زۆرجار بە هەڵە، ئەم دوو دەستەواژەیە بەکاردەهێنرێت، بە بۆچوونی خەڵکی سادە، ناتوانن زۆر جیاوازی لە نێوان ئەم دوو دەستەواژەیەدا بکەن، چونکە وایدەبینن لەکاتی بەکارهێنانیان بۆ کەسی یەکەمی دەزگایەک، دامەزراوەیەک، حزبێک یان وڵاتێک بەکاردێن، بەڵام لە حەقیقەتدا وانییە.
با بێین و بچینە ناوەڕۆکی واتا و مانایان و چۆنێتی لێک جیاکردنەوەیان و خاڵەکانی کە بە روونی دیارە سەرۆک کێیە و سەرکردە کێیە و چۆن کەسەکان دەبن بە سەرۆک و سەرکردە.
سەرۆک Headship، یان سەپێندراوە، یاخود بۆماوەیی بۆی ماوەتەوە، یان ههڵبژێردراوه، هیچ مەرج نییە ههموو كهسێك له وڵاتدا سەرۆكهكهی بەدڵ بێت، بەڵام سەرکردە Leadership کەسێکە خۆی بە لێهاتوویی و سەپاندنی تواناکانی خۆی لەناو هاوڕێ و هاوکار و هاوخەبات و ئەوانەی لەگەڵیدان دەبێت بە سەرکردە. سەرۆک لە بارودۆخ و جۆرێک لە ژیانی رەسمی دادەندرێت و پێویست دەکات کە کەسێک سەرۆک بێت، بەڵام سەرکردە بە سروشتی و لەبارودۆخی ئاسایی دەبێت بە سەرکردە، سەرچاوەی هێزی سەرکردە نفوز و پاڵپشتییە. سەرۆک کار دەکات و له كۆمهڵێك سیستمی سیاسیدا زیاتر بەلایەوە تەنها بەرژەوەندیی دەزگاکە گرنگە و بنەڕەتییە، بەڵام ئامانجی سەرکردە بەرژەوەندیی تەواوی ئەندامانە کە لەگەڵیدان.
سەرۆک لە ئەنجامی سیستمی فهرمانڕهواییه نەک بە دانپێدانانی لەخۆوەی تاکەکان بێت. هێزی خۆی لە دەسەڵات و یاساكانی فهرمانڕهواییدا دەبینێت، خۆی راستەوخۆش وابەستەی پۆست و پلەیەکی کارگێڕییە. لهوهش زیاتر سەرۆک بە ئیلزامی پابەندی یاساکان و لائیحەیەکی حکومداری رێکخراوە.
سەرۆک پێگهیهكی فهرمی و چهسپاوه بەسەر خەڵک و کۆمەڵ و ئەوانەی لە خوارەوەی ئەوەوەن، زۆرجار ترس و لێپرسینەوە نەبێت رهنگه هەر گوێڕایەڵیشی نهبن بهتایبهتی له رژێمه دیكتاتۆرییهكاندا، بەڵام تایبەت بە سەرکردە، دەبێت کەسایەتی و توانایەکی وای تێدابێت ئەو کەسە لەخۆوە و بە سروشتی کاریگەری هەبێت بەسەر ئەوانەی لەچوار دەوریدان، بتوانێ ببێتە پردی بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان.
گرنگە و مەرجە سەرۆکەکان سەرکردەش بن، بەڵام هیچ مەرج نییە سەرکردەکان سەرۆک بن و دهكرێت له بوارێكی دیاریكراوی وڵاتدا رۆڵ بگێڕن
لە سەرکردەدا مەرجی رەسمیبوون نییە، بەڵام کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر ئاراستەکردن و هەڵسوکەوتی ئەوانەی لەگەڵیدان.
هەموو ئەو تاکانەی پاڵپشت و گوێڕایەڵی سەرکردەن بە سروشتی وای دەبینن کە وا لەگەڵ ئەو بە ئامانج و هیواکانیان دەگەن.
بۆیەش زۆر گرنگە و مەرجە سەرۆکەکان سەرکردەش بن، بەڵام هیچ مەرج نییە سەرکردەکان سەرۆک بن و دهكرێت له بوارێكی دیاریكراوی وڵاتدا رۆڵ بگێڕن.
سەرۆکی سەرکەوتوو لەهەر پایەیەکی سەرۆکایەتی ئەو کەسەیە کە سیفاتەکانی سەرۆک و سەرکردەی تیابێت.
سەرۆک زۆرجار مەرج نییە بڕیار و کردەوەکانی قبووڵکراو بن، بەڵام مەرجە هەموو بڕیار و بۆچوونەکانی سەرکردە خۆبەخشانە لەلایەن تاکەکانەوە قبووڵ بکرێت، چونکە گوێرایەڵی بۆ سەرکردە سروشتی و لەخۆوەیە، بەڵام گوێرایەڵی بۆ سەرۆکەکان رهنگه زادهی رەسمیبوون بێت و له ههندێ سیستمدا تهنانهت لەترسی سزا و لێپێچینەوە بێت.
هەربۆیەش ئەگەر سەرۆک وایکرد تاکەکانی کە لەگەڵیدا کاردەکەن، قەناعەتی تەواویان بەوە هەبێت کە بڕیار و کردارەکانی سەرۆک، لە قازانجی هەموویانە و دەتوانن ئامانجەکانیان بەدیبێنن، ئەوا لەوکاتەدا جیاوازییەکانی نێوان سەرۆک و سەرکردە نامێنن.
بۆ ئێمەی کورد زۆر پێویستە کە جیاوازیەکانی نێوان سەرۆک و سەرکردەکانمان نەمێنن و ئاوات و ئامانجەکانی میللەتەکەمان بەدیبێنن.
*سهرۆكی پێشووی زانكۆی كۆیه