هەرمان

مارەكە لە كلكەوە وا خۆی قووت دەدات

10:27 - 2024-05-08
ئارام عه‌لی عه‌زیز
464 خوێندراوەتەوە

رەفتارە سیاسیی و دیپلۆماسیی و كردەوە سەربازیەكانیی حكومەتی نەتانیاهو دوای حەوتی ئۆكتۆبەر تا ئەمڕۆ، كاردانەوەی سلبی زۆری لە هەموو ئاستەكاندا لە دەرەوە و ناوەوەدا لێكەوتۆتەوە، بەردەوامبوونیش لەسەری رۆژ بەرۆژ ئیسرائیل زیاتر لە ئاستی دەرەوەدا پەراوێز دەخات و لە ئاستی ناوەوەشدا بەرەو هەڵوەشانەوەی دەبات. 
بە پێی یەدیعۆت ئەحرۆنوت، دوای دوو سەد رۆژ لە جەنگ، فەرماندەكانی دامودەزگا ئەمنییەكانی ئیسرائیل گەیشتونەتە ئەوەی كە شەڕی غەززە بە بنبەست گەیشتوە. بەو واتایە،  بێ ئومێدبوون لە بەدەستهێنانی سەركەوتن. بەڵام  نەتانیاهو سوورە لەسەر درێژەدان بە جەنگ و پێی وایە ئیسرائیل هەڕەشەی وجودی لەسەرەو، ئێستاش تای ئەگەری دەرچوونی بڕیاری دەستگیركردنیی لە لایەن دادگای لاهایەوە گرتویەتیی و هوڕێنەی پەلاماردانی كەرتی رۆژئاوا، لە ئەمریكا دەكات.
دەنگدانەوەی دوو سەد رۆژ قەتلوعامی غەززە بە هەزاران خوێندكاری دەیان زانكۆی نوخبەی ئەمریكای هێنایە سەر شەقام. ئەمریكای پشت و پەنای دەیان ساڵ، ئەمریكای خاوەنی  گەورەترین لۆبی ئیسرائیلی و پشتیوانی سەرزەمینی میعاد، لەبەر ئەوە زۆر بە توندی لە وڵاتی دایكی دیموكراسیەتدا بە هەزاران خوێندكار دەستگیركران و توند و تیژیان بەرامبەر كرا بە ناوی  ئەنتی سامیزم، لە كاتێكدا لە یەكێك لە دروشمەكانی خوێندكارەكاندا نوسراوە: ئەنتی زایۆنیزم، ئەنتی سامیزم نییە.

 

دوای دوو سەد رۆژ لە جەنگ، فەرماندەكانی دامودەزگا ئەمنییەكانی ئیسرائیل گەیشتونەتە ئەوەی كە شەڕی غەززە بە بنبەست گەیشتوە

 

لە لایەكی دیكەوە تاوانباركردنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە لایەن دادگای دادی نێودەوڵەتیەوە، بەكۆمەڵكوژی، بێ پێشینەیە. لە ماوەی 72 ساڵی رابردوودا ئیسرائیل بە ئاستی ئێستا گوشاری شەقام و دامودەزگا نێودەوڵەتیەكانی لەسەر نەبووە، كاردانەوە و لێدوانە هیستیرییەكانی نوێنەری ئیسرائیلیش لە نەتەوە یەكگرتوەكان و تۆمەتباركردنیی ئاشكرای بۆ نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەندامانیی بە سەرشۆڕ و پشتیوانانی حەماس ئەوە دەسەلمێنێت.
بەردەوامبوونی جەنگی غەززەو درێژبوونەوەی  بۆ رەفەح، زەلكاوەكە قووڵتر دەكاتەوە، گواستنەوەی جەنگەكەش بۆ لوبنان و سوریا گۆڕەپانەكە فراوانتر دەكات و جەنگەكە بەرەو جەنگێكی ئیقلیمی دەبات و هێز  دەوڵەتانی دیكە ناچاری هاتنە ناو جەنگەكە دەكات، لەوانەش توركیا و ئێران و عیراق و دەوڵەتانی دیكەی عەرەبیی و هەموان بەردەداتە گیانی یەكتر.
بەپێی پێدراوەكان تازە تیر لە كەوان دەرچوە و كار لە كار ترازاوە، حەوتی ئۆكتۆبەر لە هەموانی تێكدا، لێكەوتەكانیشیی بەرەو هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ئیقلیمیی ستەمكار دەڕوات، كە  لەسەر كەللە سەری كورد بنیاتنراوە. ئەمڕۆ هەموو كەوتوونەتە گیانی یەكتر و خۆیان دەخۆنەوە. مارەكە لە كلكەوە وا خۆی قووتدەدات.

وتارەکانی نوسەر