دركاندنه‌ جێگه‌ییه‌كان له‌ڕۆمانی ״دایك وكوڕ״ ی گه‌لاویژ
- لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سیمۆڵۆژیایی - دركاندنه‌ جێگه‌ییه‌كان له‌ڕۆمانی ״دایك وكوڕ״ ی گه‌لاویژ ‌ 13/6/2017
پ.د.زاهیر له‌تیف كه‌ریم
پ.د.نیان نه‌وشیروان فوئاد مه‌ستی
به‌شی‌ دووه‌م
2- جێگه‌ ومه‌سه‌له‌ی تاك ومرۆڤه‌كان.جێگه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ڕۆحی وجه‌سته‌یی له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كاندا هه‌یه‌.واته‌ شوناس له‌ڕێگه‌ی ئازاردان وبێبه‌شكردنی تاكه‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و لاوازی،هه‌ندێك جاریش وونبون، ده‌ڕوات.له‌به‌رامبه‌ردا وله‌پێناو ڕزگاركردنی شوناس وخاك ونیشتمان كه‌سه‌كان،به‌تایبه‌تی خاوه‌ن هه‌ست وهه‌ڵوێسته‌كان،هه‌وڵه‌كانی خۆیان به‌شێوازی جۆراوجۆر ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ وله‌م ڕووه‌شه‌وه‌ ڕووبه‌ڕوی چه‌ندین كێشه‌ وناڕه‌حه‌تی وئازار ده‌بن.جارێكی تر،نووسه‌ر به‌هه‌ستێكی فیكری وڕوشنبیرییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سی جێگه‌كان ده‌كات چونكه‌ باش ده‌زانێت كه‌كه‌سانی ئه‌و جێگه‌یانه‌ توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمنیان هه‌یه‌،به‌ڵكو ژیانی خۆشیان له‌زۆر ڕووه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌.له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌،ئایدیۆڵۆژیایه‌كی فیكری ده‌توانێت هه‌ردوو جه‌مسه‌ری جێگه‌ وكه‌سه‌كان پێكه‌وه‌ بلكێنێت وگریان بدات وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان بۆ یه‌ك مه‌سه‌له‌ خوڵقابن.له‌هه‌مان كاتدا پیرۆزی جێگه‌ كه‌سه‌كان ده‌جوڵێنێت له‌ئاستێكی ڕاوه‌ستاوه‌وه‌ بۆ ئاستێكی ووزه‌به‌خش.گه‌ر بڕوانینه‌ ڕۆمانه‌كه‌ی گه‌لاوێژ،ئه‌وا به‌ئاشكرا په‌یوه‌ندی جێگه‌ وتاكه‌كان به‌دی ده‌كرێت .جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی ته‌نها خۆی له‌كاریگه‌ریدا نابینێته‌وه‌ به‌ڵكو له‌مه‌ش زیاتر په‌یوه‌ستێتی تاكه‌كان به‌خاك ونیشتمان وداب ونه‌ریت وئه‌ده‌ب وڕۆشنبیری وفیكر وسیاسه‌ته‌وه‌ مۆتیڤێكی ئه‌خلاقی وسایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵۆژییه‌.هه‌ر ئه‌مانه‌ش وایان كردووه‌ كه‌خێزانی شه‌مسه‌خان به‌گه‌وره‌ وبچووكه‌وه‌ له‌هه‌وڵی به‌رگریدا بن دژ به‌سیاسه‌تی ڕژێمی پاشایه‌تی.هه‌ر بۆنموونه‌،له‌كاتێكدا عه‌زیز ماڵه‌كه‌ی گواسته‌وه‌ بۆ جێگه‌ وگه‌ڕه‌كێكی تر ماڵه‌ دراوسێكه‌یان،وه‌ك نه‌ریتێكی كوردانه‌،خواردنیان پێشكه‌ش به‌ماڵی عه‌زیز كرد.كچی ماڵه‌ دراوسێ، كه‌گه‌نجێكی 14-15 ساڵان بوو،له‌گه‌ڵ خۆیدا خواردنه‌كه‌ی هێنا وگوتی»كاكه‌ عه‌زیز،ئه‌وه‌ دایكم سه‌لامتان لێ ئه‌كات وئه‌ڵێت ببوورن كونه‌هاتووم بۆ لایان.وا ئه‌م نه‌خته‌ كفته‌یه‌ی بۆ ناردوون وئه‌ڵێت ئینشاڵڵا زووش دێمه‌ خزمه‌تیان.زۆر به‌خێر هاتنتان ئه‌كا»(گه‌لاوێژ:15).گه‌ر بێینه‌ سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ سیاسی وفیكرییه‌كانیش ئه‌وا نموونه‌كان گه‌لێك زۆرن،له‌وانه‌ یه‌كخستنی جێگه‌ كوردییه‌كان له‌نێو یه‌ك هه‌ڵوێسته‌ی فیكریدا كه‌ئه‌ویش كوردایه‌تیه‌.كه‌ركوك وهه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی كه‌سه‌كانی.بادینان وهه‌مان شت.ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن كه‌ئه‌و كه‌سانه‌ وله‌جێگه‌ جیاجیاكاندا نیشانه‌ی كرداره‌ به‌ره‌نگاربووه‌كانه‌،ئه‌مه‌ش له‌به‌رامبه‌ر به‌پاراستنی پیرۆزی جێگه‌ كه‌كوردستانه‌ وسلێمانیش،وه‌ك جێگه‌، ڕۆڵی گه‌یاندن وفراوانكردن ودامه‌زراندن ونوێنه‌رایه‌تی ده‌بینێت.له‌گۆشه‌یه‌كی تره‌وه‌ جێگه‌ بچووكه‌كانیش له‌نێو جێگه‌ گه‌وره‌كاندا بوونه‌ته‌ ئایكۆن وهێما بۆ كرداره‌ سیاسییه‌كان.یه‌كێك له‌و جێگه‌یانه‌ ئه‌زمڕه‌.ئه‌م جێگه‌یه‌ له‌زه‌مه‌نی پاشایه‌تی وته‌نانه‌ت دوای پاشایه‌تیش،له‌لایه‌كه‌وه‌ سنووری نێوان تێكۆشه‌ران ودوژمندا بوو.هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بوو ڕژێم له‌لووتكه‌ی ئه‌زمه‌ڕ ئێشكگرێكی پۆلیسی دامه‌زراند بوو به‌مه‌به‌ستی پاراستنی بوونی خۆیان.له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌م جێگه‌یه‌ نیشانه‌ی ڕۆحی به‌رانگاربوونه‌وه‌ بوو.چه‌ندین داستانی پاڵه‌وانانه‌ له‌ئه‌رشیفی خه‌باتی هاوچه‌رخدا تۆمار كراون.له‌ڕۆمانه‌كه‌دا ئه‌م جێگه‌یه‌،گه‌رچی به‌ووردی خاوه‌نی ئه‌م زانیاریانه‌ نیه‌،به‌ڵام ئه‌رشیفی سیاسی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ئه‌م جێگه‌یه‌،له‌زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌كه‌دا، جێگه‌یه‌كی سروشتی نه‌بوو،به‌ڵكو له‌بری ئه‌مه‌ جێگه‌یه‌كی ته‌وه‌ری شۆڕشگێری بوو.ده‌سه‌ڵاتیش گرنگی ته‌واوی پێدابوو.له‌دایه‌ڵۆگی نێوان تریفه‌ی خێزانی عه‌زیز وشه‌مسه‌خانی خه‌سووی،تریفه‌ گوتی:پوورێ گیان،به‌خوا لام وایه‌ كه‌دیسان كۆبوونه‌وه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.سه‌یرانی چی ئه‌كه‌ن له‌ئه‌زمڕ وئه‌و ناوه‌؟خۆ جگه‌ له‌هاتوچۆكه‌ری زۆری ئه‌و ڕێگا وبانه‌ ئه‌زمڕ هه‌ر خۆی مه‌خفه‌رێكی پۆلیسی لێیه‌» (گه‌لاوێژ:39).قلیاسانیش هه‌میشه‌ جێگه‌ی پێشوازیكردنی كه‌سه‌ ناوداره‌كان بووه‌ به‌نموونه‌ی مه‌لیك مه‌حمود ومه‌لیكی عێراقی.گه‌رچی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ‌ به‌لای هه‌ندێكه‌وه‌ جێگه‌ی ڕێز بوو،به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت له‌ڕۆمانه‌كه‌دا پێشوازیكردنی له‌لایه‌ن خه‌ڵكی سلێمانییه‌وه‌ جۆرێك له‌زۆره‌ ملێی تێدا بوبێت به‌وپێیه‌ی،له‌لایه‌كه‌وه‌، داوا له‌خه‌ڵكی، به‌تایبه‌تی قوتابیان، كرا كه‌بچن به‌ره‌و پیری مه‌لیكه‌وه‌ له‌قلیاسان.له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ میری خۆی هه‌ڵساوه‌ به‌پاكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان وڕازاندنه‌وه‌یان وله‌و ڕووه‌شه‌وه‌ كارئاسانیان پێشكه‌ش به‌خه‌ڵكی شاركردووه‌.گه‌ر وانه‌بێت ئه‌وا جۆره‌ دووفاقییه‌ك له‌بیركردنه‌وه‌كاندا بوونی هه‌بووه‌ كه‌لێره‌دا هه‌ردوو ئه‌گه‌ره‌كه‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی چونكه‌ له‌پێشتردا بێكه‌س وبله‌ وقانیع هاواری دووفاقیان لێ به‌رز ببوه‌وه‌ كه‌یه‌كێك بووه‌ له‌و فاكته‌رانه‌ی هه‌ره‌سی به‌یه‌كڕیزی گه‌ل وگوتاری كوردی هێناوه‌.له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌میشه‌ بانگه‌وازی ئه‌وه‌یان بۆ خه‌ڵكی كردووه‌ كه‌ڕژێمی پاشایه‌تی به‌شێوازی زۆره‌ ملێیی خۆی سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر جێگه‌ وخه‌ڵكه‌كه‌یدا.گێڕه‌وه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ دیمه‌نه‌كه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ وده‌ڵێت»میری كه‌وته‌ پاكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانی شار وڕازاندنه‌وه‌ی ڕاسته‌ شه‌قامه‌ گه‌وره‌كه‌ی دێته‌ به‌رده‌ركی سه‌را به‌تاق وئاڵای عێراقی وچیت وگوڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگ وجاڕیش درا كه‌وا سبه‌ینێ مه‌لیك وخاڵی ته‌شریف دێنن بۆ سلێمانی وداوا له‌خه‌ڵكی كرا كه‌به‌و په‌ڕی خۆشییه‌وه‌ به‌پیریانه‌وه‌ بچن.ڕۆژی هاتنی مه‌لیك هه‌ر له‌به‌یانیه‌وه‌ ته‌له‌به‌ی مه‌كته‌ب بران بۆ سه‌ر ڕێگای قلیاسان له‌پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند گۆرانییه‌كی تایبه‌تیان فێركردبوون كه‌ بۆ ئه‌و مناسه‌باتانه‌ دانرابوون» (گه‌لاوێژ: 78).
ته‌وه‌ری سێهه‌م /جێگه‌ وڕه‌هه‌نده‌ شێوه‌كارییه‌كان.ئه‌م ته‌وه‌ره‌ پێكهاتووه‌ له‌:
1- جێگه‌ وهه‌ڵسوكه‌وته‌ سروشتییه‌كان.له‌نێو جێگه‌دا چه‌ندین دیمه‌ن به‌دی ده‌كرێت.به‌شێك له‌وانه‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌ سروشتییه‌كانی كه‌سه‌كانه‌.ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ژیان ته‌نها خۆی له‌فیكر وسیاسه‌تدا نابینێته‌وه‌.به‌ئاڕاسته‌كی جیاوازتر،پێكهاته‌ی جێگه‌ پێكهاته‌یه‌كی فره‌ بیركردنه‌وه‌ وهه‌ڵسوكه‌وتییه‌كانه‌.ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ئازادی به‌خشیوه‌ به‌خه‌ڵكه‌كان كه‌ناكرێت هه‌موویان به‌به‌یه‌ك ئاڕاسته‌ بیربكه‌نه‌وه‌ وبه‌یه‌ك قه‌باره‌ش ژیان به‌سه‌ر به‌رن.هه‌ر بۆ نموونه‌،له‌كاتێكدا عه‌زیز خه‌ریكی شاردنه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ نهێنییه‌كان بوو،خێزانه‌كه‌ی،تریفه‌ زۆر له‌خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك ده‌ترسا نه‌وه‌كا یه‌كێك عه‌زیز ببینێت وگومانی لێ بكات.عه‌زیز به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی تریفه‌ی دایه‌وه‌ وگوتی دوعا بۆ كۆڵانه‌كه‌مان بكه‌ كه‌وا دایم زۆری دراوسێكانمان مه‌جلیسیان له‌به‌ر ده‌رگایه‌،بێجگه‌ له‌شاته‌ وهاواری پووره‌ مه‌نیج به‌ده‌س كوڕ وبووكه‌كه‌یه‌وه‌» (گه‌لاوێژ:61).خوله‌،برازای شه‌مسه‌خان وخاڵۆزای عه‌زیز وحه‌مه‌،كه‌له‌وێدا ئاماده‌بوو به‌م شێوه‌یه‌ دایه‌ڵۆگی كرد»به‌ڕاستی ئه‌و ژنه‌ ناخۆشی كردووه‌،ماڵ كاوله‌ ئه‌ڵێ ی ڕادیۆی قووتداوه‌ ودایم سه‌ری كۆڵانی گرتووه‌.ئه‌و ڕۆژه‌ یه‌خه‌ی منیشی گرت وبه‌زۆر ڕایگرتووم باسی كوڕه‌كه‌یم بۆ ئه‌گێڕێته‌وه‌ كه‌چۆن پاره‌ی له‌ژێر سه‌ری ده‌رهێناوه‌ وبردوێتی كردوێتی به‌قومار وژن ومناڵیشی هه‌ر ئه‌و به‌خێویان ئه‌كا» (گه‌لاوێژ:61).چایخانه‌كانی شار،له‌ڕووی سیاقی مێژووییه‌وه‌،له‌لایه‌كه‌وه‌ مه‌ڵبه‌ندی به‌سه‌ربردنی كاته‌كان بووه‌.له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ڕوویان له‌چایخانه‌كان كردووه‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست وتێكۆشه‌ر وڕوناكبیر وئه‌دیبان بووه‌.له‌ڕۆمانه‌كه‌ی گه‌لاوێژدا ئه‌م جێگه‌یه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی باره‌ سایكۆڵۆژییه‌كانی كه‌سه‌كان بووه‌ كه‌له‌ژێر گوشاره‌ جۆراوجۆره‌كاندا ژیانیان بردۆته‌ سه‌ر.له‌دایه‌ڵۆگی نێوان شه‌مسه‌خان وعه‌زیزی كوڕیدا،دایكی به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌خوله‌ی برازای ده‌كات وده‌ڵێت»ئه‌ی نازانی كه‌وا له‌دوێنێوه‌ وه‌كو حه‌پس وابوو له‌گه‌ڵم،ئیتر هه‌ر گه‌یشتینه‌ ئه‌م ناوه‌ به‌منی گوت تۆ بڕۆره‌وه‌ من ئه‌چم بۆ چایخانه‌كه‌ تۆزێ دۆمینه‌ ئه‌كه‌م ودێمه‌وه‌...بۆ هه‌ر ئیشێك بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ تاكو نه‌چێت سه‌رێكی چایخانه‌ نه‌دات وده‌ستێ،دوو ده‌ست دۆمینه‌و ئه‌سكه‌مل نه‌كات نایه‌ته‌وه‌.»(گه‌لاوێژ:12-13).له‌وه‌ڵامدا عه‌زیز گوتی»تو خوا وازی لێ بێنه‌ دایه‌،حه‌زی لێ ئه‌كا.فه‌قیره‌ هه‌موو خۆشی دنیای هاتۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌،هه‌موو قوماره‌كه‌شی له‌سه‌ر چایه‌ك،دوو چایه‌»( گه‌لاوێژ:13).
2- جێگه‌ وهه‌ڵسوكه‌وته‌ فیكرییه‌كان.مه‌رج نیه‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ك بچێته‌ نێو بازنه‌ی هه‌ڵسوكه‌وته‌ ڕۆشنبیری وفیكرییه‌كانه‌وه‌.واته‌ هه‌ل ومه‌رجی سه‌رچاوه‌ جێگه‌ییه‌كان بابه‌ته‌كان ده‌خوڵقێنێت وه‌ك ئه‌وه‌ی جێگه‌ هه‌یه‌ كه‌گونجاوه‌ بۆ بازرگانی وهه‌ندێكی تر بۆ پیشه‌سازی وئه‌وانی تریش بۆ شیعر وئه‌ده‌ب وفیكر وسیاسه‌ت.گه‌لاوێژ،وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌مان پێدا وبه‌وپێیه‌ی له‌بنچینه‌دا له‌خێزانێكی كوردپه‌روه‌ر ودواتر،له‌ڕێگه‌ی برایم ئه‌حمه‌د (بله‌) تێكه‌ڵ به‌جیهانی سیاسه‌ت وئه‌ده‌ب بوو،ئه‌وا به‌ووریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ جێگه‌ی دامه‌زراندی بابه‌ت وڕووداوه‌كه‌یدا ده‌كات.ئه‌و ناوچه‌ وجێگایانه‌ی كه‌له‌ڕۆمانه‌كه‌یدا هاتووه‌ سه‌رجه‌میان په‌یوه‌ندییه‌كی ئایدیاڵیزمی وئایدیۆڵۆژی له‌گه‌ڵ گوتاری ڕۆمانه‌كه‌یدا دروست كردووه‌.كه‌س،به‌دوژمنانیشه‌وه‌، نكۆڵی له‌خه‌بات وتێكۆشان وڕۆشنبیریه‌تی سلێمانی ناكات.هه‌مان شت بۆ ناوچه‌ی باكوور.كه‌ركوك به‌وپێیه‌ی جێگه‌یه‌كی سه‌رسه‌ختی ناكۆكییه‌كان بووه‌،ئه‌وا له‌به‌رامبه‌ردا گه‌لاوێژ نیشانی داوه‌ كه‌ڕۆڵه‌كانی هه‌ڵگری دروشمێكی ڕاسته‌قینه‌ی كوردایه‌تییه‌.گێڕه‌وه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌هاوڕێیه‌كی حه‌مه‌ ده‌كات به‌نێوی ته‌حسین «ماڵ هاوڕێكه‌ی حه‌مه‌له‌گه‌ڕه‌كی(ئاخر حسه‌ین) بوو له‌شاری كه‌ركوك،هاوڕێكه‌ی ناوی (ته‌حسین) بوو،دوكانی سه‌وزه‌ فرۆشی هه‌بوو،هه‌تا بڵێیت كوڕێكی ئازاو به‌جه‌رگ وكوردێكی دڵسۆز بوو،هه‌میشه‌ له‌ناو باره‌ سڵق وخه‌یار وسه‌وزییه‌كانیدا به‌یاننامه‌ ونووسراوی قه‌ده‌غه‌ی ئه‌هێناو ئه‌برد بۆ بڵاوكردنه‌وه‌...خێزانێكه‌ شه‌ش كه‌سی هه‌بوو.هه‌ر له‌دایكه‌ پیرێ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ تا مناڵه‌كانی هه‌موو هه‌روا ئازاو به‌جه‌رگ بوون.» (گه‌لاوێژ:111). له‌ڕۆمانه‌كه‌دا جێگه‌ی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتیش بۆته‌وه‌ له‌كاتێكدا دایكی وشیار،كه‌هاوڕێیه‌كی حه‌مه‌ی شه‌مسه‌خان بوو ڕووداوێكی ترسناكی بۆ شه‌مسه‌خان گێڕایه‌وه‌ كاتێك ژن وپیاوێكی خه‌باتكه‌ر وتێكۆشه‌ری كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ماڵه‌كه‌یان خۆیان شاردبۆوه‌ گوتی»ژن ومێردێك هاتبوون به‌میوانمان.وشیار به‌دزی ئه‌وانه‌وه‌ پێی گوتبووم كه‌میوانه‌كانمان كوردی ئه‌ودیون زۆر هاوڕێمانن ولێره‌ قاچاغن،ئه‌بێ زۆر ئاگام لێیان بێت وئه‌گه‌ر ده‌رودراوسێش پرسییان بڵێم خزممانن ماوه‌یه‌ك ئه‌مێننه‌وه‌ لامان تا شوێنێكیان بۆ ئه‌دۆزینه‌وه‌» (گه‌لاوێژ:75).ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ فیكری وئایدیۆڵۆژییه‌كان هاتووه‌ كه‌كورد له‌كاتی ته‌نگانه‌دا دۆستی یه‌كن ،به‌ڵكو پارێزگاری یه‌كتر ده‌كه‌ن به‌وپێیه‌ی كێشه‌ی جێگه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان خۆی له‌یه‌ك كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی وفیكری وجوگرافیدا ده‌بینێته‌وه‌.
ته‌وه‌ری چوارهه‌م /سروشتی جێگه‌كان.ئه‌م ته‌وه‌ره‌،كه‌پشت به‌پله‌ی سه‌قامگیری ده‌به‌ستێت، پێكهاتووه‌ له‌:
1- جێگه‌ ستاتیكه‌كان.ئه‌مه‌ ئه‌و جێگه‌یه‌یه‌،كه‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی ڕووداوه‌كه‌،دۆخه‌كانی نه‌گۆره‌ِ.له‌ڕۆمانه‌كه‌ی گه‌لاوێژدا كوردستان وخاك ونیشتمان ده‌بنه‌ جێگه‌یه‌كی جێگیری نه‌گۆڕ.واته‌ هیچ هه‌ڵوێسته‌یه‌كی نێگه‌تیڤی له‌ڕێگه‌ی تاكه‌كانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌م جێگه‌یه‌ ڕووی نه‌دا وبه‌ڵكو به‌هۆی په‌یوه‌ستێتی تاكه‌كان به‌خاكه‌وه‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌م جێگه‌یه‌ له‌جوانه‌وه‌ به‌ره‌و جوانتر ده‌ڕۆشت.به‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ش پێداگرتن وخۆڕاگرتن وفیداكاری كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كان وناسه‌ره‌كییه‌كان بوو به‌جێگه‌ جیاوازه‌كانیشه‌وه‌ وه‌ك سلێمانی وكه‌ركوك وبادینان.ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت كه‌پیرۆز ڕاگرتنی ئه‌م جێگه‌یه‌ ته‌نها خۆی له‌جێگه‌یه‌كی دیاریكراودا نابینێته‌وه‌ به‌نموونه‌ی سلێمانی به‌ڵكو هه‌ڵوێسته‌ی جێگه‌ ئاماژه‌پێكراوه‌كان هه‌میشه‌ كوردستان ونیشتمانیان به‌جێگه‌یه‌كی جێگیر ئه‌ژمار كردووه‌.هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ جێگه‌ی جێگیر ڕۆڵی دایكایه‌تی ده‌بینێت كه‌هه‌موو منداڵه‌كانی وه‌ك یه‌ك خۆش ده‌وێت ومنداڵه‌كانیش به‌یه‌ك چاو سه‌یری دایكیان ده‌كه‌ن.ئه‌م هه‌ڵوێسه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ڕووداوی ڕۆمانه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تاكۆتاییه‌كه‌ی.ئه‌وه‌تا دوای داڕمانی ڕژێمی پاشایه‌تی له‌كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌دا له‌لایه‌ن شۆڕشگێڕانه‌وه‌ كوردی جێگه‌ جیاوازه‌كان وه‌ك جه‌ژن وپشتگیری ب،چ هه‌وڵه‌كانی شۆڕشگێڕان ڕوویان له‌به‌غدا كرد كه‌ئه‌مه‌ به‌ئاڕاسته‌یه‌كی تر ئاماژه‌یه‌ به‌یه‌كڕیزی كه‌س وجێگه‌ جیاوازه‌كان به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر به‌خاك ونیشتمان.»پاش ده‌ دوانزه‌ ڕۆژێ،عه‌زیز وبراده‌رانی وژماره‌یه‌كی زۆری كورد له‌هه‌موو شاره‌كانی كوردستانه‌وه‌ ڕوویان كرده‌ به‌غغدا به‌ناوی وه‌فدی كوردستانه‌وه‌ بۆ ده‌ربڕینی پشتگیری ودڵسۆزی كورد به‌رامبه‌ر به‌شۆڕشه‌كه‌» (گه‌لاوێژ:120).كه‌واته‌ جێگه‌ به‌پێی دۆخ وجیاوازی كه‌سه‌كان خۆی له‌ستاتیك وداینامیكدا ده‌بینێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رای سلێمانی جێگه‌ی گرتنی كه‌سه‌كان بوو به‌جیاوازی كه‌یسه‌كانیان كه‌ئه‌مه‌ جێگه‌یه‌كی ستاتیك بوو بۆ گرتووه‌كان.به‌ڵام شه‌ڕی به‌رده‌ركی سه‌را ئاڕاسته‌ی جێگه‌كه‌ی گۆڕی له‌جێگه‌یه‌كی ناشیرینه‌وه‌ بۆ جێگه‌یه‌كی جوان وپیرۆز.یان سه‌را وه‌ك گرتووخانه‌یه‌ك جێگه‌یه‌كی ستاتیك بوو بۆ تێكۆشه‌ران به‌ڵام بۆ كه‌سێك كه‌به‌ده‌گمه‌ن ده‌گیرێت جێگه‌یه‌كی داینامیكه‌ وناجێگیره‌.لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بدرێت كه‌هۆكاری جێگه‌ی ستاتیك وجێگیر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ڵه‌كه‌بوونی بیروبۆچوونێك یان ئایدیایه‌ك بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی دیاریكراو به‌نموونه‌ی په‌یوه‌ستێتی كه‌سه‌كان به‌خاك ونیشتمانه‌وه‌.یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كلتووری تاكه‌كان به‌مه‌سه‌له‌یه‌كی چاره‌نووس ساز.بۆنموونه‌ی كارێكته‌ره‌كانی سلێمانی وكه‌ركوك وبادینان كه‌له‌ڕۆمانه‌كه‌دا ناویان هاتووه‌ سه‌رجه‌میان به‌بێ گوشاره‌كان په‌یوه‌ستێتی خۆیان بۆ جێگه‌ ستاتیكه‌كه‌ی كوردستان نیشان داوه‌.له‌كاتێكدا حه‌مه‌ی شه‌مسه‌خان ده‌ستبه‌سه‌ر بوو وه‌ ڕه‌وانه‌ی موسڵیان ده‌كرد پۆلیسه‌كان له‌كه‌ركوك لایان داو حه‌مه‌ سه‌یرێكی ئاگری بابه‌گوڕگوڕی كردوو وله‌مه‌نه‌ڵۆگێكدا گوتی»قوڕ به‌سه‌رتان! بمرن ولێكبنه‌وه‌ ئه‌مه‌ هی كورده‌،شێت وهاربن هه‌رهی كورده‌! ڕۆژێك دێ كوردیش وه‌ك گه‌لانی كه‌ی دنیا بگات به‌هه‌قی خۆی وخۆی وخاكی له‌ژێر ده‌ستی دوژمن ده‌ربهێنێت وئازاد وشاد بۆ خۆی بژی» (گه‌لاوێژ:91).ئه‌م بیركردنه‌وه‌ پێشبینیكردنه‌ به‌هۆی جێگه‌ ستاتیكه‌كه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌به‌درێژایی زه‌مه‌نی كورد كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ له‌هزری تاكی كوردا وتوانیویانه‌ جێگه‌كه‌ به‌ستاتیكی بپارێزن.ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌ نێو پڕۆسه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان تاكه‌ جیاوازه‌كان وزه‌مه‌نی ڕابردوو وئێستا.له‌لایه‌كی تره‌وه‌ جێگه‌ی ستاتیك ئه‌و جێگه‌یه‌یه‌ كه‌خۆی له‌ڕووبه‌ر وفه‌زایه‌كی دیاریكراودا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌به‌مه‌ ده‌وترێت جێگه‌ داخراوه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له‌ڕووداوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و جێگه‌یانه‌ كاری له‌سه‌ر كرابێت.گه‌ر سه‌یرێكی رشۆمانه‌كه‌ بكه‌یان له‌ڕووی ستاتیكه‌وه‌ ئه‌وا ده‌بینین سلێمانی ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی داگیر كردووه‌.دیاره‌ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌كه‌وه‌ له‌به‌ر قورسایی جێگه‌كه‌ به‌تایبه‌تی له‌ڕووی فیكری وسیاسیه‌وه‌.له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و بزێوێی تاك وكه‌سه‌كانیانه‌وه‌ كه‌سروشتی زۆربه‌یان له‌و جۆره‌یه‌.ئه‌وه‌تا خێزانی شه‌مسه‌خان به‌ژن وكوڕ وپیاو وبووكه‌وه‌ له‌هه‌وڵی تێكۆشان وخه‌باتدان كه‌ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ به‌ده‌گمه‌ن له‌شوێنێكی تر به‌دی بكرێت.شه‌مسه‌خان ،وه‌ك پاڵه‌وانێكی به‌جووڵه‌ وته‌وه‌ری له‌سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كه‌وه‌ به‌دوای بابه‌ته‌كه‌وه‌یه‌ ولێی جودا نابێته‌وه‌.ته‌ناته‌ت كه‌حه‌مه‌ی كوڕی ده‌گیرێت ئه‌وا ئه‌م به‌دوایه‌وه‌ ده‌بێت هه‌ر له‌سه‌رای سلێمانیه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ كه‌ركوك وموسڵ وگرتووخانه‌كان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP