تابلۆیەکی جیاوازی جەلەوە

10:34 - 2024-04-16
عیماد ئەحمەد
266 خوێندراوەتەوە

عیماد ئەحمەد


قەسرو جەمعی بیرەوەری
ئەوەندەی یادەوەرییم یارمەرتیم بدات، دەمەوێت قەسر و جەمعی بیرەوەریەکانم بکەم، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە جەلەوەوە هەیە، چونکە لە جەلەوەوە دەستم پێکردووە و هەتا ئێستاش هەرلەوێ لەنگەر دەگرێت. جەلەوە بۆ من بۆتە عەشقێکی خوایی!
تایبەتمەندی جەلەوە لەوەدایە کە لە رووی هەڵکەوتەوە  کەوتۆتە نێوان ڕوباری ئەڵوەن و جۆگەئاوی عالیاوە، باخەکان سحرێکی بێوێنەیان پێداوە،
 پێکهاتەی خەڵکەکەی فرە جۆرە، بەشێکی لە خەڵکی دێهاتەکانی باجەڵان و عالیاوە، سونی مەزهەب و بەشەکەی دیکەشی کەڵهور و لەک کە شیعە مەزهەبن و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوون، لە دوایدا هەندی قەڵەوڵسی شیعە مەزهەب و کاکەیی لە مەندەلییەوە هاتوون، بێجگە لە سوێرەمەری کە ئەوانیش هەر موسوڵمانی شیعە مەزهەبن.
خانووەکانی لە قوڕ و بە دارەڕا دروستکراون، بەڵام لە شەستەکانی سەدەی رابردو  بە دواوە هەندێ تەلاری خشت و گەچ و چیمەنتۆ  دروستکراون. هەندێ لە کۆڵانەکانی وەکو تولەمار باریکن .!
 گۆڕستانە کۆنەکەی جەلەوە لە نزیک ماڵەکان بوو بۆ ئەوەی مردووکانیش بێ بەش نەبن لە بەرەکەتی باخەکان و جوانیی ئەڵوەن لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی بەردەوام لە بەرچاوی زیندووەکاندا بن و یادەوەرییەکانیان لە بیرنەکەن و بشزانن دوا مەنزڵگایان هەر ئەوێیە.!

ئەوسا جەلەوە لە (92) خانو و
(3) دوکان پێکهاتبوو،
زۆر کەم  هەبوو کە خانویەک
یەک خێزانی تیا ژیابێت

حەوت خێزان و یەک بەلوعەی ئاو!
ئەوسا جەلەوە لە (92) خانو و (3) دوکان پێکهاتبوو، زۆر کەم  هەبوو کە خانویەک یەک خێزانی تیا ژیابێت، خانوو هەبوو وەک حەوشی گەورە، (7) خێزانی تیادابوو و تەنها یەک بەلوعەی ئاوی هەبوو، بەڵام ئاوی ئەڵوەن نزیکەی (10) گەز لێیەوە دوور بوو، لە بەرانبەر ئەم حەوشەدا (3) دارخورمای پڕ پیت و بەرەکەت هەبوون، مناڵانی گەڕەک بەردیان تێدەگرت بۆ ئەوەی خورماکەی بخەنە خوارەوە. جارێک بەردێک بەر سەری من کەوت و شکا، تا ئێستاش شوێنی برینەکە بە سەرمەوە ماوە، هەروەها هەندێ دارتوو لە قەراخی ئاوی ئەڵوەندا هەبوون.
ئای، لە پایزان ئاوی ئەڵوەن چۆن وەکو چاوی قرژاڵ روون و پاک بوو و هەر هاژەی دەهات.!!
ئێمەش لە خانووکەی خاڵو موسا لەگەڵ (6) خێزانی دیکەدا کرێچی بووین، خانووکەش یەک بەلوعە و ئاودەستێکی هەبوو. لای چەپیشی لە قوڵاییەوە بەتەنیشت حەوشی گەورە بوو.
لەبەر پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و خزمایەتی، خەڵکەکە زۆر کەم باریان دەکرد بۆ گەرەکێکی تر، بەدەگمەنیش جەلەوە ئەبوو بە نسیبی خەڵکی تازە، هەندێ ناو و کەسایەتی هەبوون کە بۆ دنیای ئەوکاتی جەلەوە ناسراو بوون، لەوانە میم حەمیدە کە ژنێکی باڵا بەرز، تارادەیەک لاواز، بەدەستوبرد، خاوەن بڕیارو لەناو خێزانەکەیدا قسە لە روو بوو. 
یەکێکی تر، میم ئامینە، ئەمیا ژنێکی ئەسمەری تۆخ و باڵا کورت و چاو ڕەش، بەردەوام جلی رەشی دەپۆشی و خەفەتی لێدەباری! دایکی محەمەد دلگ کە بەخەیاڵپڵاوی ناسرا بوو وەکو دۆنکشوت بەڵام بە بەرگی جەلەوە !.
ئەم دوو ژنە  لە خانووەکەی خاڵو فالح لە بان ئەڵوەن کرێچی بوون، هەردووکیان دوای مردنی مێردی یەکەمیان هاوسەری دوومیان هەبوو، خاوەن مناڵی زۆر و کەم دەرامەتیش بوون.
جاروربار بەیەکەوە ئەچوون بۆ قەسابخانەکەی گەرمگ بۆ کۆکردنەوەی ئێسقانی فڕێدراوی قەسابخانەکە بۆ ژەمێکی خواردن بۆ خۆیان و منداڵەکانیان. جارێک لە گەڕانەوەیان و دابەشکردنی ئێسقانەکان میم ئامینە ئەڵێت: حەمیدە گۆشتەکەت بۆ خۆت برد و ئێسقانەکانت دا بە ئێمە، میم حەمیدەش ئەڵێت ؛ ئەرێ ئامینە، ئێمە بۆ کۆکردنەوەی گۆشت هاتبووین یان بۆ کۆکۆکردنەوەی ئیسقان؟!

ژووری رووخاو  و بۆنی مردن
ساڵی (1972) میم ئامینە بەهۆی روخانی ژورەکەیان بەسەریاندا لە حەوشی گەورە، بە کارەساتێکی دڵتەزێن لەگەڵ کوڕە جوانەمەرگەکەیدا خەلیل، کۆچی دواییان کرد. بەیانی بوو بە قیژە و هاواری دراوسێکانیان بەئاگا هاتین، کاتێک چووین بەسەر ژوورێکی روخاودا کەوتین کە بۆنی مردن و دەنگدانەوەی سیمفۆنیای عەدەمی لێدەهات!
بەهیمەتی خەڵکی گەڕەک بە هەزار حاڵ لاشەی میم ئامینە و خەلیل-مان دەرهێنا و مەحەمەد دەلاکی هاوسەری لە قوژبنی چەپی ژوورەکە بە زیندویی مابووەوە. باش بوو مناڵەکانی تریشیان لەم کارەساتە رزگاریان ببوو، چونکە رۆیشتبوون بۆ سەر ئاوی ئەڵوەن بۆ دەموچاوشۆردنی بەیانیان.
من خەلیلم شۆردو بە هاوکاری چەند برادەرێک، کفن و دفنمان کرد و لەگەڵ دایکی لە گۆڕستانی ئیمام عەباس ناشتمانن.
ئای خوایە، بەدەم رێگا و شانخستنە ژێر جەنازەی خەلیل چەند خەفەتم بۆ ئەم مناڵە تەمەن
(7-8) ساڵە خوارد، چونکە لە ژیانیدا تامەزرۆی خواردنی مۆزێک و سێوێک یان کەبابێکی فەیزە یان لە بەرکردنی جلێکی شایستە بوو. لە دڵەوە ئەگریام بۆ هەژاری و کەساسی ئەم منداڵە بەستەزمانە، بەڵام دڵنیابووم کە نەجاتی بوو لە (دار الغرور )و گەیشتە (دار السرور).!
لەم رووداوەدا لەگەڵ هاورێکانمدا رۆڵی خۆمم لە بەخاک سپاردن و پرسە و کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ مەحەمەد دەلاکی لێقەوماو بینی.
 لەولاشەوە میم حەمیدەش بە تیاچوونی دوو کوڕی گەنجی بە ناوی فوئاد و سەڵاح بە کارەساتی کارەبا جەرگی سوتا، هەردووکیان کرێکاری کارەبا بوون، قەدەری جەلەوە وا بوو لە ماوەی کەمتر لە (20) ساڵ  چوار گەنجی هاورێ و نزیک لەتەمەن بە ناوی داود سەلمان، سەلاح أحمد نانەوا، فوئاد شەفیق و سەڵاح شەفیق بە کارەساتی کارەبا ماڵئاواییان لە ئێمە و جەلەوە و ژیان کرد!
هەروەها میم فەخرییە دایکی عیدانی خێرنەدیو، ماوەیەک لە کۆڵانی حاجی مایخان وعەلی سەروەناز لە خانووەکەی سولەیمانی دوکاندار لە ژورێکدا کرێچی بوون، ئەمانیش زۆر هەژاربون. دایکی عیدان لە بنەچەدا کاکەیی بوو، لەبەر ئەوەی شووی بە خاڵۆ جاسمی باخەوان کردبوو، ببوو بە موسڵمان. زۆرجار عەسران میم فەخرییە بۆ بێستانەکەی خاڵۆ گوڵمرای دەڕۆیشت بۆ وەرگرتنی چەند دەسکە کەوەر و کەرەوز و تەرەتیزەیەک بە خۆڕایی بۆ دابینکردنی ژەمێکی ئێواران. 
جەلەوەو سفرەی حەوشە
 لە جەلەوە، لە هاویناندا وا باوبوو کە خەڵکەکە لە حەوشەدا سفرەیان دادەخست و نانی ئێوارانیان دەخوارد، جارێکیان سولەیمان سەیری سفرەکەی ماڵی عیدان دەکات و دەبینێت لە سەوزە و نان و ئاو زیاتری لە سەر نییە، بەڵام دوای نانخواردن میم فەخرییە بەسابوون لە سەر بەلوعەکە دەست دەشۆرێ، سولەیمان مووگرژ و دەهری دەبیت و دەڵێت: دایکی عیدان  زۆر باش دەستەکانت بشۆ، چونکە خواردنەکەتان زۆر چەور بوو، خواتان بێت ئەم هەموو دەست شۆردنەت لەچی؟ ئاخر کوا تەرەتیزەو کەوەر دەسشۆردنی دەوێ؟!
سولەیمان پیاوێکی دڵسۆز و کوردپەروەر بوو، لە شەستەکانی سەدەی رابردوو پارتییەکی عەیار (24) بوو، لە ئازاری ساڵی(1974)د هاتە دەرەوە لەگەل حەبیب ئەکبر لە بەمۆ لە ئیدارەی بەتالیۆنی خانەقی بوون، دوای نسکۆی (1975) گەڕایەوە بۆ سەر دوکانەکەی خۆی لە جەلەوە، بەڵام بە دڵشکاوی و بێورەیی و نائومێدی، زۆرجار بە سواری پاسکیل ئەڕۆشت بۆ بازاڕ بۆ شتکڕین و تەکلیفی لەمن دەکرد لەسەر دوکانەکەی بم، متمانەی بە من هەبوو .

 

رۆژێک بە چرپە وتی: عیماد هەست دەکەم ئێوە خەریکی شتێکن، بیکە بەخاتری خوا ئاگات لە خۆت بێت، دایکت کەسی نییە لە تۆ زیاتر

 

بیکەن بە خاتری خوا
سولەیمان ئەیزانی ئێمە خەریکی رێکخستنێکی تازەین، بەڵام ئەو خۆی لە ئێمە بێ دەنگ کرد، رۆژێک بە چرپە وتی: عیماد هەست دەکەم ئێوە خەریکی شتێکن، بیکە بەخاتری خوا ئاگات لە خۆت بێت، دایکت کەسی نییە لە تۆ زیاتر.
سولەیمان لە دوایدا توشی نەخۆشی دەرونی بوو، لای خۆشکەکەی شوکریە لە شعێبە مایەوە، هەر لەوێش کۆچی دوايی کرد و لە غەریبیدا سەری نایەوە. گۆڕستانی شعێبەی پارێزگای بەسرە بوو بە نسیبی، دوای کۆچی دوایی، روحی سولەیمان و یادگاریەکانی تێکەڵ بەخۆشەوستی ئەڵوەن و باخەکان بوون!
تابلۆی ئەم جارەی یادگاریەکانی جەلەوە جیاوازە لەوانیتر، چونکە وەکو ئاوێک بە سروشتی ڕێڕەوی خۆیان دۆزیەوە و تێکەڵی ڕوباری یادگاریەکان بوون، ئەگەرچی هەرخۆشی مەڵۆی رووداوەکانیش پەرش و بڵاوبوون و دواتر خەرمانەیان کرد، کە ئەمەش وایکرد لەم تابلۆیەدا فڵچە و رەنگەکان بە ئارەزوی خۆیان سەما بکەن و یادەوەری و رابردوی بەشێکی شاری خانەقی رەنگڕێژ بکەن.

وتارەکانی نوسەر