خێزانێكی رۆژئاوا شیرینی پێشكەشی هەڵەبجە دەكەن
خێزانێكی رۆژئاوا شیرینی پێشكەشی هەڵەبجە دەكەن ‌ 17/7/2017
ماوەی چوار ساڵە ئەندامانی خێزانێكی ئاوارەی سوریا لە هەڵەبجە، كارگەیەكی دروستكردن و فرۆشتنی شیرینی سووری و توركیان كردووەتەوە.
ئێوارەیەك چەند كەسێك لە ناوەڕاستی بازاڕی هەڵەبجە و لە یەكێك لە كارگەكانی دروستكردنی شیرینیدا، سەرقاڵی راییكردنی داخوازی هاووڵاتییان بوون. 
ئەوان كوڕانی مەلا رەشیدی خەڵكی قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستانن، برا گەورەی خێزانەكە و خاوەنی یەكەمی كارگەكە، كاوە مەلا رەشید چیرۆكی خێزانەكەیانی گێڕایەوە.
ئەو بە دەم جێبەجێكردنی داواكاریی كڕیارەكانیەوە وتی: لەساڵی ٢٠١٣ەوە هاتینە هەڵەبجە دوای ئەوەی لە سوریا ئاوارە بووین، شارەزای دروستكردنی شیرینی و هەموو جۆرە كارێكی هەویرین، بەڵام حەزمان كرد لە یەكێك لە كارەكاندا بەردەوام بین تا سەركەوتوو بین، نەك هەر ماوەیەك كارێك بكەین، بۆ ئەوەش بڕیارماندا كاری شیرینی بكەین كە بۆ ئێمە و شارەكەش باشتر بوو، بەو شێوەیە چیرۆكی كارگەكەمان دەستیپێكرد. 
دەربارەی هۆكاری ئاوارە بوونیشیان وتی: سەرەتا كە ئاوارە بووین هاتینە دهۆك، هەریەكە لە ئەنەس و ئاراسی براشم لێرەبوون لە هەرێمی كوردستان لە زانكۆ دەیانخوێند، ئەوان كاتی سەربازیان هاتبوو، بەداخەوە برایەكمان لە سوریا ناوی رۆدی بوو شەهید بوو كە تەنانەت نازانین چۆنیش شەهید بووە، بۆیە نەمانهێشت ئەمان بگەڕێنەوە بۆ سوریا، چونكە نەمانویست وەك رۆدی-یان لێبێت، بڕیارماندا هەموومان بێینە هەرێمی كوردستان، جگە لە خوشك و برایەكمان هەموو خێزانەكەمان كە حەوت خێزانین هاتووینەتە ئێرە و لەم شیرینیەدا كاردەكەین و بژێویمان لەسەر ئەم كارەیە. 
لە راپۆرتێكی ئەنادۆڵدا هاتووە، سەبارەت بە كارەكەیان و ئەو شیرینیانەی دروستی دەكەن كاوە زیاتری وت، ئێمە شیرینی سوری و توركی دروست دەكەین و هەر لای خۆشمان دەیفرۆشین، هەرچەندە لێرە خەڵكێك هەیە حەزی لە شیرینی هەرزانە، ئێمە ئەو شیرینیەش دروست دەكەین كە پێی دەڵێن شیرینی عێراقی كە بە گوێز و رۆنی عادی دروستی دەكەین، بەڵام شیرینیەكانی خۆمان جیاوازن و حەز دەكەین شیرینیەكی خۆشتر پێشكەشی خەڵكی ئەم شارە بكەین، ئەتوانین بڵێین ئەو شیرینیانەی دروستی دەكەین نزیكەی ٢٢ جۆرن، هەرچەندە جۆری تریشمان هەیە بەڵام لە بەرئەوەی خەرجیان زۆرترە و خواستی خەڵكی كەمترە لە سەری بە هۆی گرانی نرخەكەیەوە بەتایبەتی بە هۆی قەیرانی ئێستاوە دروستی ناكەین. 
ئەو سەبارەت بە بازاڕیشیان وتی: جاران و پێش ئەم قەیرانە داراییەی رووی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كردووە، فرۆشمان زۆر باش بوو، بەڵام ئێستا دابەزیوە زۆر كەمیكردووە، جگە لەو كرێ زۆرەی بۆ شوێنەكەمان دەیدەین كە مانگانە یەك ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە، بەڵام ماوینەتەوە و درێژەمان بە كارەكەمانداوە بەڵكو ئەم قەیرانە كۆتایی پێبێت و وەزعی فرۆشی ئێمەش باش بێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە رەمەزاندا فرۆشمان زۆر زیاد دەكات، هەر بەنموونە یەكەم رۆژی رەمەزان زۆر جیاواز بووە لە رۆژەكانی دیكە. 
لە رەمەزاندا كاری شیرینی زۆر باشە، چونكە لێرە خەڵكی زۆر حەزی لەشیرینیە، شیرینیەكەی ئێمەش بەتامترو خۆشترە لەبازاڕ، خۆشمان حەز دەكەین شیرینیەكی ناسكتر دروست بكەین، بۆیە كڕیاری زیاتر روومان تێدەكەن. 
ئەوان كە خەڵكی قامیشلۆن لە پاڵ ئەو مەترسیانەی لەسەر ژیانیان هەبووەو دوای ئاوارەیی چەند ساڵەیان هەر بەئومێدن رۆژێك لە رۆژان بارودۆخی وڵاتەكەیان ئارام ببێتەوە و بگەڕێنەوە، ئەو دەڵێت: ئێرە و ئەوێ هەمووی وەك خاكی خۆمان سەیر دەكەین و زۆر خۆشحاڵین، بەڵام نیشتیمانێك لێی لەدایك بووبیت ناتوانیت وازی لێبهێنیت، بۆیە بە ئومێدی گەڕانەوەین هەر رۆژێك بێت، بەڵام ئێرە چۆڵ ناكەین و هەمووشمان بگەڕێینەوە، هەر جێدەستی خۆمان بەجێدەهێڵین و هەڵەبجەییەكان فێردەكەین، هەر ئێستا ئێمە هاوڕێیەكی هەڵەبجەییمان هەیە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP