زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

رۆمانی رۆشنبیری

09:57 - 2024-04-18
د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
132 خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

دەروازەیەك:

رەخنەی رۆشنبیری، یان رەخنەی كەلتووری، رەخنەیەكی بەرینە و هەموو ئاڕاستەكان لەخۆ دەگرێت، ژمارەیەك بیر و تیۆر و میتۆد و تەوژم لەخۆیدا كۆدەكاتەوە. ئەم جۆرە رەخنەیە خۆی بەرێبازێكی دیاریكراو یان بەمیتۆدێك و رێچكەیەكی دیاریكراو نابەستێتەوە، بەڵكو مومكینە ئەم پرۆسە رەخنەییە، لەخوێندنەوەی تێكستدا، سوود لەسەرجەم رۆشنبیری و فیكر و میتۆد و مێژوو و زانستەكان وەربگرێت و پراكتیزەیان بكات، واتە لەسنوورە تەقلیدییەكانی رەخنەی ئەدەبی دەردەچێت و دەچێتەنێو هەموو بوارە رۆشنبیرییەكانەوە و لەچوارچێوەی ئەدەبدا نامێنێتەوە، بەڵكو فراوان دەبێتەوە و پەل بۆ رۆشنبیرییەكانی دەرەوەی ئەدەبیش دەهاوێت، واتە پشت بەسەرجەم میتۆدەكان دەبەستێت، لەوانە ئەو میتۆدانەی فۆرمالیستەكان و بونیادگەراكان بەمیتۆدی تەقلیدی و بەسەرچوو ناویان دەبرد، وەك میتۆدی سۆسیۆلۆژی و سایكۆلۆژی و مێژوویی. ئەمڕۆ تا ئەندازەیەكی زۆر لە دنیادا بایەخ بە رەخنەی رۆشنبیری و فرەمیتۆدی دەدرێت، باوی ئەوە نەماوە بەیەك میتۆد تێكست بخوێنیتەوە، چونكە تاقە میتۆدێك دەرەقەتی ئاشكراكردنی هەموو سوچەكانی تێكست نایەت، ئێمە ئەمڕۆ لە قۆناغی فرەمیتۆدیدا دەژین.
لەئەدەبی كوردیدا، بۆ ئەم چەشنە رەوتە رەخنەییە هەم "رەخنەی رۆشنبیری" و هەم "رەخنەی كەلتووری"یش بەكاردەهێنرێت، لەراستیدا هەردوو وشەی (رۆشنبیری) و (كەلتوور) مەرج نییە هەمان مانا ببەخشن، دەشێت چەمكی كەلتوور بەرینترو بەرفراوانتر بێت لە چەمكی رۆشنبیری، ئەم دووچەمكە دووچەمكی پڕ لەئیشكالن، بۆیە رەخنەی رۆشنبیریش مەودایەكی بەرینی هەیە و سنوورەكانی نێو ئەدەب رەت دەكاتەوە. شوێنی ئیشكردنی ئەم رەوتە بریتییە لەئیشكردن لەناو"كەلتوور"یان لەناو مانا بەرینەكانی"رۆشنبیری"چونكە وەك تیری ئیگڵتۆن دەڵێ كەلتوور وشەیەكی ئاڵۆزو تەماوییە و پتر لە 170 پێناسەی هەیە، بۆیە ئەم رەخنەیە دەتوانێت زاراوەكانی چەندین كایەی مەعریفیی دیكەبخوازێت و تێكەڵ بە رەوتەكانی خۆی بكات، سنوورەكانی خۆی بەرینتر بكات و ببێت بە رەخنەیەكی سەرجەمگیر، بەتایبەتی زاراوەكانی (سۆسیۆلۆژی) و (سایكۆلۆژی) و (سیمیۆلۆژی) و (ئیستێتیك) و (تیۆری ئەدەبی) و (ئەنترۆپۆلۆژی) و (فەلسەفە) و زۆری دیكەش. ئێمە لەم گۆشەیەدا هەوڵدەدەین گرنگترین زاراوەكانی بواری (رەخنەی رۆشنبیری) بناسێنین.

 

ئەگەر رۆمان بەگشتی بەرهەمی سەرەتاكانی مۆدێرنە و كۆمەڵگەی مۆدێرنە بێت، ئەوا رۆمانی رۆشنبیری بەرهەمی پۆستمۆدێرنەیە


1 - رۆمانی رۆشنبیری

رۆمانی رۆشنبیری، یان گێڕانەوەی كەلتووری، Cultural Narrative، بریتییە لە گێرانەوەی بەسەرهاتێك پەیوەستە بەبیرونەریت و رەفتاری كۆمەڵگەیەكەوە، دەشێت ئەو بەسەرهاتە بەشێوەیەكی تەقلیدی بگێردرێتەوە، یان بخوێنرێتەوە، یاخود بە تەكنیكێكی گێرانەوەیی مۆدێرن لەشێوەی رۆماندا بنووسرێتەوە. دەشێت ئەو چیرۆك و بەسەرهاتە، پتر لە گۆشەنیگایەك وپتر لەگێڕەڕەوەیەكی هەبێت، هەر یەكێك لەو گۆشەنیگایانە نوێنەرایەتیی كارەكتەرە سەرەكییەكانی رووداوەكە دەكەن. لێرەوە رۆمانی رۆشنبیری چەندین كارەكتەری رۆشنبیر بەرجەستە دەكات تا لەنێو سنوورەكانی ئەو كەلتوورەدا مانایەك بۆ ژیان بخوڵقێنن. بەكورتی دەتوانین بڵێین رۆمانی رۆشنبیری بریتییە لەو رۆمانەی هەم زۆربەی كارەكتەرەكان كەسانی رۆشنبیر و بیرمەند و هونەرمەندن، هەم رووداوەكان لەشوێنی كەلتووریدا روودەدەن، هەم پڕە لەزانیاری و بابەتی رۆشنبیری و پەندومانا.
ئەگەر رۆمان بەگشتی بەرهەمی سەرەتاكانی مۆدێرنە و كۆمەڵگەی مۆدێرنە بێت، ئەوا رۆمانی رۆشنبیری بەرهەمی پۆستمۆدێرنەیە، چونكە رۆمانی رۆشنبیری لەمیانی كارەكتەرە جۆراوجۆەكانیەوە، كە هەریەكەیان هەڵگری ئایدیۆلۆجیایەكن، دەیەوێ بیسەلمێنێت راستییەكان یەك چەشن و یەك رەنگ نین، بەڵكو راستی هەمەچەشن و هەمەرەنگە، هیچ گێرانەوەیەك نییە سەرجەم حەقیقەتەكان لەخۆ بگرێت، بەڵكو لێرەدا فرە رەهەندی و فرە گێرانەوەیی هەیە  Metanarratives نەك تاك گێڕانەوە. رۆمانی رۆشنبیری پێمان دەڵێت هەموو شوێنێك و هەموو شارێك و بگرە هەموو كۆمەڵگەیەك، حیكایەتی خۆی هەیە، هەموو ژینگەیەك كەلتووری خۆی هەیە، واتە گێڕانەوەی خۆی هەیە، فرە گێڕانەوەییش بەتەبیعەتی حاڵ دەمانباتە سەر گێڕانەوەی كەلتووری كە هەر ئەمەشە دەبێتە هۆكاری مانەوە و بەپێوە وەستانی ئەو كەلتوورە.
ئاڕاستەیەكی ئەكادیمی هەیە وایدەبینێت "كەلتوور"و"گێڕانەوە" دوو رەگەزی پێكەوە گرێدراون و لەیەكدی جودا نابنەوە، چونكە مومكین نییە كەسێك چیرۆكێك بگێڕێتەوەو هەڵگری گۆشەنیگایەكی رۆشنبیری نەبێت، گێڕانەوە لە دنیای نوێدا تەنیا بۆ خۆشی و كات بەسەربردن نییە، بەڵكو هەڵگری دید و تێڕوانینی رۆشنبیری و پەروەردەیی و سیاسیشە. نموونەی رۆمانی رۆشنبیری لەئەدەبیاتی جیهانیدا ئێجگار زۆرە، دەشێت رۆمانەكانی دۆستۆیڤسكی و تۆلستۆی بە رۆمانی رۆشنبیری بناسرێن، هەروەها رۆمانەكانی فۆكنەر، جاك لەندەن، ه.ج.ویڵز، ئۆمببیرتۆ ئیكۆ، ئۆرهان پاموك و زۆری دیكەش، لە ئەدەبی عەرەبیشدا رۆمانەكانی نەجیب مەحفوز، یوسف زێدان، تەیب ساڵح، رەزوا عاشور، عەلی بەدر، سەعد محەمەد رەحیم، لە چیرۆكیشدا جەلیل قەیسی، لە ئەدەبی كوردیدا رۆمانەكانی بەختیار عەلی و ....خۆت ناوی دیكەی بۆ زیاد بكە.
تێبینی: زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری، گۆشەیەكی هەفتانەیە د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد دەینووسێ. 

وتارەکانی نوسەر