یه‌ك ساڵ دوای كوده‌تاكه‌ی توركیا
یه‌ك ساڵ دوای كوده‌تاكه‌ی توركیا ‌ ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ 17/7/2017
یه‌ك ساڵ به‌ سه‌ر ئه‌و كوده‌تایه‌ ره‌ت ده‌بێت كه‌ به‌ گوێره‌ی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی‌و به‌دواداچوونی به‌شێك له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، ئه‌و كوده‌تایه‌یان به‌یه‌كێك له‌كاره‌ مه‌ترسیدارو سیناریۆكانی خودی سه‌رۆك كۆماری توركیا ئه‌ردۆغان ته‌فسیركرد، به‌تایبه‌تی‌ له‌دوای ئه‌وه‌ی كوده‌تاكه‌ له‌سه‌ر قسه‌ی ئه‌ردۆغان روبه‌ڕوی ناڕه‌زایی لایه‌نگرانی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان بوه‌وه‌ و كه‌متر له‌ ٢٤ سه‌عات كۆتایی پێهێنراو تا ئاستێك ره‌وشه‌كه‌ ئارام بۆوه‌. ئه‌وه‌ی مه‌ترسی بوو له‌ كوده‌تاكه‌ی ساڵی رابردووی توركیا، پێش هه‌ر هه‌نگاونانێك، ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌ردۆغان بوو كه‌ كوده‌تاچییه‌كانی به‌ خایین وه‌سفكردو وتی: تاوانی ئه‌و خیانه‌ته‌ یه‌كجار سه‌خت ده‌بێت!!.
له‌دوای كوده‌تاكه‌ بارودۆخی سیاسی توركیا روبه‌ڕوی هه‌لومه‌رجێكی هه‌ستیار بۆوه‌، به‌جۆرێك رۆژانی دوای كوده‌تاو، هه‌تا خودی كوده‌تاكه‌ ده‌رفه‌رتی بۆ ئه‌ردۆغان ره‌خساند كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زاڵتر موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی بكات. ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌تی‌ له‌ سه‌ركوتكردنی نه‌یارو هه‌موو ئه‌وانه‌شی كه‌ به‌ مه‌ترسی ده‌زانین له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و داهاتووی خۆی، هه‌تا ئه‌م جۆره‌ له‌ سه‌ركوتكردنه‌ سیاسییه‌، بارودۆخی ناوخۆی حزبی دادو گه‌شه‌پێدان-یشی گرته‌وه‌.
ئه‌و سزایه‌ی كه‌ ئه‌ردۆغان له‌ دوای كوده‌تاكه‌دا باسی لێوه‌كرد، له‌ رۆژانی دوای كوده‌تا ده‌ریخست كه‌ ئه‌وه‌ به‌ته‌نیا كوده‌تاچییه‌كان نین كه‌ ئه‌م سزایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، به‌ڵكو پڕۆژه‌كه‌ له‌وه‌ فراوانتره‌و پێویستیی به‌ سه‌ركوتكردنێكی گشتگیر هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ راستیدا ئامانج له‌ كوده‌تاكه‌، ته‌نیا بریتیی بوو له‌ سه‌ركوتكردنێكی گشتگیر. كه‌ دواجار ئه‌م گشتگیرییه‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی لێدان له‌ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نی سیاسی‌و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی مه‌وداكانی ئازادی‌و دیموكراسی‌و لاوازكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بوو له‌ توركیا. له‌م رووه‌وه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ لێدان‌و ده‌ستگیركردنی كه‌سایه‌تی سیاسی‌و داخستنی به‌شێكی زۆری رۆژنامه‌كان‌و له‌ هه‌مان كاتدا زیندانیكردنی رۆژنامه‌نووسان‌و له‌سه‌ر كارلادانی به‌شێكی زۆری دادوه‌ران‌و مامۆستایانی زانكۆو...تاد. له‌نیشانه‌ هه‌ره‌ مه‌ترسیداره‌كانی جێبه‌جێكردنی هه‌ڕه‌شه‌كانی دوای شكستی كوده‌تاكه‌ بوون، كه‌ پێی وابوو ده‌بێت كوده‌تاچییه‌كان سزای قورسی خۆیان وه‌ربگرن. 
ئه‌گه‌ر له‌ دوای یه‌ك ساڵ له‌ كوده‌تا سیناریۆ بۆ داڕێژراوه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان، ده‌وڵه‌تی توركیا چه‌ندان هه‌نگاو له‌ مه‌سه‌له‌ی ئازادی‌و دیموكراسی‌و پارێزگاری كردن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی دووركه‌وتبێته‌وه‌، ئه‌وا له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌یان هۆكار وایكردووه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی دوای كوده‌تا نیشانی بده‌ن كه‌ سیاسه‌تی توركیا به‌ره‌وه‌ سیاسه‌تێكی توندوتیژی ئیسلامی ئیخوانی توندڕه‌و و دیكتاتۆر ده‌چێت. 
توركیا نه‌ك هه‌ر به‌لای چاودێرانی سیاسی‌و چالاكانی مافی مرۆڤ-ه‌وه‌، به‌ڵكو له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه‌ له‌دوای كوده‌تاكه‌ی ساڵی رابردووه‌وه‌ روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ی زۆربۆته‌وه‌. كه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ توركیا به‌ به‌راورد به‌ساڵانی رابردوو له‌كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر دووربكه‌ێته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ك ده‌بینین ئه‌مڕۆ به‌هۆكاری سیاسه‌ته‌كانییه‌وه‌ توركیا له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ كه‌مترین پێشوازی لێده‌كرێت. هه‌روه‌ك بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ش كه‌ وڵاتانی ئه‌وروپی به‌تایبه‌تی له‌ چوارچێوه‌یه‌كی زۆر سنوورداردا رێگه‌ به‌ڕه‌وه‌ندی توركی‌و هه‌وادارانی دادو گه‌شه‌پێدان بده‌ن له‌ وڵاته‌كانیاندا چالاكییه‌ سیاسییه‌كانیان وه‌ك ساڵانی پێشوو ئه‌نجام بده‌ن، نموونه‌ی هه‌ره‌ به‌رچاو رێگریكردن له‌ كه‌مپینی پشتیوانی بۆ ده‌ستووری سه‌رۆكاتی توركیا بوو. 
ئه‌گه‌ر باس له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ توركیا یان راستر بڵێین ئه‌ردۆغان ئه‌و كوده‌تایه‌ی به‌ ده‌رفه‌تێك زانی بۆ فراوانكردنی مه‌وداكانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی‌و لابردنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌می، ده‌بێت بڵێین به‌شێكی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی كه‌ به‌پشتیوانی ئه‌و هێزه‌ی كه‌ له‌ناوخۆی توركیا دروستیكرد، له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیادا به‌ئاشكرا ره‌نگی دایه‌وه‌. كه‌ له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ به‌زاندنی خاكی سوریاو هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ بوو له‌ مه‌نبه‌ج، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستتێوه‌ردانی زیاتری سیاسی‌و سه‌ربازی له‌ناو خاكی عیراق كه‌ به‌ ئێستاشه‌وه‌ ئه‌و به‌رده‌وامیه‌ی هه‌یه‌.
له‌م رووه‌وه‌ ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌ی باری سه‌رنجی ناوخۆی توركیا به‌سیاسه‌تی ده‌ره‌كیه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكات، هه‌وڵی داوه‌ كه‌ سیاسه‌تێكی زۆر واقیعگه‌رایانه‌ پێشبخات، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ بۆ دیدگای وڵاتانی هاوسێ‌و ده‌ره‌كیش به‌هه‌مان شێوه‌ راسته‌، توركیا له‌م رووه‌وه‌ نایه‌وێت بێ هیچ جۆره‌ هه‌نگاوێك له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا له‌ناوخۆی خۆیدا سه‌رقاڵی كێشه‌كانی بێت. به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك وڵاتێك ببێته‌ خاوه‌ن یاریكه‌رێكی سه‌ره‌كی له‌ سیاسه‌تی ناوچه‌ییدا هه‌وڵی ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی لاوازتر له‌خۆی ده‌دات، وه‌ك وڵاتانی عیراق‌و سوریا، كه‌ له‌ ساته‌وه‌ختی ئێستادا توركیا ئاسانتر ده‌توانێت چ له‌ لایه‌نی سیاسیه‌وه‌ یان سه‌ربازیه‌وه‌ ده‌ستیان تێوه‌ربدات. 
خاڵێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ره‌نگ‌و رووی داهاتووی سیاسه‌تی توركیاوه‌ هه‌یه‌، بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌پێی بۆچوونی به‌شێكی زۆری چاودێران ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ببێته‌ یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی توندڕه‌و بڕوات. به‌تایبه‌تی‌ كه‌ له‌ئێستادا به‌سنورداركردنی ئازادی بیروبۆچوون‌و مه‌سه‌له‌ی دیموكراسی‌و كپكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی‌و لاوازكردنی حزبه‌ سێكۆلاره‌كان ده‌ستی پێكردووه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی توركیا ئه‌مڕۆ خۆی به‌و مه‌ركه‌زه‌ پیشان ده‌دات كه‌ رابه‌رایه‌تی گوتاری ئیخوانی دوای میسر-ه‌وه‌ ده‌كات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7322
24/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ دیمه‌نه‌كانی پشت سه‌ركه‌وتنی تیپه‌كان له‌ پێشبڕكێكاندا 24/7/2017
‌ بۆڵت له‌ له‌نده‌ن به‌شداری 200 مه‌تر ناكات 23/7/2017
زانست
‌ بۆچی میوە بە مۆم ڕووپۆش دەكرێت؟ 24/7/2017
‌ مایكڵ دێڵ 24/7/2017
‌ كاریگەریی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هـەرێمی كوردستاندا 24/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP