لە رۆژی 21|4|2024 . وەڵامیكی هاوڕێ و برای ئازیز كاك تەها سلێمانم بینی بۆ نووسینەكەی بەرێز كاك تەیب جەبار و ئەوەی منیش.
لێرەوە دەمەوێت زۆر بە كورتی چەند مەبەستێک روون بكەمەوە. كە نووسیومە بە هاوكاری حزبی شیوعی، مەبەستم ئەوە بووە پێكەوە، بەوەی پاشتر نووسیومە كۆمیتەیەكمان دامەزراند( كەواتا بە هاوبەش )، ئەوەشی بۆ راستدەكەمەوە مەڵبەندی 2ی كەركوك بوو، نەک گەرمیان، یەكێتیش دەستپێشخەر بوو.
لە ناوەكانیش دیارە ناوی كاك شیخ سدیقم بیرچووە (هەرچەند بۆ چەند برادەری ئەو كاتەی كۆمیتەی كەركوكی حزبی شیوعیم نووسیبوو بۆ داوای ناوەكان، بەڵام وەڵامیان نەبوو ) بۆیە نووسیومە چەند كەسی تر، لەوەدا هەقیەتی و داوای لێبوردن دەكەم. بناغەی باسەكەش سەبارەت بە یەكەم مەراسیم بوو كە لە 1994 كراوە نەوەك پاش 1996. نەڕۆیشتومەتە كۆمەڵێك ووردەكاریش لە چالاكییەكان.
بابەتیش لە رۆژنامە درێژ بێت بڵاوناكرێتەوە، تەنانەت بابەتەكەی منیش كورت كراوەتەوە. سەبارەت بە گۆڤاری ئەنفالیش باسی چۆنێتی دامەزارندنی و هەوڵەكانی پێشووشم نەكردووە، تەنها ئاماژەم بە دەركردنی گۆڤارەكە و ناوی دەستەی نووسەران كردووە.
گرنگترین مەبەستمان دامەزراندنی سەنتەرێكی تایبەتی لێكۆلینەوەیە لەسەر ئەنفال و هەوڵدانە بۆ بە جینۆساید ناساندنی
ئەگەر باسی چۆنێتی دامەزارندنی گۆڤارەكەم بكردبایە و ئەوانەی ئەو ئاماژەی بۆ كردوون بمپەڕاندبایە، زۆر هەقی خۆی بوو باسەكەی من بە ناتەواو و سەرنەكەوتوو وەسف بكات، ئاماژەشم بەوە داوە كە بەشێك لەوانە دەستپێشخەر بوون، كەواتا پێشتر كاریان بۆ كردووە.
زۆر سوپاسیشی دەكەم كە ئەو زانیاریانەی تری نووسیوە.
جگە لە ئێمەمانان، هەر لە 1991 بەولاوە دەیان كەسی تر باسی ئەنفالی كردووە، هەوڵیداوە و لە سەری نووسیوە، یەكێك لەوانەش كاك حسێن گەرمیانی كە لە دوای نەوەدەكانەوە سەرپەرشتی چەندین چالاكی بۆ ئەنفال كردووە.
نووسینەكانی كاك تەها سلێمان(كە لەسەرەتای نەوەدەكانەوە وتار، چاوپێكەوتن و راپۆرتی بڵاوكردۆتەوە)، كاك خالید سلێمان، كاك عەلی مەحمود، دەیان و دەیان نووسەری تر كە رەنگە ئێمە پێی نەزانین كە پێویستە ماندوبوونی ئەوان بنرخیندرێت و ون نەبێت.
گرنگترین مەبەستمان دامەزراندنی سەنتەرێكی تایبەتی لێكۆلینەوەیە لەسەر ئەنفال و هەوڵدانە بۆ بە جینۆساید ناساندنی، ئەگینا هەموو هەوڵەكان تەنها لە ئاستی وتەدا دەمێننەوە .