كوردستان له‌ پێناوی عیراق‌و عه‌ره‌بدا
كوردستان له‌ پێناوی عیراق‌و عه‌ره‌بدا ‌ 15/7/2017
عه‌لی به‌دای
ئێمه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا دوورترین كه‌سین له‌ واقیعه‌وه‌، بۆ نموونه‌ سه‌یری ئێمه‌ی عه‌ره‌ب بكه‌، پێش 60 ساڵ به‌گره‌نتی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ نیوه‌ی فه‌له‌ستینیان پێداین‌و ره‌تمانكرده‌وه‌، هه‌موویمان ده‌ویست! پاشان هه‌موو شتێكیان لێبردین‌و نیو سه‌ده‌ دانیشتین‌و كۆبوونه‌وه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بیمان به‌ست‌و له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌پاڕێینه‌وه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نیوه‌ی یه‌كه‌م، سه‌یری دوای رووداوه‌كانی ئه‌وه‌ بكه‌، قه‌سابخانه‌كانی ئه‌یلول له‌ ئۆردن، جه‌نگی وێرانكه‌ری لوبنان، شكستی حوزه‌یران، قودس له‌ ئابادانه‌وه‌، ملیۆنه‌ها كوژراوو ملیۆنه‌ها هه‌تیو.
له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌قامگیردا شكستمان هێنا‌و تا ئێستاش له‌ ئاسمان، لای دراوسێكانمان‌و له‌ فه‌زای ده‌ره‌وه‌دا بۆ هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێین‌و له‌ خودی ماڵی خۆماندا ناگه‌ڕێین.
ئایا چه‌ند كورد خۆی ته‌قانده‌وه‌؟
تا كه‌ی؟ تا كه‌ی چاومان له‌ ئاستی راستییه‌كاندا ده‌نوقێنین؟ تا كه‌ی خۆمان به‌ دروستكردنی دوژمنه‌وه‌ ماندوو ده‌كه‌ین؟ من لێره‌دا دوور له‌ سیاسه‌ت ده‌رباره‌ی تاڵه‌بانی‌و بارزانی‌و مالكی‌و سه‌دام، به‌ڵام نزیك له‌ ویژدانه‌وه‌ پرسیارێك ده‌كه‌م، تكا ده‌كه‌م له‌ هه‌موو خاوه‌ن ویژدانێك پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵام بداته‌وه‌ به‌باشی لێی تێ بگات، هه‌ر عه‌ره‌بێك پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ بیهێنێته‌ به‌رچاوی خۆی به‌وه‌ی وا سه‌یر بكات كه‌ عه‌ره‌ب له‌ عیراقدا نه‌ته‌وه‌ی دووه‌مه‌‌و كورد نه‌ته‌وه‌ی یه‌كه‌مه‌‌و ئه‌وه‌ كورد بوو 180 هه‌زار عه‌ره‌بی بێ دیفاعی له‌ حلله‌‌و سه‌ماوه‌‌و رومادی له‌ یه‌ك رۆژدا خسته‌ ژێر خاك، با عه‌ره‌بێك وای ببینێ كه‌ كورد كه‌سوكاره‌ مه‌ده‌نییه‌كه‌ی له‌ شه‌رقات كیمیاباران كرد، كاردانه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێكی عه‌ره‌ب چی ده‌بێت؟، با ئه‌و وه‌ڵامه‌ بۆ خاوه‌ن ویژدانه‌ زیندووه‌كان به‌جێبهێڵین‌و به‌ره‌و واقیع بڕۆین.
ده‌وڵه‌تی عیراق هه‌ره‌سی هێنا‌و دڕنده‌ عه‌ره‌ب‌و ئیسلامییه‌كان هاتنه‌ عیراقه‌وه‌، هه‌زاران چیچانی، سعودی، یه‌مه‌نی، سوری، تونسی، جه‌زائیری، مه‌غریبی، میسری، ئۆردنی، لیبی، سودانی، ئه‌فغانی‌و عه‌ره‌بی عیراقی له‌ سوننه‌‌و شیعه‌، ئایا چه‌ند كورد خۆی ته‌قانده‌وه‌؟ 
عیراق به‌ درێژایی 40 ساڵ له‌ جه‌نگێكی ناوخۆدا بوو له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و به‌غدای پایته‌خت هه‌زاران لایه‌نگری كوردی تێدا بوو، ئایا هیچ ته‌قینه‌وه‌یه‌كمان له‌ ناوچه‌كانی سه‌در‌و كه‌ڕاده‌دا بینی؟ ئایا هیچ تیرۆر‌و رفاندن‌و زیندانیكردنێكمان بینی؟ یان له‌ بازاڕه‌كان گۆشتی مرۆڤ له‌گه‌ڵ گۆشتی مانگا‌و ته‌ماته‌و سێو تێكه‌ڵاو بوو؟ هیچمان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ چێژ له‌ گوڵی باخچه‌كانمان وه‌ربگرین، به‌ره‌و دروست كردن‌و به‌رهه‌مهێنانی زبڵدان ده‌ڕۆین، هه‌ر له‌و هۆكاره‌ ده‌گه‌ڕێن كه‌ وێرانكاری‌و كاولكاری ده‌خاته‌وه‌.
ئایا ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌موو جارێك ده‌بینه‌ قوربانی ساویلكه‌ییمان‌و ده‌مارگیری خێڵه‌كی كه‌ ته‌نها هاواری ها ها ها ده‌وروژێنێت؟ 

ره‌تكردنه‌وه‌‌و پیرۆزكردن
نه‌وتمان تێكشكاند، نه‌وتمان ژه‌هراوی كرد، نه‌وت‌و وڵاتی ئه‌قڵمان كوشت، نه‌وتی زۆر‌و زه‌وه‌ندمان هه‌یه‌، نه‌وتی به‌سره‌‌و عه‌ماره‌‌و كوت‌و ناسریه‌مان هه‌یه‌، له‌ رومادی‌و موسڵ‌و دیاله‌ سامانی به‌نرخمان هه‌یه‌، ئێمه‌یان به‌ مه‌سه‌له‌ی كوردستانه‌وه‌ سه‌رقاڵ كرد، خۆمان ماندوو كرد‌و تا راده‌یه‌ك هه‌ڵوه‌شاین‌و خۆمان له‌ به‌رده‌م كێشه‌یه‌كی جیاوازدا بینییه‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌ دواكه‌وتووییمان هیچ بنه‌مایه‌كی مادی نییه‌، سوننه‌‌و شیعه‌ چییان له‌ سووربوونیان ده‌رباره‌ی یه‌ك نیشتمان ده‌ستكه‌وت، كه‌ رێگه‌یه‌كمان بۆ بونیاتنانی نه‌بوو؟
ئایا ئه‌و شێوازه‌ پێكه‌نیناوی نییه‌ كه‌ ئێمه‌ی عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ دۆزی كورددا په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ین‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و پاساوانه‌دا دژه‌ كه‌ بۆ به‌رگری كردن له‌ هه‌مان مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ین؟ ئایا ئه‌وه‌ نامۆ نییه‌ كه‌ بۆ نموونه‌ سیاسه‌تی ئه‌مری واقیع رت ده‌كه‌ینه‌وه‌، وه‌ك به‌ جوله‌كه‌ كردنی قودس‌و بونیاتنانی ئۆردوگا‌و گۆڕینی واقیعی دیمۆگرافی له‌ ناوچه‌ فه‌له‌ستینییه‌ داگیركراوه‌كان‌و رووبه‌ڕووی ئیسرائیل بووینه‌ته‌وه‌؟ له‌كاتێكدا ئه‌و ئه‌مری واقیعه‌ پیرۆز ده‌كه‌ین كه‌ سه‌دام سه‌پاندی‌و پابه‌ندین به‌ ته‌عریب كردنی چه‌ندین شوێنی كورده‌وه‌، ئایا ئه‌وه‌ نامۆ نییه‌ كه‌ داوای مافی چاره‌نووس بۆ فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌كه‌ین‌و به‌ئیراده‌ی خۆیان ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ پێكبهێنن، به‌ڵام كاتێك ته‌نها باس له‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین بۆ كورد ده‌كرێت، ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی حه‌رامكراوه‌كان‌و چاوپۆشی لێ نه‌كرێت؟

له‌ ئه‌یلولی ره‌شه‌وه‌ بۆ نیسانی قه‌ترانی
من له‌و كه‌سانه‌ پرسیار ده‌كه‌م كه‌ دژی فیدراڵی‌و ماده‌ی 140 ن، بۆچی‌و ئه‌لته‌رناتیڤ چییه‌؟ ئه‌و مه‌ترسییه‌ چییه‌ كه‌ ماده‌ی 140 دروستی ده‌كات؟ ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی كورد وایده‌بینن كه‌ به‌جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی 140‌و پابه‌ندبوون به‌ده‌ستووری عیراقه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی كۆماری عیراقی دیموكراتیدا ده‌مێننه‌وه‌‌و سامانی نه‌وت ده‌بێته‌ موڵكی هه‌موو گه‌لی عیراق.
ئایا پێویست نه‌بوو سیاسییه‌كانمان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری رێك بخه‌ن‌و تیایدا بارزانی وه‌كو به‌ڵێننامه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م هه‌موواندا هه‌ڵوێستی خۆی روون بكاته‌وه‌؟ بۆچی مالكی له‌و رووه‌وه‌ فێڵی كرد؟ ئایا له‌ هه‌ولێر به‌ڵێنی چی دابوو؟
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئاره‌زووی عیراقێكی فیدراڵی ده‌كه‌ین كه‌ هاوبه‌شی تێدا بێت، دوو چاره‌سه‌ر هه‌یه‌: یان ئه‌وه‌تا بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دڕنده‌یی جه‌نگی ره‌شه‌كوژی كه‌ هه‌مووان ده‌گرێته‌وه‌، یان چاره‌سه‌ری زیاتر شارستانی‌و ئه‌قڵانی هه‌ڵببژێرین كه‌ راده‌ستكردنی خۆمانه‌ به‌وه‌ی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌و هه‌رێمیی كورد هه‌یه‌‌و ئێمه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ده‌ستپێشخه‌ر ببین‌و به‌وه‌ش بۆ ئه‌به‌د 40 ملیۆن كورد به‌ده‌ست ده‌هێنین‌و له‌گه‌ڵمان ده‌بن.
كوردستان بۆ مه‌ریخ را ناكات، ئه‌و له‌ شوێنی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه‌‌و دانیشتووانه‌كه‌شی په‌نا بۆ ئیسرائیل نابه‌ن كه‌ هیچ رایه‌ڵێكی جوگرافی‌و ئابووری‌و مێژوویی پێكه‌وه‌ نایانبه‌ستێته‌وه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ین كه‌ له‌گه‌ڵیاندا بووین‌و یارمه‌تیمان دان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ به‌ره‌و به‌دیهێنانی بوونی نه‌ته‌وه‌ییان،  ئه‌وان تێده‌گه‌ن كه‌ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌‌و پێشكه‌وتنی به‌هاوبه‌شی ئێمه‌ ده‌بێت، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان ته‌نها به‌ سه‌قامگیری‌و له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌بێت. ئه‌زموونی مێژوویی ده‌ڵێت كه‌ كورد له‌ ئاینده‌دا ده‌ست له‌كاروباری ئێمه‌ وه‌رنادات‌و وه‌كو برا نه‌ته‌وه‌یی‌و ئایینییه‌كانمان ته‌قینه‌وه‌‌و خۆكوژمان بۆ نانێرێت، چونكه‌ له‌مه‌وبه‌ریش نه‌یانكردووه‌، ئیدی له‌كاتێكدا ئێمه‌ له‌گه‌ڵیانداین چۆن ده‌یكه‌ن؟  
ده‌زانم من له‌ ناو ژاوه‌ژاوی نه‌ته‌وه‌یی‌و هات‌و هاواری ها ها ها ژێییه‌كی نه‌بیستراو ده‌ژه‌نم، به‌ڵام ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌‌و ده‌ڵێم كه‌ دڵم هه‌لا هه‌لا ده‌بێت كاتێك له‌ موسڵ كرده‌وه‌كانی داعش یان ره‌فتاره‌كانی سوپای ئیسرائیل له‌ دژی فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌بینم، هه‌روه‌ها وێرانكاریی سوریا‌و ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی رومادی‌و له‌تله‌ت بوونی عیراق ده‌بینم، سه‌رم له‌و خزمه‌ته‌ ده‌سوڕمێت كه‌ پێشكه‌شی نه‌ته‌نیاهۆی ده‌كه‌ین.
ده‌زانم من ناوازه‌م له‌ سیمفۆنیاكه‌مدا، به‌ڵام مێژووی عه‌ره‌بی فێری كردین كه‌ ناسازیی ئه‌مڕۆ سروودی نیشتمانیی ئاینده‌یه‌، دڵنیام له‌وه‌ی ئه‌و وشانه‌م ده‌بنه‌ حه‌سره‌ت له‌ دڵی نه‌وه‌كانماندا، وه‌كو چۆن ئاخمان هه‌ڵكێشا‌و ئاخ هه‌ڵده‌كێشین، چونكه‌ باوباپیرانمان نیوه‌ی فه‌له‌ستینیان ره‌تكرده‌وه‌‌و به‌پێ په‌تی له‌ رێگه‌كه‌ به‌جێیان هێشتین، له‌ ئه‌یلولێكی ره‌ش ده‌رباز ده‌بین تا بچینه‌ نیسانێكی قه‌ترانییه‌وه‌‌و له‌و ده‌رده‌چین تا بڕۆینه‌ ئه‌وه‌ی سێیه‌مه‌وه‌، ئه‌ی ئاقڵه‌كانی میلله‌ت تا كه‌ی؟
سایتی دیموكراتی


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7368
20/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ده‌ست به‌فرۆشتنی بلیته‌كانی مۆندیال كرا 20/9/2017
‌ 10 پاڵێوراوه‌كه‌ بۆ پێی زێڕین 20/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP