گه‌لی باشوور پاڵپشتی له‌ به‌رخودانی گه‌لی رۆژئاڤا ده‌كات
گه‌لی باشوور پاڵپشتی له‌ به‌رخودانی گه‌لی رۆژئاڤا ده‌كات ‌ 16/7/2017
هێشتا برینه‌كانی گه‌لی کورد رۆژئاڤا سارێژ نه‌بووه‌و به‌رده‌وامن له‌قوربانیدان ، به‌ڵام بۆ درێژه‌دان به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی رۆژئاڤای كوردستان ، له‌م رۆژانه‌ی دوایدا له‌باشووری كوردستان به‌ چه‌ندین رێگه‌ی جیاواز پشتیوانیی له‌ گه‌لەکەمان لە رۆژئاڤا ده‌كرێت و له‌سلێمانی بۆ پاڵپشتی له ‌كانتۆنی عه‌فرین و پاراستنی خه‌ڵكی سڤیلی رۆژئاڤا له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی سوپای توركیا، رێپێوانێكی فراوان به‌ڕێوه‌چوو ، له‌ پانێلێكیشدا سیستمی ئێستا رۆژئاڤای كوردستان له‌رووی سه‌ربازیی و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ به‌  ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌ووتوو له‌قه‌ڵه‌مدرا.
راپۆرتی: مەریوان عەبدوڵڵا
له‌ چوارچێوه‌ی پاڵپشتییه‌كانی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ خوشک و براکانیان لە رۆژئاڤا، له‌ سلێمانی و به ‌به‌شداری سه‌دان كه‌س له‌ چین‌و توێژه‌ جیاجیاكان‌و په‌رله‌مانتارانی کورد لە عیراق و كوردستان و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی‌و رووناکبیران، رێپێوانێكی مه‌ده‌نییانه‌ بۆ پاڵپشتیی له‌ گەلی كورد لە رۆژئاڤاو به‌تایبه‌ت پرۆتستۆ کردنی هێرش و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ رێپێوانه‌كه‌دا كه‌ له‌لایه‌ن ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا، به‌شداربووان نیگه‌رانیی و تووڕه‌یی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڕه‌شه‌و پێشێلكارییه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی سوپای توركیا نیشاندا كه‌ به‌رامبه‌ر خەڵک و ئەزموونی رۆژئاڤای كوردستان به‌ تایبه‌تی و به‌رامبه‌ر كانتۆنی عه‌فرین گیراوەتەبەر.
بێریڤان محه‌مه‌د کە بەناوی كۆمیته‌ی ئاماده‌كاریی رێپێوانه‌كه‌وە وتاری پێشكه‌ش كرد، به‌ «كوردستانی نوێ»ی راگه‌یاند رێپێوانه‌كه‌یان وه‌ڵامێكی مه‌ده‌نیانه‌ی ئاشتیخوازانه‌ی گه‌لی كورده‌ له‌به‌رامبه‌ر داگیركاری و هێرشه‌ ناڕه‌واكانی توركیا بۆ سه‌ر گەلی کورد لە رۆژئاڤای كوردستان  بەگشتی و كانتۆنی عه‌فرین بەتایبەتی و راشگه‌یاند ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ی ئه‌م چالاكییانه‌وه‌ به‌ هه‌موو جیهان بڵێن ده‌وڵه‌تی توركیا بێ گوێدانه‌ پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و ره‌چاوكردنی خه‌ڵكی سڤیل، به‌رده‌وامه‌ له‌ هێرش و په‌لاماره‌كانی بۆسه‌ر گه‌لی رۆژئاڤاو ده‌یه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنه‌كانی شه‌ڕڤاناندا دروست بكات‌و ده‌ستكه‌وت و خه‌ونه‌كانی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان له‌ناو ببات و هه‌ژموونی داگیركارانه‌ی خۆی به‌سه‌ر گه‌لێكی ئاشتیخوازدا بسه‌پێنێت، به‌ڵام وتی: هه‌رگیز بێده‌نگ  نابین به‌رامبه‌ر ئه‌و داگیركارییه‌و هه‌موو رێگه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ده‌گرینه‌به‌ر بۆ داكۆكیکردن له‌ كوردانی رۆژئاڤای كوردستان.
هۆزان عه‌فرینی-ش له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا کە هاوکات لەگەڵ رێپێوانه‌كه‌دا  بەڕێوەچوو، وتاری هاوپه‌یمانیی نیشتمانی سوریای پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: توركیا ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر جۆرێك بێت رێگه‌ نه‌دات كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان به‌ماف و داخوازییه‌كانی بگات، به‌ڵام گوشاره‌كانی كوردانی باشووری كوردستان هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌بێت بۆ پاڵپشتیكردن له کوردانی رۆژئاڤاو داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و هه‌موو هاووڵاتیانی باشووری كوردستان كرد به‌رده‌وام بن له‌ پاڵپشتییه‌كانیان بۆ رۆژئاڤای كوردستان بۆئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كان له‌و به‌شه‌ی كوردستان به‌رده‌وام بێت.  
له‌لایه‌كی تره‌وه‌و له‌به‌رده‌وامی پاڵپشتیه‌كانی  باشوور بۆ رۆژئاڤا، له‌  پانێلێكدا پەرلەمانتارانی کورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق ‌و كوردستان  ژمارەیەک لە رووناکبیران و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ شاری سلێمانی پاڵپشتیی خۆیان بۆ به‌رخودانی رۆژئاڤای كوردستان ده‌ربڕی و رایانگه‌یاند: جگه‌ له‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر تیرۆریستاندا به‌دیهاتووه‌، كوردانی رۆژئاڤا له‌م ماوه‌ كه‌مه‌دا نموونه‌یه‌كی جوانی حوكمڕانیان پێشكه‌ش كردووه‌ كه‌ سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه‌ بۆ به‌دیهێنانی خواسته‌كانی گه‌لی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان .
 له‌ پانێلێكه‌دا كه‌ ناوه‌ندی پاڵپشتی له‌ ئه‌زموونی كوردانی رۆژئاڤای كوردستان بۆ غه‌ریب حه‌سۆ نوێنه‌ری «په‌یه‌ده‌» له‌ هه‌رێمی كوردستان و سالار مه‌حمود ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان رێكیخستبوو ، ئاماژه‌ به‌و به‌ره‌وپێشچونانه ‌كرا كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كوردانی رۆژئاڤای كوردستان له‌ بواره‌كانی سه‌ربازیی و سیستمی حكومڕانی و به‌ڕێوه‌بردندا به‌ده‌ستیان هێناوه‌، ئه‌وه‌ش به ‌ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ بۆ كوردانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان له‌قه‌ڵه‌مدرا. هه‌روه‌ها پاڵپشتی خۆیان بۆ كانتۆنی عه‌فرین ده‌ربڕی.
 بورهان ره‌ئووف وته‌بێژی ناوه‌ندی پاڵپشتی له‌ ئه‌زموونی كوردانی رۆژئاڤای كوردستان-یش به‌كوردستانی نوێی راگه‌یاند: مه‌به‌ستیان بوو له‌ رێگه‌ی ئه‌م پانێڵه‌وه‌ تیشك بخه‌نه‌ سه‌ر به‌شێك له‌و ده‌ستكه‌وت و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌ رۆژئاڤای كوردستان به‌دیهاتوون‌ به‌تایبه‌تی له ‌بواره‌كانی سه‌ربازیی و سیستمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریدا.
بورهان ره‌ئووف وتی: ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا له‌ رۆژئاڤای كوردستان به‌دیهاتووه‌، جێگه‌ی تێڕامانێكی مه‌زنه‌و به‌ڵگه‌یه‌كی گرنگه‌ كه‌ ئیراده‌ی به‌هێزی گه‌لی  رۆژئاڤا نیشانده‌دات و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ جێگه‌ی سه‌رنجی وڵاتانی جیهان، ده‌شڵێت ناوه‌نده‌كه‌یان به‌لایه‌وه‌ گرنگ بوو كه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی رۆژئاڤا له‌ رووی سه‌ربازی و سیستمی حكومڕانییه‌وه‌ گفتوگۆی پێویستی له‌ باره‌وه‌ بكرێت. 
غه‌ریب حه‌سۆ نوێنه‌ری «په‌یه‌ده‌» له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ پانێله‌كه‌دا رایگه‌یاند گه‌لی رۆژئاڤا به‌ خوێن‌و ئیراده‌یه‌كی مه‌زنه‌وه‌ توانیویانه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنن، به‌تایبه‌ت له‌رووی سه‌ربازییه‌وه‌ سوپای سوریای دیموكرات توانیوێتی ده‌ستكه‌وتی گەوره‌ به‌ده‌ست بهێنێت و سنوورێكی گه‌وره‌ له‌ تیرۆریستانی داعش پاكبكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ جێگه‌ی سه‌رنجی وڵاتانی دونیا و وایكردووه‌ وڵاتانی زلهێزی جیهان هاوكاریی سه‌ربازیی پێشكه‌شی شه‌ڕڤانان بكه‌ن، له‌ باره‌ی سیستمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریشەوە له‌و به‌شه‌ی كوردستان، غه‌ریب حه‌سۆ وتی: له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا سه‌ره‌رای وێرانكارییه‌كی بێ وێنه‌، به‌ڵام كانتۆنه‌كانی رۆژئاڤا توانیان نموونه‌یه‌كی جوانی سیستمی حكومڕانی‌و بنیاتنانه‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن و سات له‌دوای ساتیش تا دێت سیستمی فیدڕاڵی له‌ رۆژئاڤا گه‌شه‌ی زیاتر به‌خۆوه‌ ده‌بینێت.
نوێنه‌رەکەی په‌یه‌ده‌ له‌ باشوور روونیشیکردوە کە سه‌ركه‌وتنی ئه‌زموونی رۆژئاڤای كوردستان پێویستی به‌ پاڵپشتی هه‌موو لایه‌ك هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی گه‌لی باشوورو هیوادارین لایه‌نه‌كانی باشوور له‌ روانگه‌ی هه‌ڵوێستی نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ پاڵپشتی ته‌واوی گه‌لی رۆژئاڤا بكه‌ن.
له‌ به‌شێكی تری پانێله‌كه‌دا، سالار مه‌حمود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی دوای تیشك خستنه‌سه‌ر به‌شێك له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ گه‌لی رۆژئاڤا به‌خوێن به‌ده‌ستی هێناون‌و جێگه‌ی ستایشكردن‌و ده‌ستخۆشی و پاڵپشتیه‌ وتی : باشوورو رۆژئاڤای كوردستان هاو چاره‌نووسن، له‌و ده‌مەی به‌ره‌و كۆتایی هاتنی شه‌ڕی داعش دەچین، قۆناغێكی نوێ ده‌ست پێده‌كات، ئایا كورد كه ‌له‌ شه‌ڕدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، له‌ سیاسه‌تدا ژێر ده‌كه‌وێ وه‌ك رابردوو؟ یان ئه‌مجاره‌یان سوود له‌ گۆڕانكارییه‌كان وه‌رده‌گرێ؟ پێویسته‌ كورد له ‌هه‌ردوو پارچه‌دا دوژمنی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌ستنیشان بكات و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ستراتیژیی خۆی دابرێژێت، پێویسته‌ له‌ئه‌گه‌ری داخستنی ده‌رگاكانی عیراق و توركیاو ئێران به‌ڕووی باشووردا، باشوور ده‌رگای خۆی به‌ته‌واوه‌تی به‌ڕووی رۆژئاوای كوردستاندا بكاته‌وه‌.

له‌سلێمانییه‌وه‌ پشتگیری له‌ عه‌فرین ده‌كرێت
ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانان و رۆژنامه‌نووسانی سلێمانی، گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تیان ئه‌نجامداو داواش له‌كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن، رێگری له‌په‌لاماره‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین بكات.
بێریڤان محه‌مه‌د لە ته‌ڤگه‌ری ئازادی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له‌لێدوانێكدا به‌ SNNی راگه‌یاند: ماوه‌یه‌كه‌ توركیا هه‌میشه‌ سه‌ركێشی ده‌كات و سه‌رقاڵی پیلانگێڕییه‌ دژ به‌ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد، ئێستاش له‌هه‌وڵدایه‌ بۆئه‌وه‌ی عه‌فرین داگیربكات و په‌لاماری ئه‌و شاره‌ بدات، به‌ڵام گه‌لی كورد به‌به‌رخۆدان به‌رامبه‌ر به‌و وڵاته‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌و پشتگیریی عه‌فرین ده‌كه‌ین، داواكاریشن له‌كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رێگری له‌په‌لاماره‌كانی توركیا بكات.
وتیشی: «توركیا ئامانجێتی  رێگه‌ له‌پێشكه‌وتنه‌كانی گه‌لی كورد له‌ڕۆژئاوا بگرێت به‌تایبه‌ت ئێستا كه‌ شه‌ڕڤانان له‌پێشڕه‌ویی به‌رده‌وامدان بۆ رزگاركردنی ره‌ققه‌».
داواشی له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد، پشتیوانی به‌رده‌وامی گه‌لی كورد بكه‌ن له‌هه‌ر شوێنێك پێویستی پێی بێت و وتی:» ئێستا عه‌فرین پێویستی به‌پشتیوانی و به‌رخۆدانه‌و پێویسته‌ هه‌مووان پشتیوانی لێ بكه‌ین له‌هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستانه‌وه‌».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7322
24/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ دیمه‌نه‌كانی پشت سه‌ركه‌وتنی تیپه‌كان له‌ پێشبڕكێكاندا 24/7/2017
‌ بۆڵت له‌ له‌نده‌ن به‌شداری 200 مه‌تر ناكات 23/7/2017
زانست
‌ بۆچی میوە بە مۆم ڕووپۆش دەكرێت؟ 24/7/2017
‌ مایكڵ دێڵ 24/7/2017
‌ كاریگەریی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هـەرێمی كوردستاندا 24/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP