فیلمی ricki and the flash‌و روویه‌كی دیكه‌ی میرل ستریپ
فیلمی ricki and the flash‌و روویه‌كی دیكه‌ی میرل ستریپ ‌ 16/6/2017
ئا/ سیڤا ئازاد سدیق
ئه‌كته‌ری شۆخوشه‌نگی هۆڵیوود، میرل ستریپ، سه‌ده‌ها رووی جییاوازی له‌ كاره‌كانیدا پێشكه‌ش كردووه‌‌و له‌ فیلمی ریكیشدا روویه‌كی نوێ پێشكه‌ش ده‌كات، كۆتا رۆڵی فیلمی جادووه‌ دڕنده‌كه‌ بوو كه‌ ساڵی رابردوو له‌ فیلمی 
into the woods  پاڵێورا بۆ خه‌ڵاتی ئۆسكار، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی توانایه‌كی ناوازه‌ی هه‌یه‌ له‌ ده‌ربڕین‌و به‌رجه‌سته‌كردنی ڕۆڵه‌كاندا.
ئه‌مجاره‌ ریكی ده‌ناسین، گۆرانیبێژێكی پیری رۆكه‌ له‌ یه‌كێك له‌ یانه‌ شه‌وانه‌كاندا كار ده‌كات، به‌ رۆژیش له‌ دووكانێك كار ده‌كات، ناچاره‌ به‌رده‌وام به‌ ڕووی كڕیاره‌كاندا زه‌رده‌خه‌نه‌ بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌هێز بێت.
ریكی ژنێكه‌ له‌ شه‌سته‌كانی ته‌مه‌نیدایه‌‌و چه‌رم جلدی ره‌ش له‌به‌ر ده‌كات له‌گه‌ڵ پێلاوی به‌رز‌و مه‌یكه‌پێكی زۆر كۆمه‌ڵێك خشڵی هه‌رزانی زۆر‌و بۆیه‌ی نینۆكی تۆخ‌و مۆدێلی قژی تایبه‌ت‌و له‌ پشت ئه‌م دیمه‌نه‌ سه‌رنجراكێشه‌وه‌ چیرۆكێكی دوورودرێژی سه‌ركه‌وتن‌و شكستی شاردووه‌ته‌وه‌.
هه‌موومان ئه‌و گۆرانیبێژه‌ رۆكانه‌مان بیستووه‌ كه‌ به‌هۆی هونه‌ره‌كه‌یانه‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆر‌و هه‌وادارێكی زۆریان هه‌یه‌، به‌ڵام ئیمڕۆ جیهانی  ئه‌وگۆرانیبێژه‌ رۆكانه‌ ده‌ناسین كه‌ هه‌موو ژیانی  خۆیان كردووه‌ته‌ قوربانی بۆ هونه‌ره‌كه‌یان‌و هیچیان لێ به‌ده‌ست نه‌هێنا.
چیرۆكی Ricki and the flash  ده‌ناسین 
بۆچی ریكی؟  
رووداوه‌كان له‌و یانه‌یه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات ریكی «میرل ستریپ»‌و تیپه‌كه‌ی  the flash گۆرانی تێدا ده‌ڵێن تیپه‌كه‌ ناسراو نییه‌ ته‌ها هه‌وادارانی یانه‌كه‌ ده‌یناسن، به‌ڵام زۆر به‌ په‌رۆشن بۆ كاره‌كه‌یان.
ریكی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی بۆ دێت له‌لایه‌ن مێرده‌ كۆنه‌كه‌یه‌وه‌ پێی راده‌گه‌یه‌نرێت مێرده‌ی كچه‌كه‌ی پاش ئه‌وه‌ی ناپاكی به‌رامبه‌ر كردووه‌ جێیهێشتووه‌‌و ئێستا له‌ دۆخێكی ده‌روونی نا له‌باردایه‌ پێویستی به‌ دایكییه‌تی، له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌دا وه‌ك دایكێك یانه‌كه‌ جێده‌هێڵێت‌و به‌ره‌و ئیندییانا پۆلیس به‌ڕێده‌كه‌وێت دووباره‌   ده‌كه‌وێته‌وه‌ یادی رابردوو.
له‌وێوه‌ به‌ لایه‌نێكی تری ژیانی ریكی ئاشنا ده‌بین، كه‌ كه‌سایه‌تی لیندایه‌ له‌ رابردوودا هاوسه‌رێكی به‌سۆز‌و داكێك بووه‌ گرنگی به‌ هه‌ر سێ منداڵه‌كه‌ی داوه‌، لێره‌دا بینه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی لا دروست ده‌بێت له‌ چ قۆناغێكدا لیندا توشی ئه‌م گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌یه‌ هاتبێت له‌ لینداوه‌ بووه‌  به‌ ریكی هۆكاری ئه‌م گۆڕانه‌ چییه‌؟.
Ricki and the flash‌و ئافره‌ت
له‌وانه‌یه‌ وا بزانین كه‌ تێڕوانینی دیاریكراو بۆ ئافره‌ت‌و دانانی له‌ رۆڵی تایبه‌تدا له‌ رابردوو ته‌نها قۆرخكاریه‌كی كۆمه‌ڵگا شه‌رقیه‌كان بووبێت، به‌ڵام له‌م فیلمه‌دا ده‌بینین كه‌ چه‌نده‌ها كۆمه‌ڵگای جییاواز هه‌مان تێڕوانینیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌پێی ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی جییاوازه‌‌و نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ گرنگی پێدانی كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.
فیلمه‌كه‌ سه‌رنجی خستووه‌ته‌ سه‌ر مافی ژن‌و به‌دیهێنانی ئاواته‌كانی، ریكی كاتێك بڕیاریدا ببێته‌ گۆرانیبێژی رۆك‌و خه‌ونه‌كه‌ی بهێنێته‌دی، مێرده‌كه‌ی خستیه‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژارده‌یه‌كی قورس كه‌ یان گۆرانیبێژ بێت یان خاتوونی ماڵ‌و دایك بێت، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌كه‌ی دڵخۆشی كرد‌و هه‌ستێكی باوه‌ڕ به‌خۆبوونی پێبه‌خشی به‌ڵام خێزانه‌كه‌ی لێسه‌نده‌وه‌.
له‌ یه‌كیك له‌ دیمه‌نه‌كاندا ریكی له‌به‌رده‌م بینه‌ردا تێكده‌شكێت پرسیار ده‌كات ئایا بۆ گۆرانیبێژه‌ رۆكه‌ پییاوه‌كان ده‌توانن خێزانه‌كانیان بۆ چه‌نده‌ها مانگ جێبهێڵن بۆ پێشكه‌شكردنی ئاهه‌نگه‌كانیان‌و دوای ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو خێزانه‌كانیان‌و باشترین پێشوازییان لێده‌كرێت له‌لایه‌ن منداڵه‌كانیانه‌وه‌، كۆمه‌ڵگاكه‌یان لۆمه‌یان ناكات كه‌ ده‌یانه‌وێت خه‌ونه‌كانیان به‌دی بهێنن، ئه‌ی بۆچی كۆمه‌ڵگه‌ رۆڵی ژن ته‌نها له‌ هاوسه‌رێتی‌و دایكایه‌تیدا قۆرخده‌كرێت، كاتێك له‌ هه‌ر یه‌كێك له‌م دوو ئه‌ركه‌ یاخی ببێت‌و داوا بكات خه‌ونێكی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بێت، ده‌بێته‌ كه‌سێكی نه‌فره‌تلێكراو؟.
كۆمه‌ڵگا بچووكه‌كه‌ی ئیندیانا پۆلیس  به‌هۆی حه‌زی بوون به‌ گۆرانیبێژی به‌ شێت وه‌سفیانكرد، ناچار بوو خێزانه‌كه‌ی جێبهێڵیت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونه‌كه‌ به‌دی بهێنێت، كاتێیش دووباره‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ئیندییانا بینی ته‌نانه‌ت به‌ تێپه‌ڕبوونی كاتیش هێشتا هه‌مان تێڕوانینیان بۆی هه‌یه‌‌و نه‌گۆڕاون.
فیلمه‌كه‌ زۆر به‌ نه‌رمی دوای ئه‌م دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندی نێوان دایك‌و منداڵه‌كانی ده‌رده‌خات هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی كچه‌ خه‌مباره‌كه‌ی‌و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مێردی پیشووی‌و هاوسه‌ره‌ نوێكه‌ی، ده‌مانخاته‌ نێو قووڵایی ناوه‌ڕۆكی فیلمه‌كه‌وه‌‌و دراما‌و كۆمیدیا پێكه‌وه‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ماوه‌ی سه‌د خوله‌كدا.
فیلمه‌كه‌ له‌ ده‌رهێنانی JONATHAN DEMME جۆناسان دێممیه‌‌و نوسینی DIABLO CODY دیابلۆ كۆدی‌و MAMIE GUMMER  مامی گۆمه‌ر كچه‌ راستقینه‌كه‌ی میرڵ ستریپ رۆڵی كچه‌كه‌ی ده‌بینێت‌و ئه‌و لێكتێگه‌شتنه‌ی له‌ نێوانیاندا بوو زۆر به‌ ئاشكرا له‌ دیمه‌نه‌كاندا دیار بوو، هه‌روه‌ها RICK SPRINGFIELD  ریك سپرینگفیڵد گۆرانیبێژی رۆك رۆڵی گیتار ژه‌نه‌كه‌ ده‌بینێت، هه‌رچه‌نده‌ فیلمه‌كه‌ قازانجێكی زۆر‌و  ئاستێكی به‌رزی به‌ده‌ست نه‌هێنا، به‌ڵام یه‌كێكه‌ له‌ فیلمه‌ تایبه‌ته‌كانی 2015كه‌ نابێت پشتگوێ بخرێت شایه‌نی ته‌ماشا كردنه‌. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP