سەرەخۆشی‌و ماته‌مینیی بۆ كۆچی دوایی خاتوو شوعله‌ عه‌لی
سەرەخۆشی‌و ماته‌مینیی بۆ كۆچی دوایی خاتوو شوعله‌ عه‌لی ‌ 19/3/2017
به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی 17/3/2017 شوعله‌ عه‌لی سه‌عید هاوسه‌ری نه‌وشیروان مسته‌فا رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، به‌نه‌خۆشی له‌سلێمانی كۆچی دوایی كرد. ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ له‌ڕێوڕه‌سمێكدا به‌ئاماده‌بوونی کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی (ی.ن.ک)و ئەندامانی دەستەی کارگێڕو ژمارەیەکی بەرچاو لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتی‌و لێپرسراوانی باڵای حزبی‌و حكومی‌و جەماوەرێکی زۆر، تەرمی شوعله‌خان، له‌گردی شه‌هیدانی سلێمانی به‌خاكسپێردرا.
له‌ڕێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی كۆچكردوودا، شۆڕش حاجی وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌لێدوانێكدا بۆ كۆچی دوایی خاتوو شوعله‌؛ وتی: شوعله‌خان؛ نموونه‌ی ژنی شۆڕشگێڕه‌و ژیاننامه‌كه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كه‌ له‌مێژووی خه‌بات‌و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان، ئه‌و به‌و هه‌موو ئه‌ركه‌ قورسه‌وه‌ وه‌ك دایكێكی میهره‌بان بووه‌و له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی شۆڕشگێڕو تێكۆشه‌ر بووه‌‌و خاوه‌نی دوو برای شه‌هیده‌.
لای خۆیشییه‌وه‌، حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی (ی.ن.ك) وێڕای ده‌ربڕینی پرسه‌و هاوخه‌میی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ژیان‌و خه‌باتی شوعله‌خانی وه‌ك مێژوویه‌كی پڕ سه‌روه‌ری‌و شانازیی وه‌سفكردو وتی: شوعله‌خان؛ ژنێكی تێكۆشه‌رو شۆڕشگێڕ بوو، ژنێك كه‌ له‌خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌یه‌كی شۆڕشگێڕی ئه‌م شاره‌ له‌دایكببوو، شوعله‌خان؛ هه‌ر له‌هه‌ڕه‌تی لاوێتییه‌وه‌ له‌خه‌بات‌و تێكۆشاندا به‌شداربووه‌.

پرسه‌و سه‌ره‌خۆشییەکان
بۆ كۆچی دوایی شوعله‌خان
بۆ كۆچی دوایی شوعله‌خان؛ چه‌ندین پرسه‌نامه‌و سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا‌و بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌ری خاتوو شوعله‌ كراوه‌، كه‌ سه‌رجه‌میان ده‌ربڕینی خه‌م‌و په‌ژاره‌یه‌ بۆ كۆچی دوایی ئه‌و خاتوونه‌ شۆڕشگێڕه‌.

سه‌رۆك كۆمار: كۆچی ناوه‌ختت، هه‌موومانی دڵگران كرد
له‌پرسه‌نامه‌یه‌كدا د.فوئاد مه‌عسوم؛ رایگه‌یاندووه‌: شوعله‌خان؛ سه‌رباری سه‌ختی‌و دژوارییه‌كانی خه‌بات، دۆستایه‌تی‌و میوان نه‌وازیی فه‌رامۆش نه‌ده‌كردو هه‌ر خوشكێكی دڵسۆزو هه‌ڤاڵدۆست‌و میوان نه‌واز بووه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ جێگه‌ی رێزو ته‌قدیری هه‌ڤاڵه‌كانی بووه‌ له‌هه‌موو وێستگه‌كاندا، كۆچی ناوه‌ختی ئه‌م خوشكه‌ به‌ڕێزه‌شمان هه‌موومانی دڵگران كردو به‌رده‌وام دڵمان لاتانه‌.

مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك: ژنه‌ تێكۆشه‌رێكی خۆڕاگربوو
مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی-ش له‌پرسه‌نامه‌یه‌كدا، وێڕای سه‌ره‌خۆشی، جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌»خاتوو شوعله‌؛ هاوڕێی رۆژانی سه‌ختی خه‌باتی ئێوه‌ بوو، ژنه‌ تێكۆشه‌رێكی خۆڕاگربوو، دوو برای له‌ڕێگای كوردایه‌تیدا شه‌هیدبوون، له‌ژیانیدا تووشی دژواری‌و نه‌هامه‌تیی زۆر بووه‌، له‌ده‌ستدانی مایه‌ی ئه‌سه‌فه‌. ئومێده‌وارین ئه‌مه‌ دواناخۆشیتان بێت‌و رۆحی خاتوو شوعله‌ش بۆ هه‌میشه‌ شادبێت».

عومه‌ر فه‌تاح:
پشوودرێژو خۆڕاگر بوو
عومه‌ر فه‌تاح ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی (ی.ن.ك) له‌پرسه‌نامه‌یه‌كیدا، ده‌ڵێت: خاتوو شوعله‌؛ جگه‌له‌وه‌ی هاوڕێی ژیان‌و كاروانی سه‌ختی خه‌باتی كاك نه‌وشیروان بوو، له‌هه‌مانكاتدا له‌خانه‌واده‌یه‌كی تێكۆشه‌رو خاوه‌ن قوربانی بوو، ژنه‌ تێكۆشه‌رێكی پشوودرێژو خۆڕاگر بوو.

هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: دوا ناخۆشی بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كه‌تان بێت
هه‌روه‌ها بۆ كۆچی دوایی خاتوو شوعله‌؛ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی (ی.ن.ك) پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی‌و هاوخه‌می‌ ئاراسته‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاو بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كه‌یان ده‌كات‌و هیواده‌خوازێت ئه‌وه‌ دواناخۆشیی بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كه‌یان بێت، له‌خوای گه‌وره‌ش داواكاره‌ گیانی خوالێخۆشبوو شوعلەخان ژنە پێشمەرگەو تێکۆشەر به‌به‌هه‌شتی به‌رین شادبكات‌و سه‌بوورییش به‌هه‌موو لایه‌ك بدات.

قادر عه‌زیز: بنه‌ماڵه‌ی شوعله‌خان كوردپه‌روه‌رو شه‌هیدپه‌روه‌ر بوو
هه‌ر به‌هه‌مان بۆنه‌وه‌، قادر عه‌زیز ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی (ی.ن.ك) له‌پرسه‌نامه‌یه‌كیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌»شوعله‌خان؛ جگه‌له‌وه‌ی هاوسه‌ری نه‌وشیروان مسته‌فا بوو، له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی كوردپه‌روه‌رو شه‌هیدپه‌روه‌ریش بوو، بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌خه‌باتی رزگاریخوازی كوردستان‌و شۆڕشه‌كه‌یدا چه‌ندین رۆڵه‌ی قاره‌مانی پێشكه‌ش به‌گه‌له‌كه‌مان كردووه‌».

قوباد تاڵه‌بانی: ژیانی بۆ خه‌بات‌و تێكۆشان ته‌رخانكردبوو
قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمیش له‌پرسه‌نامه‌یه‌كیدا ده‌ڵێت:»خوالێخۆشبوو خاتوو شوعله‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هاوژینی كه‌سایه‌تییه‌كی تێكۆشه‌ر بوو، خۆشی وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرین شانبه‌شانی كاك نه‌وشیروان؛ له‌شاخ‌و له‌شار، ژیانی بۆ خه‌بات‌و تێكۆشان له‌پێناوی گه‌لی كوردستاندا ته‌رخانكردبوو، هه‌میشه‌ هیوای كۆچكردوو به‌دیهێنانی مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستان بووه‌».

د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم: مه‌ینه‌تی‌و نه‌هامه‌تیی زۆرت چه‌شت
د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك-یش له‌پرسه‌نامه‌یه‌كدا رایده‌گه‌یه‌نێت: خاتوو شوعله‌؛ هاوڕێی رۆژانی سه‌ختی خه‌باتی كاك نه‌وشیروان بوو. له‌پێناوی كوردو كوردستاندا دوو برای ئازیزی به‌نیشتمان به‌خشی‌و مه‌ینه‌تی‌و نه‌هامه‌تیی زۆری چه‌شت.

گه‌لاوێژخان: كاریگه‌رییه‌كی یه‌كجار ناخۆشی كرده‌ سه‌رم

به‌هه‌مان بۆنه‌وه‌، گه‌لاوێژخان؛ پرسه‌نامه‌یه‌كی بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ناردووه‌، تێیدا هاتووه‌:»كۆچی دوایی ئه‌و خوشكه‌ ئازیزه‌م، ئه‌و ژنه‌ سه‌لاره‌ له‌خۆبردووه‌، هاوڕێی رۆژانی سه‌ختی ئێوه‌و شه‌ریكی ژیانتان، كاریگه‌رییه‌كی یه‌كجار ناخۆشی كرده‌ سه‌رم، جارێكی تریش هاوبه‌شی خه‌متانم، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی له‌یه‌كه‌یه‌كه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌تان ده‌كه‌م‌و له‌یه‌زدان ده‌خوازم جێی خوالێخۆشبوو به‌هه‌شتی به‌رین بێت‌و ئارام به‌خشی ئێوه‌و سه‌رجه‌م خێزانه‌كه‌تان بێ‌».

خاتوو شاناز: هیوادارم ئه‌مه‌ دوایین ناخۆشیتان بێت
له‌پرسه‌نامه‌یه‌كدا به‌هه‌مان بۆنه‌وه‌، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌داخ‌و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ هه‌واڵی كۆچی دوایی شوعله‌خانم بیست، به‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌ پرسه‌و ماته‌مینی خۆم ئاراسته‌ی برای به‌ڕێز كاك نه‌وشیروان‌و نماو چیاو چراو خانه‌واده‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی كاك عه‌لی سه‌عید‌و هه‌موو دۆست‌و ئازیزانیان ده‌كه‌م‌و هیوادارم ئه‌مه‌ دوایین ناخۆشییان بێت.

د.له‌تیف ره‌شید: هه‌مووان دڵته‌نگین
د.له‌تیف ره‌شید: شوعله‌خان؛ خوشكێكی دڵسۆزو میهره‌بان‌و ره‌فیق دۆست بوو، هه‌میشه‌ جێگه‌ی رێزمان بووه‌و پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌بووه‌ لای هه‌مووان، ماڵئاواییكردنی هه‌مووانی دڵته‌نگ كرد.

د.محه‌مه‌د سابیر: جێگه‌یه‌كی تایبه‌تت هه‌بوو لای هه‌ڤاڵه‌كانت
دكتۆر محه‌مه‌د سابیر: «شوعله‌خان؛ هه‌میشه‌ وه‌ك خوشكێكی دڵسۆزو به‌ئه‌مه‌ك، جێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌بوو لای هاوخه‌بات‌و هه‌ڤاڵه‌كانی، كه‌ هه‌رگیز له‌بیرناكرێت، بۆیه‌ هه‌مووان بۆ ئه‌م ماڵئاواییه‌ یه‌كجارییه‌ت، دڵ پڕ ماته‌م بووین.

ده‌رباز كۆسره‌ت: ژنێكی ماندوو بوو
ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن، له‌پرسه‌نامه‌كه‌یدا بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا؛ ده‌ڵێت:خاتوو شوعله‌؛ له‌ژیانیدا دایكێكی میهره‌بان، ژنێكی ماندوو خه‌باتگێڕ بوو، له‌خانه‌واده‌یه‌كی قاره‌مان‌و تێكۆشه‌ر په‌روه‌رده‌ ببوو، كۆچی دواییتان هه‌موومانی خه‌مباركرد، هیواخوازم ئه‌مه‌ دواكۆست‌و ناخۆشیتان بێت.



ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7275
24/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ریاڵ پاڵه‌وانی لا لیگا 24/5/2017
‌ ئه‌مشه‌و كۆتایی یۆرۆپا لیگه‌ 24/5/2017
زانست
‌ سوشی كرمی مشه‌خۆری تێدایه‌ 24/5/2017
‌ سووده‌كانی خواردنی ره‌شكه‌ 24/5/2017
‌ یاری (Spinner) جیهان داگیر ده‌كات 23/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP