پێكناكۆكی‌ و سه‌ربه‌خۆیی‌
پێكناكۆكی‌ و سه‌ربه‌خۆیی‌ ‌ لەتیف فاتیح فەرەج‌ 13/9/2017
سه‌ره‌تا : 
له‌ نێوان عیراقی‌ عه‌ره‌بی‌ و باشووری‌ كوردستاندا هێڵێكی‌ باریكی‌ جیاكه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ ، هێڵێك كه‌ زۆرترین ململانێ و شه‌ڕی‌ له‌سه‌ره‌، له‌ رابردوودا به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و هێڵه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ نه‌خشه‌ی‌ كوردستاندا بووه‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و نه‌خشانه‌ی‌ له‌ رابردوودا بۆ ناوچه‌كه‌ كێشراون. من ئێستا نه‌خشه‌یه‌كی‌ 1921م له‌ به‌رده‌ستدایە له‌و باره‌یه‌وه‌، پێده‌چێت ئه‌و هێڵه‌ باریكه‌ كه‌ چه‌ندین ناوچه‌و شوێن ده‌گرێته‌وه‌ ، كاتی‌ خۆی‌ عوسمانییه‌كان به‌ مه‌به‌ستی‌ هێڵی‌ سه‌ربازی‌ ، یان هه‌ر هۆیه‌كی‌ تر دروستیان كردبێت ، دیاره‌ مه‌رجیش نییه‌ به‌و جۆره‌ بێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هێڵه‌ باریك و درێژه‌كه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ له‌م سه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ری‌ عیراق ده‌گرێته‌وه‌، هه‌ر توركمانی‌ تیا نییه‌ ، هه‌ندێك شوێن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك توركمانی‌ تیانییه‌ ، هه‌ندێ‌ شوێن به‌ چڕی‌ ، له‌ پشت ئه‌و هێڵه‌وه‌ له‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ زنجیره‌ چیاو ته‌پۆڵكه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت زنجیره‌ی‌ حه‌مرین ، كه‌ ئه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ سنووری‌ نێوان كوردستانی‌ باشوورو عیراقی‌ عه‌ره‌بییه‌، كورد ده‌بێت هه‌ر گفتوگۆو دانوستانێ‌ بكات له‌ وخاڵه‌وه‌ ده‌سپێبكات نه‌ك خۆی‌ هۆیه‌ك بێت بۆ له‌ ده‌ستدانی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و ناوچانه‌، له‌م كورته‌ نووسینه‌ی‌ خواره‌وه‌دا ده‌مانه‌وێ‌ باسی‌ ئه‌و هێڵه‌و پێكهاته‌كانی‌ و كوردستانی‌بوونی‌ و له‌مپه‌ره‌كانی‌ به‌رده‌م گێڕانه‌وه‌ی‌ بۆ سه‌ر كوردستان بكه‌ین و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌و ریفراندۆمه‌ بكه‌ین ، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌دا بكرێت .
ئه‌و شوێنانه‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌و هێڵه‌ن :
ئه‌و هێڵه‌ی‌ باسی‌ ده‌كه‌ین به‌ نزیكی‌ له‌ سنووری‌ سوریاو توركیاوه‌ ده‌ست پێده‌كات و له‌ هه‌ندێ‌ شوێن ده‌گاته‌ ته‌نیشت سنووری‌ ئێران و درێژده‌بێته‌وه‌ تا به‌سره‌، واته‌ نزیكه‌ی‌ هه‌موو درێژی‌ رووبه‌ری‌ عیراق ده‌گرێته‌وه‌، نابێ‌ ئه‌وه‌شمان بیر بچێت كه‌ هێڵه‌كه‌ له‌ سنووری‌ دیاله‌وه‌ تا نزیكی‌ به‌غدا ده‌ڕوات، ئه‌م هێڵه‌ له‌ شه‌نگال و موسڵ و ته‌له‌عفه‌ره‌وه‌ دێت به‌ره‌و قه‌راج و مه‌خمورو سه‌رگه‌ڕان،  دواتر پردێ‌، دوبز، كه‌ركوك هه‌روه‌ها داقوق،  خورماتوو، كفری‌ و جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌و خانه‌قین و به‌دره‌و جه‌سان و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و سنووری‌ به‌سره‌. 
ناوچه‌ی‌ گرنگی‌ سه‌ر ئه‌م هێڵه‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین شوێنی‌ گرنگی‌ پارێزگاكانی‌ موسڵ، دیاله‌ ، تكریت ، كوت ، ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر ئه‌م هێڵه‌، توركمانه‌كان به‌ ئاشكراو به‌ پاڵپشتی‌ توركیا داوای‌ به‌شێكی‌ گرنگی‌ ئه‌م هێڵه‌ ده‌كه‌ن و خۆیان به‌ خاوه‌نی‌ ده‌زانن ، له‌ كاتێكدا زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ سه‌ر ئه‌م هێڵه‌ ناوچه‌ی‌ كوردستانین وه‌ك جوگرافیاو وه‌ك خه‌ڵكیش به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م سڕینه‌وه‌و ته‌عریبدا بوون، به‌ تایبه‌ت كورد، ئێستا گه‌رمترین ناوچه‌و پڕكێشه‌ترین ناوچه‌ له‌ سه‌ر رووبه‌ری‌ عیراق و هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌م هێڵه‌یه‌، كه‌ من پێموایه‌ له‌ ئاینده‌دا ئه‌گه‌ر به‌ ئاوه‌زه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ گیرو گرفتی‌ گه‌وره‌، به‌ زیانی‌ زۆریش بۆ كورد به‌كۆتا دێت.
ئه‌و شوێنانه‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌و هێڵه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كێشه‌كه‌یان له‌نێوان حكومه‌تی‌ عیراق و حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا بێت و به‌س، ئه‌و شوێنانه‌ ته‌نانه‌ت توركیاو ئێرانیش به‌ ئاشكراو بێ‌ په‌رده‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ تێدا ده‌كه‌ن و ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ركات زیاتر توركیا له‌ رێی‌ حزبه‌ نزیكەکانییەوە به‌ ئاشكرا ئه‌و ناوچانه‌ ته‌تریك ده‌كات و هه‌ڵبه‌ت به‌ شێكی‌ زۆر له‌ خێرو بێره‌كه‌یشی‌ ده‌بات به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك له‌ رێگه‌ی‌ بیره‌ نه‌وته‌كانی‌ كێڵگه‌كانی‌ هاڤاناو بای‌ حه‌سه‌نه‌وه‌، ئێرانیش به‌ شێوه‌و رێگه‌ی‌ تر هه‌مان ده‌ستتێوه‌ردانی‌ هه‌یه‌و له‌ هه‌ندێ‌ شوێن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئێران و توركیا له‌لایه‌ن یه‌كتره‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ گرفت ده‌بنه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ خورماتوو ته‌له‌عفه‌رو شه‌نگال.
پێكهاته‌كانی‌ ئه‌و چوار چێوه‌یه‌:  
 له‌و ناوچه‌ فراوانه‌ چه‌ندین زمان و ئاین و نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌ هه‌ن، كه‌ هه‌موویان هه‌ریه‌ك به‌ جۆرێ‌ خۆیان به‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌زانن و هه‌ندێكیشیان زۆر پێكناكۆكن، له‌ ڕووی‌ ئاینی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ و سیاسیه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێكیان ده‌ستی‌ ده‌ره‌كیان له‌ پشته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌توانرێ‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ئارامی‌ و ته‌ناهی‌ بێته‌ دی‌ ، له‌و ناوچانه‌ كورد ، عه‌ره‌ب ، توركمان ، ئاشوری‌ ، ئه‌رمه‌ن ،كوردی‌  ئێزدی‌ ، هه‌روه‌ها كوردی‌ فه‌یلی‌ ، كوردی‌ یارسان « كاكه‌ی‌ «  كوردی‌ شه‌به‌ك هه‌ن، له‌ نێو ئه‌و پێكهاته‌ كوردیانه‌دا خه‌ڵك هه‌ن خۆیان به‌ كورد نازانن، یان نایانه‌وێ‌ كورد بن ، له‌ ڕووی‌ ئاینییه‌وه‌ ، ئیسلام ، مه‌سیحی‌ ، ئێزدی‌ ، سابیئه‌ ، ئه‌رمه‌نی‌  هه‌ن ، له‌ ڕووی‌ مه‌زهه‌بیه‌وه‌ ، شیعه‌ ، سوننه‌ ، كاكه‌ی‌ ، فه‌یلی‌ ، ئێزدی‌ ، مه‌سیحی‌ به‌ چه‌ندین مه‌زهه‌بی‌ جیا هه‌ن ، له‌ نێو ئه‌م پێكهاتانه‌دا گه‌وره‌ترین كێشه‌و گرفت له‌ نێوان كوردو عه‌ره‌ب و توركماندایه‌ له‌ سه‌ر خاوه‌ندارێتی‌ ، توركمانه‌كان به‌ شێكی‌ زۆر له‌م ناوچانه‌ هه‌ڵبه‌ت به‌ كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ ناوچه‌ی‌ توركمانی‌ ده‌زانن و له‌و ناوچانه‌ داوای‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری‌ توركمانی‌ ده‌كه‌ن ، عه‌ره‌ب ئه‌م شوێنانه‌ به‌ شوێن و ناوچه‌ی‌ عیراقی‌ ده‌زانن و ئاماده‌نین ده‌سبه‌رداریان بن ، سه‌ره‌ ڕای‌ بوونی‌ ماده‌ی‌ 140 كه‌ ماده‌یه‌كه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ده‌ستوری‌ عیراقیدا ده‌نگی‌ پێدراو ده‌بوو له‌ 31-12-2007 ته‌واوی‌ رێكاره‌كانی‌ كۆتایی‌ پێهاتبا، دوای‌ تێپه‌ڕینی‌ 10 ساڵ به‌ سه‌ر ئه‌و مێژووه‌دا « ئێستا مانگی‌ 7ی‌ 2017» هێشتا ئه‌و ماده‌یه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌و كێشه‌كان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌، كوردیش ئه‌و ناوچانه‌ به‌ ناوچه‌ی‌ كوردستانی‌ ده‌زانێت و نزیكه‌ی‌ 100 ساڵه‌ له‌سه‌ر كوردستانی‌ بوونی‌ ئه‌و ناوچانه‌ شه‌ڕ ده‌كات .  
له‌ ڕووی‌ رێژه‌ی‌ دانیشتوانه‌وه‌ له‌ هه‌ندێ‌ شوێن بۆ هه‌ندێ‌ شوێنی‌ تر جیاوازی‌ هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ندێ‌ شوێن توركمان زۆرینه‌ن وه‌ك ته‌له‌عفه‌ر، له‌هه‌ندێ‌ شوێنی‌ تر كورد وه‌ك خانه‌قین، له‌هه‌ندێ‌ شوێن عه‌ره‌ب زۆرینه‌ن وه‌ك حه‌ویجه‌، له‌ چه‌ندین شوێنی‌ تر رێژه‌كان تاڕاده‌یه‌ك له‌ یه‌كتره‌وه‌ نزیكن ، مامه‌ڵه‌ كردن بۆ ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی‌ ئه‌و شوێنانه‌ له‌ لایه‌ن پێكهاته‌یه‌كه‌وه‌ هه‌رگیز ئاسوده‌یی‌ به‌ دووی‌ خۆیدا ناهێنێ‌، ئه‌گه‌ر گیانی‌ لێبورده‌یی‌ و یه‌كتر قبووڵكردن قوڵنه‌كرێته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ پێویسته‌ ئه‌زموون له‌و رابردووه‌ وه‌ربگیرێ‌، كه‌ عه‌ره‌به‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دوورو درێژ ویستیان خۆیان به‌سه‌ر ئه‌وانی‌ تردا بسه‌پێنن ، هه‌موو رێگه‌كانی‌ عه‌ره‌باندن و به‌عساندن و تاراندن و سڕینه‌وه‌و له‌ ناودانیان تاقیكرده‌وه‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون ، له‌ پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆم و راپرسیشدا چاره‌نووسی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌و ناوچانه‌ یه‌كلایی‌ نابێته‌وه‌ و ره‌نگه‌ به‌ پێی‌ خواست و خه‌ونی‌ ئه‌و لایه‌ن و پێكهاته‌یه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ كاره‌كه‌ هه‌ڵده‌ستێ‌ ، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر كورد پێی‌ وابێت به‌ گشتپرسی‌ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ كوشنده‌ ده‌كات و ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ گشتپرسیدا ته‌نانه‌ت كه‌ركوكیش بدۆڕێنێ‌، ئه‌وه‌ جگه‌ لە حه‌ویجه‌، خورماتوو ، ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ شه‌نگال و زۆر شوێنی‌ تر، هه‌ڵبه‌ت خۆ ئه‌گه‌ر كورد له‌ گشتپرسیشدا له‌و ناوچانه‌ زۆرینه‌ بێنێ‌ ، به‌بێ‌ رازیكردنی‌ ئه‌وانی‌ تر كه‌ بتوانن له‌ گه‌ڵ كوردا به‌ ئارامی‌ بژین له‌ چوارچێوه‌ی‌ كوردستاندا، دیسان ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌و ناوچانه‌ پێكدادان و شه‌ڕو شۆڕ و ناجۆری‌ رووبدات.
راستی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ پێویستی‌ به‌ ئاوه‌زو لۆژیكه‌ نه‌ك سۆزو قسه‌ی‌ زل ، بۆ نموونه‌ راسته‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌و ناوچانه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ خوێن پاراستوونی‌ و ده‌یانپارێزێ‌ ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌مه‌ ده‌كه‌نه‌ پێوه‌ری‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ ناوچه‌كه‌و به‌و جۆره‌ به‌شداریی‌ راپرسی‌ ده‌كه‌ن كه‌ كورد ده‌یه‌وێت، به‌بڕوای‌ من ماده‌ی‌ 140 به‌هه‌موو كێماسی‌ و كه‌موكوڕیه‌كییه‌وه‌ ده‌كرا زیاتر سوودی‌ لێ ببینرێ‌ ، هه‌رچه‌ندە له‌ كاتی‌ خۆیدا كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ خرابێتنه‌ سه‌ر مێزی‌ قومار ، وه‌ك چۆن ریفراندۆمیش هه‌مان مێزی‌ قوماره‌، من به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ كورد له‌ ئاستی‌ زۆربه‌رزداو بۆ نموونه‌ له‌سه‌رزاری‌ بەڕێز مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ باسی‌ ئه‌وه‌ بكات پێشمه‌رگه‌ كوردستانی‌ بوونی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ یه‌كلاكرده‌وه‌ له‌ كاتێكدا سبه‌ینێ‌ ریفراندۆم و رای‌ خه‌ڵك مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ بڵێت ، بۆ نموونه‌ پێشمه‌گه‌ خورماتوو ده‌پارێزێ‌ ، به‌ڵام رێژه‌ی‌ كورد له‌ خورماتوو 35%ه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا 65%ی‌ توركمان و عه‌ره‌بن ، ئه‌و رێژه‌یه‌ هه‌رگیز له‌ ئێستادا به‌ خواست و ویستی‌ كورد ده‌نگ به‌ خورماتوو ناده‌ن ، ئه‌مه‌ بۆ داقوقیش هه‌روایه‌ بۆ جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌و هتد ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌یان شوێنی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا ، هه‌ڵبه‌ت له‌م پرۆسه‌یه‌دا حه‌ویجه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ له‌ ده‌ست ده‌چێت و له‌وه‌ش ده‌چێت ئێستا پارتی‌ كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ئیتر حه‌ویجه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كه‌ركوكدا بێت، ئه‌مه‌ به‌ گوێره‌ی‌ قسه‌ی‌ پەرله‌مانتارێكی‌ پارتی‌ كه‌ وتی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك چی‌ تر نایانه‌وێ‌ حه‌ویجه‌ بێته‌وه‌ سه‌ر شاره‌كه‌یان و لێی‌ بێزارن. 
چی‌ بكرێت و چۆن ؟
له‌ راستیدا ئه‌و ناوچه‌ پێكناكۆكانه‌ كه‌ به‌لای‌ هه‌ر كوردێكه‌وه‌ كوردستانین و پێشتر سته‌میان لێكراوه‌و نادادی‌ زۆریان تیا به‌ڕێوه‌ چووه‌ ، پێویستیان به‌ ئاساییكردنه‌وه‌و ئاشتكردنه‌وه‌ی‌ پێكهاته‌كانه‌ له‌ ته‌ك یه‌كترا ، ئاشتكردنه‌وه‌ به‌ مانای‌ سڕینه‌وه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و دڕدۆنگی‌ و ناسازییه‌ی‌ نێوان پێكهاته‌كان ، بۆ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ده‌بێت كار له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی‌ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ ئاشتیانه‌و هاوبه‌شی‌ راسته‌قینه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵپه‌ی‌ راپرسی‌ و ریفراندۆم پێویست نییه‌ ، كه‌ راپرسی‌ و ریفراندۆم زیاتر له‌ پرۆسه‌یه‌ك ده‌چێت بۆ دۆڕاندنی‌ ئه‌و شوێنانه‌، من لاموایه‌ ئه‌مه‌ خواستی‌ توركیایه‌و  له‌ ئێستادا هەندێک لەوانەی بانگەشەی ریفراندۆم دەکەن ده‌یانه‌وێ‌ به‌ دیبێنن، پێویستە ئەوانە بخرێنه‌ به‌رده‌م ئه‌و راستییه‌ی‌ چۆن دڵنیان ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ده‌ست ناچن، یان ئه‌وان هه‌ر ته‌نیا ئه‌و نه‌وته‌ی‌ هاڤاناو بایحه‌سه‌نیان به‌سه‌و ئیتر پێویستیان به‌ نزیكه‌ی‌ له‌ 50%ی‌ خاكی‌ كوردستانی‌ باشوور نییه‌ ، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌م یارییه‌دا زیاتر ئه‌گه‌ری‌ دۆڕان هه‌یه‌ نه‌ك بردنه‌وه‌.
من پێشتر به‌داتاو ژماره‌ هه‌ندێك روونكردنه‌وه‌م داوه‌، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وانه‌ی‌ باسی‌ ریفراندۆم ده‌كه‌ن له‌و ناوچانه‌و له‌ فه‌رمانه‌ هه‌رێمێكه‌ی‌ بارزانیشدا هاتووه‌ خاڵی‌ یه‌كه‌م « ئه‌نجامدانی‌ راپرسی‌ گشتی‌ له‌ رۆژی‌ 25-9-2017 له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێم « باشه‌ به‌م پێیه‌ بێت ده‌بێ‌ راپرسی‌ له‌ حه‌ویجه‌ش بكرێت، حه‌ویجه‌ ناوچه‌ی‌ كوردستانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێمه‌و ئێستا به‌ ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌ ، ئایا‌ تا 25- 9 حه‌ویجه‌ ئاماده‌ ده‌بێت بۆ ئه‌و راپرسییه‌ یان وازیلێهێنراوه‌؟ كێ‌ ئه‌و مافه‌ی‌ به‌ بارزانی‌ و ریفراندۆمچییه‌كان داوه‌ واز له‌و ناوچه‌یه‌ی‌ كوردستان بێنن، ئه‌ی‌ خورماتوو ، شه‌نگال ، به‌دره‌و جه‌سان، ئایه‌ ئه‌مانه‌ ده‌ستیان لێ شۆردراوه‌؟ یان چ گره‌نتیه‌ك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ له‌ گشتپرسیدا كه‌ركوك نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ ، ئایه‌ چاره‌نووسی‌ ئه‌و ناوچانه‌ چی‌ ده‌بێت ؟ هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ بۆ یه‌ك ملیۆن كوردی‌ فه‌یلی‌ به‌غداش هه‌ر وایه‌ كه‌ بەڕێز بارزانی‌ و ئەوانەی بانگەشەی ریفراندۆم دەکان وازیان لێهێناوه‌، له‌بڕگه‌یه‌كی‌ خاڵی‌ سێیه‌می‌ فه‌رمانه‌ هه‌رێمییه‌كه‌ی‌ بارزانیدا هاتووه‌ « ئایا‌ ده‌ته‌وێ‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێم ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆ؟
به‌ڵێ‌ و نه‌خێر دانراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش كرۆكی‌ راپرسییه‌كه‌یه‌، ده‌ی‌ ئه‌گه‌ر له‌و ناوچانه‌ یان له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌ك ده‌نگی‌ نه‌خێر زۆرینه‌بوو چاره‌نووسی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ چی‌ ده‌بێت، ئایه‌ هه‌موو هه‌رێم و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان یه‌ك بازنه‌ن، یان هه‌ر پارێزگایه‌ك و بازنه‌یه‌ك ، له‌ دۆخی‌ یه‌ك بازنه‌ییدا ئاخۆ حكومه‌تی‌ عیراق چۆن رازی‌ ده‌بێت ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌و چوار چێوه‌یه‌دا بن ، یان ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ عیراقیش رازی‌ بوو، خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچانه‌ ، پێكهاته‌ جیاجیاكان چی‌ كراوه‌ بۆ رازی‌ كردنیان؟.
له‌ سه‌ر شێوازی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ تا ئێستا هیچ روون نه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئاخۆ هه‌موو باشووری‌ كوردستان یه‌ك بازنه‌یه‌، یان ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم و ناو هه‌رێم هه‌ر یه‌كه‌و بازنه‌یه‌كن؟ یان هه‌ر پارێزگایه‌و بازنه‌یه‌كه‌، یان به‌پێی‌ یه‌كه‌ی‌ ئیدارییه‌؟ 
له‌ راستیدا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستانداین و كه‌س ناتوانێ‌ وا نیشانمانبدات كه‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ خواز نین ، یان ئه‌وان له‌ ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ خوازترن، به‌ڵام ئێمه‌ درك به‌ مه‌ترسییه‌كان ده‌كه‌ین و ده‌ستیان له‌سه‌ر داده‌نێین .
له‌ راستیدا ئه‌و ناوچانه‌ به‌رله‌ راپرسی‌و هه‌ر هه‌نگاوێك بەو ئاراستەیە پێویستیان به ‌ئاسایكردنه‌وه‌یه‌، هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌می‌ ئاسایكردنه‌وه‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌  سنووره‌ جوگرافییەكه‌یه‌، ئه‌و سنووره‌ی‌ به‌عس به‌ مه‌به‌ستی‌ كه‌مكردنه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی‌ كورد ده‌ستكاری‌ كردووه‌، هه‌روه‌ها پێویسته‌ كوردو عه‌ره‌ب و توركمانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ پێكه‌وه‌ كۆبكرێنه‌وه‌و له‌سه‌ر یه‌ك مێز دابنرێن ، به‌مه‌به‌ستی‌ كاڵكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌و گرفته‌كانی‌ نێوانیان .
دواقسه‌ی‌ من له‌ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌ كوردستانییانه‌، ئاخۆ ئه‌گه‌ر سبه‌ی‌ بابه‌ته‌كه‌ له‌ گرێژنه‌ ده‌رچوو، هه‌روه‌ها بوو به‌هۆی‌ تێكچوون و پێكدادانی‌ خوێناوی‌، كێ‌ به‌رپرسی‌ ئه‌و رووداوانه ‌ده‌بێت ، كێ‌ ده‌ڵێت خه‌ڵكی‌ تر له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌و فیتنه‌یه‌ دروست ناكه‌ن؟


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7370
22/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP