به‌ ئه‌نگوستیله‌یه‌كی مۆره‌وه‌
به‌ ئه‌نگوستیله‌یه‌كی مۆره‌وه‌ ‌ 15/6/2017
دڵشاد عه‌بدوڵڵا
ئه‌و شه‌وه‌ی ئانا ئاخماتۆفام ده‌خوێنده‌وه‌
هه‌وای سارد له‌و دیو په‌نجه‌ره‌وه‌،
له‌ژێر چرای باخچه‌كه‌دا هه‌ڵده‌له‌رزی.
چاوی نیمچه‌ داخراوم نیشته‌ سه‌ر دێڕێك:
« ڕسته‌ی خۆش ده‌نووسم له‌ باره‌ی داڕمانی ژیانه‌وه‌ «
خۆش وه‌كو كه‌ڵه‌كه‌ به‌ردی بورجی عاسێ، 
له‌ به‌رده‌می پیاوه‌كانی جدانۆف.
خۆش وه‌كو سه‌به‌ته‌ی پڕ ترێ به‌ ده‌ستی ژنێكه‌وه‌. 
داڕماو وه‌كو ئێواره‌ی كێلی شكاو
ئێواره‌ی نه‌خۆش و مه‌دهۆش و سه‌رخۆش
ئێواره‌ی جه‌نگ و دوای جه‌نگ له‌ كێڵگه‌ پڕ وه‌حشه‌ته‌كان
كه‌ بازێكی سوور به‌ئاسمانه‌وه‌ باڵ ده‌كێشێ به‌سه‌ر به‌فر
ئێواره‌ی ئیرهاب و ماڵ بزركردن
كه‌ سیخوڕیك هه‌میشه‌ به‌دواته‌وه‌یه‌،
ته‌نیشته‌كانی نیشانده‌،
ته‌نیشتی شینهه‌ڵگه‌ڕاو به‌ده‌ست جه‌للاده‌وه‌.

شه‌وێك كه‌ ئانام ده‌خوێنده‌وه‌
ده‌ستم له‌سه‌ر دڵی دانا
به‌ ده‌نگی دایكێك ده‌گریا
به‌ ده‌نگی كۆترێك، به‌ نووزه‌ی كه‌روێشكێك 
« خوایه‌ك شك نابه‌ین ڕزگارمان بكا «.
كه‌چی، له‌ په‌راوێزی یاداشتی K.G.B  دا 
نووسرابوو، قه‌حپه‌یه‌! 
نه‌یشاردبووه‌وه‌ كه‌ قه‌دیسیشه‌.
په‌روانه‌ به‌چ پێوانه‌یه‌ك قه‌حپه‌یه‌؟ 
گوڵه‌ حاجیله‌ به‌چ پێوانه‌یه‌ك؟
به‌چ پێوانه‌یه‌ك خائینه‌ تۆوی هه‌ڵاڵه‌؟ 
گیا كه‌ له‌ژێر سمی ئه‌سپی جه‌نگ ده‌یناڵاند، 
شه‌رمی له‌ڕووی ئانا ده‌كرد. 
له‌تۆڵه‌ی چی بوو، ئێواره‌یان خنكاند له‌گه‌رووی؟

من كه‌ شیعر ده‌خوێنمه‌وه‌ هه‌موو شتێكی ده‌ره‌وه‌م 
بیر ده‌چێته‌وه‌
به‌تایبه‌تیش ئه‌و شیعرانه‌ی وشه‌كانیان قورستره‌ له‌ژیان
ئانا ئه‌و ته‌قلیده‌ی شكاند
به‌و شته‌خۆشانه‌ی له‌باره‌ی داڕمانی خۆیه‌وه‌ به‌ژیانی ده‌وت.

قه‌دیسه‌یه‌ك، هه‌تا شیعر ماوه‌!
هه‌ڵمی ئه‌وها هه‌ڵنه‌ستاوه‌ له‌ هیچ وشه‌یه‌ك.

گۆڕه‌كان له‌ هه‌موو شوێنێكدا
داپۆشراون به‌ وشه‌ی ئانا تا ده‌ریاش.
چه‌ند به‌هێمنی ته‌ماشای ڕووسیا ده‌كه‌ن
سێبه‌ری هه‌تاوه‌ ئانا! له‌كاتی كه‌وتنی زه‌رده‌دا 
كلیلی دنیای به‌ده‌سته‌
دڵی نایێ به‌ ته‌واوی بیكاته‌وه‌
شه‌ڕكه‌رێك سێره‌ی گرتووه‌ و ته‌ماشای پێشه‌ی خۆی ده‌كا، 
ڕێك ناو ده‌رگا
ته‌نیشته‌كانی نیشان ده‌ ئه‌ی ئانا، ته‌نیشته‌كان:

جوتیارێك به‌سه‌ر تراكتۆرێكه‌وه‌ زه‌وی ده‌كێڵێ و
 گۆرانی ده‌ڵێ
مه‌ستێك له‌ كونجی مه‌یخانه‌ پیاڵه‌ هه‌ڵده‌دا و
 گۆرانی ده‌ڵێ
ژنێك به‌ ئه‌نگوسیله‌یه‌كی نقێم مۆره‌وه‌ 
له‌به‌ر ئاوێنه‌ به‌رۆكی ده‌كاته‌وه‌،
له‌باره‌ی داڕمانی خۆشییه‌وه‌  گۆرانی ده‌ڵێ 
منیش ئانا ده‌خوێنمه‌وه‌  به‌ هه‌مان ئاواز.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7342
16/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ماڵئاواییه‌کی خه‌مناک 16/8/2017
‌ پریمه‌رلیگ، له‌ نێوان له‌سه‌ركارلابردنی راهێنه‌ران و زۆری رێژه‌ی هانده‌راندا 16/8/2017
زانست
‌ چاوه‌ڕوان مه‌به‌ تینووت بێت .. هه‌میشه‌ ئاو بخۆره‌وه‌ 16/8/2017
‌ خانمی ئاسمان، له‌ نێوان ڕابتۆری ئه‌مریكی و( T-50) روسیی دا 16/8/2017
‌ ژیان لە دەرەوەی زەوی دەدۆزرێتەوە 14/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP