به‌ڵام...؟!
بەدواداچوون به‌ڵام...؟! ‌ هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌‌‌ 12/9/2017
50
سه‌رئه‌نجام دوای 23 مانگ‌و ده‌یان زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌و پڕۆژه‌و ده‌ستپێشخه‌ری‌و هه‌وڵ‌و هه‌نگاو، سه‌دان به‌رنامه‌و هه‌زاران هه‌واڵ‌و لێدوانی جۆراوجۆر، بڕیاره‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14/9/2017، بڕیارێكی تاكلایه‌نانه‌ راست بكرێته‌وه‌و په‌رله‌مانی كوردستان كارابكرێته‌وه‌، به‌شداریی هه‌موو لایه‌نه‌كانیش له‌م هه‌نگاوه‌ گرنگه‌دا ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌نجامی دوو كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵی (یه‌كێتی، پارتی، گۆڕان)، (یه‌كێتی، پارتی، كۆمه‌ڵ) كه‌ به‌پێی لێدوانه‌كان بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ 12/9/2017، به‌ڕێوه‌بچن.
كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بڕیارو هه‌نگاوێكی گرنگه‌، له‌ویش گرنگتر به‌شداریی هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی كه‌ له‌كۆتایی هه‌فته‌ی رابردووه‌وه‌ له‌سلێمانی به‌ده‌ستپێشخه‌ریی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ستیانپێكردووه‌و ئه‌مڕۆش له‌هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بن، پێویسته‌ بگه‌نه‌ ئه‌نجامێكی دروست، چونكه‌ ئه‌م دۆخه‌ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، كه‌ له‌پرسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا هه‌مووان پێكه‌وه‌بن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین «به‌ڵام» بكه‌وێته‌ كاره‌كانی دوای ئه‌م هه‌نگاوه‌ گرنگه‌وه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی له‌ڕۆژی 7/9/2017‌و «پڕۆژه‌ حه‌وت خاڵییه‌كه‌ی بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان»، وه‌ك دوا هه‌وڵی ناوبژیوانیی یه‌كێتی، كه‌ له‌لایه‌ن چوار لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی دیكه‌ش «پارتی، گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ» پێشوازیی لێكراو خوێندنه‌وه‌كانیش به‌وجۆره‌ن ده‌گاته‌ ئه‌نجامێكی دروست، هه‌نگاوو ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گرنگه‌و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ده‌كرێت وه‌ك تاكه‌ هه‌وڵ‌و پڕۆژه‌ ته‌ماشا بكرێت، كه‌ له‌ماوه‌ی له‌كارخستنی په‌رله‌مانه‌وه‌ تائێستا دراون‌و تاڕاده‌یه‌كی زۆر كۆده‌نگییه‌كی پێویستی دروستكردووه‌و وه‌ك لایه‌نه‌كان رایانگه‌یاندووه‌ «خاڵی هاوبه‌شی زۆری تێدایه‌»، بۆیه‌ ده‌كرێت بكرێته‌ بنه‌مایه‌كی دروست نه‌ك ته‌نها بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌ڵكو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ تاوتوێكردنی سه‌رجه‌م پرسه‌كانی دیكه‌ له‌پێناوی چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌و دووباره‌ دروستنه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌ ئه‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌یان به‌دوای خۆیاندا هێنا.  
له‌ڕاستیدا كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان یه‌كێكه‌ له‌و چه‌ند هه‌نگاوو ئه‌ركه‌ گرنگانه‌ی، كه‌ بۆ ئه‌م دۆخه‌ پێویستن، به‌ڵام هێشتا چه‌ندین هه‌نگاوو ئه‌ركی دیكه‌ی گرنگ ده‌مێنن، كه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌نجامێكی دروست له‌باره‌یانه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌پرس‌و شێوازی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا «به‌ڵام» و بۆچوونی جیاواز هه‌بێت، پێویسته‌ بۆ هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ «به‌ڵام»ه‌كان نه‌هێڵرێن‌و هه‌مووان پێكه‌وه‌ كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ن، له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێم له‌هه‌موو بواره‌كان‌و چاككردنی مووچه‌و بژێویی هاووڵاتیان، كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وام ته‌ئكیدیان له‌سه‌ركردۆته‌وه‌و یه‌كێكیش بووه‌ له‌خاڵه‌ جێگیره‌كانی راگه‌یه‌نراوو لێدوانه‌كانی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ماوه‌ی رابردوودا. 
له‌تاوتوێكردنی پرسه‌ گرنگه‌كانی دۆخی ئێستای هه‌رێمیشدا، پرسێكی دیكه‌ی گرنگ هاتۆته‌پێشه‌وه‌و پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌رچی زووه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌، ئه‌ویش دۆخی دوو رۆژی رابردووی ناحیه‌ی مه‌نده‌لی-یه‌، كه‌ ئه‌و راستییه‌ی زیاتر ده‌رخست پێویسته‌ هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ كار له‌سه‌ر روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی دۆخی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان بكه‌ن‌و هه‌ڵوه‌سته‌ی زیاتری له‌سه‌ر بكه‌ن‌و ئه‌و زانیاریانه‌شی له‌و ناوچانه‌ باس ده‌كرێن، به‌هه‌ندوه‌ربگرن‌و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌رنامه‌ی گونجاو دابنێن.
له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌دا له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌موولایه‌ك پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن‌و هیچ لایه‌ك په‌راوێزنه‌خرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێش هه‌نگاوه‌ پێویسته‌كاندا چاره‌سه‌ر بۆ «به‌ڵام»ه‌كان دابنرێت‌و هیچ «به‌ڵام»ێك، نه‌كه‌وێته‌ قۆناغی جێبه‌جێكردنه‌وه‌و هه‌ر لایه‌ك به‌كه‌مترین «به‌ڵام»ه‌وه‌ ئه‌ركه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ رابپه‌ڕێنێت‌و چیتر «به‌ڵام»ه‌كان نه‌بنه‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م پێكه‌وه‌ كاركردنی هه‌مووان‌و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێم‌و جێبه‌جێكردنی خاڵی ناو به‌یاننامه‌و راگه‌یه‌نراوی خودی لایه‌نه‌كان خۆیشیان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP