دەوترێت هەژاریی رێژەییە واتا هەر کەسە و لە دیدگای خۆیەوە تەماشای دەکات، بەڵام بوونی هەژاریی لە رادەبەدەر لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی خاوەن چەندین سەرچاوەی سروشتی وەک نەوت و کانزاکان..هتد جۆرێکە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و حکومەتێک توانای ئەوەی هەبێت هاوڵاتیانی لە هەژاریی رزگار بکات و نەیکات ئەوە مانای وایە لەو وڵاتەدا پێشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت، چونکە هەژاریی تەنیا کەمیی یان نەبوونی سەرچاوەیەکی مادیی نییە، بەڵکو چەندین رووی دیکە لەخۆ دەگرێت کاتێک بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی وڵاتێک لە خوار هێڵی هەژارییەوە دەژین، بەپێی راپۆرتی گەشەپێدانی مرۆیی ساڵی 2019 ی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت زیاتر لە 1.3 ملیار کەس لە دنیادا لە هەژاریی فرە رەهەندیدا دەژین، هەروەها بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق بێت بۆ ساڵی 2023 نزیکەی %22 دانیشتوان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین واتا نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە کۆی دانیشتوان هەژارن لە وڵاتێکدا ژمارەی دانیشتوانەکەی 43 ملیۆنە.
حکومەتێک توانای ئەوەی هەبێت هاوڵاتیانی لە هەژاریی رزگار بکات و نەیکات ئەوە مانای وایە لەو وڵاتەدا مافەکانی مرۆڤ پێشێلکراوە
هاوکات بۆچی ئەوانەی لە هەژاریدا دەژین دەوترێت مافەکانیان وەک مرۆڤێک پێشێلکراوە، چونکە بۆ نموونە ناچار دەبن لە ژینگەی ناسەلامەت و ناتەندروستدا کاربکەن و منداڵەکانیان ناتوانن لە کۆت و بەندی هەژاریی رزگاریان بێت، لەبەرئەوەی دەوڵەت رێوشوێنی پێویستیان بۆ دابین ناکات بۆ گەیشتن بە خوێندنی گونجاو، جگەلەوەی هەژاریی بە کردنی کاری خێر و بەسەرکردنەوەی هەژاران لە بۆنەکاندا لە هیچ وڵاتێکدا چارەسەر نابێت، بەڵکو دەبێت وەک مەسەلەیەکی گرنگ لە مەسەلەکانی مافی مرۆڤ تەماشا بکرێت، بەو پێیەی هەژاریی دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئابووری وەک زیادبوونی بێ کاریی و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لەنێو گەنجاندا و بەرزبوونەوەی ئاستی تاوان..هتد.
دواجار چارەسەرکردنی هەژاریی لەڕێی پلانی درێژخایەنەوە دەکرێت لەلایەن حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک زیادکردنی هۆشیاریی لە نێو کۆمەڵگەدا و گەیاندنی خوێندنی گونجاو بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و باشکردنی ئاستی زانستی ناوەندە ئەکادیمییەکان، هەروەها نەهێشتنی رێگرییەکان لەبەردەم خاوەن کار و پرۆژە بچووکەکانی نێوخۆی وڵات و یارمەتیدانیان لەلایەن حکومەتەوە بە هەموو شێوەیەک، بەو واتایەی کاتێک پارە دەدەیت بە هەژارێک بەو کارە لە هەژاریی رزگاری ناکەیت بەڵکو ماوەی هەژارییەکەی درێژدەکەیتەوە و ماوەیەکی کورت لە برسێتی رزگاری دەکەیت، بەڵام بۆ رزگارکردنی لە هەژاریی دەبێت رێگەیەکی پیشانبدەیت تاوەکو ببێتە خاوەن داهات و بەدەستی خۆی، خۆی لە هەژاریی رزگاربکات.