12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟
12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ ‌ 22/9/2017
ئازاد جه‌لال 
ساردبوونه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ خێزانی‌ نێوان ژن‌و مێرد‌و ده‌رنه‌بڕینی‌ سۆز له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ خێزانییه‌كان. 
به‌شێك له‌ خێزانه‌كان دوای‌ چه‌ند ساڵێك له‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ژن‌و مێردایه‌تی‌، ئیتر وه‌كخۆیان ده‌ڵێن ماڵیان ده‌بێت به‌ چێشتخانه‌ و ژنیش ده‌بێت به‌ چێشتلێنه‌ر.
 هه‌ندێك له‌پیاوان  ته‌نیا بۆ خواردن ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌‌و ژنیش وه‌ك جاران نامێنێت، به‌ وته‌ی‌ پیاوان هه‌ندێك له‌ ژنانیش زۆرجار بۆنی‌ تام‌و پیازی‌ قرچاویان لێدێ‌.
 له‌ ماوه‌ی‌ 6 مانگدا  23 ژن سه‌ردانی‌ سه‌نته‌رێكی‌ خێزانییان كردووه‌ شه‌كوای‌ حاڵی‌ خۆیان له‌ ده‌ست مێرده‌كانیان كردووه‌ كه‌ هیچ هه‌ست‌و سۆزیان نه‌ماوه‌ له‌به‌رمبه‌ردا هه‌ندێك له‌ خێزانه‌كانی‌ تر پێیانوایه‌ ساردبوونه‌وه‌ی‌ سۆزداری‌ ئاسایه‌،  به‌مه‌رجێك پیاو به‌دیلی‌ ئه‌م ساردبوونه‌وه‌یه‌ هه‌بێت.  
5 ساڵی‌ یه‌كه‌م وا نه‌بووین
كیژان و حه‌مید  21 ساڵه‌ هاوسه‌رگیرییان كردووه‌، سه‌ره‌تای‌ ژیانی‌ هه‌ردووكیان ئاسایی بووه‌، وه‌ك هه‌موو ژن‌و مێردێك سه‌یران‌و سه‌فاو پێكه‌نین و هه‌ندێكجار ورده‌ كێشه‌یان هه‌بووه‌. به‌ڵام كیژان له‌ دوای‌
 له‌ دایكبوونی‌ دوو منداڵ هه‌ست ده‌كات كه‌ حه‌مید وه‌ك جاران  گرنگی‌ پێنادات.  وه‌ك ئه‌و وتی‌: مێرده‌كه‌م دوای‌ ئه‌وه‌ هیچ وشه‌یه‌كی‌ به‌قوربان‌و به‌ساقه‌ به‌كار ناهێنێت. جاران ئیشی‌ بوایه‌و نه‌بوایه‌ ده‌هاته‌وه‌ و ته‌وقه‌یشی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كردم، كه‌ ده‌چوه‌ ده‌ره‌وه‌. ده‌یوت: گیانه‌كه‌م هیچت پێویست نیه‌. 
له‌ فه‌رمانگه‌یش یه‌ك دووجا تێلی‌ بۆ ده‌كردم قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كردم. به‌ڵام ئێستا وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ‌: دڵی‌ لێم هه‌ڵكه‌نراوه‌، ئیتر نازانم بووم به‌ چاوه‌وه‌، یان نوشته‌یان لێكردووم.   
هه‌روه‌ها وتی‌: نازانم بۆچی‌ له‌ پڕگۆڕا و  هیچ هه‌ست و سۆزی‌ بۆم نه‌ماوه‌  حه‌میده‌كه‌ی‌ من جاران نه‌یده‌هێشت له‌ یه‌ك شه‌و زیاتر له‌ ماڵی‌ باوكم بمێنمه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا سێ‌ شه‌ویش له‌ ماڵی‌ باوكم بم. پێم ئه‌ڵێ‌ بۆچی‌ شه‌وێكی‌ تریشی‌ ناخه‌یته‌ سه‌ر. به‌ هۆی‌ ئه‌م گۆڕانه‌ی‌ حه‌میده‌وه‌ كێشه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ نێوانیانه‌وه‌ و قسه‌ی‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز له‌ نێوانیان دروست ده‌بێت. كیژان په‌نا ده‌باته‌ به‌ر سه‌نته‌رێكی‌ خێزانی‌‌و شه‌كوای‌ حاڵی‌ خۆی‌ لای‌ شاره‌زایانی‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: 
چی‌ بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی‌ مێرده‌كه‌م وه‌ك جارانی‌ لێبێته‌وه‌ و له‌به‌رچاوی‌ نه‌كه‌وم.   به‌ وته‌ی‌ خۆی‌ پێشتریش چووه‌ته‌ لای‌ كه‌سێك‌و نوشته‌ی‌ بۆ كردووه‌ تا دڵی‌ مێرده‌كه‌ی‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌. 
ساردبوونه‌وه‌ی‌ نێوان هاوسه‌ران بریتیه‌ له‌ كاڵبوونه‌وه‌‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ پێدانی‌ سۆز و گۆڕینه‌وه‌ی‌ وشه‌ی‌ سۆزداری‌‌و نه‌رم‌و نیانی‌. 
به‌لای‌ شاره‌زایانی‌ بواری‌ كۆمه‌ڵناسیه‌وه‌ ڕۆتینی‌ ژیانی‌ ڕۆژانه‌‌و هاتنه‌كایه‌ی‌ منداڵ و زیادبوونی‌ به‌رپرسیارێتی‌ هه‌ردووكیان هۆكاری‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ن. به‌ڵام زۆر له‌ پیاوان ئه‌وه‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ساردو سڕی‌ له‌ نێوان ژن‌و مێرد دروست بێت، به‌ڵكو ته‌نیا قۆناغه‌كه‌ ده‌گۆڕێت. 
 به‌شێكی‌ تر  له‌ به‌شداربوانی‌ ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ بنه‌مای‌ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ ته‌ندروست نه‌بووه‌.  
بۆچوونی‌ هه‌ندێك له‌ ژنان وایه‌ ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیریی له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ خۆشه‌ویستی‌ و وه‌فادری‌ و ڕێز پێكه‌وه‌ بژین ساردبوونه‌وه‌  له‌ نێوانیان ڕوو نادات.
سارد نه‌بووینه‌ته‌وه‌
په‌یام مه‌حمود ـ ڕۆژنامه‌نووس، كه‌ ماوه‌ی‌ 12 ساڵه‌ پڕۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیریی ئه‌نجامداوه‌، به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ وتی‌: ئێمه‌  سارد نه‌بووینه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها وتی‌: ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیریی له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ڕێز و خۆشه‌ویستی‌‌و پێكه‌وه‌ ژیان بێت، نابێت سارد بنه‌وه‌، چونكه‌ بۆ یه‌كتر ئه‌ژین و چاویان به‌دوای‌ كه‌سی‌ تره‌وه‌ نیه‌. 
هێمای‌ بۆ ئه‌وه‌یشكرد كه‌ ته‌كنه‌لۆجیا و ئالووده‌بوون پێوه‌ی‌ وایكردووه‌ كه‌ ساردبوونه‌وه‌ له‌ نێوان هاوسه‌ران دروست بێت. وتیشی‌: «به‌و هۆیه‌وه‌ پیاو په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانی‌ گرێ ده‌داو  خه‌یاڵی‌ زۆر ده‌كات له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ دوورده‌كه‌وێته‌وه‌». 
ساردبونه‌وه‌ی‌ سۆزداری‌ نێوان هاوسه‌ران  له‌ دوای‌ ده‌ دوانزه‌ ساڵ له‌ پڕۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ ده‌ستپێده‌كات. به‌پێی‌ ڕاپرسیه‌ك  زۆرینه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ بیریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ ژنی‌ تر بێنن، یان به‌دزییه‌وه‌ ژنیان هێناوه‌. له‌ دوای‌ ده‌ ساڵ له‌ پڕۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیری بووه‌. به‌ڵام به‌شێكی‌ تر له‌ خێزانه‌كان  به‌ وته‌ی‌ خۆیان سارد نه‌بوونه‌ته‌وه‌ و به‌دیلییا بۆ ساردبوونه‌وه‌ داناوه‌‌و به‌رده‌من له‌ ژیان‌و ژیانداری‌ به‌ گه‌رمی‌.  
سروشتی‌ مرۆڤ وایه‌
نه‌وزاد قادر 27 ساڵه‌، پیشه‌ی‌ مامۆستایه‌‌و  هاوسه‌رداره‌، له‌ ئێستادا خاوه‌نی‌ (5) منداڵه‌ به‌ كوردستانی‌ نوێی‌ وت: ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ڕێژه‌ییه‌، له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی‌ تر جیاوازه‌. به‌ ڕای‌ من په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئاستی‌ ڕۆشنبیرییه‌وه‌ هه‌یه‌. ڕاسته‌ دوای‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ژن‌و مێرد  په‌یوه‌ندییه‌كانیان وه‌ك خۆی‌ نامێنێ‌، هه‌تا له‌په‌یوه‌ندی‌ تایبه‌تیش، به‌لای‌ منه‌وه‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێكی‌ فسیۆلۆجیه‌. به‌ سروشت مرۆڤ وایه‌. به‌ڵام ئه‌كرێ‌ به‌دیلی‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ هه‌بێت.  وه‌ك ئه‌و وتی‌ به‌دیلی‌ ساردبوونه‌وه‌ی‌ نێوان ژن و مێرد  بریته‌ له‌ ماچ و ده‌ستله‌ملان‌و مه‌یلی‌ زیاتر دان به‌ ژن. هه‌روه‌ها وتی‌:  كاره‌سات ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌دیل نه‌بێت ئه‌و كاته‌ جیابوونه‌وه‌‌و به‌دگومانی‌ له‌نێوان هه‌ردووكیان دروست ده‌بێت‌و سه‌رئه‌كێشێ‌ بۆ لێكترازان سه‌رئه‌نجام منداڵ ده‌بێته‌ قوربانی‌. 
ژنان سكاڵا ده‌كه‌ن
له‌ ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگدا  له‌ كۆی‌ 201 خێزان كه‌ سه‌ردانی‌ سه‌نته‌رێكی‌ خێزانیان كردووه‌ (23) ژن كێشه‌كانیان بریتی‌ بووه‌ له‌ ساردو سڕی‌ مێرده‌كه‌یان‌و نه‌مانی‌ سۆز و ده‌رنه‌بڕینی‌ خۆشه‌ویستی‌ نێوانیان، سه‌رجه‌میان  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چاویان به‌ شاره‌زایانی‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ كه‌وتووه‌.
 هه‌ندێك هۆكاری‌ ئه‌م ساردبوونه‌وه‌یه‌ی‌ پیاو له‌ به‌رامبه‌ر ژندا ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ جیاوازی‌ ئاستی‌ ڕۆشنبیری‌. 
دوو ژینگه‌ی‌ جیاواز
جه‌مال عومه‌ر، له‌ دادگای‌ سلێمانی‌،  هێمای‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ 
هاوسه‌رداری‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان دوو مرۆڤه‌ نابێت بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی‌ تیا نیه‌. وه‌ك ئه‌و وتی‌: به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هاوسه‌ره‌كان دوو ژینگه‌ی‌ زۆر جیاوازیان هه‌بێت ئه‌و جۆره‌ كێشانه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ ئه‌وه‌ گرنگه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌كه‌ین.  
شاره‌زایانی‌ بواری‌ ده‌روونی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن هۆكاری‌ ئه‌و ساردبوونه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ تێڕوانینی‌ هه‌ردووكیانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ بابه‌ته‌كان. 
هۆكاره‌كه‌ جیاوازی‌ بۆچوونه‌
هاوڕاز عه‌بدول ـ توێژه‌ری‌ ده‌روونی‌ به‌ كوردستانی‌ نوێی‌ وت: باشه‌  هه‌ر ئه‌و خاتوونه‌یه‌ كه‌ چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش ئازیز بووه‌، ئێ‌ ئێستا ئایزتره‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بووبێت به‌دایك.  وتیشی‌:  به‌ڕای‌ من جیاوازی‌ بۆچوونیان بۆ بابه‌ته‌كان ئه‌م ساردبوونه‌وه‌یه‌ دروست ده‌كات.
 ڕێنمایی توێژه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌:
1ـ دروستكردنی‌ هاوسه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ڕێز و خۆشه‌ویستی‌ و لێكتێگه‌یشتن. 
2ـ گفتوگۆی‌ خێزانی‌، یان ڕاوێژی‌ خێزانی‌، ئیتر هه‌فتانه‌ بێت، یان مانگانه‌. خێزانه‌كه‌ی‌ له‌ سه‌ر مێزی‌ نانخواردن، یان پاركێك كۆببنه‌وه‌ گفتوگۆ بكه‌ن ده‌رباره‌ی‌ ژیان و په‌یوه‌ندییه‌كانیان. كه‌ ئه‌مه‌ وه‌ك به‌رنامه‌ توێژه‌ر بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی‌ داده‌نێت كه‌ تووشی‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ بوون.
له‌ ژماره‌كانی‌ داهاتوو لاپه‌ڕه‌ی‌ ژیانداری‌ كوردستانی‌ نوێ‌ ڕاپۆرت‌و دیدار  له‌ باره‌ی‌ گرنگی‌ گفتوگۆی‌ خێزانی‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.  


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7395
20/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP