کەرکوکیانە

كه‌ركوك و رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی

11:09 - 2024-04-23
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
261 خوێندراوەتەوە

 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له‌ كه‌ركوك به‌هه‌وراز و نشێوی زۆردا گوزه‌ری كردوه‌و كه‌ندوله‌ندی زۆری هاتونه‌پێش له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌رده‌وامی هه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ گه‌رمه‌ی سته‌می به‌عسدا كه‌ له‌ كه‌ركوك دۆزه‌خی بۆ كورد چێكردبوو، رۆژنامه‌نووسان و ده‌سته‌بژێری تینوی ئازادی به‌ ده‌ست و به‌ رێگه‌ی تر بڵاوكراوه‌ی نهێنیان ده‌ركردووه‌، چه‌پ و راست و نه‌ته‌وه‌یی و ئینته‌رناسیونالی كورد ویستویانه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ی خۆیان هه‌بێت، هه‌رزوش كاتێ‌ رۆژنامه‌ی كه‌ركوك چاپده‌كرێت ماوه‌یه‌ك بواری هه‌ناسه‌دانی كوردی تیا مه‌یسه‌ر ده‌بێت، رۆژنامه‌وانی كه‌ركوك له‌ پێناوی گه‌یاندنی په‌یام و خزمه‌تی رۆژنامه‌وانی كوردیدا شه‌هیدو قوربانی دور و نزیكی داوه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ جه‌بار جه‌باری و سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ گه‌واهیده‌ره‌ خوێنبه‌خشه‌كانن، به‌تایبه‌ت شه‌هید جه‌بار جه‌باری وێڕای پیشه‌ی مامۆستایی سوتاوی وشه‌ی كوردی بوو.
له‌ یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا كه‌ركوكییه‌كانیش مافی خۆیانه‌ شانازیه‌كی گه‌وره‌ به‌و دیرۆكه‌و به‌و یاده‌وه‌ بكه‌ن، رۆژنامه‌نووسانی كه‌ركوك ساڵه‌ها له‌ نێو قوڕگی عه‌زیای به‌عس و له‌نێو ئاگر و ئافاتی توندڕه‌ویدا خه‌باتی بێوچان و بێپاداشتیان كردووه‌، ئه‌گه‌ر كه‌مینه‌یه‌كی كه‌میش شتێكیان له‌و بواره‌ هه‌ڵكڕاندبێت زۆرینه‌كه‌ سوته‌مه‌نی بوونه‌، له‌ دوای روخانی‌ بته‌كانی سه‌دامه‌وه‌ بواری چاوهه‌ڵهێنانی ده‌یان رۆژنامه‌و گۆڤار له‌ كه‌ركوك به‌ دیاركه‌وت، لێ‌ هه‌رزوو زۆربه‌یان له‌به‌ر نه‌بوونی و نه‌داری و هه‌ژاری بواری خوێندنه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك كوژانه‌وه‌، وه‌ك چۆن كوردستانه‌كه‌ی به‌درخان له‌سه‌ری سه‌رێی نووسرابوو «ئه‌ز هه‌ر جاره‌كی دوو هه‌زار دانه‌ فڕێكه‌م ببه‌لاش دبده‌ن خه‌ڵكی»، هیوادارم یاده‌وه‌رێم له‌ گواستنه‌وه‌كه‌دا درۆی له‌گه‌ڵ نه‌كردبم، له‌ كه‌ركوكیش هه‌ر وه‌سابوو چاپده‌كراو بڵاوده‌كرایه‌وه‌و ده‌درایه‌ خه‌ڵك، كه‌چی هێشتان خوێنه‌وار كه‌مبوون، نرخی رۆژنامه‌ی كوردیش له‌ كوردستان و عیراق هه‌میشه‌ له‌ نرخی پاكه‌تێك جگه‌ره‌ی عادی هه‌رزانتر بووه‌، ئه‌م به‌نده‌ی خوایه‌ هه‌شت نۆ ژماره‌ گۆڤاری دۆزم به‌ ته‌نێ‌ و له‌سه‌ر گیرفانی خۆ وه‌شان، ئیتر توانام نه‌ما، هی تریش وه‌سا بوون .
له‌ یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا هه‌قی خۆیه‌تی بڵێین شه‌رمه‌، شه‌رمێكی گه‌وره‌یشه‌ هێشتا ئه‌و وڵاتانه‌ی خاك و خه‌ڵكی كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌ له‌وشه‌ی كوردی بترسن و خاتونی به‌ڕومه‌ت و رووسوری كورد له‌سه‌ر وانه‌ی كوردی، یان فێركردنی ئه‌لف و بێی كوردی سزا بده‌ن، له‌ وشه ‌ترسان له‌ ئامه‌د بێت یان سنه‌ كێماسی و ناشرینیه‌ بۆ حوكمدارانی وڵات، ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌م و رۆژگارێكی جیاواز و زۆر كراوه‌داین، هیچ هێزێك نییه‌ زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ گۆ بخات، هه‌قه‌ ناوه‌نده‌ رۆشنبیرییه‌ حكومییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتداره‌ خۆجێیه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ ئاهه‌نگ و زمان و نووسین و جل و به‌رگی كوردی ئازاد بكه‌ن، ئازادكردنی ئه‌مانه‌ چه‌ند له‌به‌رژه‌وه‌ندیی كورده‌ هه‌زار هێنده‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان، هیچ نه‌بێت بۆ ماوه‌یه‌كی درێژتر ده‌توانن له‌ سه‌ر كورسی بمێننه‌وه‌، ئازادی ئه‌وانی تر یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌ر كورسی .
ئێمه‌ باسی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیمان كرد له‌ كه‌ركوك له‌ ناكاو په‌ڕینه‌وه‌ جێ و شوێنی دی، ئیدی قسه‌ قسه‌ دێنێت.

وتارەکانی نوسەر