كورد له‌ ئاینده‌ی‌ موسڵ رۆڵێكی ئه‌وتۆی نابێت
هیچ باره‌گایه‌كی كورد نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ موسڵ كورد له‌ ئاینده‌ی‌ موسڵ رۆڵێكی ئه‌وتۆی نابێت ‌ سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ 15/7/2017
كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی نوێ‌ چاوه‌ڕێی‌ قۆناغی دوای‌ كۆتایی هاتنی داعش له‌ موسڵ ده‌كات، هه‌ندێكیان دۆسیه‌ی‌ كۆنه‌و دوباره‌ نوێ ده‌بێته‌وه‌و دێته‌وه‌ گۆڕێ، هه‌ندێكی دیكه‌یان به‌هۆی بارودۆخی دوای‌ هاتنی داعش دروستبوون بونه‌ته‌ به‌شێك له‌گرفته‌كانی ناوچه‌كه‌.
جیاواز له‌هه‌موو ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كانی دیكه‌ی‌ عیراق، پێده‌چێت هه‌ویری موسڵ ئاوی زیاتر بكێشێت و ئاڵۆزیی زیاتری به‌دواوه‌بێت و لێكه‌وته‌كانی دوای‌ كۆتایی هاتنی داعش جیاوازتربێت له‌ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كانی دیكه‌ی‌ عیراق.
له‌پرۆسه‌ی‌ رزگاركردنی موسڵ ناوچه‌كانی داعش كۆنترۆڵی كردوون، ئه‌و گروپه‌ تیرۆرییه‌ به‌جه‌سته‌و بوونی فیزیكییه‌وه‌ له‌ناوده‌چێت، به‌ڵام كارێكی ئاسان نییه‌ له‌رووی فكرییه‌وه‌ به‌مزوانه‌ كۆتایی بێت، چونكه‌
مانه‌وه‌ی‌ داعش بۆ سێ‌ ساڵ له‌ موسڵ بێگومان كاریگه‌ری گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر شاره‌كه‌ دروستكردووه‌، ره‌نگه‌ زۆرینه‌ی‌ له‌دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ده‌سه‌ڵات و حوكمی داعش بێزاربوبن، به‌ڵام كه‌مینه‌یه‌ك له‌ژێر كاریگه‌ری‌ حوكمڕانیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دابوون و له‌دوای‌ روخانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان بێگومان په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ رێكخستنه‌كانیدا ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ واده‌كات فكری داعش و رێكخستنی داعش به‌رده‌وام بێت، باشترین به‌ڵگه‌، ئه‌و شوێنانه‌ی‌ له‌موسڵ رزگاركراون له‌لایه‌ن سوپاو حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ كرده‌وه‌ی‌ تیرۆریی وه‌ك كوشتن به‌ چه‌كی بێده‌نگ و ته‌قینه‌وه‌ به‌ پشتێنه‌ی‌ بۆمب و تۆقاندنی خه‌ڵك، له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌میدیای‌ عیراق نایه‌وێت تیشك بخاته‌ سه‌ر ئه‌و رووداوانه‌و به‌شێكیش له‌میدیاكان ده‌ستیان به‌و هه‌واڵانه‌ راناگات.
پرسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ یه‌كێك ده‌بێت له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كان، چونكه‌ له‌لایه‌ك پێویستی به‌ پاره‌یه‌كی ئێجگار زۆر هه‌یه‌، هه‌ندێك باس له‌ 30 ملیار دۆلار ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌ حكومه‌تی عیراق له‌قه‌یرانی داراییدایه‌ پێناچێت به‌مزوانه‌ بتوانێت ده‌ست به‌ئاوه‌دانی شاره‌كه‌بكات، به‌ڵكو ته‌نها ده‌ستی به‌گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان راده‌گات.
یه‌كێك له‌و پێشبینیانه‌ی‌ ده‌ركرێت گرفتی ناوچه‌كانی باكورو رۆژهه‌ڵاتی موسڵه‌، له‌باكوردا ته‌له‌عفه‌ر هه‌یه‌و به‌شێك له‌دانیشتوانه‌كه‌ی‌ شیعه‌ن و له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داعش روبه‌رووی دڕنده‌ترین هێرش و په‌لامار بونه‌وه‌، به‌شێكیان كه‌وتنه‌ ده‌ست داعش و كچ و ژنانیان كردنه‌ كه‌نیزه‌ك وه‌ك كچانی كورد له‌ناوچه‌كه‌، پیاوانیشیان به‌كۆمه‌ڵ گوله‌باران و زینده‌ به‌چاڵكرد، ئه‌وانه‌یشی رایانكرد به‌فرۆكه‌و ئۆتۆمبێل گه‌یه‌نرانه‌ ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌كان له‌به‌غداو كه‌ربه‌لاو نه‌جه‌ف، ئێستاش به‌شێكیان له‌كامپ و شوێنه‌ گشتییه‌كان نیشته‌جێكراون.
یه‌كێك له‌ئه‌گه‌ره‌ به‌هێزه‌كان ئه‌وه‌یه‌ شیعه‌ به‌و هێزه‌ زۆره‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌ هه‌یانه‌ دوای‌ رزگاركردنی پشتێنه‌یه‌كی شیعه‌ تا ده‌گاته‌ شه‌نگال دروستبكه‌ن و دواتر ته‌له‌عفه‌رو چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ری‌ بكه‌نه‌ یه‌كه‌یه‌كی ئیداریی و دواتر پارێزگایه‌كی تایبه‌ت، ئه‌مه‌ له‌به‌ر دوو هۆكار، یه‌كه‌میان موسڵ بچوكتر ده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌و هێزه‌ی سوننه‌ له‌شاره‌كه‌ لاواز ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌ پشتێنه‌یه‌ك دروستده‌كه‌ن بۆ رێگریكردن له‌ نفوزی توركیا له‌موسڵ و ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كان.
له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ر دروستكردنی پارێزگایه‌ك له‌ناوچه‌ی‌ ته‌له‌عفه‌ر، شیعه‌كان له‌ده‌شتی نه‌ینه‌وا چه‌ندین هێزی جیاوازیان بۆ مه‌سیحییه‌كان كه‌ نزیكه‌ی‌ هه‌زار چه‌كدار ده‌بن، بۆ شه‌به‌ك نزیكه‌ی‌ 2 هه‌زار چه‌كدار ده‌بن، بۆ عه‌ره‌بی سوننه‌ نزیكه‌ی‌ 2 هه‌زار چه‌كدار ده‌بن دروستكردووه‌، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ دابڕینی‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا له‌ناوه‌ندی پارێزگای موسڵ و دواتر گۆڕینی بۆ پارێزگایه‌كی نوێ‌، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ روبه‌ری پارێزگای‌ موسڵ و زیاتر دابڕینی سوننه‌ له‌یه‌كتر.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌و قه‌یرانه‌ چاوه‌ڕوانكراونه‌ پرسی ناوچه‌كانی باشوری شنگاله‌ كه‌ پێشتر له‌ده‌ستی داعشدابوو ئێستا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كۆنترۆڵكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و ناوچه‌یه‌ نزیكه‌ی‌ له‌ 40%ی خاكی شنگال پێكدێنێت و دانیشتوانه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌س ده‌بێت و زۆربه‌یان كوردن، شیعه‌كانیش هێزێكیان بۆ كوردانی ئێزیدی دروستكردووه‌ نزیكه‌ی‌ 600 چه‌كدار ده‌بن.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌و پرسانه‌ی‌ له‌دوای‌ رزگاركردنی موسڵ ده‌بێته‌ جێی‌ مشتومڕی جددی چ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا، چ له‌نێوان شیعه‌و سوننه‌، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌چۆنییه‌تی ئیداره‌دانی ناوه‌ندی موسڵه‌. ئه‌و هێزه‌ی‌ شیعه‌ كه‌ له‌تشرینی‌ یه‌كه‌می 2016 ده‌ستیكردوه‌ به‌پرۆسه‌ی‌ رزگاركردنی شاره‌كه‌، تائێستا زیاتر له‌ 20 هه‌زار كه‌سیان لێ‌ كوژراوه‌و ده‌یان هه‌زاری دیكه‌یشیان لێ‌ برینداربووه‌و بۆته‌ قوربانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌، دوای‌ كۆنترۆڵكردنی ته‌واوه‌تی شاره‌كه‌، بێگومان ده‌بنه‌ كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌یان به‌سه‌ر ئیداره‌و ئاینده‌ی‌ شاره‌كه‌وه‌ ده‌بێت، ئه‌و هێزانه‌ی‌ پێشتر له‌وێ‌ نفوزی سیاسی یان به‌ركه‌وته‌ی‌ ده‌نگیان هه‌بوو ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی‌ جارانیان نابێت.
ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی به‌كورده‌وه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ رزگاركردنی موسڵ له‌ 2003 كورد رۆڵێكی كاریگه‌رو بڕیارده‌ری له‌شاره‌كه‌ هه‌بوو، ته‌نانه‌ت یه‌كه‌م پارێزگاری موسڵ له‌و لیسته‌بوو كه‌ كورد پێكیهێنابوو، دواتر له‌پێكهێنانی ئیداره‌ی‌ خۆجێیی له‌دوای‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، كورد كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو، ئه‌گه‌رچی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ 2014 به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی و ته‌وافوقكردنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ سوننه‌ی‌ عه‌ره‌بی شاره‌كه‌ كردو ته‌واوی پۆست و به‌ركه‌وته‌ی‌ كوردی بۆخۆی برد! ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌.
به‌پێی‌ ئه‌و ئاماژانه‌ی‌ به‌رده‌ستن كورد له‌ئاینده‌ی‌ موسڵ رۆڵێكی لاوازی ده‌بێت، له‌كاتێكدا له‌ماوه‌ی‌ 10 ساڵی دوای‌ رزگاركردنی عیراق له‌ ده‌ست سه‌دام رۆڵێكی زۆر گرنگی ده‌گێڕا، هێزێكی زۆری پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و هێزی جیاوازی له‌ شاره‌كه‌ هه‌بوو، هاوكات له‌زۆربه‌ی‌ قه‌زاو ناحیه‌كانی پارێزگاكه‌ جگه‌ له‌كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئیداره‌، هاوكات له‌رووی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری‌ هێزی پێشمه‌رگه‌و ئاسایشی هه‌رێم بوو، به‌ڵام له‌دوای‌ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وی‌ موسڵ، تائێستا هیچ باره‌گایه‌كی حزبه‌ كوردستانییه‌كان بۆ موسڵ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، هیچ بنكه‌و باره‌گایه‌كی پێشمه‌رگه‌ یان ئاسایشی كوردستان له‌شاره‌كه‌ نییه‌، ته‌نانه‌ت له‌قه‌زاكانی حه‌مدانیه‌و تلكێف و به‌رتله‌ كه‌ پێشتر ئاسایشی كوردستانی لێبو، ئێستا هیچ بنكه‌و باره‌گایه‌كی كوردی لێ نییه‌و ته‌نانه‌ت رێگا نه‌دراوه‌ هیچ باره‌گایه‌كی حزبه‌ كوردستانییه‌كان بكرێته‌وه‌.
به‌شێك له‌ئه‌گه‌ره‌كانی گرژبونی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌و ناوچه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌و دابه‌شبونه‌ ئیقلیمیه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ بونی هه‌یه‌، واته‌ په‌یوه‌ندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌سه‌ر هێڵی نفوزی توركیایه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی گرژی له‌گه‌ڵ شیعه‌كان هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر هێڵی نفوزی ئێرانن، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و ده‌وڵه‌تی قانون یان نوری مالیكی كه‌ زیاتر له‌ 100 ده‌نگی له‌ په‌رله‌مانتاری عیراق هه‌یه‌و به‌گه‌وره‌ترین كوتله‌ی‌ په‌رله‌مانیی هه‌ژمارده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ره‌نگده‌داته‌وه‌ له‌په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و یان نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و شیعه‌ له‌ئاینده‌ی‌ موسڵدا.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌قه‌یرانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان بریتییه‌ پرسی ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی كوردستان، راسته‌ دیكۆمێنتێكی ره‌سمیی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی‌ مادده‌ی‌ 140 ی ده‌ستور به‌ڵام، نه‌ك ئه‌و مادده‌یه‌ به‌ڵكو هیچ مادده‌یه‌كی ده‌ستور به‌دیباجه‌كه‌یشه‌وه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌ خانه‌قینه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ شنگال به‌هێزو به‌خوێن ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی رزگاركردووه‌، به‌ڵام به‌پێی‌ چه‌ند لێدوانێكی لێپرسراوانی به‌غدا، داوا ده‌كه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ بكشێته‌وه‌ سنوری پێش 8/4/2003 ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.
رێككه‌وتنێكی پێشوه‌خته‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا مۆركراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی رزگاركردنی موسڵ، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ زیاتر مۆركی حزبیی پێوه‌دیاره‌و به‌رێككه‌وتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ناوده‌برێت، تائێستا ناوه‌رۆكی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ روون نییه‌و ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌غدا داوای كشانه‌وه‌ی‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌، هه‌رێمیش كشانه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ناوه‌رۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ ئاشكراناكات.
قه‌یرانێكی دیكه‌ی‌ چاوه‌ڕوانكراو په‌یوه‌ندی به‌ گرفتی نێوان كورد و كورده‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت شنگال و ده‌وروبه‌ری‌، ئه‌و ناوچانه‌ تائێستا له‌رووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ربه‌موسڵن، قایمقامی شنگال سه‌ر به‌پارێزگای‌ موسڵه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌و تائێستا وه‌ك قایمقام رێگای‌ نه‌دراوه‌ هه‌موو جموجۆڵێك له‌ شنگال بكات، یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ له‌داهاتوودا شیعه‌ كه‌ رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌موسڵ ده‌گێڕن رۆڵی ئیداره‌و به‌ڕێوه‌بردن بده‌ن به‌و هێزانه‌ی نزیكن له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان، له‌لایه‌ك حزبی سیاسیان دروستكردووه‌و به‌ڕه‌سمیی له‌ به‌غدا مۆڵه‌تیان وه‌رگرتوه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌ هێزی چه‌كدارییان هه‌یه‌و پارێزگاری له‌خۆیان ده‌كه‌ن، هاوكات نفوزێكی زۆریان له‌ناو كوردانی ئێزیدیی دروستكردووه‌و رۆڵێكی گه‌وه‌ره‌ ده‌گێڕن و خه‌ریكی رێكخستنی دانیشتوانی شنگال و ده‌روبه‌رین و كامپێكی گه‌وره‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌سه‌رده‌شت له‌سه‌ر شاخی شنگال كه‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ 13 هه‌زار كه‌س، ئه‌وانه‌ به‌ته‌واوی له‌ژێر كاریگه‌ری‌ ئه‌و هێزانه‌دان و زۆربه‌یان بونه‌ته‌ رێكخستنه‌كانی ئه‌و هێزانه‌ی‌ نزیكن له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان.
ئه‌گه‌ر رۆڵی ئیداریی بدرێت به‌و هێزانه‌ له‌ شنگال و خوار شنگال، ئه‌وا ململانێی‌ نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌و هێزانه‌ رێڕه‌وێكی دیكه‌ وه‌رده‌گرێت و پێده‌نێته‌ قۆناغێكی دیكه‌، له‌بری ساڕێژكردنی برینی كوردانی ئێزیدی كه‌ به‌هۆی هێرشی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌وه‌ گرفتاربوون و هه‌زارانیان لێ‌ شه‌هیدو زینده‌ به‌چاڵ بوو، هه‌زارانیان لێ كرانه‌ كه‌نیزه‌ك و بونه‌ قوربانی، ئێستا ململانێیه‌كی دیكه‌ به‌رۆكی ناوچه‌كه‌یان ده‌گرێت و ده‌بێته‌ كۆسپێكی گه‌روه‌ له‌به‌رده‌م ئارامیی و ئاوه‌دانی ناوچه‌كه‌یان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7322
24/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ دیمه‌نه‌كانی پشت سه‌ركه‌وتنی تیپه‌كان له‌ پێشبڕكێكاندا 24/7/2017
‌ بۆڵت له‌ له‌نده‌ن به‌شداری 200 مه‌تر ناكات 23/7/2017
زانست
‌ بۆچی میوە بە مۆم ڕووپۆش دەكرێت؟ 24/7/2017
‌ مایكڵ دێڵ 24/7/2017
‌ كاریگەریی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هـەرێمی كوردستاندا 24/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP