كورد وەك تسۆنامی بۆ ناوچەكە
کەمین پۆڵەتیک كورد وەك تسۆنامی بۆ ناوچەكە ‌ خەڵەف غەفور‌ 17/7/2017
بابەتی راپرسی لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە حزبە كوردییەكان، حزب و سەركردە عیراقییەكانیش پێوەی مژوڵ بوونە، راستییەكەی ئەمە ئاماژەكانی ترس‌و دڵخۆشبوونیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ترس لەوەی وەك هەمیشە نەیارەكانی كورد لەسەر شكان و بێ هێزكردنی رێكبكەون، دڵخۆشبوونەكەش ئەوەیە بابەتەكە جۆرێك لە جدیەتی وەرگرتووە و ئیتر پێویستی بەهێزی زیاتری كورد هەیە.
عەمار حەكیم، سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەكان لە وتارێكیدا بۆ كۆمەڵێك لە دەستەبژێرانی سیاسی لە بەغدا وتوویەتی كاتی راپرسی نییە، بەڵكو ئەوەی هەرێمی كوردستان دەیكاتە دەبێتە تسۆنامی بۆ ناوچەكە و لەسەر ئاستی عیراقیش دنەی دابەشبوونی زیاتر دەدات.
راپرسی هەرێمی كوردستان كە زۆرینەمان رەخنەی جدیمان لەسەری هەیە راستیەكیشی دەرخست كە پێگەی كورد لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەرێمایەتی هێندەش لاواز نییە وەكو هەندێكمان یەژین، بەڵكو لەسەر ئاست و رووبەرێكی تر قسەی لەسەر دەكرێت كە دووریش نییە هەوڵی لاوازكردنەوەی بدرێت.
قسەكانی حەكیم (كە ساڵانێكە بەدۆستی كوردی دەزانین) هەڵە نییە، بەڵكو هەڵە لە شوێنێكی ترە كە تێڕوانین و مامەڵەی سیاسی كورد لەگەڵ ئەوانی تردا لەسەر بنەمای سۆز بووە نەك بەرژەوەندی و لەمەشەدا بەوە نییە سەید عەمار حەكیم سیاسەتڤانێكی گەنجە،بەڵكو سیاسەتێكی روون دەكات و بەو هۆیەشەوە دڵی هەزاران شیعەی توندڕەوی دژە سەربەخۆیی بۆ لای خۆی كەمەندكێش دەكات.

لەبارەی راپرسییەكەوە هەرچی بووترێت لای ئەوانی تر، حەقە بۆ ئێمە گرنگ بێت، ئێ بەو هۆیەشەوە دەتوانین لە حاڵی خۆمان بەم شێوەیە تێبگەین:
یەكەم: ئەوانی تر بەجدی پرۆسەكەیان وەرگرتووە، ئیتر بۆ هێزە كوردییەكان زیاتر لەیەكتر نزیك نابنەوە و بڕو و بیانووی رەونەقدار بە كۆنە قین لەیەك دەگرن. بۆ ناچن پەرلەمان كارابكەنەوە و لەوێوە شەرعیەتی یاسایی و كۆدەنگی نیشتیمانی بۆ وەدەستبخەن. ئێ ئەوسا سەید عەمار حەكیمیش بیانووی ئەوەی نامێنێت بێژێت ئەوە حزبەكان دەیكەن و لە پەرلەمان یاسای بۆ دەرنەكراوە.
دووەم: ساڵانێكە پێگەی كورد بەرەو بەهێزی رۆیشتووە، بووەتە كارەكتەرێكی مامەڵە لەگەڵ كراو، بەڵام حاڵی شڕی نێو ماڵی خۆی هۆكاری بەرەوپێشنەچوونی زیاتر ئەو پێگەیە و هەڵكشانی بووە.
ترسان لە نەتەوە، هێز یان حزب و رێكخراوێك نیشانەی بەهێزبوونێتی، بڕوا بەوە دەهێنی ئەوەی چاوەڕوانت لێی نەدەكرد، ئەوا دەیكات و بۆ زیاتریش ساز و ئامادەیە، لە وتارەكەی سەید حەكیمیشدا ئەوە بەڕوونی دیارە و كوردی بە «تسۆنامی بۆ ناوچەكە» ناساندووە.
عیبرەت لە قسەكانی ئەو دۆستە دێرینە ئەگەر بمانەوێ وەری بگرین سێ تێبینی كورت و كوردەواریانەیە:
یەكەم: راپرسی كەوتووەتە سەر راستە رێی سیاسی و بەهۆی نەبوونی شەرعیەتی یاساییەوە بە لەنگە لەنگ دەڕوات.
دووەم: هەوڵی ناوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەنە بۆ لەكارخستنی پرۆسەكە، ئەمەش لە پەراوێزی لێ ترساندا تەگبیری وردیشی دەوێت.
سێیەم: پێگەی بەهێز و بەدیهێنانی خەونی گەورە، سازش و میانڕەویی نیشتیمانی زیاتری دەوێت. ئەمە ئەركە گەورەكەی سەرشانی هێزە سیاسییەكانە، بۆ ئەوەی راپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ببێتە كاڵای پڕ بە باڵای پێناسەكەی سەید عەمار حەكیم و پێچەوانەی سەدی بیست كە نیشتیمانی كوردی تێدا دابەشكرا، ئەمجارەیان كورد ببێتە هۆكاری دابەشبوونی نەخشەی سیاسی ناوچەكە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7368
20/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ده‌ست به‌فرۆشتنی بلیته‌كانی مۆندیال كرا 20/9/2017
‌ 10 پاڵێوراوه‌كه‌ بۆ پێی زێڕین 20/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP