کەرکوکیانە

کەرکوک و محەمەد شیاع سودانی

09:49 - 2024-04-16
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
251 خوێندراوەتەوە

 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج


 لەنێو ئەوگێژاوەدا بیرکردنەوە لەدۆزینەوەی چارەسەر و ئیشبۆکردن لەپێناوی خەڵک و دواتریش بۆ ئەوەی بەردەوام کێشەکان کەمتربنەوە کارێکی جوامێرانەو بەرپرسیارانەیە، هەوڵەکانی ئەم دواییە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان  بەغدا و هەولێر، بەشێکن لەپڕۆژەی ساڕێژکردنی برین و دادوەری گوێزەرەوە، هەر لەو روانگەیەوە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزگای کەرکوک، دانانی پارێزگارێکی شیاو لە لیستی زۆرینە، چارەسەرکردنی کێماسی و نادادییەکانی پێشتر، گێڕانەوەی قەزا و ناحییە دابڕێنراوەکان بۆسەر پارێزگاکە، هەنگاونان بۆ بڕگەکانی سەرژمێری و راپرسی دوای ئاسایکردنەوە بەگوێرەی بەندی 140، یەکێکە لەو ئەرکانەی کەپێویستە سەرۆک وەزیران هەنگاوی بۆ بنێت.
راستە مادەی 140 کەم و کوڕی زۆری تیایە بەتایبەت بۆ قوربانی، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئیدی ئەو قۆناغەی رابردوو بخەینە پشتەوە و بیر لەئایندە بکەینەوە، بیر لەئایندەی کەرکوک و کەرکوکییەکان بکەینەوە بێ دەستتێوەردانی دەر و دراوسێ، ئەوانەی هێندەی لەخەیاڵی ئەوەدان چۆن هاوشاری و هازێدەکان بکەن بەگژ یەکتردا، هێندە لەخەمی ئارامیدا نین.

 

سەت ساڵ زیاترە کەرکوکییەکان دەکرێن بەگژ یەکتردا

 

سودانی دەیەوێت بەیانی لەئەمڕۆ باشتر بێت، رەنگە من ئەوەی لێبخوێنمەوە، یان هەقیقەت وەسایە، سبەی لەئێستا باشتر پێویستی بەقوربانی دان وبڕیاری بوێرانەیە، ئەگەر کێشەی کەرکوک چارەسەر نەکرێت، هەرگیز سبەی باشتر نابینین، چارەسەری کێشەکەش هەر ئەوەیە ژیان بکرێتەوە بەبەر شارەکەدا.
یەکێک لەهەنگاوەکانی ژیانکردنەوە بەبەر شاردا، ئەوەیە ئیدی ئەو رابردووە تاریکە بۆ هەتاهەتایە بەجێبهێڵرێت و سیماکانی تاراندن و عەرەباندن و وێرانکردنی گوندەکانی کەرکوک کۆتایی پێبهێنرێت، هەڵبەت رێگەنەدان بەگەڕانەوە بۆ سەر زەوی جوتیارەکان، رێگری لەئاشتبوونەوەی وەرزێری کورد و کێڵگەکەی، هەموو رۆژ گێچەڵ پێکردن، ئەمانە بریتین لەوێرانکاری بەردەوام، ئەوە جگە لەوەی هەمیشە قەبارەی گومان لەیەکترکردن و دڕدۆنگی بەرانبەر یەکتر گەورەتر دەکات.
محەمەد شیاع سودانی وێڕای ئالەنگاری و کۆسپ و لەمپەرەکانی بەردەمی، وێڕای ئەوەی هەندێکجار لەناو ئەو گێژاوەدا زۆر تەنیا دەردەکەوێت، بەڵام نیازێکی هەیە، هەڵبەت دەبێت دان بەو راستییەدا بنەین مەرج نییە ئەوەی ئەمڕۆ نیازی باشە سبەینێش هەر وابێت، زۆرجار بارودۆخ و بەرژەوەندی و كورسی و مەترسی کەسەکان دەگۆڕن، من ئومێد دەکەم سودانی بەلایەنی ئەرێنیەوە هەمیشە لەگۆڕانی بەردەوامدا بێت، هەرخۆیشی سەردانی کەرکوک بکات و زۆر شت بەچاوی خۆی ببینێ لە گەندەڵی و پیسخۆریەوە تا ستەم و نادادی.
سەت ساڵ زیاترە کەرکوکییەکان دەکرێن بەگژ یەکتردا، بەڵام هەر کەتوشی تەنگاوی دەبن عەلە بەسێیەکـ هەمویان لەدەوری یەکتر و خۆی کۆدەکاتەوە، ئەمە بۆ یەکگرتنی کەرکوکییە ریشە دارەکان پەندێکی قووڵە، پێکەوەبن تابتوانن وابکەن بەرپرسانی بەغداش هاوکارتان بن.

وتارەکانی نوسەر