ پێوه‌ره‌كان كامانه‌ن و كام راهێنه‌ر زۆرترین مه‌رجی تیادایه‌؟ 29/3/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مۆنالیزا زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كات؟ 29/3/2017
‌ سه‌وزه‌مه‌نی له‌ جه‌مسه‌ری باكوور 29/3/2017
‌ ماره‌ قاوه‌ییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر دوورگه‌یه‌كی ئۆقیانووسی هێمن 29/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP