به‌خێر بێنه‌وه‌ شۆڕه‌ سواره‌كه‌ی خه‌بات
به‌خێر بێنه‌وه‌ شۆڕه‌ سواره‌كه‌ی خه‌بات ‌ 9/10/2017
قوبادی جه‌لیزاده‌
كۆترێكی سپی به‌ لقێك زه‌یتوونه‌وه‌ له‌(به‌رلین)ه‌وه‌ هه‌ڵفڕی..
ئه‌وه‌تا ده‌ڕوانێته‌ سه‌رتاپا كوردستانی گه‌وره‌.
ئاڵای نیشتمان و گوڵی سوورو سپی، به‌سه‌ر ئامه‌دو مه‌هاباد و كۆبانێ دا، داده‌بارێنێت
له‌سنووری سوور ده‌په‌ڕێته‌وه‌و پێیه‌كانی سوور ده‌بن له‌خوێنی ئیبراهیم عه‌زۆ
بۆ سه‌بایه‌كانی شنگال، قوڕگی پر ده‌بێ له‌ هاوار
به‌قاسملو ده‌ڵێ هه‌سته‌وه‌، كه‌ی تۆ پیاوی كه‌وتن و نوچدانی !
سێبه‌ری باڵه‌ سپیه‌كانی، ده‌كاته‌ دیاری، قه‌ڵای سه‌ركه‌ش و باڵای كه‌ڵه‌گه‌تی مناره‌. 
سه‌رده‌دا له‌ قه‌ندیل، یه‌كه‌م سه‌نگه‌ری شۆڕشی نوێ. چنگێك به‌فری خوێناوی هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌.
سڵاوی نه‌سره‌وتن، ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئارامگه‌ی بارزانی باوك
به‌سه‌ر گۆڕی هه‌موو شه‌هیدێكدا، ده‌نووشتێته‌وه‌
گۆچانه‌كه‌ی خۆی ده‌دا، به‌كه‌م ئه‌ندامێكێ سه‌نگه‌ر
چاویلكه‌كه‌ی، به‌ پیره‌مێردێكی گه‌رمیان ده‌به‌خشێ 
كه‌ له‌ چاوڕوانی هاتنه‌وه‌ی جگه‌رگۆشه‌ ئه‌نفالكراوه‌كانی
 چاوه‌كانی سپی بوون.
له‌ په‌نجه‌ره‌ی زیندانی ئیمڕالییه‌وه‌، نامه‌ی به‌رخودان ده‌خاته‌ ده‌ستی ئاپۆ
له‌سه‌ر یه‌ك دره‌ختدا، باڵنده‌ ناكۆكه‌كان، كۆده‌كاته‌وه‌.
ده‌ستی خستۆته‌ سه‌رشانی ئه‌و تفه‌نگه‌ی، كه‌ یه‌كه‌م فیشه‌كی پێ ته‌قاند، 
ئه‌و فیشه‌كه‌ی به‌ر له‌وه‌ی به‌ر سینگی كه‌س بكه‌وێت بوو به‌چه‌پكه‌ گوڵ.
ده‌رگای په‌رله‌مان و حكومه‌ت بۆ ژنان، ده‌خاته‌ سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت .
كه‌مێك به‌سه‌ر كێوی كۆسارا ئارام ده‌گرێت ؛
سه‌یری گوندی «كه‌لكان « ده‌كات، زێدی له‌دایك بوون وگاگۆڵكێ
ته‌ماشای(كۆیه‌) ده‌كات، ئه‌و شاره‌ی تیایدا فێری ئه‌لف و بێی كوردایه‌تی بوو
ده‌چێته‌وه‌ یه‌كه‌م قوتابخانه‌، ده‌چێته‌وه‌ به‌رده‌می یه‌كه‌م ته‌خته‌ره‌ش 
ته‌باشیره‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌ ده‌ست و ئه‌ودێڕه‌ ده‌نووسێته‌وه‌ 
كه‌ یه‌كه‌م جار حاجی قادربه‌گوێی دا چرپاندی:
جۆشێ بده‌ن وه‌كوو هه‌نگ - ته‌كبیر بكه‌ن به‌بێ ده‌نگ 
ده‌روانێته‌(كه‌ركوك )ی بڵێسه‌و گڕ، شاری نه‌ورۆزی به‌رده‌وام، نیشتمانی باب و باپیر.
له‌سه‌ر گومبه‌زی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانیدا، هه‌ڵده‌كورمێ، 
كاك ئه‌حمه‌د و شێخ مه‌حموودی نه‌مر،
لكه‌ زه‌یتوونه‌كه‌ی لێ وه‌ده‌گرن و
گه‌ڵا گه‌ڵا وه‌ك موفه‌رك، 
به‌سه‌ر شاری خرۆشاوا ده‌یبه‌شنه‌وه‌.
هه‌نووكه‌ سواری ئه‌سپێكی سپی بووه‌ و به‌نه‌رمه‌ غار 
روه‌و ده‌باشان كه‌وتۆته‌ رێ
میلله‌تێك به‌دوای دا فرمیسكی ماڵئاوایی ده‌ڕێژێت
پیرۆز بیت ئارامگه‌ی هه‌میشه‌ییت
تۆ بنوو و پشوو بده‌، ئه‌ی ئه‌و شۆڕه‌ سواره‌ی 
حه‌فتا ساڵه‌ له‌سه‌ر ئه‌سپی خه‌بات و تێكۆشانا دانه‌به‌زیویت. 
تۆ بنوو له‌سایه‌ی ئێوه‌دا، كوردستان به‌خه‌به‌ره‌..
مامی گه‌وره‌ بۆم هه‌یه‌ بپرسم ؛
ئاخۆ جڵه‌وی ئه‌سپه‌ سه‌ركه‌شه‌كه‌ت، راده‌ستی كێ ده‌كه‌ی.!!؟؟


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7395
20/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP